ئینشاڵڵا نادری

شەشەم گوڵی ھەڵوەریوی نێو ٥٩ گوڵی ژاکاوی مەھابادی
ناو: ئینشاڵڵا
ناوبانگ: نادری
تەمەن: ٢١ ساڵ
چۆنیەتی شەھید بوون: تیرباران
شوێنی گڵکۆ: نادیار
دایکێک لە شیپانەی دەرگا بە چاوەڕوانیەوە لە کوچەی دەڕوانی و ھێور ھێور گەرمە فرمێسکی ھەڵدەوەراند و پرچی خۆی دەڕنی و بەگریانەوە دەیگوت ڕۆڵەگیان ھێشتا لە سەرەتای تەمەنی جوانی و جحێڵی دای، ئەو زاڵمانە بۆ کوێیان بردی، ئای دەبێ چۆنم جەرگ بە کوچکی وەدرێ، گوێی شەیتانی کەڕبێ، باوکەش لە بن دیواری کوڵاو جەمەدانیەکەی لە بن ھەنگڵێ دابوو، جار جارە ڕووی لە ئاسمان دەکرد و ھۆن ھۆن فرمێسکی بەچاواندا دەھاتنەخوارێ، دەک ڕەبی تەخت و تاراجی مەلای تازە بە دەسەڵات گەیشتوو وێران بێ وەکی ماڵێ خەڵکی بێتاوانی وەکو ئێمەیان وێڕان کرد، ئێستا کەس نازانێ ڕۆڵەکانمان لە کوێن و چییان بەسەر ھاتووە. ئای چ گەرمە شینێک بوو لە نێو ئەو بنەماڵە لێقەوماوەدا، چ ڕۆژێکی ڕەش بوو کە تووشی ھاتبوون، ئەرێ ھیچ سەرو سۆڕاغێکیان نییە ئەوە پرسیاری ھەرکەسێک بوو کە خۆی بە ماڵێدا دەکردن و خەمەکانی لە گەڵ بەش دەکردن، چاریان ناچار بوو دەبوو تازە چاوەڕوانی قەزاو قەدەر و دەستی مەلای زاڵم و پاستاری دوژمنی ئازادیەکانی گەلی کورد بن، خوڵڵایە گیان ئاقیبەتی وەخێر گەڕێ و ئەو زاڵمانەمان لە کۆڵ بکەیەوە.
✍🏻ئەحمەد ڕەحمانی

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت