سه‌لیم عه‌بباسی

رۆژی‌ 2005.03.17 مام سه‌لیم عه‌بباسی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ دێرینی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان به‌ هۆی‌ نه‌خۆشی‌‌و به‌ساڵداچوونی‌، به‌داخه‌وه‌ كۆچی‌ دوایی‌ كرد.
مام سه‌لیم ساڵی‌ 1929 له‌ گوندی‌ “زێراندۆڵ‌”ی‌ ناوچه‌ی‌ گه‌وركایه‌تیی‌ مه‌هاباد له‌دایك بووه‌و ساڵی‌ 1957 پێوه‌ندیی‌ به‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانه‌وه‌ گرتوه‌، به‌ شێوه‌ی‌ نهێنی‌ كاری‌ كردووه‌و بۆته‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ندامه‌ چالاكه‌كانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌. دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ساواك ساڵی‌ 1959 په‌لاماری‌ تێكۆشه‌رانی‌ حیزبی‌ له‌و ناوچه‌یه‌ دا، مام سه‌لیم خۆی‌ ده‌رباز كرد‌و رووی‌ كرده‌ بنكه‌كانی‌ حیزب له‌ باشوری كوردستان ‌و بۆ ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێك له‌وێ‌ مایه‌وه‌‌و دواتر گه‌ڕایه‌وه‌ لای‌ خێزانه‌كه‌ی‌ له‌ گوندی‌ زێراندۆڵ‌. سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ ساواك به‌رده‌وام هه‌ره‌شه‌ی‌ لێ‌ ده‌كرد، ده‌ستی‌ له‌ هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ‌ حیزب هه‌ڵ‌ نه‌گرت‌و به‌ناچار ماڵه‌كه‌ی‌ بۆ مه‌هاباد ده‌گوازێته‌وه‌.
له‌گه‌ڵ‌ ده‌ستپێكردنی‌ شۆڕشی‌ گه‌لانی‌ ئێران له‌ ساڵی‌ 1978دا‌و كرانه‌وه‌ی‌ بنكه‌كانی‌ حیزب له‌ ناوچه‌ی‌ مه‌هاباد، مام سه‌لیم به‌ئاشكرا چووه‌ نێو ریزه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌كانی‌ حیزبی دێموکراتی کوردستان.
مام سه‌لیم له‌ ساڵی‌ 1979 كراوه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسی‌‌و له‌ ساڵی‌ 1983دا له‌سه‌ر داوای‌ خۆی‌ گۆازراوه‌ته‌وه‌ بۆ كومیته‌ شارستانی‌ بۆكان‌و دواتر به‌ هۆی‌ به‌ساڵداچوویی‌، وه‌ك پێشمه‌رگه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ حیزب له‌ ساڵی‌ 1986 تا ساڵی‌ 1998 كاری‌ كردوه‌. پاشان نێردراوه‌ته‌وه‌ بۆ كومیته‌ شارستانی‌ بۆكان‌و دوای‌ پێكهاتنی‌ ناوه‌ندی‌ 2ی‌ حیزبیش له‌و ناوه‌نده‌ درێژه‌ی‌ به‌ خه‌باتی‌ پێشمه‌رگانه‌ داوه‌. مام سه‌لیم یه‌كێك له‌ هه‌ره‌ دڵسۆزو به‌وه‌فاترین‌و به‌ دیسیپلین‌ترین پێشمه‌رگه‌كانی‌ حیزب بوو كه‌ تا دوا هه‌ناسه‌ به‌ رێبازی‌ حیزب وه‌فادار مایه‌وه‌. به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ وێڕای‌ به‌داخ بوون له‌ كۆچی‌ دوایی‌ ئه‌و مرۆڤه‌ تێكۆشه‌ره‌، پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی‌ له‌ بنه‌ماڵه‌و كه‌سوكار‌و هاوسه‌نگه‌رانی‌ ده‌كه‌ین‌و به‌ڵێن ده‌ده‌ین تا گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانی‌، درێژه‌ به‌ خه‌بات بده‌ین.

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت