کەریم رەسووڵ زادە

کەریم ڕەسووڵزادە (شێرکۆ سەردەشتیم) چۆن ناسی؟
زۆرم هەوڵدا چەند دێرێک وەک باڵای پێشمەرگانەی کاک شێرکۆ ڕەسووڵزادە بنووسم و هەموو لایەنەکانی ژیانی وەک خۆی بۆ خوێنەران و بۆ دۆستانی بنووسمەوە، بەڵام مخابن پێنووسی کولی دەستم و ژانی لە دەستدانی کاک شێرکۆ و شەهیدەکانی ١٧ ی خەرمانانی قەڵای دێموکرات ئەو دەرفەتەم پێ نادا کە بتوانم، ئەوەی دەمهەوێ بینووسم، ئەو چەند دێرە ، قەترەیەکە لە دەریای بێ سنوور و ئارامی کاک شێرکۆ ڕەسووڵزادە و هیوادارم کە دۆستان ئەم نووسینە دەوڵەمەندتر بکەن.
کەریم ڕەسووڵزادە لە ساڵی ١٣٤١ ی هەتاوی لە گوندی وەتماناوێی دەم چۆمی کەڵوێ لە دایک بووە. تا تەمەنی ٦ ساڵی لەگەڵ بنەماڵەکەیان لەو گوندە دڵگیرە ژیانی بردۆتە سەر و دواتر لەگەڵ بنەماڵەکەیان هاتوونە شاری سەردەشت و لەوێ ژیانی ئاسایی خۆی وەک مێرمنداڵ و داوتر لاوێکی وەرزشکار و خوێندەوار تێپەر کردووە. 
لە کاتی منداڵیم دا لە کاتی وەرزیش دا کاک کەریم ڕەسووڵزادەم ناسی، ئەو کوڕێکی وەرزشکار و لاوێکی خوێن گەرم و ناسیاوی شاری سەردەشت بوو، کەریم وێرای ئەوە کە قوتابی بوو، هاوکات وەرزشی کردبوو بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی و بە حەق لە وەرزشی تۆپی پێ (فوتباڵ) دا نموونەی فوتباڵیستێکی بە توانا و لە هەڵاتن و دەودا وەرزشکارێکی تیژڕەو و بە نەفەس بوو، کاک کەریم وێرای وەرزیش شانی وەبەر کارو کاسبی دابوو و توانیبووی هاوکارێکی باشی بنەماڵەکەی بێ بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانیان.
کاک کەریم ڕەسووڵزادە وەک کاپیتانی تیمی شاهین لە سەردەشت یاری دەکرد، کەسێکی دیار و فوتباڵیستێکی هەڵکەوتوویی سەردەشت و پارێزگای ورمێ بوو، لە زۆربەی یاری‌یەکان دا لە کەسە دیارەکانی نێو یاری‌یەکە بوو، گورج و گۆڵ و تووند و تۆڵ و هێرشبەرێکی بە توانای تیمەکەیان بوو، لە وەرزی ڕاکردنی دەوی ماراتۆن و یا دەوی مەیدانی دا بە حەق تیژرەو و بە نەفەس و پێشەنگ بوو، خۆش تەبعی و خاکی بوونەکەی وایکردبوو ئێمە منداڵە کەم تەمەنەکان لاسایی لە کار و تکنیک و تەکلی فوتباڵ و یاری‌یەکەی کاک کەریم ڕەسووڵزادە بکەینەوە. ئەو ماوەیەک وەک ڕاهێنەرێکی باش، فوتباڵی فێری گەنجەکان دەکرد و بە دڵەوە هەوڵی بۆ درووست کردنی تیمەکانی فوتباڵ دەدا و لەو پەیوەندی‌یەدا شاری سەردەشت و یاریچی‌یەکانی ئەو سەردەم و بەشێکمان قەرزداری کار و ڕاهێنەری کاک کەریم ڕەسووڵزادەین.


کاک کەریم ڕەسووڵزادە تا پۆلی سێی دەبیرستانی دەرسی خوێندوە و وەک تاقانە کوڕی ماڵێ بۆ ئەوەی باری قورسی ژیان لە سەر دایک و بابی و خوشکەکانی کەم کاتەوە لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا وێرای دەرس خوێندن کاری جۆراوجۆری وەک پیشە بۆ خۆی هەڵبژارد بوو ، بە هیممەت و ئیرادەی خۆی هەم کاری دەکرد و هەمیش دەرسی دەخوێند ، پێش ئەوەی دیپلۆم وەر بگرێ شارەکانی ئێران بۆ ڕووخاندنی تەخت و بەختی بنەماڵە و حکوومەتی پەهلەوی ڕژابوونە سەر شەقامەکان و زۆر زوو خۆپێشاندان گەیشتە کوردستان و خەڵکی شاری سەردەشتیش وێرای شارەکانی دیکەی کوردستان دەستیان بە ڕاپەرین کردووە.
لەگەڵ چەخماخەی شۆڕش و ڕاپەرین بە دژی ڕژێمی پەهلەوی کاک کەریم یەکێک لەو گەنجە بە توانا و هەڵسوورانەی شاری سەردەشت بوو کە لە خۆپێشاندان و مانگرتنەکان دا لە سەفی پێشەوە بە دژی ئارتەش و ژاندارمەری و ساواک و شارەبانی دەوەستایەوە و زۆر لێبراوانە بۆ ڕووخانی رژێمی پەهلەوی تێدەکۆشا و هەوڵی دەدا کە دوای ڕووخانی رژێمی پەهلەوی سیستەمێکی نوێ و سەردەمیانە بۆ گەل دابین بکات و وەک خۆی دەیگووت: نەمزانی ئاخوندەکان دەبن بە حەزیا و سواری شان و ملی ئێمە و گەلی کوردستان و گەلانی ئێران دەبن.
دوای ڕووخانی رژێمی شا و ئازادبوونی بەشێکی زۆر لە شار و شارەدێ و گوندەکانی کوردستان و ئاشکرابوون و دەستبەکار بوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کاک کەریم ڕەسووڵزادە وەک لاوێکی خوێن گەرم وەک دۆست و لایەنگری حیزب لە نێو شاری سەردەشت دا تەبلیغ بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان دەکات.
لە سەردانێکی شەهید دوکتور قاسملوو بۆ شاری سەردەشت کاک کەریم بە دەنگ بانگەوازی حیزبەوە دەچێتە پارکی شاری سەردەشت و وێرای هەزاران کەسی دیکە بە دڵەوە گوێ لە وتارە مێژوویەکی شەهید دوکتور قاسملوو دەگرن و دوای بیستنی ئەو وتارە مێژوویە، کاک کەریم ڕەسووڵزادە زیاتر گەورەیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و زانایی شەهید دوکتور قاسملووی بۆ دەر دەکەوێ و ئەوجار بە ڕەسمی لە بەهاری ١٣٦٠ ی هەتاوی لە تەمەنی ١٩ ساڵی دا دەچێتە ریزی پێشمەرگەکانی لکی ٢ی هێزی ١١ی شەهید موعینی و چەکی پێشمەرگایەتی لە شان دەکا و دەبێتە پێشمەرگەی گەل و نیشتمان و لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا خزمەت بە ئامانجەکانی حیزبەکەی و گەلەکەی دەکا و دەبێتە یار و یاوەری خەڵکی هەژار . 
کاک کەریم ڕەسووڵزادە بۆیە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی هەڵبژارد بوو، چوونکە لە ڕوانگەی کاک کەریمەوە حیزبی دێموکرات پێک هاتبوو لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردەواری و عەداڵەتخواز و گەلدۆست بوو، حیزبی دێموکرات پێشینەی مێژووی هەبوو، دامەزرێنەری کۆماری کوردستان و هێزی پێشمەرگە و هەڵگری بیروباوەری نەتەوەیی بووە، ئەم حیزبە لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان دا پێشەنگ بووە و ژن و پیاو و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵ لەم حیزبەدا جێگای تایبەت بە خۆیان هەبووە، ڕێکخراوی تایبەت بە ژنان و لاوانی دامەزراندوە و ئەم حیزبە هەوڵی بۆ دابین کردنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان داوە و ئەوەش وایکرد بوو کە کاک کەریم حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک یەکەم حیزبی کوردستانی ببینێ و لەم حیزبەدا خزمەت بکا و شانازی ئەندام بوون و پێشمەرگەی لەم حیزبەدا بە نسیب خۆی بکا.
دوای ئەوە کە کاک کەریم چەکی پێشمەرگایەتی لە شان دەکا ، وەک بەشێکی بەرچاو لە لاوەکانی ئەو کات، نازناوی شێرکۆ بۆ خۆی هەڵدەبژێرێ و لە ساڵی ١٣٦٠ ی هەتاوی‌یەوە شێرکۆ دەبێتە ناوێکی دیاری نێو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان. کاک شێرکۆ ڕەسووڵزادە هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی پێشمەرگایەتی دا لەگەڵ پۆلێک لە گەنجەکانی شاری سەردەشت و گوندەکانی دەم چۆمی کەڵوێ و ناوچەی گەورکایەتی و سوێسنایەتی لە لکی ٢ی قارەمانان کە سەر بە هێزی ١١ ی شەهید موعینی لە سەردەشت بوو، سازمان دەدرێ و لەو کاتەوە وەک پێشمەرگەیەکی بە دەستەوە لەو لکەدا خەباتی پێشمەرگانەی خۆی بە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران درێژە دەدا.
شایانی باسە کە رژێمی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی کۆماری ئیسلامی ئێران فتوای جیهادی بە سەر گەلی کورد دابوو، لاوەکانی کوردستان بۆ بەرگری لە مان و مەوجوودیەت و کەیانی کورد لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ڕێکخراوە تازە درووستکراوەکانی دیکە دا خەباتیان دەکرد. کاک شێرکۆ زۆر زوو بە تفەنگێکی ژێ‌٣ وە لە گوندی پاراستان را بەرەو گوندی وەڵیو وەرێ دەکەوێ و وەک گەنجێکی تازە پێگەیشتوو، وەک پێشمەرگەیەکی چەک لەشان و مرۆڤێکی بە بیروباوەر و لاوێکی خوێندەوار دەست بە خەبات و تێکۆشان دەکا .
خەباتی پێشمەرگانەی کاک شێرکۆ هاوکات دەبێ لەگەڵ هێرشی زۆر و بەربڵاوی هێزەکانی بەسیجی و پاسدار و ئارتەش بۆ گرتنەوەی کوردستان و ناوچەی ڕەبەت و سەردەشت، هەر بۆیە لە زۆربەی شەڕە قورسەکانی ئەو کاتدا بەشداری چالاکانە دەکا و وەک پێشمەرگەیەک بۆ هەموو شەڕگەکانی ئەو کات بەرێ کراوە و ئەویش سەربەرزانە لە مەئموریەت و ئەرکە پێسپێرداروەکانی دا سەرکەوتوو هاتۆتەدەر.
کاک شێرکۆ بە هۆی هەڵسووران و بەربەرەکانی و خۆڕاگری لە بەرامبەر هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی دا زۆر زوو سرنجی بەرپرسانی بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ و دەبێتە جێگای متمانەی ئۆرگانەکانی سەروەتر و بە هۆی وریایی و شارەزایی و باوەری قوڵی بە حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک یەکێک لە باوەڕپێکراوانی حیزب سەیری دەکرێ و فەرماندەکان بەردەوام بۆ ڕاپەراندنی ئەرکەکان ڕاوێژ لەگەڵ کاک شێرکۆ دەکەن و ئەوەش بۆ شێرکۆی پێشمەرگە دەبێتە لاپەرەیەکی نوێ لە ژیانی سیاسی و نیزامی دا.
کاک شێرکۆ کادرێکی سیاسی پڕ و پێگەیشتوو بوو، کەم ئیدیعا و بێ تەوقوع بوو، کادرێکی سادە و خاکی و خەڵکی بوو، لە نێو کادرو پێشمەرگەکان دا بە دڵەوە وەر دەگیرا و لە نێو ئامێزی خەڵکیش دا وەک کوڕی بنەماڵەی هەموو گوندنشینەکان سەیری دەکرا، ساحەب قسە و ساحەب هەڵوێست بوو، ساحەب مەسڵەت بوو، ئەوەندەی لە دەستی هات خزمەتی بە هێز و کۆمیتە شارستان و کادرو پێشمەرگەکان و خەڵکی کوردستان کرد.
دوای ئەوە شەڕی جبهەیی جێگای خۆیدا بە شەڕی پارتیزانی دا، کاک شێرکۆ یەکێک لەو فەرماندە و کادرە بەوەج و لێوەشاوانەی هێزی زمزیران بوو کە هەموو ساڵێک و لە وەرزە جیاجیاکان دا لەگەڵ پۆلێک لە هاورێ و هاوسەنگەرانی لە قۆڵایی ناوچەدا خەباتی دەکرد. کاک شێرکۆ پێشمەرگەیەکی چاوکراوە، کادرێکی لێزان و شارەزا، سەرپەل و جێگر دەستەیەکی بە مشوور و بە تەرح و پلان بوو. 
کاتێک لە زستانی ١٣٦٦ ی هەتاوی دا لە خزمەت کاک شێرکۆ و حوسێن سەردەشتی و کاک ئەسعەد گامێشانی دا بۆ دەورەی سیاسی و کادر ڕەوانەی فێرگەی سیاسی نیزامی کراین، ئەو کات زانایی و شارەزایی کاک شێرکۆمان لە باس و دەرسەکاندا زیاتر بۆ دەرکەوت و دوای ئەم دەورەیە کاک شێرکۆ وەک کادرێکی پێگەیشتوو لە کۆمیتە ناوچەی کاڵەشین دا لەگەڵ چەند کادری دیکەی حیزب بەوپەری وریایی و وشیاری و لێزانی‌یەوە لە نێو دەریای پڕ شەپۆلی خەڵک دا مەلەی دەکرد و بە چاوکراوەیی خۆی هەموو پیلانەکانی رژێمی وەک تیمی تەشکیلاتی پوچەڵ دەکردنەوە.
کاک شێرکۆ لە زۆربەی عەمەلیاتەکانی ناوچەی رەبەت دا بەشداری چالاکانەی دەکرد، لە شەڕە بەناوبانگەکانی وەک گردئێستر لە پشت گوندی پاشبەرد، شەری دەم چۆمی کەڵوێ، شەرەکانی خولیسان و مامەزینە و وەرگێل و وەڵیو و جبەرەند، شەڕەکانی سەرجادەی مەهاباد سەردەشت، شەڕە سێ ڕۆژەیەکەی ١٥ تا ١٧ ی خاکەلێوەی ١٣٦٣ی هەتاوی ، شەری کەڵەکاوێ، شەرەکانی کوێستانەکانی برایم جەڵاڵ، گۆمشتر، خاڵەباد، فێرەگ و نیوکێل و هەروەها گرتنی پایەگای نێو شاری ڕەبەت و هێرش بۆ سەر پایەگاکانی مەیدان چۆغە و سیسێر و چۆمەڵ و بایز کوژاو و شەڕەکانی سەر جادەی زمزیران و سەنبوریان و بناویلێ حاجی مینەی و شەڕە بەناوبانگەیی پانەسەر و دووسەر و دەیان و بگرە سەدان عەمەلیاتی دیکەی هێزی مینەشەم و دواتر زمزیران بەشداری کردووە و لە بەشێکی بەرچاو لە عەمەلیاتەکان دا وەک هێزی پشتیوان لە لووتکە و چیا دا بە سەر دوژمن و مەیدانی شەڕدا سەنگەری دەگرت و بە دڵەوە و بوێرانە تا گەڕانەوەی پێشمەرگەکان لووتکە و چیا و سەنگەری بەرنەدەدا و زۆر خۆراگرانە لە بەرامبەر تۆپ و خۆمپارەبارانی دوژمن بۆ سەر لووتکە و چیا و سەنگەری کاک شێرکۆ و هاورێیانی دا خۆراگری دەکرد و بە حەق تا دوایین کەسەکان لە سەنگەردا پشتیوانی لە پێشمەرگە و هێزەکانمان دەکرد.
کاک شێرکۆ وەک کەسێکی شارەزا لە ناوچەی ڕەبەت و سەردەشت و بەشێک لە ناوچەکانی بانە و بۆکان و مەهاباد و پیرانشار، زۆر گوند و ئاوایی گەورە و بچووک لەو ناوچانە گەڕاوە، ئەو شارەزای لێرەوار و کانی و مووچە و مەزرا ، بواری چۆمی کەڵوێ و پەرد و کەڵەک و لۆتکەکان، لووتکە و چیا و ئەشکەوتەکان، خڕ و دۆڵ ، کوێستان و پێدەشتەکانی ئەو ناوچانە بوو، هەر بۆیە بەشی زۆری بریندارەکانی هێزەکانی زمزیران، پێشەوا و بۆکان بە هیممەت و شارەزایی کاک شێرکۆ لە شوێنە پڕ مەترسی‌یەکان و مەیدانە بە مین چێندراوەکان و هەروەها لە بۆسە و کەمینی دوژمن لە ناوچەدا بە ساخی گەیاندراونە شوێنی مەبەست و نەخۆشخانەکانی حیزب لەو دیوی سنووری دەستکردی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان.
زۆرجار فەرماندە نیزامی‌یەکان لەگەڵ سەدان پێشمەرگە لە بەهار دا بە گشتی بەرەو ناوچەی ڕەبەت دەکەوتینە ڕێ و و دەچووینە نێو قوڵایی ناوچە، کاک شیرکۆمان لە بنکەی سنوور بەجێ دەهێشت، بە نەهێنی ئەرکی بۆ دیاری دەکرا و لە کاتی دیاریکراودا بە تەنیا لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەک، چەندین بار تەقەمەنی و تەداروکاتی بە وەڵاغ و بە هاوکاری پێشمەرگەکانی کۆمیتەی شارستانی سەردەشت و هێزی گیارەنگ دەگەیاندە ناوچەی ڕەبەت و یەکێک لە سەخترین ئەرکەکانی بە شارەزایی خۆی ڕادەپەراند. کاک شێرکۆ بە دەیان جار تەقەمەنی گەیاندۆتە هێزەکانی دیکە، بە دەیان جار برینداری لە شوێنی زۆر مەترسیدار ڕزگار کردووە، بە دەیان جار پێداویستی پێشمەرگانەی وەک کەوش و باتری و سیگار و خواردەمەنی و کەل و پەلی دەرمانی بۆ هێز و کۆمیتە شارستانی ڕەبەت دابین کردووە و هەموو ئەوانە مرۆڤێکی ورد و دەرەوەستی وەک کاک شێرکۆی دەویست کە بە حەق لە هەموو بوارەکان دا مشوورخۆری و کارجوانی کاک شێرکۆی پێوە دیار بوو.


کاک شێرکۆ لە نێو کادر و پێشمەرگەکان دا خۆشەویست بوو، قسەخۆش و مەجلیس خۆش بوو، لە کاتی ئیسراحەت دا هەموومانی لە دەوری خۆی بە قسە خۆشەکانی کۆ دەکردەوە و زۆرجار بە قسە نەستەق و جوانەکانی دڵی گشت لایەکی خۆش دەکرد، قسەکانی کاک شێرکۆ تەنیا بۆ پێشمەرگەکان نەبوو، بەڵکوو لە سەردانی بۆ لای گوندنشین و مەڕدار و شوان و وەرزێرەکانیشدا لە لای بنەماڵە شەهیدەکان و بنەماڵەی پێشمەرگەکانیش دا ئەو وەک مرۆڤێکی ڕووخۆش و دەم بە خەندە و قسە خۆش دەردەکەوت و ڕاز و نیازی دڵی خۆی بۆ هەڵدەڕشتن و بە دڵەوە گوێبیستی قسەی گشت لایەکیش دەبوو.
لە سەرجادە و لە ئاواییەکان دا لە مزگەوت یا لە قوتابخانەی گوندەکان ئەوەندەی دەرفەتی هەبا وەک کادرێکی بە ئەزموون قسەی بۆ خەڵک و قوتابی و مامۆستاکان دەکرد، لە کاتی بە دیل گرتنی دیلەکانی شەڕدا زۆر بە وردی بە زمانێکی ڕەوان و جوان سیاسەتی حیزبی بۆ دیلەکان باس دەکرد، لە کاتی پشوودا لە بنکە و مەقەرەکان دا وەک کادری ئاموزشی و کادری سیاسی لک بۆ فەرماندە و کادر و پێشمەرگەکان قسەی دەکرد و هەوڵی دەدا کە خوێندنەوە بکاتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی پێشمەرگە.
کاک شێرکۆ زۆربەی ئێوارەکان دوای چا خواردنەوەی گشتی، لەگەڵ پۆلێک لە وەرزشدۆستانی پێشمەرگە دەچوونە مەیدانی فوتباڵ و لەوێش بە حەق هەروەک چۆن لە لاوەتی دا لە تیمی شاهینی سەردەشت دا کاپیتانی و پێشەنگی دەکرد، لە مەیدانی نزیک بنکەکانی حیزبیش دا هەموومانی فێری فوتباڵ و فەننەکانی فوتباڵ دەکرد.
کاک شێرکۆ لە کاری هەروەزی دا پێشەنگ بوو، پێش ئەوەی زستانی پڕ بەفر و ساردی و سەرمای کوێستانەکانی مامەندە و جاسوسان و قەندیل دەست پێبکات مشووری دابین کردنی سووتەمەنی بۆ مەقەرەکان و بۆ بنەماڵەکان دەخوارد و لە ماوەی چەند ڕۆژێک دا سەرپەرەستی هەموو کارەکانی دەکرد و سووتەمەنی بە زیادەوە بۆ مەقەر و بنەماڵەکان دابین دەکرد. 
کاک شێرکۆ پلەی جۆراوجۆری حیزبی بۆ ڕاپەراندنی کارە حیزبی‌یەکان لە لایەن ئۆرگانی سەرەوە پێدراون و لەو نیوەدا لە هەر بەرپرسایەتێک کە پێسپێردرا بێ بە دڵەوە شانی وەبەر قورسایی ئەو بەرپرسایەتی‌یە داوە و بە گشتی لە کارەکانی دا سەرکەوتوو بووە.
لە پێشمەرگایەتی دا بەرپرسایەتی نیزامی وەک جێگرپەل، سەرپەل و جێگر دەستەی هەبووە، لە کاری سیاسی دا کادری کۆمیتە ناوچە بووە، کادری ڕێکخستن و تەشکیلاتی، کادری ماڵی ، کادری سیاسی لک، کادری ئاموزشی، مامۆستای دەرسی کوردی بووە، بەرپرسایەتی ئەندامەتی کۆمیتە شارستان و ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری ناوەندی ٢ وەک کادری باڵا هەبووە، هەروەها لە بەشەکانی پەزیرش و کادری ئەمنییەتی دا کاری کردووە و لە هەموو ئەو بەرپرسایەتیانەش دا ئەوپەری سەداقەتی لە کارەکان دا لە خۆی نیشانداوە.
نەهێنی پارێزی و ردبینی کاک شێرکۆ بۆ لێ فێربوون دەبێ، ئەو هیچ کات و لە ژێر هیچ گوشارێک دا ئامادە نەبوو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەجێ بێڵێ، کوڕی ڕۆژی تەنگانە و کوڕی هەموو قۆناخەکانی ئەم شۆڕشە بوو، لە ناوچەدا و لە نێو خەڵکدا زۆر بە باشی وەردەگیرا و هەموو جارێک لە قسەکانی دا ڕوو لە پێشمەرگەکان دەیگووت: ئێمە بۆیە بووینە پێشمەرگە کە ئەو خەڵکە لە زوڵم و زۆری ڕزگار بکەین، ئەو خەڵکەش هەستی پێشمەرگانەی ئێمەیان هەست پێکردووە و هەر بۆیە ژیان و ماڵ و حاڵ و مووچە و مەزرایان بۆ کردووینە شوێنی حەسانەوە و مانەوەمان، ئێمە دەبێ ڕێز لەو خەڵکە بگرین چوونکە ئێمە بۆ ئەو خەڵکە بووینە پێشمەرگە.
کاک شێرکۆ لە زۆربەی کۆنفرانسەکانی کۆمیتە شارستانی ڕەبەت دا وەک ئەندامی کۆمیتە شارستان هەڵدەبژێردرا، لە بەشێکی بەرچاو لە کۆنگرەکانی حیزبی دا نوێنەرایەتی هێز و کۆمیتە شارستانی کردووە، لە ماوەی پێشمەرگایەتی دا بۆ سەرکەوتنی خۆی هەوڵی نەداوە کە هاوڕێ و هاوکارەکانی بکاتە پێژەی سەرکەوتن و بەڵکوو وەک مۆمێک بۆ گشت لایەکمان سووتاوە و ڕووناکی بە دەوروبەری خۆی بەخشیوە.
زیاتر لە ١٠ ساڵ لە کۆمیتە شارستانی ڕەبەت دا بە یەکەوە پێشمەرگە بووین، چەندین دەورە بە یەکەوە هاوکار بووین، لە کۆمیتە ناوچەی کاڵەشین دا بە یەکەوە وەک کادری تەشکیلاتی کارمان دەکرد، کاتێک وەک فەرماندە لکی ٢ ی هێزی زمزیران خزمەتم دەکرد کاک شیرکۆ وەک کادری سیاسی لک و کادری ئاموزشی ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی بۆ بردنە سەری پلەی زانیاری کادر و پێشمەرگەکان لە خۆی نیشان دا و بە حەق کاریگەری زۆری بۆ خوێندەوار کردن و بردنە سەری پلەی زانیاری هاورێیان هەبوو. دوای ئەوە کە نەقڵی هێزی گیارەنگ بووم، کاک شێرکۆ بە دڵەوە لە ئامێزی گرتم و پێی گووتم: لە ئەمڕۆ بە دواوە ترسم هەیە و دەزانم لە هێزی گیارەنگ و کۆمیتە شارستانی سەردەشت ، تووشی زامی گەورە و یا نەدیتنەوەت دەبم، تکایە ئاگات لە خۆت بێ و دواتر بە ئەسپایی چەند دڵۆپ فرمێسکی بۆ لێک جیابوونەوەمان لە هێزی زمزیران ڕشت.
یەکێک لە خاڵە هەرە دیارەکانی کاک شێرکۆ ڕاستبێژی و قسە لەڕوویی بوو بەرامبەر بە هەر تاکێک لە هەر پلە و پایەیێک دابا، یارمەتیدەر و پشتیوانێکی باشی هەموو لایەک بوو، کاتێک وەک بەشێکی زۆر لە پێشمەرگەکان ژیانی هاوسەری پێکهێنا، بنەماڵەکەی فێری وانەی خۆشەویستی کرد و دەرگای ماڵەکەی بە ڕووی هەموو پێشمەرگەکان و دایک و باب و کەس و کاری پێشمەرگەکان کە لە نێوخۆ را دەهاتن کراوە بوو، بە حەق لەگەڵ سفرەوخوانی پێشمەرگانەی دا سفرەی دڵی خۆی بۆ گشت لایەک رادەخست و نەیدەهێشت کە میوانەکەی هەست بەوە بکات کە میوانە. میواندۆستی کرد بوو بە بەشێک لە ژیانی پڕ لە ئەزموونی خۆی و ماڵ و منداڵی.
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا و دوای لەتبوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کاک شێرکۆ وەک کادرێکی بە ئەزموون لە زۆربەی ئۆرگانەکانی حیزبدا ئەرکی کادری بەڕیوە بردووە و بە دڵەوە خزمەتی بە گەل و نیشتمان کردووە، لە مەئموریەتی جۆراوجۆردا بە سەرکەوتوویی گەراوەتەوە و لەگەڵ کادرو پێشمەرگەکان لووتکەی هەڵگوردی کردبوو بە سەنگەری مانەوەی خۆی.
کاک شێرکۆ لە کۆنفرانس و کۆنگرەکانیش دا خەمخۆری بۆ حیزب و گەل کردبوو بە وێردی سەر زمانی و بە دڵەوە هەوڵی بۆ چاکسازی و بردنە پێشی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەدا و شەو و ڕۆژی وەسەریەک دەخستنەوە بۆ هەرچی باشتر نیشاندانی سیاسەتەکانی حیزب.
زۆر بەداخەوە کاک شێرکۆ لە هێرشی مووشەکی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر پلێنۆمی نۆهەمی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕۆژی ١٧ ی خەرمانانی ١٣٩٧ ی هەتاوی دا بەرامبەر بە ڕێکەوتی ٠٨ ـ ٠٩ ـ ٢٠١٨ ی زائینی لەگەڵ ١٣ پێشمەرگەی بە هەیبەت و بە بیروباوەر کە ٦ کەسیان ئەندامی ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان بوون، لە سەنگەری پڕ لە سانازی پێشمەرگایەتی دا و لە قەلای بە هەیبەت و خۆڕاگری دێموکراتدا شەهید بوو و ڕێگای خەباتی بۆ هاوڕێ و هاوسەنگەرانی بەجێ هێشت.
خەمی لە دەستدانی کاک شێرکۆ و ئەو پۆلە شەهیدە پایەبەرزەی حیزبی دێموکراتی کوردستان خەمێکی هێند بە ژان و گەورە بوو کە خەڵکی کوردستان و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێوخۆی وڵات و لە زۆربەی وڵاتانی دەرەوە خۆپێشاندان و مانگرتنیان وەرێ خست. خەڵکی کوردستان و ئەندامان و دۆستان و لایەنگرانی حدک و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان جینایەتی کۆماری ئیسلامیان لە ئاست ئەو دەستدرێژییە بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە زۆربەی وڵاتەکانی دەرەوە و نێوخۆی کوردستان لە قاو دا و بێزاری خۆیان لەو جینایەتە سامناکە دەربڕی.
شەهید بوونی کاک شێرکۆ و هاورێیانی هەموومانی هاندا کە نەهێڵێن جێگای بەتاڵی ئەوان و چەکی بە جێماوی ئەو شەهیدانە بکەوێتە سەر عەرز. بەڵینمان نوێکردەوە بە ڕێگا و ڕێبازی ئەواندا بڕۆین و ڕێگای خەبات و تێکۆشانیان هەروا بە شێلگیریەوە درێژە بدەین.
لە کۆتایی دا لە کەم و کوڕی ئەو نووسراوەیە و کڕچ و کاڵی ئەم دێرانە، لە گشت لایەک و بە تایبەت ئەندامانی بنەماڵەکەی داوای لێبوردن دەکەم ، هیوادارم کە ڕووحی شەهید شێرکۆ و هاوڕێیانی شەهیدی و هەموو شەهیدانی گەل شاد بێ، هیوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان بە ئاوات دەخوازم.
وەک لە سەرەتاوە ئاماژەم پێداوە ئەو نووسینە چەند دێرێکە لە ژیانی پڕ سەروەری کاک شیرکۆ ڕەسووڵزادە و قەترەیەکە لە دەریای پان و بەرین و بێ سنووری ئەو شەهیدە نەمرەی گەلەکەمان.
سڵاو لە خۆڕاگری هێزی پێشمەرگەی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان.
سڵاو لە شەهیدانی ١٧ ی خەرمانان و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان
مەرگ و نەمان بۆ کۆماری پەت و سێدارەی ئیسلامی ئێران.
١٧ ـ ١٠ ـ ٢٠١٨
حەمەڕەسووڵ کەریمی

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت