کامران زاهیر حیجازی

ھەشتەم گوڵی ھەڵوەریوی نێو ٥٩ گوڵی ژاکاوی مەھابادی

ناو: کامڕان ناوبانگ: زاھیر حیجازی تەمەن: چۆنیەتی شەھید بوون: تیرباران شوێنی گڵکۆ: نادیار دایکان بوون شینیان دەگێڕا، باوکان بوون دەستەو ئەژنۆ دامابوون لە کوچە و کۆڵان، خوشکان بوون پرچی خۆیان دەڕنی، برا بوون کاکە ڕۆیان بوو، چ ڕۆژە حەشرێکە لە شارەکەی پێشەوا خەڵکی لێکڕا خەمیان دەپێوا، ئای چ کۆستێکی گەورە بوو، ئەو گەنج و لاوانە بێ سەرو شوێن کران، چ ڕۆژە خەمێک بوو دایگرتبوو دەڤەری ڕەنگینی موکریان. چەندە داگیرکەران بێ بەزەییانە لە قوتابخانە، لە کوچە و کۆڵانی شار لە بازار و ھاتوو ھاواری بەقاڵ و فرۆشیار چین چین لاوانی شارییان دەستگیر دەکرد، بێ بەزەییانە لێیان دەدان و پێش خۆیان دەخستن، سواری ماشێنیان دەکردن، کەس نەیدەزانی بەرەو کوێیان بەڕێ دەکردن. شارەو خرۆشاوە، خەمە و بە لێشاوە، جەرگە و بە کوچک دادراوە، ئای چ تاڵەڕۆژێکە ئەمڕۆژە، چۆن گوڵی پێکەنین کاڵ بوونەوە، چۆن سیماو ڕووخسار بە خەمانداپۆشران، چۆن پێکەنین جێی گۆڕا بە شین و ڕۆ ڕۆ، چۆن چاوان بوون بە گۆمیلکەی فرمێسکە خوێن.
✍🏻ئەحمەد ڕەحمانی

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت