قادر رابیت(مەمۆ)

نووسینی: عەلی سوورەچۆمی

سەفەری ئەو جارە بۆ یادی پارتیزانی بوێرو خۆشناو(قادر رابیت)ناسراو بە قادر مەمۆ“ نووسراوە…
لاپەرەکانی مێژوو پڕن لە بڕگەی دشوار، لە ھەورازو نشێو بۆ خەونی رزگاری، ئەو کاروانە بێوەستان رێگا دەبڕێ بەرەو ئاسۆ. ئەوان بۆ گەیشتن بە ئامانج گیانیان فیدا دەکەن چیرۆکەکانی ئێرە ئەوەندە تاڵ و ناخ ھەژێنن لە گەڵ ئاوڕدانەوە لێیان ھەست دەکەی برینەکان زۆر گەورەن، چگواراکانی وڵاتی ئێمە بەخت یاوەریان نییە چیرۆکی ژیانی ئەوان و پاڵەوانەتییەکانیان بۆ گەلەکەیان لە لاپەرەکانی مێژووی ئێمەدا، لە بەردەم لە ناو چوون دایە. شۆرشی ئەوان بۆ ژیانی ئازاد لە لووتکە دابوو، باسی ئازایەتی و رووداوە سەر سووڕ ھێنەرەکانی ئەوان تۆمارێکی گەورە لە مێژوویەکە، کە پڕییەتی لە فیداکاری.
قادر رابیت“قادر مەمۆ“کێ بوو…….
پەیامێک لە چیای جاسووسانەوە دەگاتە لانک و گیارەنگ، لەوێوە دەگاتە شاخی گۆمێ بۆ ھۆمل و بڵفەت درێژ دەبێتەوە، زۆر ناخایەنێ بە ھەموو ماڵ و پێدەشت و لێرەوارەکانی ناوچەکانی سەردەشت دا بڵاو دەبێتەوە، ئەو پەیامە لە بناری چیای جاسووسانەوە، پەیوەست بوونی قادر مەمۆ بە ھەڵۆکانی شاخەوەیە.
زۆر نابات، قادر مەمۆ بست بە بستی خاکی نیشتمان شارەزا دەبێ نەک ھەر ئەوە بەڵکوو، دەبێتە پێشەنگ و رەچەشکێنی ئەو سەفەرە درێژەو چاو ساخی ھەڵۆکانی شاخ. ئەوانەی لە نزیکەوە دەیناسن و ھاوسەفەری رۆژە سەختەکانی خەباتی بوون شاھیدی بۆ ئەو قسانەم دەدەن. قادر مەمۆی پێشمەرگە و پارتیزان، قادر مەمۆی چیایی زۆر زوو لە ئەرکە قوورسەکانی ئەو رێبازە تێدەگات بۆیە بە کردەوە خۆی بۆ ناھەمواری و سەختییەکان ئامادە دەکات. ئەو وەک چیا خۆراگر، وەک ھەتاو بەتین، وەک باران بە لێزمە، وەک مانگ ئارام. ئەو دە بێتە بەشێک لە سرووشت و ژینگە، دەزانێ ھەورازێک چۆن دەبڕێ، پێدەشتێک چۆن تاقی دەکاتەوە، وەک دار بڕوو وایە دەزانێ چۆن بەرگەی ھەناسە تووندەکان بگرێ. ئەوە وادەکات شارەزای ھەموو شتێک بێ و ھیچ شتێک رێگر نەبێ لە خەونەکانی کەواتە، ئێستا قادر مەمۆی شۆرشی چەوساوەکانی کورد دەتوانێ بە ناو دڵی دەیان مۆڵگەی رێژیم لە سەر رێگاو بانەکان تێپەڕ بێ و ھەستی پێنەکەن، کاتی مانەوە لە قەد پاڵی چیا، کێ بە کانیاو دەزانێ، کێ کاتی ئاگر کردنەوە لە بەرامبەر پایەگای دوژمن دەتوانێ کارێک بکات دوژمن ھەست بە نیشانەیەک نەکات. کاتی ئێوارە داھاتن کێ لە دڵی جەنگەڵەوە بە کوێرە رێگاکان دا دەردەچێ و پێشەنگی دەکات، کێ رێگا پڕ مەترسییەکان تاقی دەکاتەوە.
ئەو کەسێکی ئاسایی نییە پارتیزانێکی وریا لە سەر پێ، زۆر بە ھاسانی دەتوانێ فێڵ لە دووژمنەکەی بکات. ئەو دەزانێ بۆ ئەوەی بە سەر دوژمنەکەی دا سەرکەوێ پێویستی بە چییە، ھەر بۆیە چەندین دەورەی دیتوە، ھوونەرەکانی ھەڵگرتنەوەی مین فێر بووە بە جۆرێک ناچێتە خەیاڵی کەس ئەو کوورە ھەژارەی گەلی کورد ئەوەندە بە تواناو ئیستعداد دەربکەوێ.
قادر مەمۆکان زۆرن لە ناو شۆرشی ئێمەدا، بۆ گەیشتن بە ئاواتی رزگاری. ئەوان بە جۆرێک پەروەردە بوون بەرگەی ئازارە زۆرەکان دەگرن بوونە ھیوا بۆ چەوساوەکانی کوردستان.
ئەمجارە فرمێسکەکانمان لە یادی تۆ دا دەرێژین، دەچینەوە ئەو جێگایانەی پێشەنگمان بووی، دەچینەوە ژێر سێبەری شاخ و ناو دڵی جەنگەڵ، دەچینەوە سەرکانیاوەکان کە ھێشتا بۆنی تۆیان لێ دێت، دەچینەوە ماڵە ھەژارەکانی کوردستان و ھێشتا ھەمووان بیرت دەکەن.
قادر گیان: لە گەڵ تۆ ھیچ تیمێک ھەست بە نائومێدی ناکات نە رێگا ون دەکات نە دەستەوەستانە بۆ شوێنی مانەوە، لە شەرەکاندا زۆر ھیوا بەخشی، نائومێدی و ترس ناناسی.
ئەو دەورەی قادر مەمۆ دەیگێرێ لە ناوچە و بڕینی سنوورە پڕ مەترسییەکان، وا دەکات بیرۆکەی درووست کردنی پەلێک لە ھێزی گیارەنگ بە ناوی“پەلی تەخریب“درووست بێ. قادر مەمۆ دەکرێتە سەرپەلی (پەلی تەخریب)ئەو پەلە و قادر مەمۆ و پێشمەرگەکانی ھاورێی، دەورێکی کاریگەر دەگێرن لە ھێزی گیارەنگ و دەبنە پاڵپشتێکی باش بۆ ھێزەکانی دیکەی حیزبی دێموکرات. سێ کەس لەو پەلە کە بریتی دەبن لە ھاورێی خۆشەویستی قادر مەمۆ کاک حەسەن چاپەز کە بەداخەوە ئەویش شەھید بووە. حەسەن چاپەز ناوێک بیرخەرەوەی دەیان فیداکاری لە ناوچەی سەردەشت و ئاربیچی زەنێکی بە ناوبانگ و دوژمن تۆقێن، کە کاتی خۆی یادی دەکەینەوە، ھاورێی خۆشەویست و پێشمەرگەی رۆژە سەختەکانی خەبات کاک عووسمان زەردەکانی خۆشەویست کە ئێستا لە وڵاتی بریتانیا دەژی، لێرەوە ھیوای ژیانێکی ئاسوودە بۆی.
قادر مەمۆ وەک پارتیزانێکی خاوەن ئەزموون پشتی پێدەبەسترێ لەوپەری لێھاتوویی و ورد بینیدا، دەور دەگێرێ. ئەوان بە دەیان مین“یان بۆ ھێزەکانی دوژمن دانایەوەو زەبری کاریگەریان لێدان.
لەو کاروانە دا گەلێ سوار چاکی ئەو مەیدانە لێمان دابڕان. با قەبووڵ بکەین شۆرشگێرەکان گەورەن و ئەو مەیدانە پیاوی خۆی دەوێ، تا لە مەیدانەکە دا نەبی ئازارەکانی سەختی نەکێشی نازانێ ئەوانە کێ بوون.
مەمۆ کووری دەیان شەری گەورە بوو، دەیان جار بەخت یاوەری بوو توانی لە مەرگ رزگاری بێ.
لە شەری ‘زەروێنە’لە پشتی وەزنێ، لە شەری گوندی دۆڵەتوێ’زێدەکەی خۆی، لە شەری ناو ماڵی’وەردێ، دەوری بەرچاوی ھەبوو. لە شەڕی گوندی وەردێ، یەکەم جەرەقەی ئەو شەرە قادری پارتیزان و دوژمن تۆقێن بوو، کە بە جۆرێک دوژمنی کردە نیشانە تازە دوژمن ھەرگیز نەیتوانی پشت راست بکاتەوە.
١٣/٧/١٣٧٤/ واتە، سێزدەی رەزبەر تیمی پەلی تەخریب بە فەرماندەیی قادر مەمۆ لە ناوچەی سەردەشت ئاگادار دەکرێن کە ھێزی پێشەوا لە ناوچەی ماهابادەوە دەگەرێنەوە، پێویستە ئێوە یارمەتیان بدەن و وەک چاو ساخ لە گەڵیان بن و لە شوێنە مەترسیدارەکانی کەمین و مەیدانەکانی مین دەربازیان بکەن. قادر مەمۆ وەک ھەموو جارێک بەو پەری لێھاتوویی بە پیر ئەو ئەرکەوە دەچێ…کە چی مەخابن لە دوا ساتەکانی ئەو ئەرکەو لە سەر سنوور لە پەنا زێدی لە دایک بوونی خۆی گووندی(دۆڵەتوو) دەکەونە کەمین و قادر مەمۆی پێشەنگ و چاو ساخ، قادر مەمۆی ھیوا دەپێکرێ و شەھید دەبێ…چەند پێشمەرگەیەکیش بریندار دەبن. پێشمەرگەکان پاشەکشە دەکەن و مەسیری گەرانەوە دەگۆڕن ئەوان رۆژی دواتریش لە نزیک وەزنێ و پشتی دۆڵەکۆگێ تووشی شەرێکی گەورە دەبن و دوای فیداکارییەکی چەند سەعاتە دوژمن بە چۆک دا دێنن.
بۆ بەیانی ھەواڵی شەھید بوونی قادر مەمۆ بڵاودەبێتەوە. جەنازەی ئەو شێرەی دێموکرات دەکەوێتە دەست دووژمنێک کە دەمێک بوو زەندقی لێی چوو بوو، ھەواڵێکی ئەوەندە ناخۆش و جەرگ بڕ بوو کە ھەموومانی تاساندو بە دڵ پەرۆش بووین بۆی. لە درێژەی ئەو شۆرشە و ھەزینەکانیدا، زۆر رووداوی ئاوا دڵتەزێنمان تاقی کردبوونەوە، سەرەرای پەرۆشی و ئازاری لە دەست دانی دەبوو، پەیمان نوێ بکەینەوە کە درێژە دەری رێگاکەی دەبین و رۆژێک دێت گەلێک لە باوەشت دەگرێ و خۆری رزگاری بە ھۆی ئەو خوێنانە ھەڵدێ. ماوەتەوە لەو سەفەرە تاڵەدا ئەوە بیر ھاورێ و ھاوسەنگەرانی بخەمەوە کە تاوێک بگەرێنەوە بۆ رابردوو و بیر لە سادەیی و خاکی بوونی قادر مەمۆ بکەنەوە. چەند سادە بوو، چ ھیوایەکی گەورە بوو، سەبرو ئارامیەکەی دێتەوە بەرچاومان. ئاخر گووتن لە سەر کەسایەتی و کاریگەریەکەی ھێندە ئاسان نییە، تایبەتمەندییەکانی زۆر بوون، چما رێگایەک ھەبوو جارێک تاقی بکاتەوەو پێی نەزانێتەوە با کووڕی ئەو ناوچەش نەبا، با ئەوەش باس بکەین لە یەکێک لە جەولەکان لە باسکی کۆڵەسەی تیمێک پێشمەرگە بووین لە ناو لێرەوارێکی چڕ مابووینەوە، ئێمە ؛وەڵاخێکمان؛ پێ بوو ئێوارەکەی کە ویستمان بچین بۆ گووندی باغی“ لە پەنا شار تووشی کێشەیەک بووین بۆ ئەوەی وەڵاخەکە چۆن بگەیەنینە ناو گووند لە حاڵێکدا، ھیچ رێگایەک نەبوو لە بەر چڕی لێرەوارەکە..مەمۆ لە حاڵێکدا کووری ئەو ناوچەش نەبوو، گووتی:بڕۆن حەقتان نەبێ ئێوە بگەنێ من جێبەجێی دەکەم، بەلامانەوە سەیر بوو! کاتێک ئێمە گەیشتینە ئاوایی چاو لێدەکەین قادر مەمۆ پێش ئێمە گەیشتۆتە ناو گوند. ئەوە تەنیا وەک نموونەیەک.
رووحت شاد پێشمەرگە ھەژارەکەی شۆرش و فەرماندەی رۆژانی تەنگانە.

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت