ڕەسووڵ ڕەشیددوست ( مام ڕەسووڵ جەعفەر)

ئێوارەی رۆژی سێ‌شەممە ١١ی بانەمەڕ، ڕەسووڵ ڕەشیددۆست ناسراو بە مام‌ڕەسووڵ یەکێک لە پێشمەرگە دێرینەکانی حیزبی دێموکرات، لە تەمەنی ١٠٢ساڵەیی ماڵاوایی یەکجاری کرد و بە ئامادەبوونی بەشێک لە کادر و پێشمەرگەکان و هاوسەنگەرانی ، لە مەزارگەی تێکۆشەرانی دێموکرات بە خاک سپێردرا.
پێش‌نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٢ی بانەمەڕ ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی ئەو تێکۆشەرە وەفادارە لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو.
مام ڕەسووڵ جەعفەر مرۆڤێکی رووحسووک و دڵپاک و بە ئیرادە و بە هێز بوو، ساڵانێکی دوور و درێژ وەک پێشمەرگەیەکی ئازا و بە دەست و برد و چاونەترس لە پێشەوەی جەولە سیاسی و نیزامی‌یەکان دا پێشمەرگایەتی کرد و پێشمەرگەی ڕۆژە سەختەکانی خەبات بوو. مام ڕەسووڵ لە زۆربەی شەڕەکانی ناوچەی ڕەبەت دا زۆر بوێرانە بەشداری کرد و یەکێک لە پێشمەرگە دیارەکانی هێزی زمزیران بوو.
مام ڕەسووڵ هەموو ژیانی خۆی تەرخانی خەباتێک کرد کە لەودا بە هەزاران شەهیدی پێشکەش بە بارەگای گەلەکەی کردووە و هەر بۆیەش هەمیشە بە تامەزرۆیی و بە وەفاداری‌یەوە باسی لە شەهیدەکان دەکرد، بە چاوی دڵەوە دەیروانییە خەبات و تێکۆشانی هاوسەنگەرە شەهیدەکانی و زۆرجار بە شێعر و گۆرانی شەهیدەکانی دەلاواندنەوە.
مام ڕەسووڵ هیچ کات بیری لەوە نەکردەوە کە لە گۆشەیەک لەو جیهانەدا بحەسێتەوە، بەڵکوو ژیان و سەرەوەت و سامانی بۆ حەسانەوەی خەڵک لە شۆڕشدا تەرخان کرد و لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا بە سەخاوەتەوە تەمەنی لاوەتی خۆی بە خزمەتکردن بە نیشتمان تێپەر کرد. شایانی باسە کە مام ڕەسووڵ لە ساڵی ١٢٩٥ی هەتاوی لە ناوچەی بانە لە دایکبووە و پاشان پەڕیوەی ناوچەی ڕەبەت لە سەردەشت دەبێ و لە ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ی هەتاویش لە گەڵ حیزبی دێموکرات پێوەندی تەشکیلاتی هەبووە.
ئەو تێکۆشەر ورەبەرزە تا دوایین ساتی ژیانی وازی لەسەنگەری خەبات نەهێنا و، زیاتر لە ٥٠ ساڵ بێ وچان لە سەفی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا خزمەتی کرد و لە نێو ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزب دا کەسێکی خۆشەویست و ورەبەخش و دڵفراوان بوو.

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت