ئیبراهیم چوکەڵی
ڕەحیم عەلیپوور
شکۆی شکانەوەی
ئاڵایەکی بە خۆێن نەخشاو
شەهید رەحیم عەلیپوور
شۆڕشگێران کەسانێکن کە زۆربەیان هەر لەتەمەنی لاوی‌یەوە ڕێی خەباتێکی پڕ مەترسییان گرتۆتە بەرو لە پێناو گەیشتن بە ئاواتەکانی میللەتێک‌دا کوێرەوەریی زۆریان دیوەو بەسەر بازگە پڕ مەترسییەکانی ژیان‌دا تێپەڕیون. ئەوانە کە خۆیان لەنێو ڕەوتی ئەو خەباتە پڕ فیداکارییە دا دەبیننەوە بە ڕەگ‌و پێستەوە هەستیان بە مەترسییەکانی کردوە، ئازایانە دێنە مەیدان بۆیە دەبێ بە هەموو تواناو وزەی خۆمان بۆ گەیاندنی دەنگی پێشمەرگەو خەبات‌و تێکۆشانی ئەو نەمرانە بە نەسلی نوێ‌و دواڕۆژی نەتەوەکەی تەرخان بکەین. شەهید رەحیمی عەلیپوور یەکێک لەو قارەمانانەیە کە لە “لاپەڕەی هەگبەی شاخ وشۆڕش”دا یادی دەکەینەوە.
لە کاتێک‌دا زیندانەکانی رێژیمی پاشایەتی ئاخندرا بوون لە ئەندامانی حیزبی دیموکرات، لە ساڵی ١٣٣٨دا پۆل پۆل رەوانەی بەندیخانە دەکران، رەحیم عەلیپوور لە هەلومەرجێکی ئەوتۆ لە گوندی “کاژێ” سەر بە شارستانی سەردەشت لە بنەماڵەیەکی ئایینی بزەی خستە سەر لیوی بنەماڵەی و چاوی بە دنیای روون کردەوە، وەک هەموو منداڵانی ئاوایی بەرە بەرە لە کوچەو کۆلان‌و مووچەکانی ئەو دەڤەرە گەورە بوو دواتر لە تەمەنی ٧ ساڵی رەوانی قوتابخانە کراوتا پۆلی ٥ی سەرەتایی لە ئاوایی “کاژێ” دەرسی خوێند پاشان بۆ درێژەدانی خوێندن رەوانەی شاری سەردەشت کرا. بەڵام بەرەبەرە خۆپێشاندان دژی رێژیمی پاشایەتی دەستی پێ کرد. ناوبراو له‌ درێژه‌ی‌ ژیانی‌دا چه‌رمه‌سه‌ری‌‌و تاڵی‌‌و سوێری‌ ژیانی‌ دیتبوو، رزگاری‌ له‌ چنگ بێ‌به‌شی‌‌و هه‌ژاری‌ ببوو به‌ ئاواتێكی‌ به‌رزی‌. هه‌ربۆیه‌ له‌ خۆپێشاندانه‌كان دا به‌ دژی‌ رێژیمی‌ پاشایه‌تی‌ كه‌ به‌هۆی‌ سه‌ره‌كی‌ چاره‌ ره‌شی‌ گه‌لی‌ كوردی‌ ده‌زانی‌، شان به‌شانی‌ باقی‌ خه‌ڵكی‌ شاری سەردەشت به‌شداریی‌ كردو خەڵکی بۆ رێپێوانەکان هان دەدا. پاش رووخانی‌ رێژیمی‌ شا‌و هاتنه‌ سه‌ر كاری‌ رێژیمی‌ کۆماری ئیسلامی‌‌و زه‌وت كردنی‌ ده‌سكه‌وته‌كانی‌ شۆڕش لە لایەن ئەو رێژیمەوە. لەدەسپێکی تیکۆشانی ئاشکرای حیزب لەسەردەشت هاته‌ نێو ریزی‌ پێشمه‌رگه‌كانی‌ حیزبه‌وه‌ بۆ به‌ربه‌ره‌كانی‌ له‌گه‌ڵ‌ رێژیمی‌ كۆنه‌په‌رستی‌ ئاخوندی‌‌و دیفاع له‌ ماف‌و ئازادی‌یه‌كانی‌ گه‌لی‌ كورد.
هاوڕێ‌ رەحیم عەلیپوور هه‌ر زوو توانی‌ جێگای‌ خۆی‌ له‌ نێو دڵی‌ هاوسه‌نگه‌رانی‌ دا بكاته‌وه‌‌و وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ ئازا‌و قاره‌مان له‌ شه‌ڕه‌كانی‌ ناوچه‌ی‌ سەردەشت‌دا به‌شداری‌ چالاكانه‌ی‌ كرد. به‌ تایبه‌تی‌ له‌ شه‌ڕه‌كانی‌ نێو پشتی ئاغەڵان وسەرشیودا نیشانی‌دا رۆڵه‌یه‌كی‌ قاره‌مانی‌ رێگای‌ ئامانجه‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌یه‌كانی‌ گه‌له‌كه‌یه‌تی‌. هه‌ر مه‌ئمووریه‌تێكی‌ پێ‌یان ده‌سپارد به‌ بێ‌ راوه‌ستان به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌برد. هه‌موو ژیانی‌ خۆی‌ بۆ خزمه‌ت به‌ حیزب‌و گه‌له‌كه‌ی‌ ته‌رخان كرد. ئه‌و كوڕی‌ رۆژانی‌ ته‌نگانه‌ی‌ حیزب بوو به‌رامبه‌ر به‌ حیزب‌و رێبازه‌كه‌ی‌ رۆڵه‌یه‌كی‌ به‌ ئه‌مه‌گ‌و وه‌فادار بوو و قه‌ت له‌ بیر‌وباوه‌ڕی‌ دا ناهومێدی‌‌و له‌رزۆك بوون به‌دی‌ نه‌كرا.
ئازایه‌تی‌ شەهید رەحیم بوو به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ كه‌ سەرتا وه‌ك سه‌رپه‌ل دیاری‌ بكرێ‌‌و دواتریش وەک فەرماندەی دەستە کاری پێ بسپیردرێ، كوڕێكی‌ ئازا‌و له‌خۆبوردوو بوو. هیچ كات له‌ به‌رانبه‌ر دوژمن دا نه‌به‌زی‌. دوژمن له‌ ناوی‌ تۆقابوو. له‌گه‌ڵ‌ هاوسه‌نگه‌رانی‌ له‌ سه‌ره‌خۆ‌و هاوسه‌نگه‌رێكی‌ به‌ ئه‌مه‌گ بوو. ئەو به‌ لـێ‌هاتوویی‌‌و لـێ‌وه‌شاوه‌یی‌یه‌وه‌ ئه‌ركه‌ پیرۆزه‌كانی‌ به‌ رێك‌وپێكی‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برد‌و بڕیاره‌كانی‌ حیزبی‌ جێ‌به‌جێ‌ ده‌كرد. سەرئەنجام وه‌ك فه‌رمانده‌ری‌ لك دیاری‌ كرا. رەحیم ئه‌و مه‌سئوولییه‌ته‌ی‌ به‌و په‌ڕی‌ عه‌لاقه‌وه‌ وه‌رگرت‌و سه‌لماندی‌ كه‌ توانایی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ئه‌م مه‌سئوولییه‌ته‌ی‌ هه‌یه‌‌و زۆر عه‌مه‌لیاتی‌ قاره‌مانانه‌ وەک شەری قاسمەرەش، دۆلی کانی زەرد، بنوغەلەف، پشتی ئاغەلان، سەرشیوو بناوێ نموونەیەکن لە قارەمانەتی ناوبراو کە لەدەفتەری بیرەوەری‌یەکانی پێشمەرگە‌دا تۆمار کراوە. شەهید رەحیم له‌ بواری‌ سیاسیش دا كادرێكی‌ ئاگا‌و به‌ ئه‌زموون بوو. جگه‌ له‌وانه‌ ئه‌و ئینسانێكی‌ به‌ حه‌وسه‌له‌و قسه‌ خۆش بوو، هه‌ڵمه‌تی‌ دوژمن شكێنی‌ نیشانی‌دا شیاوی‌ پله‌‌و به‌رپرسایه‌تییه‌‌و، ئەو له‌كاری‌ فه‌رمانده‌یی‌دا ڕۆڵه‌یه‌كی‌ كارلێهاتوو‌و ئازاو بەبەرنامە بوو‌. به‌چه‌شنێك كه‌ قاره‌مانیه‌تی‌‌و نه‌ترسی‌ ناوبراو‌ له‌ ناوچه‌ی‌ سەردەشت ده‌نگی‌ دایه‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ توانیبووی‌ جێگای‌ خۆی‌ له‌ نێو دڵی‌ هه‌موو پێشمه‌رگه‌كان و خەڵکی ناوچەدا بكاته‌وه‌.
شەهید رەحیم بۆ ئه‌وه‌ی‌ نیشان بدات كه‌ شیاوی‌ ئه‌م پله‌یه‌، پتر كاری‌ ده‌كرد‌و زیاتر له‌ ئه‌ندازه‌ خۆی‌ ماندوو ده‌كرد. هه‌ست به‌ مه‌سئولییه‌ت‌و تێكۆشان بۆ فێربوون‌و هه‌وڵ‌دان بۆ خه‌بات دژی‌ رێژیمی‌ ئاخوندی‌، تایبه‌تمه‌ندی‌ هه‌ره‌ به‌رچاوی‌ رەحیم عەلیپوور بوون. بە هۆی سەرکەوتنی لەو ئەرکە قورسەی دا گۆی سەرکەوتنی لە ئاستێکی بەرزدا لە مەیدان بردە دەرێ،و لە زۆر شەری حەماسی دا بەشداری کردو، بەهۆی پلان و گەڵاڵە رێک و پێکەکانی، زۆر زەبری گورچوو بڕ لەهیزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم کەوتن. لە زۆر مەئمووریەتی حیزبی دا بەشداری چالاکانەی کردو، گەلیک داستانی حەماسی و پڕ لەقارەمانەتی بۆ مێژووی گەلەکەمان تۆمار کرد.
بە داخەوە بە هۆی پیلانی بەکرێگیراوانی رێژیم لە گوندی ئاغەڵانی سەردەشت ببە شیوەیەکی زۆر ناجوامیرانە شەهید کرا، شەهید رەحیم بۆ نفوز کردنە ناو هێزی رێژیم، لە گەڵ فەرماندەی پایەگی سوورەبان تەماس دەگڕی ئەو دژی گەلی‌یە چەندین جار لەگەڵی دادەنیشێ مەخابن رۆژی ٢٤ی پووشپەری ساڵی ١٣٦٥ لە گوندی ئەغەلان شەهیدی دەکاو شەهید رەحیم عەلیپوور بۆ هەمیشە مالئاوایی لە هاوسەنگەرانی دەکا.
دایەگیان من پێشمەرگەم،
هەتا خاوەنی ئەو بەرگەم،
جێی شانازی بۆ تۆ وخاکم،
بۆیە ئازاد‌و بێ باکم!
دایەگیان هیچ ترست نەبێ،
دوژمنانم،
دوژمنانی نیشتمانم،
داری تەمەنیان هێندە کورتە،
دەستی تۆڵە دەیان گاتێ،
دایەگیان، کە دەبینم،
بست‌ بەبستی ئەو کوردستانە
بە خوێنی کوردان نەخشاوە!
لەژێر هەر دارو بەردێکی،
تەرمی کوردی لێ نێژراوە!

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت