چۆنیەتی شەھیدبوونی ( خدرە سوور ) و ھاوڕێیانی

✍️ شۆڕش ئەسەدزادە٠
لە ھەر وڵاتێک زوڵم و ستەم ھەبێت، بێ شک شۆڕشگێڕان پەیدا دەبن ستەمدیدەو زوڵم لێکراوەکان یەکتری دەگرن و پاڵ وەیەکتر دەدەن.. تێدەکۆشن کەسانی ڕۆشنبیرو دڵسۆزو خەمخۆر لە ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵ ، لە دەوری یەک بەرنامە بۆ ڕزگارکردنی گەلەکەیان کۆببنەوەو یەکەم بەردی بناغەی بەرەنگاری دانێن. ھەتا بەرنامەی کارو تێکۆشان داڕێژن بۆ گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاری. ئەمە ڕەوتی ژیانی پڕ لە کێشەو نا یەکسانی نەتەوە ژێر دەستەکانە، کە پێویستەو دەبێ بەرەنگاری دەوڵەتداران و گەورە دیکتاتۆرەکان ببنەوە. تورک و عەرەب و فارس سێ نەتەوەی داگیرکەرن لەسەر میللەتی کورد. زۆر بێ ڕوحمانەو ملھوڕانە خۆیان بەسەر میللەتی کوردا سەپاندووە، ھەموویان لەژێر ناوی ئیسلام و دین و دەسەڵاتەوە ھەرچی حوکمێک لە بەرژەوەندی خۆیاندا بووە بەسەر ئەم گەلە بێکەسەدا سەپاندوویانەو لە ژێر ناوی قورئان و بە ناوی خوداوە تاڵانیان کردوون و کوشتوویانن و موڵک و ماڵ و ناموسیان داگیر کردوون و بە تاڵانیان بردوون . خۆ ئەگەر ھەر شێوە بەرەنگاریەکیش کرابێ لە لایەن گەورە پیاوانی کوردەوە، دوژمن لە ڕێگای ھێزەوە ھێرشیان کردۆتە سەریان و گرتوویانن و لە پێش چاوی خەڵکەکە ملیان بە پەتا کردون و ھەڵیان واسیوون ھەتا خەڵکەکەی پێ چاو ترسێن بکەن.. پاشان ماڵ و ژیانیان ئاگر تێبەرداون و سووتاندویانن… دەکرێ بڵێین میللەتی کورد لەسەریەک لە ھەزاران ساڵ پێش ھەتا ئەمڕۆ ھەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ ژیان و مانونەمانی خۆی بەم شێوەیە ھێناوە ھەتا ئێستا .. دیارە زۆر شۆڕش و سەرھەڵدان و شەڕی گەورەو چەکدارانەش کراوە لەگەڵ دوژمنانی کورد. بەڵام ھەرگیز پشتیوانی نێونەتەوەیی نەبوەو پاش ماوەیەک تێکشکاوەو سەرکووت کراون . لەسەردەمی پێشەوای کوردان جەنابی ” قازی محمد ” بە لێزانی و ئیرادەو باوەڕ بە خۆبوون پێشەوا لە ھەلێک کە ھاتبووە پێش ئەوکات بۆ کوردان توانی ” حکوومەتی کۆماری کوردستان ” لە مەھاباد بۆ ماوەی نزیک بە ساڵێک پێک بێنێ و زانایانە بەڕێوەیبەرێ . بەڵام دیسان لەگەڵ پشتیوانی نێونەتەوەیی ڕوبەڕوو نەبوو بۆیە دوژمنان توانیان ھێرش بکەن و ئەو حکوومەتە ساوایەی کوردان بڕوخێنن و پێشەواو دوو لە وەزیرەکانی لە چوارچرای شاری مەھاباد لە دار بدەن .. بەڵام بە دوای ئەوەدا لە کوردستان بە نھێنی و بێ ڕاوەستان ھەر درێژەی ھەبووەو ھەر گەشەی سەندوەو دانەمرکاوەتەوە .. ھەتا سەرھەڵدانی شۆڕشی سەرتاسەری لە ئێران و ڕوخاندنی حکوومەتی پاشایەتی و ھاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران . خەڵک دڵیان خۆش بوو کە چیدیکە کورد ناچەوسێتەوەو ڕزگاری بوو لە ستەم و زوڵم .. بەڵام بە ھاتنە سەرکاری کەسێک بە ناوی ” خومەینی ” نەک ھیچ مافێکی کوردی دابین نەکردو بە ڕەوای نەدیت بەڵکوو دەستووری جەھادیشی دا لە دژی داخوازییەکانی گەلی کورد .. ھەم شەرعەن ھەم قانونەن خوێنی کوردی حەڵاڵ کردوو شەڕی ماڵوێرانکەری بەسەر گەڵی کوردا داسەپاندو لەو ڕۆژەوە کە نزیک بە چل ساڵ تێدەپەڕێ کوشتن و شەڕو تاڵان و زیندان و ئەشکەنجەو ئیعدام و ماڵوێرانی و تەجاوەزو بێ ڕێزی لە کوردستان درێژەی ھەیە.. حزبی دیموکرات ڕێبەرو ڕێکخەری ئەو شۆڕشە بووەو ھەیە ، ھەتا ئێستا بە سەدان شەھیدو بریندارو کەمئەندامان پێشکەشی بارەگای ئازادی و ڕزگاری کردووە بە دەیان فەرماندەی ئازاو بوێرو گیانفیداو لێزان و پارتیزان ، ھەڵۆی بەھێزو حاکمی چیاو کێوەکانی کوردستان پەروەردە بوون ، لەناو جەرگەی شۆڕشێکی خوێناویدا لەگەڵ گەردەللولی کڵپەی ئاگری شۆڕش بە دەیان جار جۆش و گۆش دراون و ھەڵشێوراون ھەتا نمونەیەک لە فەرماندەیەکی کورد دروست بکات بۆ کوردستان بۆ شۆڕشێکی بێ وەستان بۆ ڕابردوو لە بۆ ئێستا بۆ ئاسۆی ڕوونی کوردستان ،، زۆرن ئەو فەرماندانە لە کوردستان زۆرن ئەو فەرماندانەی بەڵگەو مەدرەکی فەرماندەییان لە زانکۆی چیا سەرکەشەکانی کوردستان و لە مەیدانی کردەوەدا وەرگرتووە ، کە دەکرێ وەکوو فەرماندە گەورەو بە ناوبانگەکانی جیھان چاویان لێبکرێ و ناویان بێنن .. لێرەدا مەبەستمە فەرماندەیەکی ئازاو قارەمان و مامۆستای شەڕەکانی پارتیزانی لە کوردستان بە نەوەکانی داھاتووی ئەم کوردستانە بناسێنم و وەبیر خەڵکی کوردستانی بێنمەوە ،، وەبیر ھاوسەنگەرانی بێنمەوە کە زۆر زۆرتر لە فەرماندە بەناوبانگەکانی جیھان فەرماندەترو لێزانتر بوو ،، خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی خۆی بوو ،، ئازاو بە بەرنامەوتر بوو ،، ورەی ھەمیشە بەرزو خوڵقێنەرو داھێنەری ھونەری شەڕ بوو .. سەخت و قاییم لە ” باوەڕدا وەکوو شاخی قەندیل وابوو .. كوا “چگوارا ” ھێندەی” خدرە سوور “ی کوردان ساڵەھای ساڵ پێشمەرگە بوو ؟؟ کوا چگواڕا وەک خدرەسوور خۆشەویست و جێی باوەڕی خەڵکی خۆی بوو ؟؟ کوا چگواڕا ترووسکەی چاوی وەکوو ترووسکەی چاوی خدر بە ئاگر بوو ؟؟ کام فەرماندە لەم جیھانە ھێندەی خدر خاکی و سادەو بێ سامان و گیان لەسەر دەست خۆ نەویست بوو ؟؟؟ ترووسکەی ھیوای چاوی خدر وەکوو تیشکی ھەورە برووسکەی ھەوری تێرو پڕی ڕێژنە بارانی بەھاری بوو … دەنگی خەڵکی زەحمەتکێش و کۆڵبەری ئێستای کورد بوو .. داھێنەری خۆ بەخشین و ” کەم ژیان و کەڵ ژیان ” بوو ٠٠٠ فەرماندەیەک بەم ھەموو سفەت و خوڕەوشتەوە لە ناو پێشمەرگەو خەڵکدا وەکوو دارێک ڕیشەی داکووتابوو .. لە زمان ھاوسەنگەرەکانیەوە یادێک لەم فەرماندە قارەمانە دەکەینەوە ھەتا نەوەکانی داھاتوو خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە لاوەکان بچنە ناو ناخی خدرو خدرەکان و زیاتر بینناسن ،،، ھەر بە زیندوویی و بە سەربەرزی لە مێژوودا دەمێنیتەوە ” فەرماندە خدرەسوور ” . ڕێگای خەباتت پڕ ڕێبوار بێ ..
اااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااا
قادری سووری کە زۆربەی وەختەکان لەگەڵ خدرە سووردا بوەو ئاگای لە زۆرێک لە کارو تەرح و ئاداب و خوو ڕەوشتی خدرە سوور بوو بەم شێوەیە باسی خدر دەکات .
مانگێک بوو ببومە پێشمەرگە یەکەمجار کە چاوم بە کاک خدر کەووت بە ھۆی ئەوەی بۆرە خزمایەتیەکمان پێکەوە ھەبوو بانگی کردم و لێم توڕە بوو کووتی ماڵەو یەک کەس بەسە بۆ پێشمەرگایەتی . ئەوکات جێگری لکی ٣ی ھێزی پێشەوابوو . ساڵی ١٣٦١ی ھەتاوی بوو
ڕژیم لە ھەموو لایەکەوە ھێرشی ھێنابوو بە فراوانی نێوان ناوچەکانی سەردەشت بۆ مەھاباد. لە یەکێک لەو شەڕانەدا خدر گوللەی وە گەروی کەووتبوو بریندار بوو لەو شەڕەدا کە لەگەڵ مستەفا محمدی بە تەنیا مابوونەوەو دەورەیان گیرابوو خدر کە دەبینێ بریندارەو دەورەشیان گیراوە بە مستەفا دەڵێ تۆ بڕۆ من تازە دەرناچم ،، مستەفا کە بە تەمەن منداڵ بوو بەڵام ورەی بەرزی وەکوو بەرزایی قەندیل بوو، گەڕابۆوە سەر خدر پێی کووتبوو وابزانم تۆ من بە منداڵ دەزانی من چۆن تۆ بەجێدێڵم ؟
مەگەر دوژمن بەسەر جەنازەی مندا بڕۆن ، بە ڕاستی تۆ وا منت ناسیوە ؟؟ خدر یەک دوو جاری تر بە مستەفا دەڵێ تۆ بڕۆ لەمن گەڕێ، ھەتا مستەفا بەسەر خدردا دەقیژێنێ و لێی توڕە دەبێ ، خدر دەڵێ بمکوژە ، مستەفا ھێندەی تر توڕە دەبێ دەڵێ زۆر باش گوێم لێبگرە خدر ، نە دەتوانم تۆ بکوژم نە بەجێت دێڵم ئەگەر بکوژرێین دەبێ ھەردووکمان پێکەوە بمرین دەنا ھەتا ڕزگارت نەکەم بەجێت نایەڵم .. ھەم شەڕ دەکات ھەم خدر سەنگەر بە سەنگەر دەگوازێتەوە ھەتا لە مردنی حەتمی ڕزگاری دەکات
دەیگەیەنە نەخۆشخانەی حزب ماوەیەک لەوێ لەژێر چاوەدێریدا دەبێ پاشان ناردیان بۆ باشووری کوردستان.
لەو ماوەیەدا پێشمەرگە بە گیان و بە خوێن بەرەنگاریان دەکرد، بە فەرماندەیی کاک ” کەریم پوڕقوباد ” کە فەرماندەری ھێزی پێشەوا بوو. بەڵام بۆشایی و کەلێنی خدرە سوور ھەست پێدەکرا . پێشمەرگەکان و خەڵکی ناوچەکە پەیتا پەیتا ھەواڵی خدریان دەپرسی ، پاش ماوەیەک و گەڕانەوەی خدرە سوور بۆ ناو ھاوسەنگەرانی و خەڵکی ناوچەکە بوو بە ھۆی دڵخۆشیان .
پۆل پۆل دەھاتنە سەردانی ،، خدر کە ھاتەوە چەند ئۆپراسیۆنی داڕشت و بەڕێوەی بردن لە زۆربەی زۆریاندا سەرکەووتنی بەرچاوی بەدەست ھێنا. ڕژیم وردە وردە ناوچەکانی چۆل دەکردو تەنھا ڕێگا سەرەکیەکانی بە دەستەوە مابوو گوندەکان ئازاد
بوونەوەو بنکەمان دانابوو ، خدر ئەوکات تازە زەماوەندی کردبوو ،، زۆر لە فکری داھاتوودا بوو ، دەیکووت درەنگ یا زوو دوژمن خۆی تەیار دەکاتەوەو دێنەوە سەرمان ، بۆیە شەوو ڕۆژ پێشمەرگەی ڕێکدەخست و شەوێک دەیبردنە شاخ و ڕۆژێک لە ئاوایی و بە پێچەوانە فێری ژیانی پارتیزانی و ژیانی سەختی دەکردین . كاتێک ” شەکرە ” بوو بە فەرماندەری ھێز خدریش بوو بە فەرماندەری لکی ٣ . لێھاتووی و ژیری خدرە سوور سەر باقی ئەوەی لە شەڕی ناوشاری مەھاباد لە گەڕەکی باغی سیسە، کە زۆر لە ژێر گوشاردا بووین بەڵام بۆ ئەوەی کەمترین شەھیدو بریندارمان ھەبێ و خەڵکی بوونی خدر نە تەنیا لە ناو خەڵک بەڵکوو لە ناو فەرماندە ھێزەکانی تردا جێگای سەرنج بوو . پێش شەڕی باغی سیسە ، چرچەی بارام میرزا کە فەرماندەری ھێزی بەیان بوو پرسوڕای بە خدر کرد کە دەیەوێ بگەڕێتەوە ھێزی پێشەوا ، کە بە داخەوە شەھید بوو . ماوەیەک دوای ئەو شەڕە دەفتەری سیاسی داوایان لە پێشمەرگەکانی لکی ٣ کرد بۆ پارێزگاری لە دەفتەری سیاسی بچنە ئەوێ
ھەرچەندە پێشمەرگەکان پێیان خۆش نەبوو بچن ، بەڵام خدر پڕەنسیپی حزبی لە ویستی پێشمەرگەکان لا گرینگتر بوو، ھەرچەندە خدر لە ناوچە بە تەنیا دەماوە بەڵام شتێکی سەیر نەبوو بۆ خدر، چونکە جاری وا ھەبوو خدر بە مانگ بە تەنیا لە ناوچەدا دەماوە، ئەو خەڵکە دەیانتوانی بە ساڵیش ڕایگرن و ئاو لە ئاویش تەکان نەخوات . بنکەیەکی بەھێزی کۆمەڵایەتی ھەبوو لە ناو کۆمەڵانی خەڵکی ناوچەکەدا … مانگێک بوو نەمدیبوو کە دیتم وەکوو جاران نەبوو وەک پەشۆکاو دەچوو ، لەگەڵ خێزانی جودا ببوەوە ، خدر ئەگەر خەمیشی ھەبایە دەرینەدەبڕی دەیگووت ئەگەر ئاوابێ بەرپرسایەتی ناکرێ . كاتێک ھەواڵی مردنی” فاتمە کوردەی دایکی ھات ھەستا ڕیشی تاشی ، لێم پرسی خەڵک پشت سەرت باش ناڵێن دایکت مردوەو ڕیشت تاشیوە
چاوێکی لێ کردم کووتی من فەرماندەم دەبێ ” ورە ” بدەم بە پێشمەرگەکان دوژمن نابێ بە گوێی بگاتەوە کە من خەمبارم .
لەو کاتەدا ئێمە ٩ کەس زیاتر نەبووین کە گوند بە گوند دەگەڕاین لە ناو خەڵکدا . خدر بە ھەموو شێوەیەک یارمەتی خەڵکی دەدا
كێشەو گیرو گرفتە کۆمەڵایەتیەکانی بۆ چارەسەر دەکردن . نەیدەھێشت خەڵکەکە چەک بۆ دوژمن ھەڵگرن بۆی باس دەکردن و
بۆی شیدەکردنەوە قازانج و زەرەری چەک ھەڵگرتن بۆ دوژمن چیە .. خەڵکەکەش زۆر بە باشی گوێڕایەڵی بوون و بە قسەیان دەکرد. كاتێک خدر بوو بە فەرماندەری ھێزی پێشەوا ئەرکەکانی زیاتر بوون ، ئیتلاعات و سوپای پاسداران زۆر جاران
ھەوڵی ئەوەیان دەدا کە داو بۆ خدر دانێنەوە. بەڵام بە ھۆی ژیری و ھوشیاری کەسانی دەوروبەری کە خدریان زۆر بە باشی دەپاراست قەت سەرکەووتوو نەبوون . ھەر ئەو کاتانە بوو خدر بۆ جاری دووەم ژیانی ھاوبەشی پێک ھێنا، پاش ماوەیەک پێشمەرگەکانی لکی٣ گەڕانەوە بۆ ناوچە خدر وەکووسەرپەرشتی ھێز بە کارەکان ڕادەگەیشت لە بیرمە ئەوکات بوو کە شەڕی” گەورەی گوندی “چوارگا” رویدا لک لە گوندی ” قۆزلووی چووک” بوو. لەگەڵ خدرو چەند پێشمەرگە تر دەمانویست بچینە گوندی کۆنەدێ . شەو داھات پاسداران ھێزێکی زۆریان ھێنابوو وەک ئەوەی دەشتی خەڵیفانیان چراخان کردبێ بە نووری چرای ماشێنەکانیان ، چرای ستوونی ماشێنەکانیان وڵاتیان ڕووناک کردبوو. خەڵکیش پێشمەرگەکانیان لەو ھێرشە گەورەیە
ئاگادار کردبوو . خدر لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە دوژمن دەیەوێ ھێرش بکاتە سەر گوندی قۆزلووی چووک گووتی با بڕۆین بۆ چوارگا . با دەرگیر نەبین ، ھەر کە دوورو نزیک گوندی چوارگا بووینەوە ھەستمان کرد پاسداران ئەوێشیان گرتووە ھەموو لایەک گیرابوو، کات ٣ی بەیانی بوو تەقە دەستی پێکرد . خدر وەک فەرماندەیەک داوای لەخەڵکی ئاوایی کرد چۆلی بکەن و بڕۆن با زیانی گیانیتان نەبێ . چاوەڕوانی شەڕی ماڵ بە ماڵمان دەکرد ، دەستووری دابوو ھەتا پاسدار نەیەنە ناو دێ و نزیک نەبنەوە
تەقەیان لێ مەکەن . ھەر ئەوەش بوو لە دوای چەند جار ھێرشی گەورەو شکاندنیان و ھەر جارەی کۆمەڵێکیان لێ دەکوژراو ھەڵدەھاتن . ئەمن و خدر لە ماڵێکدا بووین دوو بە دوو ، لە پێشمەرگەکانی تر کەمێک دوور بووین ، زۆر بە خەستی بە ھەموو چەکێکی گەورە لێی دەداین گرمە گرم و ھاژە ھاژو چەقە دوکەڵ و تەپ و تۆزێک بوو ھیچت نەدەدیت، زۆر سەیر لێی دەداین
پێم وابوو کەس نەماوە ، ئەو ماڵەی ئێمەی لێ بووین زۆر لە دیدی دوژمندا بوو گووتم کاک خدر زۆر ھاتوچۆ مەکە زۆر جوان لەوان ڕا دیارین . بە پێکەنینەوە کووتی قادر ٤ گوللەم ھاویشتووە، خدر زۆر تەقەی نەدەکرد زیاتر فەرماندەیی و چاودێری شەڕەکەی دەکرد . لە ناکاو بە تۆپ لێی داین ماڵەکە ھەم ڕووخا ھەم ئاگری تێبەربوو خەریکی کوژاندنەوەی بووم خدر کووتی لێی گەڕێ ئێستا تۆپێکی تری لێدەدات دیسان ئاگر دەگرێتەوە .. كەس ئاگای لە ئێمە نەبوو ئێمەش ئاگامان لەکەس نەبوو
بەڵام ئەوانیتر ئاگایان لە یەکتر بوو، ھەتا ئێوارە داھات ئەو ھێرشی دوژمن و تۆپ باران و بەرەنگاری پێشمەرگە درێژەی ھەبوو
لەسەر جادە دۆشکەو کاتیوشاو تۆپ و خومپارە وێکڕا لە ناو دێیان دەدا، فەرماندەکانی سوپاو جاشەکان بە زۆری خەڵکی ناوچەکەیان ھێنابووە سەر جادە ڕووبەڕووی ناو گوندی چوارگا کە پێشمەرگەکانی تێدابوو لە ھەمان کاتدا گوندەکە دەسووتا
پێیان کووتبوون ئێوارە جەنازەی ٦٠ پێشمەرگەتان پیشان دەدەین ، خدر گووتی دەبێ خۆمان بگەیەنینە پێشمەرگەکان ،
كە چووینە لای کوڕەکان ھیچ شەھیدمان نەبوو ، خدر کووتی دەبێ ھەتا دەتوانن پۆل پۆل خۆتان ڕزگار بکەن ، ھەر چوار
دەورمان گیراوە. . ئێوارە خۆمان بە سەنگەرێکی جاشەکاندا داو گرتمان کەلێنێک پەیدا بوو بۆ دەرباز بوون لە ئاڵقەی گەمارۆی دوژمن . ھەموومان بەوێدا دەرچووین بێ ئەوەی بێڵین دوژمن ھەستی پێبکات . چونکە پێیان وانەبووھیچ ڕێگایەک مابێ کە بتوانین دەرباز ببین ، خدر یەکسەرە ھەموومانی بردە شاخەکانی چەکوچ و ماڵۆ زاڵ بەسەر گوندەکانی قزڵجەی سەرێ و خوارێ و گوندی حسین ئابادو جادەی نێوان مەھاباد بۆکان . تاکتیکێک بوو بە کاری ھێنا ئەگەر وەدواشمان بکەون تووشی سەرلێشێوان بن .. بۆ ڕۆژی دواتر چووینەوە بۆ چوارگا خەڵکەکە زۆر بە دڵسۆزی و خۆشەویستیەوە وەریانگرتین کووتیان مادام ئێوە ساغ و سڵامەتن ماڵ و دارایی ئێمە بە قوربانی ئێوە بێ … لە شەڕێکی گوندی زێوەی مەنگوڕان خدر دەستی بریندار بوو
ئێمە چەند کەسێک لەگەڵی چوین کە بیبەین بۆ ئەودیو ، دەفتەری سیاسی لە گەورەدێ بوو، لە گوندی سونێ ھاتبوون لە دوای کە بیبەن بۆ قەڵادزێ بەڵام ” عدم تعرض” یان ھەر بۆ خدر وەرگرتبوو ، خدر کووتی من بەبێ ئەو پێشمەرگانە ناڕۆم دەستم ھەرچی لێ بەسەر دێ با بێ .. خدر بایەخێکی زۆری دەدا بە پێشمەرگە .. ێەوکاتیش شەڕی ماڵ وێرانکەری کۆمەڵە بوو خدر ھەتا دوایین ڕۆژی ژیانی دژایەتی ئەو شەڕەی کرد تا ئەو جێگایەی کە دەکرا بەڵکوو زیاتریش خۆی لەو شەڕە دەپاراست بە چەندین جار دیتومە نامەی بۆ فەرماندەکانی کۆمەڵە دەنارد ، پێی دەکووتن ھەوڵ بدەن تووشی یەکتر نەبین . ڵە بیرمە لە قۆڵغەتەپە بە ئاگاداری ڕێگای پاشەکشەی بۆ ھێشتنەوە بۆ ئەوەی دەرگیر نەبین. بە داخەوە ھەندێک جاریش ھەر تووش دەبووین . دیارە خدر پێشتر ئەندامی کۆمەڵە بوو لەلای کۆمەڵە ڕێزی تایبەتی ھەبوو .
خدرە سوور زۆر دەگەڕا لە ناوچەدا بە تایبەتی کە ببوە فەرماندەری ھێز ، بە شوێن ئەو گەڕانەدا تەرح و بەرنامەی دادەڕشت
ھەمیشە پلانی ھەبوو بۆ کاتی پێویست .. لە ھەر شوێنێک زانیبای و ھەستی ئەوەی کردبا لە نەخشەکەیدا تووشی خەسارو زیان دەبێ کارەکەی بەڕێوە نەدەبرد.
دیارە بە پێی ئەوەی لەگەڵ ھێزی بەیان جیران بووین عەمەلیاتی ھاوبەشمان ھەبوو پێکەوە شەھید وەستا ئەحمەد فەرماندەری ھێزی بەیان بوو خدر نێوانی لەگەڵ وەستا ئەحمەد زۆر خۆش بوو، زۆری ڕێز لێدەگرت . یەکێک لەو عەمەلیاتە ھاوبەشانە لە گوندی
شیلاناوێی بۆکان بوو کە نزیک بە ٤٠ جاشی گوندی حەمامیان کوژران . خدر لەوێش لێھاتوویی خۆی نیشان داو گەمارۆکەی شکاند. ئەمن و خدرو چەند پێشمەرگە چوینە پشتی جاشەکان و ھێزی بەیانیش لە ڕووبەڕووڕا لێیان دان ، دیارە وەک شتێک خدرمان دەرباز کردو ئەو لە دەرەوەی دێی ڕا چاوەدێری شەڕەکەی دەکرد . ھەندێک جاش بە دیل گیرا بوون کە بڕیاردرا
ئیعدامیان بکەن بەڵام خدر کە ھەمیشە دژی ئەوە بوو دیل بکوژرێ ، لەو شەڕەدا خدرەسوور ئیزنی ئەوەی نەدا ئەوانە بکوژرێن .
ھەروەھا بڕیاری عەمەلیاتێکی تر درا کە بە شەڕی گەورەی ” نۆبار ” دەناسرێ .. پلان پلانی ھێزی بەیان بوو لە مێژ بوو ھێزی بەیان بە تەمای ئیجرای ئەو پلانە گەورەیە بوون بەڵام بە بێ ھێزی پێشەوا بۆیان نەدەکرا. لە ڕۆژی ٦-٧ ١٣٦٦ کۆبونەوەیەک گیرا
لە ھێزی بەیان شەھید وەستا ئەحمەدو کاک سمایل بازیارو دیارە فەرماندە لک و سەرپەل و ھی دیکەش لە ھێزی بەیان لەوێ بوون ، لە ھێزی پێشەوا خدرە سوورو چەند کەس لە فەرماندەکان لەوێ بوون ، من ھەندێک لێیان دوور بووم ، دیارە ھێزی بەیان کاری شوناساییان تەواو کردبوو. ھەر مابوو ترحی گرتنەکەی داڕێژن و سەعاتی سفر دانێن بۆ لێدانەکەی .. شەوی عەمەلیاتەکە ئەوەی من دیم نە دەنووسرێ و نە دەگێڕدرێتەوە، پێم وایە یەکێک لە ھەرە گەورەترین شەڕەکان بوو لەو شەڕەدا خدر نارنجۆکێکی ھاویشت ، ھەندێکی گوللە ھاویشتن . كە شەڕەکە تەواو بوو دیتم لەگەڵ وەستا ئەحمەد ھاتە ناو گوردانەکە بۆ سەردانی کۆتایی ھەموو ماشێنەکان سووتێنران ، ھەندێک بە دیل گیران ، ئەوانی تر ھەموویان کوژران خوێن پێڵاوی تەڕ دەکردن ھێندە کوژرابوون ، ،،،،، زۆر بە زەحمەت کشاینەوە بۆ سەری شاخی ” تەرەغە ” پەلی ١١ی ھێزی پێشەوا سەری تەرەغەی گرت ،، پەلی ١٣ی ھێزی پێشەوا لای خوارێی تەرەغەیان گرت ،، ھێزی بەیان بەرزاییەکانی دەوروبەریان گرتبوو
لەو عەمەلیاتە گەورەیەدا تەنھا ٤ شەھیدمان ھەبوو کە دوویان لە کاتی گواستنەوەی کەلوپەلدا شەھید بوون .لای نیوەڕۆ بوو کە
دوژمن ھێرشیان ھێنا دیارە وزەیەکی ئەوتۆیان نەمابوو. كوڕەکان لێیان ھاتنە دەست و لێیان دان شکان و ھەڵاتن
دیسان گەڕانەوە من لە سەری تەرەغەوە بە دووربین چاوم لێدەکردن مەلایەکی عەجەمان چاوی لە شەڕەکە دەکردو چاوێکیشی لە گوردانەکە دە کرد و بە ھەردوو دەستان بەسەری خۆیدا دەدا . بێسیمێکی ئەرکانی ھێزم پێ بوو ئاگام لە ھەموو پەیوەندییەکان نێوانمان بوو ، خدرەسوور لەسەر بێسیم ناوی کاوە بوو، دوای کشانەوەی دوژمن لە ناوچەکە ، شوێنی پاشەکشەی ئێمەی
تۆپ و خومپارە باران دەکرد .. زۆر بە بڵاوی تۆپ بارانی دەکرد ھەر جارەی لە جێگایەکی دەدا . خدر لە خوارێ بوو کەمێک ھاتبووە سەرێ ھەتا بزانێ چاودێری بارودۆخەکە بکات بە دووربین ، وای دانابوو ھەر بە ڕێگای قیرەتاودا پاشەکشەی بکەین
چونکە ھۆیەکەشی ئەوە بوو دوژمن بە تەواوی تێکشکابوون دوژمن ھێزی کۆنتڕۆڵی ڕێگاکانی نەمابوو، . اااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااا
عەوڵا عەبداڵی بەم شێوەیە باسی خدرەسووردەکات ..
خدر کەسێکی سادەبوو ھەمیشە ھەوڵی دەدا کاسایەتی پێشمەرگەکان بەرێتە سەرو ھەست بە بوونی خۆیان بکەن بە تایبەتی پێشمەرگە تازەکان .جارێک لە گوندی ” گاگەش ” پێشمەرگەکانی کۆکردەوەو بردنی عەمەلیاتی پێکردن ، بێ ئەوەی ھیچ بەرپرسێکیان لەگەڵ بێ وەکوو سەرپەل ، یا سەردەستەو فەرماندەری عەمەلیات . پێشمەرگەکان چوون لەسەر جادەی مەھاباد سەردەشت کەمینێکیان بۆ ھێزەکانی دوژمن دانایەوەو بێ ئەوەی ھیچ فەرماندەیەکیان لەگەڵ بێ عەمەلیاتەکەیان ئەنجامداو زۆریش سەرکەووتوبون . بێ ئەوەی ھیچ بریندارو شەھیدیان ھەبێ و بەدەسکەووتی باشەوەو بە سەرکەووتوویی گەڕانەوە جێگای خۆیان .یا ئەگەر سەردانی ناو دێیەکانمان دەکرد خدر سەری ماڵە ھەژارەکانی دەداو بەڵام بە مەبەست لەو ماڵانە دەمایەوە کە مشکوک بوون . خدر پێشمەرگەی ماندوو نەدەکرد ، بەڵکوو ئەو دوژمنی ماندوو دەکرد ، بە پێچەوانەوە ثاراللەو گروھی زەربەتی ماندوو دەکرد.. بۆیە ھەمیشە تاکتیکی شەڕی پارتیزانی و سەرشێواندن لە دوژمنی فێری پێشمەرگەکان دەکرد، یەکێک لە کارە جوان و سەرسورھێنەرەکانی خدر ئەوەبوو ، ئەو پێشمەرگانەی بە ھەر شێوەیەک لە شێوەکان کەمێک ون بوون لە ناو پێشمەرگەکاندا یا باشتر بڵێم کەمتر دیار بوون و کەمتر ناویان دەھات ناوو ناوبانگێکیان نەبوو دەیھێنان چەند کەسێک پێکەوە دەیناردن عەمەلیاتێکی پێ ئەنجام دەدان ، وردە وردە لە کاری گەورەتری وەردەدان ھەتا وای لێدەکردن دەگەشانەوەو جار جار مەسئولیەتیشی پێ دەدان بۆ ئەوەی ھەست بە بوونی خۆیان بکەن و ڕێگایەکیان ھەبێ تواناکانیان پیشان بدەن ،، خدر دەیکووت ھیچ کەس بێ توانا نیە ، بەڵکوو بەرپرسی نەزان تواناکانیان لێ دەکوژێ و ڕێگایان پێ نادەن ھێزو تواناو ھونەری خۆیان وەدەرخەن ،، بۆیە وردە وردە ئەو کەسانە ون دەبن و باوڕیان بە خۆیان نامێنێ ،،
ااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااا
لە ناوچەی مەھاباد بە تایبەتی دوای ھێرشی بەربڵاوی ڕژیم بۆ گرتنەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە ساڵی ١٣٦٣ و ٦٤ بە ھۆی تەسلیم بوونەوەی ھەندێک لە فەرماندەکان و پێشمەرگەکان ، وەزعی ناوچەکە تا ڕادەیەک شێوا بوو ھەستت بە وردە نائومیدیەک دەکرد لە ناو خەڵکی ناوچەکەدا ، لە ھەموو لایەکەوە ھێرش کرابوو شەڕ بەردەوام بوو ھەر جارەی لە قۆڵێکەوە دوژمن ھێرشی دێنا ، لەم کاتە ناسکەدا کاک ” سەدیق بابایی ” بۆی باس کردم کە کاتێک ئەویان ناردبوو وەک بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی مەھاباد بۆ ھێزی پێشەوا.. بە چوونەوەی ئەو بەرپرسانە تا ڕادەیەک کەلێن مەترسی پەیدا ببوو لە کاتێکدا ئەوانە ھەموو کەلێن و قوژبنێکی ناوچەکەیان پێدەزانی و شارەزابوون
بۆ پەرچ دانەوەی ھەر ئەگەرێک دەبوو وێڕای ھوشیارییەکی زۆرترو توند کردنی کۆنتڕۆڵ لە ھەموو بارێکەوە بکەین ، دەبوو بە زووترین کات کەسێکی شیاو کە بتوانێ ئەم بەرپرسایەتیە قورسە وە ئەستۆ بگرێت و لە توانایدا بێت ئەم کەلێنە پڕ کاتەوە ، پێش ئەوەی لە لایەن دوژمنەوە ھەر جۆرە زەربەیەک لەم کاتە ناسکەدا لە جوڵانەوە بدرێ .. كەم نەبوون لەم فەرماندەرانە لە ناو ڕیزەکانی ھێزی پێشەوادا کە ئازاو لە خۆبردوو زاناو خاوەن ئەزموون ،، خدرە سوور لە ڕیزی پێشەوەی ئەو فەرماندەرانە بوو کە زۆربەی خاڵە ئەرێنیەکان و پلەو پایەیەکی ئەوھای ھەبوو بۆ پڕ کردنەوەی ئەو جێگا بەتاڵە .. كاتێک دەفتەری سیاسی لە پەیوەندی لەگەڵ دیاری کردنی بەرپرسی داھاتووی ھێزی پێشەوا داوایان لە بەرپرسی کۆمیتەی شارستان و نوێنەرانی کۆمیتەی مەھاباد بۆ بەشداری لە کۆنگرە کرد و شەخسی سکرتێرو بەرپرسان خدریان بە لاوە پەسەند بوو،، خدر وەکوو فەرماندەیەکی لێزان و پشتگیری لە سیستم بەخشین بە بزاڤی شۆڕشگێڕی لە ناو قوڵایی ناوچەکەدا لە کاتێکدا دوژمن ھەموو جێگایەکی تەنیبوو لە سەر ھەر شاخ و تەپکێک پایەگایەکی نیزامی لێ دامەزراندبوو وەکوو ھەموو ناوچەکانی تری کوردستان ، ڕێگەی بە دوودڵی و نا فەرمانی پێشمەرگە بۆ پەسەندی فەرماندەی نوێ نەدەھێشتەوە ئەمە بوو بە دەستپێکی قەرەبوو کردنەوەی ئەو کەلێن و جێگا بە تاڵە .. لە ماوەی کورتی چەند مانگێکدا بە چەشنێک لە بەجێ گەیاندنی ئەرکی خۆیدا بەرامبەر بە جموجۆڵی دوژمن نەک زۆربەی ئەو کەسانەی کە ورەیان لە دەست دابوو گەڕابوونەوە ناو شارو تەسلیم ببوون ،، ھەمیسان بە قەبوڵ کردنی شەرت و مەرجی دیاریکراو لە لایەن پێشمەرگەوە بە ڕیزی خەباتکاران پەیوەست بوونەوە .. لەو ماوەیەدا بە زەربەی پێشمەرگەکان لە دوژمن و باڵا دەستی پێشمەرگە لە ناوچەکەدا بە شێوەیەک لەسەر خەڵک دەوری گێڕا کە ڕۆژانە بە بێ ترس لە پایەگاکانی دوژمن و دام و دەزگاکانی حکوومەت لە دەوروبەری مەھاباد ، وەکوو گوندەکانی ” سەھۆڵان و کولیجە” و شوێنەکانی تر وەکوو ڕۆژانی ١٣ بەدەر خەڵک ودایک و خوشک و بنەماڵەی پێشمەرگەکان و خەڵکی ناو شاری مەھابادو دەوروبەر دەھاتنە ئەوێ و بەیانی ھەتا ئێوارە دیداریان لەگەڵ پێشمەرگەکان تازە دەکردەوەو خواردن و پێویستیەکانیان بۆ دابین دەکردن . دوژمنان چووبوونەوە ناو قاوغەکانی خۆیانەوەو جار جارە لێرەو لەوێ پایەگاکانی ڕژیم خەڵکیان ڕادەسپارد دەیانگووت ئێمە کارمان بە پێشمەرگە نیە ھەرچی دەیکەن بۆ کوێ دەچن كارمان پێیان نیەو لێمان نەدەن . وردە وردە خدرە سوور لە ناو بەشێکی بەرچاو لە جەماوەری ناوچەکەدا ببوو بە ھێمای ئازایەتی و سنوور نەناس ، یەکێک لە تایبەتمەندیە باشەکانی خدر ئەوە بوو ھاودەنگی و ھاو ئاھەنگی بە بێ گرفت و تەبا بوو لەگەڵ بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی مەھابادو سەرجەم ئەندام و کادرەکانی بوو ئەمە کاریگەری زۆری لەسەر پێشکەووتن و تێکۆشانمان بەجێ ھێشتبوو ..
ساڵی دواتر ھێزی بەیان و کۆمیتەی شارستانی بۆکان داوای کۆبونەوەیەکی تایبەتیان کرد لەگەڵ بەرپرسانی سەروی کۆمیتەی شارستانی مەھابادو ھێزی پێشەوا کرد . نێوئاخنی کۆبونەوەکە پێشنیاری ئەنجامدانی پلانێکی ھاوبەش بوو بۆ دەست بەسەراگرتنی گوردانێکی ھێزەکانی دوژمن جێگیر لە گوندی ” نۆبار” ی سەر بە شاری بۆکان ھەر چەندە ئێمە ئەوکات لە مەھاباد پلانێکی گەورەمان بەدەستەوە بوو بۆ لە داوخستنی مۆرە گەورەو دژەبەرەکان . كە لە نەبوونی ئێمەدا خەڵکیان ئازارو ئەشکەنجە دەداو لە دەستیان وە زاڵە ھاتبوون داڕشتبوو . .. فەرماندە خدرەسوور زیاترلە دوو حەووتوو بوو سەرقاڵی چۆنیەتی دابەزاندنی ئەم ئەرگە بوو ، بەڵام لەسەر بنەمای پێداگری ھاوڕێیانمان لە ھێزی بەیان ، بۆ دابەزاندنی پلانە داواکراوەکەی ئەوان ئامادەیی و ھاودەنگیمان نیشان دا. شەھیدان خدرەسوورو کاک ھەمزە بھنام بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی بۆکان ھەروەھا فەرماندەری ھێزی بەیان وەستا ئەحمەد.سەرەڕای پێداگری ئێمە بۆ بەشدار بوون لە جێبەجێکردنی پلانەکە ، خۆیان فەرماندەیی عەمەلیاتەکەیان وە ئەستۆ گرت . بە ئەوپەڕی وردبینی و شان بەشانی فیداکاری نەترسانەی پێشمەرگە ھەڵبژێردراوەکان لە ھەردوو ھێز. ئەرکەکانیان بەسەرکەووتوویی جێبەجێکرد. گوردانی نۆباریان بە تەواوەتی خستە بەر دەستی خۆیان .ھەرچی تێیدا بوو کوژرا یا بە دیل گیران .
ڕۆژی دوایی ڕژیم حەولی دا ھێرش بکاتە سەر پێشمەرگەکان بەڵام لە نزیک شاخی تەرەغە پێشمەرگەکان لێیان داو زۆری تریان لێ کوژراو ھەڵاتن و شکان . كە جاشێکی زۆر
كە خەڵکیان ئازار دابوو خەڵکی یاڵاوە دانیشتوی بۆکان بوون بە دیل گیران. ڕژیم کە دیسان تووشی شکست بوو، دەستی دایە تۆپ و خومپارە بارانی شوێنی گەڕانەوەی پێشمەرگەکان . ئاخرین تۆپ لە نزیک خدرەسوور دەتەقێتەوە پڕیشکێک لە بن گوێی خدر دەکەوێ و ھەر ئەو پڕیشکە تۆپە بوو بە ھۆی شەھید بوونی .
درەنگانێکی شەو فەرماندەری پەلێک لە پێشمەرگەکان لە نزیک شوێنی حەوانەوەی ئێمە کە ئاگاداری و چاوەدێری وەزع و کارەساتەکان دەکەن . سەرپەلی پەلێک لە پێشمەرگەکان بە ناوی سمایل ئەقدەم ” چکۆل” ھەر ئەوکات ھاتە لای من ھەواڵەکەی لەسەرداوای ھاوڕێیان پێ ڕاگەیاندم . دڵم داخورپا ، خەبەرێکی دڵتەزێن بوو، زۆر بە ئازار بوو ، بەڵام تازە قەومابوو. لە وەڵامدا تەنیا پێداگریم کردو کووتم دەبێ بە ھەر قیمەتێک بێ جەنازەکەی بگەیەنە لای ئێمە … لە کاتێکی ئاوادا زۆر باش ئاگاداری ھەڵسوکەووتەکانی ڕژیم بووین . كە وەک ماری برینداری لێھاتبوو. تێدەکۆشا لەم کارەساتە بۆ قەرەبوو کردنەوەی شکستەکانی خۆی لە ” نۆبار ” ھەرچۆنێک بوایە جەنازەی خدرەسووری دەست کەوتباو، لە شەقامەکانی شارەکاندا پێشانی خەڵکی داباو ھەتا سووکایەتی پێبکەن ….. بڕیارمان دا چەند کەسێک ھەڵبژێرین زۆر زۆر بە نھێنی لە شوێنێکی نەدیتراو بە خاکی پاکی کوردستانی بسپێرین ، نەدەبوو گۆڕەکەی وەکوو گوڕی دیکە دیار بوایە دەبوو وەکوو زەویەکەمان لێکردبایەوەو تەختمان کردباو بە دارو گژو گیا شوێنەکەیمان ون کردبا. چونکە لەوانە بوو دوژمن ھاتبا تەواوی ئەو ناوچەیە گەڕاباو جەنازەکەیان دیتباوەو دەریان ھێنابایە ،، بۆخۆم لەگەڵیان چووم ئەوەندەی لە بیرم بێ پێنج یا شەش پێشمەرگە بووین لەگەڵ مەلایەک ،، کەبە ھەموومان یەک پێمەڕەمان پێ بوو ، زۆر بە زەحمەت قەبرەکەمان ھەندێک قوڵ کرد خدر تەنھا ڕەخت و تفەنگەکەمان لێ کردبۆوە لەگەڵ وەسایلی ناو گیرفانەکانی
پشتێندو جامانەکەی خۆی مان تێوە پێچاو تەسلیم بە خاکمان کرد ، مەلا پرسیاری ناوەکەی کرد ، من بە پرسیارەکەی مەلا توڕە بووم، لە وەڵامدا کووتم ناویت بۆ چیە خودا بۆ خۆی دەزانێ ناوی چیە و دەیناسێ ، وا دیار بوو مامۆستا لە مەبوستم حاڵی بوو چیتر پرسیاری نەکرد .
چەند ڕۆژ دواتر خوشکی شەھید خدر بۆ دیتنی تەرمەکەی یان گڵکۆی براکەی ھاتە لامان بە شیوەن و زاری دەیکووت جەنازەکەم نیشان بدەن یا گۆڕەکەیینم پیشان بدەن. ھەرچەندە لە خۆی داو شیوەنی کرد کووتمان لێرە نیەو ناردوومانە بۆ باشوور، بە ناچار پاش جەند ڕۆژان بە گریان و دڵشکاوی گەڕایەوە
اااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااا
قادری سووری لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێ …..
. كاتێک بە دووربین
ڕێگاکانی لە ژێر چاوەدێری گرتبوو، ئاخرین گوللە تۆپ ،، ئاخرین تیر ،، ئاخرین بە پێوە وەستانی قەڵافەتی پیاوانەی فەرماندە خدر. دەتەقێ و بریسکەیەک و تەقینەوەیەک و ھەستانی دوکێک و تەپ و تۆز . دەنگی خدرەسوور لەسەر بێسیمەکە نەما ،، چەند جارێک ھاوارم کرد بانگم کرد کاوە کاوە گوێت لە منە کاوە ؟ ئەگەر گوێت لێمە جواب بدەوە ؟ ھیچ جواب نەبوو دڵم لەرزی سەرم تەزی دڵم داخورپا حەجمینم لێ ھەڵگیرا . زارم ئیشک بوو جار جاریش ھەر ھاوارم دەکەد کاوە ،، کاوە .. لە ناکاو برایم چوکەڵی جوابی دامەوە کاوە سەری قاڵە . كە وای کووت بێسیمەکەم دا بە خوسرەو ئەمیری و سەربەرەو خوار بوومەوە بۆ ئەو شوێنەی خدری لێ بوو ، کە چووم گواستبویانەوە بۆ لای بریندارەکان ، کە چوومە بن سەری چاوێکی لێکردم زۆر بە زەحمەت گووتی بەھرام بەھرام مەبەستی بارام عەجەم بوو توند یەخەی گرتبووم وەبیر بارام عەجەم کەوتبۆوە زانیم شەھید دەبێ.
گریام خۆم پێ ڕانەدەگیرا . ھەناسەی بۆ ھەڵنەدەکێشرا . لە دورەوە پێشمەرگەکان بە ھۆی سەکەووتنەوە قاقا پێدەکەنین
وابزانم حەسەن قەیووم بوو منیش زۆر ناڕەحەت بووم دەنکم دان ئەوانیش بێدەنگ بوون نەیانزانی بوو خدر بریندارە . كەدیتم
شەھید بوو لە ھاوارم دا کاک سمایل ھەستی پێکرد کە خدر شەھید بوو. ھەرچەندە ئەویش بریندار بوو، شەو داھات نەمھێشت بینێژن کووتم دەبێ بیگەیەنینە گوندی قالوێ کاک سەدیق بابایی و کۆمیتەی شارستان لەوێن . كە چووین لەوێ نەبوون بەرەو گوندی برایم خەسار وەڕێکەووتبوون ، ێیتر من ھێزم تێدا نەماو من نەمتوانی بجم ناشتنی خدرە سوور ببینم
كە وە بن گڵی دەدەن ..
ااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااا
مەسوور ئەمیری و بەھمەن بابامیری کە پرسیاری چۆنیەتی ناشتنەکەم لێکردن ،، ھەردووکیان جوابیان دامەوەو کووتیان .
ئێمە ٥ یان ٦ کەس بووین کە تەرمی فەرماندە خدرمان بە خاک ئەسپارد . ئەوەی لە بیرمان بێ ، مستەفا محمدی بوو ،، مەنسوور ئەمیری ،، بەھمەن بابامیری.. كاک سەدیق بابایی .. پێم وابێ بارام عەجەم .. مەلایەکیش بوو ، بە ھەموومان ئەو پێمەڕەیەمان پێ بوو کە مەلا لەگەڵ خۆی ھێنابوی . لە شوێنێکی زۆر چەپ و مەتروکە ناشتمان ، زەویەکە ھەڵقەندنی زۆر ناخۆش و ڕەق بوو ھەڵنەدەقەندرا ھەموو دەستمان خوێنی لێ دەچۆڕا ، تەواوی شەڕەکە بە ئەندازەی ھەڵقەندنی ئەو قەبرە ماندووی نەکردین ، پاشی چەند سەعات ھەڵقەندن توانیمان ٣٠ سانتیمەتر قووڵی بکەین ،، فەرماندە خدرمان لە پشتێنەکەی جوان جوان پێچا پاشان لە گۆڕەکەمان ھاویشت و جامانەکەیمان پێداداو وردە وردە بە ھەنسک و فرمێسکەوە ئەو کەڵە پیاوە لەبن گڵدا ون دەبوو. دامانپۆشی لەگەڵ زەویەکە تەختمان کردەوە دەوروبەری قەبرەکەمان جوان خاوێن کردەوە بۆ ئەوەی دیار نەبێ کە ئەم شوێنە ھەڵقەندراوە ھەندێک چیلکەو دڕوومان لەسەر داناو ونمان کرد… مەلاش دەیزانی ئەگەر بیشیکوژن نابێ جێگاکەی پیشانی ھیچ کەسێک بدات . زۆرمان سوپاسی مەلا کردو ناردمانەوە.
لەم شەڕە گەورەو بێ وێنەیەدا کە گەورەترین زەڕبە لە ھێزەکانی دوژمن درا، زەربەکە ئەوەندە گەورە بوو بە قەولی پێشمەرگەکان دەیانکووت کەوشی ھەموومان بە خوێن تەڕ ببوو
بە داخەوە لەم شەڕەدا خدر خزری ناسراو بە خدرە سوور فەرماندەری ھێزی پێشەوا شەھید
ڕەحمان جەناح شەھید
حەسەن بەیان شەھید
پێشمەرگەیەک بە ناوی وەلی شەھید
ھەمزە مەنگوڕ بریندار ،،، سمایل بازیار بریندار
پێویستە سوپاسی ئەو کەسانە بکەم کە ھاوکاریان کردم …. كاک قادر سووری ،،،، کاک سەدیق بابایی … كاک مەنسوور ئەمیری … كاک بەھمەن بابامیری …. كاک عەبدوڵا عەبداڵی… كاک مستەفا محمدی … كاک ناسرو کاک عزەت پیرانی …
كاک حەسەن قەیووم ….بۆ ئاگاداری ھەموو دۆستان و ھاوڕێیان و خوێنەرانی بەڕێزی خۆم ڕادەگەیەنم کە لە ماوەیەکی نزیکدا زۆر بە وردی چۆنیەتی عەمەلیاتەکەو گرتنی پایەگایەکە بڵاو دەکەمەوە چاوەڕوان بن حەماسەیەکی گەورەو بێ وێنە گرتنی گوردانی نۆباری بۆکان لە لایەن ھێزی ١١٠ی بەیان و ھێزی ٢١ شەھید پێشەوا…
لێرەوە داوا لەو قارەمانانە دەکەم کە لە عەمەلیاتەکەدا بوون ھاوکاریم بکەن و ئەو وردەکاریانەی بە چاوی خۆیان دیتویانە بۆم بنێرن سوپاسی ھەمووتان دەکەم ….
ااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااا
لاوەکان .. خوێن گەرمەکان .. تازە پێگەیشتووەکان ..
پێویستە لە سەرتان ئێوە یەک بە یەک قارەمانان و شۆڕشگێڕانی ئەم کوردستانە بناسن و شارەزای ژیانی پڕ لە سەروەری و پێشمەرگایەتی شوڕشگێڕیان بن..
ئەوانە ھەموو زەحمەت و ناڕەحەتیەکانیان قەبوڵ کرد مەرگ و ئاوارەیی و ماڵ وێرانیان قەبوڵ کرد … لە زیندانەکان ئەشکەنجە دران و ملیان بە پەتا کرا بەڵام
سەری بەرزیان بۆ دوژمن شۆڕ نەکرد.. مردنیان بە پێکەنینەوە ھەڵبژارد .. بەڵام نەبەزین ،، بۆ ئەوەی ئێوە بەسەر بەرزی بژین ، پێویستە ئێوەش دەرس و ئەزموونیان
لێ وەرگرن و فێر بن . بۆ داھاتووی خۆتان سوودی لێوەرگرن ،، چونکە لە داھاتوودا ھەر ئێوەن سیاسەتوانان و قارەمانان و ڕێبەرو فەرماندەرانی ئەم کوردستانە
داھاتووی ئەم وڵاتە بۆ ئێوەیە ، پێویستە ھەتا کوردستان بە تەواوی ڕزگار دەبێ چەکی شەھیدەکان نابێ بکەونە سەر زەوی و دەبێ سەنگەرەکانیان ئاوەدان بکەنەوە
بژی پێشمەرگە باسکی بەھێزی گەل ….

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت