یادێك لە سەید ڕەحیم زەویانی : ناسراو بە خاڵە

✍️ شۆڕش ئەسەدزادە
خاڵە یەكێك لەوپێشمەرگە ڕۆح سووك و شۆخی بازو قسەخۆش و دڵسۆزانەی حیزب بوو ، سەراڕای ئەوانە كەسێكی ئەمین و باوەڕپێكراو بوو ، كاتێك من لەدەبیرخانە كادر بووم خاڵە سەید بەخۆیی و سەماوەرەكەیەوە خزمەتی هەموو ئەو میوانانەی دەكرد كە سەردانی دەفتەری سیاسی و دەبیرخانەیان دەكرد٠چایی خاڵە سەید بەناوبانگ بوو ، هەركەس چایی خاڵەی خواردبێتەوە دەزانێ چەندە بەتام و لەزەت بوو٠ لەگەڵ ئەوەش پیاوێكی قسەخۆش و خاوەن بەزمی تایبەتی خۆی بوو٠ خاڵە سەید هەموو ساڵێ لە دەوروبەری دەبیرخانە بێستانێكی گەورەی دەكرد كە تەماتەو خەیارو كاڵەك و بیبارو زۆر شتی دیكەی تێدا دەكرد هەمووشی دەدا بەو ماڵانەی دەوروبەری دەبیرخانەو هەروەها یارمەتی ماڵەكانی دیكەی دەكرد٠
خاڵە سەید تەمەنێكی زۆری گوزەراندبوو بەڵام بەقەولی خۆی هەمووجارێ دەیكووت هێشتا كوڕ بوو یان بوخچەی نەكراوەبوو ، خێزانی پێك نەهێنابوو هەمیشە سمێڵەكانی ڕەش دەكردنەوەو مانگی جارێك بە كۆڵێكی گەورە دیاری سەردانێكی ناو خزمانی دەكرد لە ئۆردوگای حاجیاواو دەوروبەر٠ گەلێك دڵی بەدنیا خۆش بوو ، كەسێكی بەدەستوبردو زیرەك بوو ، نانی خۆی لەسەر بەردی ڕەق پەیدا دەكرد٠ لەبیرمە لەوشاخانەی دۆڵێ كەزۆر بەرزو چڕوپڕ بوو دەچوو ترشی دێنا ، كارگ و كەنگرو كۆمەڵێك گیاوگژی كوردەوای بەكۆڵی دا دەداو دەهاتەوە٠
خاڵە سەید بەداخەوە لە ساڵی ٢٠٠٩ بەهۆی نەخۆشی لەشاری كۆیە گیانی ئەسپاردو هەر لەوێش بەخاك ئەسپێردراوە٠
ڕۆحی شادو جێگای بەهەشت بێ٠

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت