هەژارکەریمی

چوارەم گوڵی ھەڵوەریوی نێو ٥٩ گوڵی ژاکاوی مەھابادی

ناو: ھەژار

ناوبانگ: کەریمی

تەمەن: ٢١ ساڵ

چۆنیەتی شەھید بوون: تیرباران

شوێنی گڵکۆ: نادیار

شارخرۆشاوە، لە کوچە و کۆڵانان ھاتووھاوار و گریانە، لە چۆکدان و سینگ کوتانە، کوێر بم دەبێ چییان بەسەر ھاتبێ؟ ھیج سەرو سۆراغیان نییە! خوڵڵا دەزانی ئێستا دەبێ لە کوێ جوانەمەرگیان کردبن؟ ئای چ ڕۆژێکی ڕەش و چ گەرمەشینێکە. کەس بزەی نایەتە سەرلێوان، لێوەکان ئیشک و ھەناسەکان سوارن، ھەر خەڵکە و خۆ بەدەرگای ماڵاندا دەکەن، ئەرێ ئەنگۆ ھیچ خەبەرێک و دەست نەکەوتووە، کەس لە فەرمانداری ناناسن بەشکم سەرو سۆراغێکی ڕۆڵەکانمان بزانین، بەخوڵڵای ھێندە غەدارن لەوانەیە بیانکوژن و تەرمەکانیشمان نەدەنەوە. دەک کوێر بم ڕۆڵەینە، دەبێ ئێستا لە کوێ بە کۆمەڵ گوللەبارانیان کردبن، کچێ شتی وا مەڵێی دەک ڕەبی گوێی شەیتانی کەڕ بێ، ڕەبی موو لەسەری زمانی ئەوەی بێ کە خەبەری ناخۆش لە شاری بڵاو دەکاتەوە، بەخوڵڵای ئەوە جەرگم جەرگی دەخوا، خۆ دەڵێن ئیوایان لە نێودایە ھێشتا خەتی سمێڵێی نەداوە. دەک ماڵو وێڕان بێ وەکی ماڵی خەڵکی وێران دەکەن و ھەر ڕۆژەی جەنازەیەکمان بۆ دێننەوە. دڵەکان تەنگن و لێوەکان بە باری غەم، شار یەکپارچە تەمی خەم دایگرتووە بۆ ئەو لاوە بێ تاوانانە. تۆ بڵێی دوای تەنگانان فەرحانی نێیەت و لە دەستی ئەو مەلا ڕیش پانەی نەجاتیمان نێیەت، پشتیوان بە خوڵڵای ھەر خەبەری ساغ و سڵامەتی ئەو پۆلە لاوەمان دەستبکەوێ و دەستەو ئەژنۆ کۆشی فرمێسکیان بۆ نەگرینەوە.

✍🏻ئەحمەد ڕەحمانی

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت