سەید سەلام عەزیزی

هاوڕێى تێکۆشەر سەلام عەزیزى ئەندامى دەفتەرى سیاسى حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە بەیانى رۆژى دووشەممە ١٩٩٩/٦/١٢ لە بنکەى دەفتەرى سیاسى لە کۆیە تووشى نەخۆشی یەکى کوتوپڕ هاتبوو. لەسەر پێشنیارى دوکتورەکانى نەخۆشخانەى حیزب دەست بەجێ بۆ عیلاج کردن رەوانەى بەغدا کرا. بەڵام هەموو هەوڵ و تێکۆشانى دوکتورەکان بۆ چارەسەرى نەخۆشێیەکەى کە سەکتەى مەغزى بوو، بەداخەوە بێ ئاکام مایەوەو ئەو هاوڕێ خۆشەویستەمان سەعات ٩ى شەوى هەینى به‌ کاتی هه‌ولێر(١٥ لەسەر ١٦ى ژووئیە) بۆ هەمیشە چاوى لەسەریەک داناو ماڵئاوایى یەکجارى لە بنەماڵەو هاوسەنگەران و کوردستانى خۆشەویستى کردو درێژەدانى رێگاى دوورو درێژى تێکۆشان لەپێناوى ئامانجە پیرۆزەکانى گەلەکەىدا، بۆ تێکۆشانى حیزبەکەى بەجێ هێشت. 
هاوڕێ سەلام عەزیزى ساڵى ١٩٦٦ لە گوندى “دونگوز”ى بۆکان دەرسى خوێند. دواى ئەو ماوەیە سێ ساڵ لەلاى مامۆستایانى ئایینى درێژەى بە خوێندن دا.
پاشان بۆ درێژەدانى خوێندن رووى کردە مەدرەسەى عولوومى دینى لەشارى مەهابادو هاوکات لەگەڵ خوێندن لەو شوێنە دەورەى دەبیرستانیشى تەواو کردو لە شارى ورمێ بوو بە مامۆستاى قوتابخانە. ساڵى ١٩٧١ لە رشتەى حقووقى زانستگەى تاران وەرگیراو پاش تەواوکردنى دەورەى زانستگە، لە دادگوستەرى ورمێ بوو بە قازى و دواى ماوەیەک بوو بە سەرۆکى دادگوستەرى بۆکان.
سەرکەوتنى شۆڕشى گەلانى ئێران دژى رێژیمى پاشایەتى و هەستى بەهێزى کوردایەتى لە کاک سەلام دا، بوون بەهۆى ئەوە کە ساڵى ١٩٧٨ هەموو پلە و پایەیەکى ئیدارى و هەر جۆرە مەقام و بەرپرسایەتىیەکى حکوومەتى بەجێ بهێڵێ و پاشماوەى ژیانى لە ریزى تێکۆشەرانى حیزبى دێموکراتی کوردستان دا بۆ خەبات و تێکۆشان لەپێناوى رزگارى هاونیشتمانانى لە بێ مافى و ژێرچەپۆکى و دیکتاتۆرى تەرخان بکا.
هاوڕێى بەرێز سەلام عەزیزى لەژیانى حیزبایەتی دا بەهەموو هەست و تواناو فیداکارىیەوە تێکۆشاو بە لێهاتوویی‌یەوە پلەکانى سەرکەوتن لە ئەرکە حیزبی‌یەکانی دا یەک لەدواىیەک بڕى. ساڵەکانى 81- 82 ئەندامى کۆمیسیونى کۆمەڵایەتى حیزب بوو. لەدواى کۆنگرەى شەشەمى حیزب بەرپرسایەتى کومیتەى شارستانى سەردەشتى وەئەستۆوە گرت.
هاوڕێى نەمر سەلام عزیزى لە کۆنگرەى حەوتەمى حیزب (سەرماوەزى 1985) دا بە ئەندامى کومیتەى ناوەندى هەڵبژێردراو بەدواى ئەو کۆنگرەیەدا، لەساڵى 1986وە تا بەهارى 89، بەرپرسى پێوەندىیەکانى دەرەوەى حیزب لە بەغدا بوو.


ساڵى ١٩٨٩ بەرپرسایەتى فێرگەى سیاسى – نیزامى پێ ئەسپێردرا. لە پاییزى ١٩٨٩دا بە ئەندامى دەفتەرى سیاسى دیارى کراو تا دواکاتى ژیانى لەو پۆستە گرنگەدا مایەوە.
لەو ماوەیەدا بەرپرسایەتى کومیسیونى کۆمەڵایەتی و دواتر بەرپرسایەتى کومیسیونى ماڵى حیزبى لەسەر شان بوو. لەساڵى ١٩٥٥یشەوە تا کاتى ماڵئاوایى یەکجارى لەگەڵ و هاوسەنگەرانى وەک بەرپرسى کومیسیونى سیاسى – نیزامى لە خزمەت حیزبەکەى دابوو. هاوڕێ سەلام عەزیزى لەماوەى دوو دەیە تێکۆشانى حیزبایەتی‌دا هەموو تواناو زانستى خۆى بۆ بەرەو پێش بردنى کارەکانى حیزب تەرخان کرد.
ئەو کوڕى رۆژانى تەنگانەى حیزب بوو بەرامبەر بە حیزب و رێبازەکەى رۆڵەیەکى بە ئەمەگ و وەفادار بوو و قەت لە بیروباوەڕى دا ناهومێدى و لەرزۆک بوون بەدى نەکرا.
کاک سەلام ئینسانێکى خەڵکى و خاکى، دڵپاک و مەجلیس خۆش و کادرو بەرپرسێکى لێوەشاوەو خۆشەویست بوو. حیزبى دێموکراتى کوردستان بە لەدەست دانى کاک سەلام عزیزى بەرێوەبەرێکى بە ئەزموونى لەدەست داو گەلى کوردیش تێکۆشەرێکى وەفادارى رێگاى ئازادى و دێموکراسى لە دەست چوو. 
نەمرى بۆ ناو و یادى کاک سەلام و سەرکەوتن بۆ حیزبەکەى و رێگاو رێبازەکەى.

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت