ره‌حمان مورته‌زازاده
کۆچی دوایی مام ره‌حمان ئاخکهندی، پێشمه‌رگه‌ی دێرینی حدک
کوردستان و کورد نیوز: مام ره‌حمان ئاخکهندی، پێشمه‌رگه‌ی دێرین و به‌بیروباوه‌ڕی حیزبی دیموکراتی کوردستان کوچی دوایی کرد.
به‌یانیی رۆژی یه‌کشه‌ممه، 18 ی به‌فرانبار مام ره‌حمان مورته‌زازاده، ناسراو به مام ره‌حمان ئاخکهندی، پێشمه‌رگه و کادری به‌وه‌جی حیزبی دێموکڕات به هۆی نه‌خۆشی له ته‌مه‌نی 73 ساڵیدا ماڵئاوایی له ژیان و له خه‌باتگێڕانی حیزب و گه‌له‌که‌ی کرد.
مام ره‌حمان ئاخکهندی له یه‌که‌م ساڵه‌کانی دوای شۆرشی گه‌لانی ئێران‌دا و بۆ تێکۆشان له پێناو رزگاریی نیشتمانه‌که‌ی ریزه‌کانی پێشمه‌رگایه‌تیی حیزبی دێموکڕاتی هه‌ڵ بژارد و تا دوایین ساته‌کانی ژیانی هه‌موو ئه‌و ئه‌رک و به‌رپرسایه‌تییانه‌ی حیزبه‌که‌ی پێی ده‌سپارد، به‌وپه‌ڕی سه‌رکه‌وتوویی به ئاکام ده‌گه‌یاند.
مام ره‌حمان ئاخکهندی مرۆڤێکی نیشتمانپه‌روه‌ر و رووح و سووک و له‌به‌ردڵان بوو، جێی متمانه‌ی حیزب و خه‌ڵکه‌که‌ی به تایبه‌ت له ناوچه‌کانی سه‌قز و ده‌وروبه‌ری بوو.
مام ره‌حمان ئاخکهندی له ته‌مه‌نی 70 ساڵیدا فه‌رمانده‌یی گه‌شتێکی سیاسی _ نیزامیی پۆلێک له پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دێموکڕاتی بۆ ناوچه‌ی سه‌قز وه‌ئه‌ستۆ گرت و به سه‌رکه‌وتووییه‌وه ئه‌و مه‌ئمورییه‌ته قورسه‌ی به‌ئاکام گه‌یاند.
تێکۆشه‌ری دێرینی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به‌یانیی رۆژی یه‌کشه‌ممه، 18 ی به‌فرانبار له نێو کۆڕی ماته‌مباری هاوسهنگهرانیدا به خاک سپێردرا و دوانیوه‌ڕۆی هه‌مان رۆژ و به‌و بۆنه‌یه‌وه کۆڕی پرسه و ماته‌مینیی کۆچی دوایی مام ره‌حمان له‌ساڵۆنی بۆنه و رێوڕه‌سمه‌کانی حیزب‌دا به‌ڕێوه چوو.
له‌و کۆری پرسه‌یه‌دا که به‌به‌شداریی سه‌دان که‌س له کادر و پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دێموکڕات و ئه‌ندمانی بنه‌ماڵه‌کانیان به‌ڕێوه چوو، مامۆستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده، سیمای دیاری حیزبی دێموکڕات له وته‌یه‌کی کورت‌دا باسی له هیندێک له لایه‌نه به‌رچاوه‌کانی که‌سێتیی مام ره‌حمان ئاخکهندی کرد.
به‌رێز مامۆستا حه‌سه‌ن زاده له به‌شێک له قسه‌کانیدا گوتی مام ره‌حمان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به هه‌موو وجووده‌وه تا دوایین رۆژه‌کانی ته‌مه‌نی له خزمه‌تی حیزبی دێموکڕات و بیروباوه‌ڕه‌کانی دابوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که هه‌موومان ده‌بێ له مام ره‌حمانی فێر ببین، لایه‌نه‌کانی که‌سایه‌تیی به‌رزی مام ره‌حمان بوو که ئه‌وی له نێو هاوسه‌نگه‌ران و له نێو خه‌ڵکی ناوچه‌که‌یدا کردبۆ سه‌رمه‌شق و نموونه‌ی مرۆڤێکی به‌بیرو باوه‌ڕ و نیشتمانپه‌روه‌ر و جێی متمانه و خۆشه‌ویستی خه‌ڵک.
له به‌شێکی دیکه‌ی رێوڕه‌سمی پرسه و ماته‌مینیی مام ره‌حماندا په‌یامی بنه‌ماڵه‌ی به‌ڕێزیان له لایه‌ن کاک خالید یوسفییه‌وه خوێندرایه‌وه.
ناوه‌ندی راگه‌یاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به‌و بۆنه‌یه‌وه سه‌رخۆشی له بنه‌ماڵه و که‌سوکاری مام ره‌حمان و خه‌ڵکی ئاخکه‌ند و ناوچه‌ی سه‌قز ده‌کا و خۆی به شه‌ریکه خه‌می ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه و که‌سوکاری ده‌زانێ.
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
ماڵاوا پیری ناو سەنگەر، ماڵاوا!
زۆر جاران مرۆڤ هه‌ست ده‌کا زۆر له‌وه چۆکتره له‌سه‌ر خه‌بات و خزمه‌تی شۆرشگێرانه‌ی که‌سێک بنووسێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌بات و تێکۆشانی ئه‌و مرۆڤه ئه‌وه‌نده پر سه‌روه‌ری و پر له نیشتمان خۆشه‌ویستی و گه‌ل دۆستییه که خۆت له ئاستییدا به‌چووک ده‌زانی.
مام ره‌حمان مورته‌زازاده ناسراو به ره‌حمان ئاخکهندی یه‌کێک له‌و مرۆڤه خۆنه‌ویست و تێکۆشهرانەی ناو ریزه‌کانی تێکۆشانی رێگای رزگاری نیشتمانه که هه‌موو رۆژه‌کانی ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیی ئەو وانه‌یه‌کن بۆ لێ‌فێربوون. مرۆڤ له ته‌مه‌نی 40 سالیدا بیر له ژیانێکی هێورو ئارام و دوور له کێشه‌و ناخۆشی و ململانێ ده‌کاته‌وه به‌ڵام ئه‌م ئینسانه به‌وره‌و نه‌فس به‌رزه له‌و ته‌مه‌نه‌دا رێگای خزمه‌ت به نیشتمانه‌که‌ی هه‌ڵده‌بژێرێ و ده‌بێته یه‌کێک له پێشه‌نگه‌کانی خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی و تێکۆشان بۆ رزگاری نیشتمانه‌که‌ی له شاره‌که‌ی دا.
له‌و کاته‌دا که مام ره‌حمان ده‌بێته پێشمه‌رگه، زۆرێک له هاوته‌مه‌نه‌کانی یا ته‌نانه‌ت له‌و لاوتریش به‌بیانوو شیوازی جۆراوجۆر خۆیان له‌م رێگا سه‌خت و پرههورازه نه‌ده‌دا. مام ره‌حمانی تاڵی و سوێری چێشتوو، رۆژگاره سه‌خته‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی شایه‌تی به‌باشی هه‌ست پێ‌کردبوو، بۆیه دڵنیا نه‌بوو له‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نوێ که دوایه کۆماری ئیسلامی لی ساغ بوه‌وه خێرێکی بۆ کورد پێ بێ، بۆیه جیاله‌وه‌ی خۆی قۆڵی لێهه‌ڵماڵی تاوه‌کوو بۆ رزگاری نیشتمانه‌که‌ی هه‌وڵ بدات. ئه‌م مرۆڤه بێگه‌ردو دڵسۆزه به‌په‌ری ساده‌یی زمان و به‌وشێوازه‌ی که له کولتووری کۆمه‌ڵگاکه‌ی خۆی تێگه‌یشتبوو زمانێکی پاراوبوو بۆ گه‌یاندنی په‌یامی ئازادیخوازی حیزبه‌که‌ی بۆناو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان و هانده‌رێکی باش و سیماێکی جێی متمانه‌بوو.
ئه‌و مام ره‌حمانه‌ی هه‌موان دوای کۆچی ناواده‌ی بۆ دڵگران بویین و فرمێسکی خه‌مان بۆ رشت و هه‌ریه‌که‌و له‌لای خۆییه‌وه ده‌گه‌رایه‌وه بۆ سه‌ره‌تاکانی ناسینی ئه‌م مرۆڤه شۆرشگێر‌و مه‌زنه، له خۆراو یه‌کشه‌وه ئه‌م سۆز‌و عاتفهیه درووست نه‌بووه، رابردووی تێکۆشانی ده‌ست و داوێین پاکی ئه‌م مرۆڤه به‌رزه، ئاماده‌یی بۆ جێبه‌جێ کردنی ئه‌رک و به‌رپرسایه‌تییه حیزبییه‌کان، به‌رده‌وام وره‌دان به لاوان، هه‌روه‌ها له‌هه‌ر ئان و ساتێکدابوایه حه‌تمه‌ن بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانی به‌سه‌رده‌کرده‌وه له‌خه‌م و ناخۆشی له شایی و شینی دۆستان و نزیکانییدا به‌شداری ده‌کرد زۆر خسله‌تی به‌رزی دیکه وای له مام ره‌حمان کرد که هه‌موو که‌س پێی بڵێ مام ره‌حمان نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ته‌مه‌ن گه‌وره‌بوو به‌ڵکوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌دڵه‌وه نزیک بوو له‌پله‌و پایه‌ی کۆمه‌لایه‌تییدا گه‌وره‌و جێی متمانه‌بوو.
نازانم له‌م کاته‌دا چۆن و له‌کوێیه‌وه باس بکه‌م بۆئه‌وه‌ی دهینی خۆم به‌رانبه‌ر به‌م مرۆڤه مه‌زنه درببرم، ده‌مهه‌وێ نموونه‌یه‌ک له وره‌ی ئه‌م ئینسانه به مانای وشه شۆرشگێره باس بکه‌م که به‌راستی نیشانه‌یه‌ک بۆۆ له وره‌و ئیمانی به‌هێزو باوه‌ری به سه‌رکه‌وتنی گه‌له‌که‌ی.
7ی 7ی 2008 کاتێک له درێژه‌ی مه‌عمووریه‌تی حیزبی‌دا بۆ ناوچه‌ی سه‌قز مام ره‌حمان به‌رپرسایه‌تی تیمێکی له ئه‌ستوو بوو، پێم وابێ له ده‌ورووبه‌ری ئاوایی “سێف” بوو هه‌واڵمان پێگه‌یشت که کاک شێخ غه‌ریب حه‌سه‌نی له ناوشاری سه‌قز شههیدکراوهو که‌ماڵی شه‌ریفی هاورێی ده‌ستبه‌سه‌رکراوه، هاورێیانی زۆر به‌و هه‌واڵه ناره‌حه‌ت بوون وبیستنی هه‌واڵه‌که تا راده‌یه‌ک کاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر به‌شێک له هاورییان دانا. هه‌ریه‌که‌و بیره‌وه‌رییه‌کی له‌گه‌ڵ ئه‌و هاورێیانه هه‌بوو له‌مێشکی خۆییدا وه‌ردی ده‌دایه‌وه، ئێواره دره‌نگانێک که ده‌مانهه‌ویست وه‌رێ بکه‌وین پشت ئاوایی “مله” مام ره‌حمان کۆبوونه‌وه‌یه‌کی بۆ گرتین، باش له‌بیرمه ئێواره‌ێکی مه‌یله‌و تاریکی بوو وه‌ک هه‌میشه خۆی پێچایه‌وه‌و داره‌که‌ی به‌ده‌ستییه‌وه گرت و وه‌ک پیره هه‌ڵۆیه‌کی به‌وره به‌م شێوه‌یه دوا. رۆلهگیان بۆ ناره‌حه‌تن! هیچ ناره‌حه‌تی ناوێ شێخ غه‌ریب شه‌هید بوو ده‌یان و سه‌دانی دیکه‌ش شه‌هید ده‌بن ئه‌مه قانوونی موبارزهیه، ئێستا وه‌زیفه‌ی ئێمه درێژه‌دانه به رێگا‌و رێبازی ئه‌و شه‌هیده ئێمه ده‌بێ جه‌وله‌که‌مان به‌باشی به‌رێوه‌ببه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی دۆژمن پێی وانه‌بێ به ئامانجی گه‌یشتوه، شه‌هید بووین ئه‌و هاورێیه‌مان ده‌بێ وره‌مان پێ ببه‌خشی نابێ خه‌م دامانبگرێ.
