یادێک لەشەھیدی نەمر : حوسێن مەدحەد ، ناسراو بە ئومێد

✍️ شۆڕش ئەسەدزادە٠

حوسین لەدایک بووی ساڵی ١٩٦٠ی میلادی لە شارە جوانەکە سلیمانی باشووری کوردستان بوو٠ لەگەڵ ئەوەی بۆخۆی خەڵکی باشووری کوردستان بوو ، بەڵام ھەرگیز جیاوازی خەباتی خۆی لەدژی دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان لەھیچ یەک لەپارچەکانی کوردستان نەدەکرد٠ ئەو کوردستانی بەیەک خاک و کوردیشی بەیەک میللەت دەزانی ‘ بۆیە حوسین ھەموو سنورەکانی کوردستانی بەدەستکردو کوردستانی بەبێ سنوور دەدی٠ لەھەرکوێی کوردستان بەپێویستی زانیبا سەنگەری دەگواستەوە بۆ ئەو شوێنەی کە کورد پێویستی بەیارمەتی ئەوبێ٠
حوسین زۆر ھۆشیارانە ڕیزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ھەڵبژاردبوو بۆ خەبات دژی داگیرکەرانی کوردستان٠ لەڕۆژھەڵات و خەباتی ڕەوای حیزبی دێموکرات بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی ئاواتی ھەموو حوسەین حوسینەکان بوو٠ لەناو ڕیزەکانی پێشمەرگەدا حوسین یەکێک لەو پێشمەرگە قارەمان و بە نەزم و ھوشیارو دڵسۆزانە بوو کەجێگای خۆی لەدڵی ھەموو کادرو فەرماندەو پێشمەرگەکاندا وەک پێشمەرگەیەکی ئازا کردبۆوە٠ حسین بۆ یەکجاریش ھەڵەیەکی نەکرد دڵی کەسێکی ئازار نەدا ھەمیشە
دەم بە پێکەنین و ئامادە بۆ ھەر کارو فەرمانێکی لەسەروی خۆیەوە بوو٠

ھەتا سەرئەنجام لەڕێکەووتی ٣ / ٧ / ١٩٨٤ی میلادی دوژمن بەھێزێکی زۆری جاش و پاسدار ھێرشیان کردە سەر ناوچەی گڵۆڵان و بەرزایەکانی دەوروبەر لەناوچەی مەھاباد٠ پێشمەرگەکان سەنگەریان گرت و خۆیان بۆ شەڕێکی سەخت و قورس ئامادەکرد، شەڕ لەھەموو شوێنەکان دەستیپێکردو ھێزی بەھێزی پێشمەرگە لەماوەیەکی کورتدا دوژمنیان شکاند و ڕاویان نان٠ دوژمن بە دانی کوژراوو بریندارێکی زۆرەوە بەسەرشۆڕی ھەڵاتن٠ بەداخەوە لەم شەڕەدا حوسین شەھید دەبێ و گیانی خۆی کردە پردەبازی ڕێگای ڕزگاری و ئازادی بۆ نەوەکانی داھاتووی کوردستان٠ یەکێک لە ئاواتەکانی حوسین ئەوەبوو دەیکووت ئەمڕۆش نەبێ سبەینێ ئێمەش نەمێنین بەڵام دەزانم کە ڕۆژێک دادێ نەوەکانمان ھەموو سنوورەکانی دەستکردی دوژمنان دەسڕنەوەو کوردستان یەک کوردستان دەبێ و کوردیش یەک نەتەوە٠ ھیوادارم ھاوڕێی شەھیدم ئاواتە بەرزەکەت بەدیبێت ٠
ڕۆحت شادو یادو ناوت بەرزو بەڕێز
بەدڵنیایەوە ھەموو ئاواتەکانی تۆو ھەموو شەھیدانی کوردستان ڕۆژێک گوڵ دەکەن و ئەم خەباتەی گەلی کورد بەئاکام دەگات ٠

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت