عەلی سولێمانپوور

تێکۆشەرێکی دێرینی نێوسەنگەری حیزبی دێموکراتی کوردستان، ماڵاوایی لە ژیان کرد

شەوی ١٢لەسەر ١٣ی بانەمەڕی ٩٦ی هەتاوی یەکێک لە پێشمەرگە خۆڕاگرو وەفادارەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی عەلی سولێمانپوور، ناسراو بە “عەلیشا ” دوای تەمەنێک ژیانی شۆرشگێرانە، دڵە پر ئاواتەکەی لە لێدان ڕاوەستا.
مام عەلی دێموکراتدۆست، یەکێک بوو لەو تێکۆشەرانە کە هاتا دوایین هەناسەی ژیانی، لە سەنگەری خەبات وتێکۆشان بۆ ئازادی و سەرخستنی گەلەکەی ،لە ریزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات مایەوەو، تەنانەت چەند ساڵ کە بە هۆی نەخۆشییەوە لە جێی کەوتبوو بەڵام هەردەم ورەبەخش و هاندەرێکی بە بیر و بڕوا بوو.
ناوبراو کە خەڵکی گوندی بنوخەڵەفی ناوچەی سەردەشت بوو، هەر لە هەڕەتی لاویەتی‌دا بە هۆی هەلومەرجی سیاسی ساڵە کانی ٤٧ و ٤٦و ناسینی شۆڕشگێرانی دێموکراتی ئەو سەردەمە هۆگری تێکۆشانی سیاسی دەبێ و، هەربۆیە لە ساڵی ١٣٤٩ی هەتاوی لە لایەن رێژیمی پاشایەتی بۆ ماوەی چوارمانگ دەسبەسەر دەکرێ.
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران ، لە ساڵی ٥٧ی هەتاوی مام عەلی و چەند کەس لە هاوڕێیانی بە چەک کردنی پایگایەکی سەر بە رێژیم لە بنوخەلەف سەرلە نوێ سەنگەری دێموکرات لە ناوچەیە‌دا، ئاوەدان دەکەنەوە.
شایانی باسە هەستی کوردپەروەری ونیشماندۆستی عەلی سولیمانپوور، بنەماڵەیەکی خەباتکاری لێکەوتوتەوەو، کوڕە گەورەی ناوبراو بە ناوی سولێمان سوڵێمانپوور دوای لەبەر کردنی جلی پیرۆزی پێشمەرگانە لە ساڵی ٧٣ی هەتاوی لە ناوچەی مەهاباد بە دەستی پیسی خەیانەت شەهید کرا.
شایانی باسە پێش‌نیوەڕۆی رۆژی ١٣ی بانەمەڕ تەرمی کوچکردوو مام عەلی، لە مەزارگەی تێکۆشەرانی دێموکرات بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی بە خاک سپێردرا و، هەروەها لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان رێورەسمی پرسەو سەرەخۆشی تێکۆشەر عەلی سولێمانپوور بەڕێوەچوو.
لەو رێورەسمە‌دا ،هاوڕێ عومەر باڵەکی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە نوێنەرایەتی دەفتەری سیاسییەوە، لە پەیامێک‌دا وێڕای سەرەخۆشی کردن لەسەرجەم کەسوکارو بنەماڵەی سوڵیمانپوور، چەند وتەیەکی لەسەر ژیان وخەباتی مام عەلی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
بەڕێزییان بە خستنەڕووی کورتەیەک لە ژیان وبەسەرهاتی عەلی سوڵیمانپوور لەو پێوەندییە‌دا، کۆمەڵێک تایبەتمەندی بەنرخی ئەو شۆڕشگێرە وەفادارەی بۆ ئامادەبووان باس کرد.
لە کۆتایی ئەو رێورەسمەدا عومەر سێونەیی ئەندامی بنەماڵەی سوڵیمانپوور، بەنوێنەرایەتی بنەماڵەکەیەوە سپاسی ئامادەبووانی کرد.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای سەرەخۆشی کردن لە سەرجەم کەسوکارو بنەماڵەی عەلی سوڵێمانپوور، خۆی لە خەم و پەژارەیان بە شەریک وبەشدار دەزانێ.

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت