عوسمان شاداب

ئەو ساتەی بابێک تەرمی ڕۆڵەی شەهیدی دەدوێنێ:
ئەم بیرەوەرییەم لە کتێبی ( یادێک لە ڕۆژانی پێشمەرگایەتیم) کە بە داخەوە هێشتا چاپ نەبووە، وەرگرتوە. دیارە کتێبی بیرەوەرییەکانی ئەو تێکۆشەرەی سەرەمە سەختەکان پرە لەو جۆرە نموونانە. بێ ئەوەی ئیجازەم لە نووسەر وەرگرتبێ، ئەم یەکەیان بڵاو دەکەمەوە. هیوادارم بمبوورێ کە بێ ئیجازە و ڕەزامەندیی خۆی، ئەو کارە دەکەم:

“شەهید عوسمان شاداب:
لە پاییزی1361عوسمان شاداب لەچالاکیەکی نیزامی بۆسەر پیگەی هێزی دوژمن لەهەنگەوێ لە پەنا سیمی خارداری دەوری پێگەی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی شەهید بوو. جەنازەی شەهید عوسمانیان هێنایەوە لە گوندی خورینج بەخاکیان سپارد. ئەمن لە وێ نەبووم، بۆیانگێرامەوە: کاتێک جەنازەی بێگیانی شەهید عوسمانی لەمزگەوتێ دادەنێن، بەڵام سەری داپۆشراوە، کاک محەمەد شاداب باوکی شەهید عوسمانی (کە بۆ خۆشی پێشمەرگە بوو) دەڵێ: ئەوە کێیە شەهید بووە؟ یەکێک لە هاوسەنگەرەکانی لەکاتێکا بوغز گەرووی گرتوە بە دڵی پڕەوە دەڵێ کاک محەممەد! زۆر بەداخەوە ئەوە عوسمانە شەهید بووە. ئەوجارکاک محەممەد دەچێتەسەر جەنازەکەی و سەری هەڵدەداتەوە هەردوولا ڕوومەتی ساردو سپی هەڵگەڕاوی عوسمانی ماچ دەکا‌و دەڵێ رۆڵە گیان! بەخێرچی، چاوی بابت کوێربێ، جەرگم بۆت دێشێ، بەڵام پێت سەربڵیندم. رۆڵە گیان! ئەوە تەنیا چارەنووسی تۆ‌و چەند کەسی دیکە نیە، ئەوە هەر چارەنووسی منی جەرگسووتاویش نییە، زۆرن ئەو باب و دایکانەی وەک من‌و وەک دایکی تۆ جەرگیان سووتاوە. ئەوە چارەنووسی هەموومانە. ئەوە چارەنووسی گەلێکی لە ماف بێبەش کراوە. کاک محەممەد شاداب پیاوێکی هەتا بڵێی بەجەرگ بوو. دیاربوو لەدەروون‌دا کڵپەی ئاگرێکی سووتێنەر داگیرسابوو،بەڵام لەرواڵەتیدا بەزەحمەت هەست پێدەکرا.”
قادر وریا

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت