مهنسور مهعروفی
زیارەتی زام
“بۆ شەهید مەنسوور مەعروفی”
تا وشەم دەست لە قەدی كیژی غەزەل وەردێنن
دەبنە پرشەنگی هەتاو چـــــۆم و چیا دەدوێنن
كانیاو و چــەم و رووبار و هــەتاو بـــێ ئۆقرەن
چــون بـە ئەسپایی دەبێ لانكی خەم راژێنن
بۆیە شەو دەستی وەها داوەتە دەست بای زریان
تاكــــو تیرێژی هـــەتاو لێرە بـە چـــۆك دابێنن
مانگی خــەمناكی خەزەڵوەر دڵی گیراوە دەڵێن
پۆلی ئــەستێرە لە گۆلاوی شــــەوا بێ شـوێنن
چاوەڕێتانە هەتاو لێرە بـــە جــەرگی كون كون
رێژنە ئەســــرینی بـــە ســـەر زامی دڵ بـڕژێنن
ئــــەو درنجانـــە دژی شیــلە بـــزەی رووناكین
دڵی ئاوێنە بــــە بـــەردی رق و قین دەشـكێنن
شاخ و كێو هاتووە بـۆ زیارەتی زام ئیزنیان دە
سەری كڕنــۆشێ لەبەر زامی بە سوێت دانوێنن
مــەرهــەمێكم دەوێ بـــۆ زامی دڵی هەڵبەستم
وشـــەكانی غـــــەزەلم گشتی شـــەڵاڵی خوێنن
بۆکان 2002
رەسووڵ سوڵتانی
ئێوارە بوو، بەدەم كوڵی گریانەوە ئەو شیعرەم رێك لەو شوێنە نووسیوە، كە كاك مەنسووری لێ شەهید كرا.