ئه‌م ووتانه وته‌ی که‌سێکی دونیا دیتووی ئازارچێشتووی رۆژگارن، ئه‌و پیره هه‌ڵۆیه‌ی ئه‌و ئێواریه ئه‌و قسانهیکرد ساده‌و ساکاربوون به‌ڵام لهنێوهرۆکدا هه‌ڵگری ده‌ین داستان و ده‌یان بیره‌وه‌ری له‌و چه‌شنه‌بوو که ئه‌م پیاوه مه‌زنه له ناخی خۆییدا هه‌لیگرتبوو. مام ره‌حمان هه‌رچه‌ند درگای قوتابخانه‌ی به‌روودا نه‌کرایه‌وه تاوه‌کوو وه‌ک لاوانی ئه‌رو زانست و زانیاری فێربێ به‌ڵام که‌سێکی رۆشنبیر‌و ئاگا به ده‌ردو خه‌می نه‌ته‌وه‌که‌ی بوو، شاره‌زا له کولتوور‌و فه‌رهه‌نگی گه‌له‌که‌ی بوو. خۆشه‌ویستی مام ره‌حمان له ناوچه جۆراوجۆره‌کانی سه‌قز بهلگهیهکن بۆ ئه‌وه‌ی بێ دوودڵی بلێم مام ره‌حمان خۆشه‌ویستی شارێک بوو،
حیزبی دێمۆکرات و بزوتنه‌وه‌ی شۆرشگێری کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان پێشمه‌رگه‌یه‌کی به‌وه‌فاو دڵسۆزێکی راسته‌قینه‌ی له‌ده‌ستدا، هاورێ و هاوسه‌نگه‌رانی خۆشه‌ویستم له دێمۆکراته‌کان دۆست و ئاواڵ و ئازیزێکی خۆێن شیرین و له‌به‌ر دڵانیان له‌ده‌ستدا، وێرای سه‌ره‌خۆشیم له هه‌موو کادرو پێشمه‌رگه‌کانی حدک و حدکا خۆم به شه‌ریکی خه‌می بنه‌ماڵه به‌رێزی مورته‌زازاده ده‌زانم، هاوکات سه‌ری کورنۆش و پێ‌زانین و ئه‌مه‌گناسیم بۆ گکۆی پیرۆزی پیری سه‌نگه‌ری کوردایه‌تی داده‌نوێنم و پێی ده‌ڵێم مامه گیان بنوو ئارام بگره، دوا مه‌نزڵت گه‌رانه‌وه‌یه بۆناو هاواڵ هاوسه‌نگه‌رانت، گه‌رایته‌وه بۆلای ئه‌و هاوسه‌نگه‌ره شه‌هیدانه‌ت که زیاتر له 32 ساڵ له‌ته‌مه‌نی پرله شانازیت شان به‌شانیان خزمه‌تان کرد توانه‌وه بۆ ئاودانی داری ئازادی
رۆحت شاد مامه گیان
ئازاد شێخی
فینلاند/تورک‌و
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
تاسەی کۆچی مام رەحمان، پێشمەرگەی پیری ناو سەنگەر
کێوه‌کانی کوردستان تاسه‌باری کۆچی هاوسەنگەر و هاوڕێیەکی خۆیانن بەڵام خاکی کوردستان فه‌خر به‌خۆیه‌وه ده‌کات که مام ره‌حمانی مورته‌زازاده لە ئامێز دەگرێ. ئەو مام رەحمانەی کە لە رێگای ئازادیی ئەم خاک و نیشتمانەدا تا دوا پشووی ژیانی ماندوویی نەناسی و دژ بە داگیرکەرانی وڵاتەکەی حیماسه‌ی تێدا خۆڵقاند.
مام رەحمانی ئازیز! سه‌دان شه‌و و شه‌ونخونی و شه‌و رهویت له پێناو گه‌له‌که‌ت دا کێشا، سه‌دان شاخ و دۆڵ و ده‌شتت بڕی تا گه‌له بهشخوراوهکهت هه‌ست به بێ پشتیوانی نه‌کات. سه‌ختیت زۆر بینی و تاڵیت زۆر چاشت، به‌ڵام شادی و شیرینی و هومێدت به گهلەکەت ده‌به‌خشی. ناوت وره هێنه‌ر و دوژمن له‌رزێن بوو. که‌س نه‌زانێ پەڕەژاڵ و وەنەوشە و بەیان و سەرجەم شاخه‌کانی کوردستان سوێند ده‌خۆن که تو هیچ کات نهتوتوه ماندوو بووم. که‌س نه‌زانێ کانیاوی چیاکان شاهیدیت بۆ ده‌ده‌ن که زۆر جار تینوو بویت و له دوای گشت هاوڕێکانت ئاوت لێخواردونهوه. زەحمەتکێشانی ناوچەکانی دەشتەتاڵ و حەوتەوانان و گەورکایەتی و تیلەکۆ شاهیدی حیماسهکانتن، له هه‌ر گوند و شار و دۆڵ و ده‌شتێک دا که ناوت هاتبا، ئه‌وه دوژمن خار و په‌ست تر ده‌بوو و ئه‌ژنۆی ده‌شکا. چۆکت بۆ هیچ ته‌نگ و چهڵهمهیێک دانه‌نا، سه‌رت بۆ هیچ ناپیاوێک دانه‌نه‌واند. کوڕە حەیرانی خاک بوی، عاشقی نیشتمان بووی، ئەوینداری رێبازی شه‌هیدان بوویت و، ئه‌وانێش گراویت بوون. گه‌رده‌نه‌ی خان و کێوی وه‌نه‌وشه و داڵاهوو و داڵانپه‌ر و قوڵقوڵه و ئاخکه‌ند و هه‌موو شوێنێکی ئه‌و نیشتمانه بێنازه ئەمڕۆکە بۆت تازیەبارن، هه‌موو سه‌ره‌خۆشی له‌یه‌ک ده‌که‌ن. هه‌موو شانازی بە خۆیانەوە دەکەن کە جارێک ره‌حمان ئاخکەندیی پێشمەرگە و مام رەحمانی پیری ناو سەنگەر، سەنگەری و مەتەرێزی لە دوژمنانیان گرتووە و به‌چۆکی داهێناون.
تا دوا هه‌ناسه‌ت هه‌ر ده‌توت ئازادی کوردستان ئاواتمه. ده‌توت خۆزگه نه‌مردمایه و هه‌واڵی رزگاری خاکی نیشتمانم به بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیده‌کان بدایه. تا دوا هه‌ناسه‌ت هه‌موو شاهیدن که چه‌ند به وره بوویت و چه‌ند دڵسۆز بویت بۆ گه‌ل و شۆڕش و خەبات. تۆ نمونه‌ی هه‌ره به‌رزی فیداکاری بویت. تۆ نمونه‌ی پێشمه‌رگه‌یێکی راسته‌قینه بویت. داوێن‌پاکی و سه‌داقه‌ت و نیشتمانپه‌روه‌ریت ناوبانگی ده‌رکردبوو و هه‌موو سوێندیان به‌سه‌ر ده‌خواردی.
تۆ مامۆستای شۆڕشگێری و قەڵای بەرخودان بویت.
گولله و تۆپ و ته‌یاره‌ی دوژمن نه‌یتوانی بتخات و بتبهزێنێ، سەرما و سەخڵەتی زستانیش دەروەستی نەبەزی و خۆراگریت نەهات، گوله‌یش نه‌یده‌وێرا لێت نزیک بێته‌وه چون ده‌یزانی که مام ره‌حمان کێیه.
ئه‌مڕۆ ئاسمانیش بۆت ده‌گریێت و ماته‌مین دایپۆشیوه. هاوڕێکانت چاویان پڕ له فرمێسکی غه‌ریبیه و خۆیان به قوتابیت ده‌زانن. به‌ڵێنیان داوه که تا دوا هه‌ناسه درێژه‌ده‌ری ڕێگات بن. وەک ئەو رۆژەی تۆ لە دایک بویت و چیای وەنەوشە بە شنەی شەماڵ دا مزگێنی بۆ شەهیدان نارد؛ ئەرخەیان بن… رێگەتان درێژەی هەیە.
خۆزگه‌م به خۆت بێت که به ئاڵای کوردستانه‌وه به‌ره‌و گۆڕستانی شه‌هیدانی دێموکڕات به‌ڕێ کرایت. خۆزگه‌م به خۆت بێت که جگە له سه‌روه‌ری و میداڵی شانازی و ئازایه‌تی هیچی ترت له خۆت به جێ نه‌هێشت. چه‌ند شیرینه ئه‌و کۆچه‌ت چونکه له رێی نیشتمان دا بوو. سڵاو له گیانی پڕ لهئاواتت. سه‌ری کڕنۆش بۆ مێژووی پاکی تێکۆشانت.، یادت نهمرە و هەردەم له ناو دڵماندایه…
ئازاد عه‌باسیان 2012.01.08