حەمەڕەسووڵ حەسەن‌پوور

ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی تێکۆشەری دێرین حەمەڕەسووڵ حەسەنپوور
بە داخ‌و کەسەرێکی زۆرەوە ڕادەگەیەنین کە شەوی ڕابردوو چوارشەممە ١ی ژوئەنی ٢٠١٦( ١١ی جۆزەردانی ١٣٩٥)، تێکۆشەری دێرین‌و هاوڕێی زیاتر لە پێنج دەیە تێکۆشان‌و خەباتی نهێنی‌و ئاشکرای حیزبی دیموکراتی کوردستان، کاک حەمە ڕەسووڵ حەسەنپوور، کۆچی دوایی کرد.

حەمەڕەسووڵ حەسەنپوور کە خەڵکی شاری سەردەشت بوو، ساڵی ١٣٢١ هەر لەو شارە لە دایک بوو. بنەماڵەی حەسەنپوور لەو بنەماڵە ناسراوانەی شاری سەردەشت بوون کە لە سەردەمی کۆماری کوردستان‌دا، نیشتمانپەروەری‌و دڵسۆزیی خۆیان بۆ حیزبی دیموکراتی کوردستان‌و بزووتنەوەی نەتەوەیی‌و ئازادیخوازانەی کوردستان سەلماند. حەمەڕەسووڵ لە ژێر کاریگەریی پەروەردەی بنەماڵەکەی‌و بە تایبەتی حەمەدەمینی مامی‌‌دا، هەر لە سەردەمی مێرمنداڵییەوە فێری خۆشەویستیی نەتەوە‌و نیشتمان‌و ئازادی بوو. حەمەڕەسووڵ حەسەنپوور دوای ئەوەی قۆناغەکانی خوێندنی سەرکەوتوانە تەواو کرد، بوو بە مامۆستا‌و لە گوندەکانی ناوچەی سەردەشت خەریکی خوێندەوارکردن‌و پێگەیاندنی منداڵانی نەتەوەکەی بوو. لەو ساڵانە‌دا بوو کە بە هۆی بەشداریی کۆمەڵێک لە کەسایەتییەکانی خزم‌و تایفەی خۆی (لە سێ بنەماڵەی بە ناوبانگی سەردەشت حەسەنپوور، حەدداد‌و حەکیم‌زادە ) لە تێکۆشانی سیاسی‌و حیزبی دا، هۆگریی کەوتە سەر حیزبی دیموکراتی کوردستان. لە دەیەی چلی هەتاوی‌و لە کاتێک‌دا ببووە مامۆستایەکی ناسراوی ناوچەی سەردەشت، زۆر جار دیدار‌و چاوپێکەوتنی لە گەڵ کادرەکان‌و تێکۆشەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان دەبوو. سەرئەنجام ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی دێتە ڕیزی ئەندامانی نهێنیی حیزبی دیموکراتی کوردستان. کاک حەمە ڕەسووڵ بە هۆی جێگەو پێگەی کۆمەڵایەتی‌و، بەرزیی پلەی خوێندن‌و ئاگایی‌و هۆگریی زۆری بە تێکۆشان، زۆر پتر لە ئەندامێکی نهێنی خۆی بۆ کاری سیاسی‌و حیزبی‌و ڕێکخستن تەرخان دەکاو بە کردەوە ڕؤڵی کادرێکی حیزبی دیموکرات لە نێو تەشکیلاتی نهێنیی حیزب‌دا دەگرێتە ئەستۆ. ساڵی ١٣٤٧ لە هەلومەرجێک‌دا کە شۆڕشگێڕانی حیزبی دیموکرات ناوچەی سەردەشت‌و زۆر ناوچەی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کردبووە مەیدانی بەرەنگاربوونەوەی قارەمانانەی خۆیان لە گەڵ ڕێژیمی شایەتی، حەمەڕەسووڵ حەسەنپوور کەوتە بەر شاڵاوی دوورخستنەوەو لەلایەن ساواکەوە بۆ شارەکانی “گورگان‌”و “تەفریش” دوور خرایەوە.
هاوڕێ حەمەڕەسووڵ حەسەنپوور بە هۆی باوەڕی پتەوی بە ڕێبازی حیزبی دیموکراتی کوردستان‌و بەردەوامبوونی لە سەر تێکۆشان لە چوارچێوەی ڕێکخستنە نهێنییەکانی ئەم حیزبەدا، لە کۆنگرەی سێهەمی حیزب کە ساڵی ١٣٥٢ی هەتاوی پێک‌هات، بێ ئەوەی بۆ خۆی لە کۆنگرە ئامادە بێ‌و لە کاتێک‌دا هەر وا لە دوورخراوەیی‌دا ژیانی بە سەر دەبرد، بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب هەڵبژێردرا. کاتێک ماوەی دوور خراوەیی ئەم مامۆستا خەباتکارە کۆتایی پێ‌ هات‌و گەڕایەوە سەردەشت، بە جۆرێکی شایان لە لایەن خەڵکەوە پێشوازیی لێ کرا. ئەو مامۆستا دڵسۆز و نیشتمانپەروەرە بە گەڕانەوە بۆ سەردەشت، گوڕو تینێکی تازەی دایەوە بە تێکۆشانی حیزبیی خۆی‌و ڕێکخراوی نهینیی حیزب لەو ناوچەیە. ساڵی ١٣٥٧ لە گەڵ دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکان بە دژی ڕیژیمی شایەتی، هاوڕێ حەمەڕەسووڵ حەسەنپوور کە هەم لە نێو فەرهەنگیان‌و هەم لە نێو ئەندامان‌و دۆستانی حیزبی دیموکراتی کوردستان‌دا، پێگەیەکی بەرینی هەبوو، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ڕێکخستنی خۆپێشاندان‌و ناڕەزایەتیدەربڕینەکان‌دا گرتە ئەستۆ. بە ڕووخانی ڕێژیمی شایەتی‌و دەستپێکردنەوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دیموکراتی کوردستان، کاک حەمەڕەسووڵ هەموو کات‌و توانای خۆی بۆ جێبەجیکردنی ئەرک‌و بەرپرسایەتیی حیزبی تەرخان کرد. ئەو هەر ئەرک‌و کارو بەرپرسایەتییەکی پێی سپێردرابا، بە دڵ‌و گیانەوە خۆی بۆ تەرخان دەکرد. ئەو سەرەرای ڕابردووی زۆری حیزبایەتی‌و پلەی بەرزی خوێندەواری و ناسراویی بنەماڵە، لە وەرگرتنی بەرپرسایەتیی حیزبی دا، زۆر موتەوازع بوو و هەر بەرپرسایەتییەک ڕێبەڕیی حیزب پێی سپاردبا، بە ڕووخۆشی وەری دەگرت‌و بەو پەڕی جیددیەتەوە جێبەجێی دەکرد. ئەو وەک ئەندامی کۆمیتەی شارستان‌و وەک ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی کۆمیتەی شارستانی سەردەشت ساڵانێک خزمەتی کرد. بە هۆی ئەزموونی زۆری لە مامۆستایەتی‌و کاری پەروەردەو فیرکردن‌دا چەندین ساڵ وەک ئەندامی کۆڕی پەروەردەو فیرکردنی سەرانسەریی کوردستان، تێکۆشانی هەبوو. بە هۆی ئەمانەتداری‌و دەسپاکی ماوەی پێنج ساڵ بەرپرسایەتیی تەداروکاتی پێشمەرگەی پێ سپێردراو سەرکەوتوانە بەڕێوەی برد. کاک حەمەڕەسووڵ لە کۆمیسیۆنەکانی کۆمەڵایەتی، ماڵی‌و سیاسی-نیزامییش وەک ئەندام ئەرک‌و بەرپرسایەتیی بەڕیوە بردوەو بۆ ماوە زیاتر لە دوو ساڵیش بەرپرسی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزب بوو.
هاوڕێ حەمەڕەسووڵ حەسەنپوور، شانبەشانی بەڕێوەبردنی دلسۆزانەی ئەرک‌و بەرپرسایەتیی حیزبی، لە کاری فەرهەنگییش غافڵ نەبوو. هەمیشە کاتی بۆ خوێندنەوەو وەرگێڕان‌و نووسین تەرخان دەکرد. لە گەڵ ڕاگەیەنەکانی حیزب، هەر هاوکارییەکی لە دەست هاتبایە درێغی نەدەکرد. بە هەوڵی ماندوویینەناسانەی کۆمەڵێک کتێب بریتی لە نووسین‌و وەرگێڕانی پێشەکشی کتێبخانەی کوردی کردوون.
ژیان لە سەنگەری فێرکردن‌و تێکۆشان‌و خۆ تەرخانکردن بۆ وانەکانی نیشتمانپەروەری‌و ئازادیخوازی، حەمەرەسووڵ حەسەنپووریان کردبوو بە کەسایەتییەکی خۆشەویست لە ناوچەی سەردەشت‌و لە نێو حیزبی دیموکراتی کوردستاندا. حەمەڕەسووڵ حەسەنپوور، مرۆڤێکی خاوەن کەسایەتی، هێمن، دلسۆز، نیشتمانپەروەر و ڕووناکبیر بوو. بە کۆچی دوایی ئەو خەباتکارە دێرینە، حیزبی دیموکرات‌و گەلی کورد، ڕۆڵەیەکی بەوەج‌و بە نرخی خۆیان لە دەست دا.
حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی کۆچی دوایی هاوڕێ حەمەڕەسووڵ حەسەنپوور، سەرەخۆشیی گەرمی خۆی پێشکەشی هاوسەرە بەڕێزەکەی، کچ‌و کوڕەکانی‌و بنەماڵەکانی حەسەنپوور، حەکیم‌زادەو حەدداد و تێکڕای کەسوکارو ئازیزانی ئەو نەمرە لە سەردەشت‌و دەرەوەی وڵات دەکا. هەر بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە هەموو ئەندامان و دۆستانی حیزبی دیموکراتی کوردستان دەکەین‌و هەمووانیش دڵنیا دەکەین کە ڕەوەشتی بەرزی حەمەڕەسووڵ حەسەنپوورو وەفاداری‌و دڵسۆزییەکانی لە ئاست حیزب‌و نەتەوەکەی دەکەین بە سەرمەشقی خۆمان‌و یادو ناوی بە بەرزی ڕادەگرین.

بەرزو بەڕێز بێ یادی هاوڕێی خۆشەویست و ئازیزی تازە لە دەستچوومان حەمە رەسووڵ حەسەنپوور.
حیزبی دیموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
١ی ژوئەنی ٢٠١٦
١١ی جۆزەردانی ١٣٩٥

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت