عەلی غەوارە

نۆبەرە گوڵی ھەڵوەریوی نێو ٥٩ گوڵی ژاکاوی مەھابادی

ناو: عەلی
ناوبانگ: غەوارە
تەمەن: ١٩ ساڵ
چۆنیەتی شەھید بوون: تیرباران
شوێنی گڵکۆ: نادیار

ڕەپێچەکدانە بێ ئەوەی بزانین بۆچی دەمانگرن و زیندانیمان دەکەن، کەوتوونەتە باتوون لێدان و بێ ڕێزی و بە پاڵە پەستۆ لە ژوورانمان دەئاخنن، بێ ئەوەی بزانین چارەنووسمان بەرەو کام ڕێڕەوی تاریکی ژیانمان دەمانبات، ھێندێکمان تازە خەتی سمێڵمان داوە و لە سەرەتای نەوجەوانی داین.
لە ڕاستی دا ھیچ کاممان نازانین چارەنووس بەرەو کوێ توڕماندەدات، ئەوەندەی دەزانین پشتمان لە ئاوەدانی و بەرمان لە چۆلەوانییە، خۆ لەوانەشە ھەر گەڕانەوەیەک لە گۆڕێ دا نەبێ و ھەموومان بە یەکەوە گوللە باران بکرێین بێ ئەوەی گوناھێکمان ھەبێ و دەستمان لە پشێوی وڵاتدا ھەبێ، بەڵام کێ دەڵێ تەنیا لەبەر ئەوەی کوردین و خوێن و ڕەگی کوردبوون لە وجوودمان دایە دەیانەوێ بۆ ھەتا ھەتایە لە تەمەنی نەوجەوانی دا لە ژیان بێبەشمان بکەن و بە نابەدڵی لە پەنا پەسیوی دیوارێک خوێنمان بپڕژێنن.
ھەزاران خەیاڵ بە مێشکماندا دێ و ھەر لە ژێر زنجیری بەندیخانەدا دەست و پێمان کەلەپچەکراون و ھێدی ھێدی مەرگ خۆی لێمان نزیک دەکاتەوە.
جۆزەردانە و ھێشتا خەلەو خەرمان کۆ نەکراونەتەوە، بەڵام خەرمانی مەرگی ئێمە خەریکە سووری تێدەکەوێ و ژیان دەبێتە بیابانێکی وشک و برینگ و لە بۆنی خوێن ھیچی تر سییەکانت تژی ناکات و ناڵەی بێدادی و تیربارانمان لە گوێچەکانماندا ئاوازە دەداتەوە و شەپۆلی مەرگ خەریکە لە گەڵ خۆی دا نغرۆمان دەکات و ژیان چاو شارکێی بێ ھومێدیمان لە گەڵ دەکات.

✍🏻ئەحمەد ڕەحمانی

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت