
ناسراو بە: مامە قالە(قالە ڕیشە)
خهڵکی : …
له دایکبووی : …
کاتی شههیدبوون : 2018.09.19
شۆێنی شههیدبوون : قەڵا
شۆێنی گڵکۆ : کۆیە
چۆنیهتیی شههیدبوون : موشەک باران
کادری حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
هەیبەتی پێشمەرگانەی بۆ ساتێک لە بەرچاوم ون نابێ
گنجەکانی دەموچاوی مامە قالە(قالە ڕیشە) یا کاک قادرعیززەتی، شوێنەواری ئەزیەتی ڕۆژگار و چەرمەسەریی ژیانی کوردی بێبەش بوون. ورە بەرزی و خۆڕاگرییەکەی، ڕیشەیان لە هەناوی چل ساڵ تێکۆشان و پێشمەرگایەتیەکەی دابوو. لە مەتەریزی پارێزگاری لە نیشتمان و حیزبەکەی، هەر بە ڕیتمی سەرچۆپی گرتنەکانی، بزە و هیوا و گەرمایی دەدا بە کەسانی دەوروبەری. بزە و قاقا هەمیشەییەکانیشی هی گاڵتەکردنی بوون بە مەرگ، بە عەقڵی دوژمنانی داگیرکەر و دڕندە کە پێیان وایە سەرئەنجام کورد بە چۆک دادێنن و خۆیان بۆ هەمیشە دەمێننەوە. ساددەیی و قەناعەت وخۆمانەبوونەکەشی، لە هی کەس نەدەچوو لە هی خۆی نەبێ. هەر ئەو بوو کە دەیتوانی هەژاریی ژیانی پێشمەرگانەی بە بزەیەکی پڕلە مێهرەبانی بۆ هاوسەر ومنداڵەکانی و بە ورەیەکی پڕلە هیوا بە داهاتوو تێپەڕێنێ و، لاوەکان بە هەڵسوکەوتی خۆی فێر بکا کە ڕێبواری ئەم ڕێگا سەخت بەڵام پڕلە شانازی و قوربانیدانە، دەبێ کۆڵنەدان و ناهومیدی نەناسێ. دەڵێی قەدەر دەیزانی توانای بەربەرەکانیی لە گەڵ ئازار و برینی لە وانی دیکە زیاترە بۆیە بۆ١٢ ڕۆژ شەڕی مان و نەمان لە گەڵ مردن ئەوی هەڵبژارد!
مامە قالە! هەموو بەیانی و ئێواران بیرت دەکەم . لە قەڵا، لە ئازادی ، لە هەڵگورد، هەیبەتی پێشمەرگانەت بۆ ساتێک لە بەرچاوم ون نابێ. دڵنیام ئەگەر ڕۆژێک هاونیشتمانات کوردستانەکەیان ئازاد بێ و بیانەوێ لە دەم زرێبار، یا لە ناوەندی شاری مەریوان پەیکەرێک بۆ پێشمەرگە دابنێن، دڵیان نایە ئەم سیما و هەیبەتە پێشمەرگانەیەت ، وەک سەمبول بۆ داتاشینی پەیکەری پێشمەرگە، ببوێرن.
قادر وریا 2018.09.20