به‌همه‌ن سه‌لیمی

ژیان نامەی شەهید بەهمەن سەلیمی

خەباتی رەوای نەتەوەکەمان لە درێژایی مێژودا شاهیدی گەلێک جەنایەت و داگیرکاری بێ بەزەییانە بووە کە داگیرکەران بۆ درێژە دانی دەسەڵات و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان لە هیچ کردەوەیەکی دژی مرۆڤانە نەپرنگاونەتەوە.
لەولاشەوە ڕۆڵە فیداکارەکانی ئەم گەلە زوڵم لێکراوە بۆ پاراستنی خۆی و خاکی نیشتمانەکەی لە بەربەرەکانێی بەردەوام و رەوای خۆی دا بەرەنگاری دوژمنان و داگیرکەران بوەتەوە. لەم پێناوەدا گەلێک ڕۆڵەی قارەمان و بەئەمگ گیانی خۆییان پێشکەشی بارەگای ئازادی گەل و نیشتمان کردووە.
پاش روخانی کۆشکی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری کۆماری تازە بەدەسەڵات گەیشتوی کۆماری ئیسلامی ئێران و هێرشی مەغول ئاسای لەشکری بە ناو ئیسلام بۆ قەڵاچۆ کردنی گەلی کورد و وێرانکردنی نیشتمانەکەی،گەلی کورد بە ناچاری کەوتە بەرەنگاری و لەمپێناوەش دا دیسان گەلێک ڕۆڵەی بە ئەمەگ بونە قوربانی و بە فیدا کردنی گیانی خۆیان شانازیی و سەرفرازیان بۆ گەلی خۆیان خولقاند و چونە نێو کاروانی سورخەڵاتی شەهیدان.
یەکێک لەم کەسانە کە بە ئیمانێکی قوڵ و بە هەستێکی نیشتمانپەروەرانەوە هاتە مەیدانی بەربەرەکانێ و خۆڕاگری دژی سپای تاڵانچی و تینو بە خوینی کۆماری ئیسلامئ و سەرئەنجام گیانی خۆی لەم خەباتە رەوایەدا فیدا کرد بەهمەن سەلیمی بوو.
بەهمەن کوری حاجی نەسروڵا وحاجی ژن نەهییە،سالی ۱۹٦۲ لە گوندی لەشکرگای ناوچەی ئێناخی لە بنەماڵەیەکی دەسرۆیشتو لە دایک بوو.بەهمەن تەمەنی سێ ساڵان دەبێت کە لە سەرپەرەستی وخۆشەویستی باوک بێ بەش دەبێت.حاجی ژن نەهییەی دڵسۆز و فیداکار ئەرکی سەرپەرەستی و پێ گەیاندنی بەهمەن و منداڵەکانی دیکە وە ئەستۆ دەگرێت و بە هەق جێگای بەتاڵی باوکی بۆ یان پڕ دەکاتەوە،دایکە نەهییەی روسوور و سەربەرز جیالەوەی ئەرکی بەخێوکردنی منداڵەکانی بە باشترین شێوە بەرێوە دەبرد، ببوە پەناگای هەژار و لێقەوماوان و رێبواران. گوندی لەشکرگا ئەودەم بێ قوتابخانە بو ، بە هەوڵی بەردەوامی دایکە نەهیە توانرا قوتابخانەیەک لەگوندەکەدابکەنەوە و هەمو ئەرکو پێداویستیەکانی قوتابخانە وە ئەستۆ بگریت«شوێنی مامۆستا و خواردن و تەنانەت شۆردنی جل و بەرگی مامۆستاش »
ماڵی هەمیشە بە مێوان و دیوەخانی پڕ هاتوچۆ بۆ بەهمەنی منداڵ قوتابخانەیەکی پڕ وانە و ئەزمون بوو. بەهمەن وردە وردە گەشە و باڵای کرد ولە تەمەنی حەوت ساڵی دا پێینایە قوتابخانە و قۆناخەکانی خوێند نی ساڵ لەدوای ساڵ بەسەرکەوتویی تەواو کرد. تا پۆلی پێنج هەر لە لەشکرگا لە ژێر چاوەدێری دایکیدا درێژەی بەخوێندن دا و دواتر بۆ درێژە دانی خوێندن لە شارە دێی باینگان نیشتەجێ بوو.سەردەمی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی دەسەڵاتی پاشایەتی بەهمەن قوتابییەکی چالاک و هەڵسور بو لە خۆ پیشاندانەکاندا هەمیشە لە رێزی پێشەوەی خۆپیشاندانەکانەوە بو،پاش روخانی دەسەڵاتی پاشایەتی و هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی بەهمەن وەک لاوێکی تێگەیشتو و پێگەیشتو بو بە کەسێکی نارازی دژی دەسەڵاتی مەلا کۆنەپەرەستەکان و دواتر بو بە یەکێک لە هەڵسوراوانی سازمانی جەوانانی حدکا لە ناوچەکە
کە کاتی فتوا بەدناوەکەی خومەینی و شەڕی پاوە و شەری سێ مانگەدا بەشی هەرە زۆری خزم وکەسەکانی بەهمەن بەشداری چالاکانەیان هەبو دژی سپای داگیر کەر و خۆفرۆشانی ناوچەکە و تەنانەت بەشێک شەهید و بەشێک دەس بەسەر و زۆربەشیان پرریوەی ئەودیو سنور ببوون،ئەم قۆناخو بۆ بەهمەنی لاو قۆناخێکی نائاسای و پر مەترسی بو،بەڵام بەهمەنی بە ورە دەرەتانی بە هەلپەرەستان و جاش و بنەماڵەکانیان نەدەدا و ببوە چقڵی چاویان. بەهۆی بوێری وهەڵسوڕانی چالاکانەی بەهمەن و هاوڕێیانی سازمانی جەوانانی حدکا ببوە لایەنێکی دیاری نێو قتابخانەکانی باینگان.
٢٥ ی خەزەلوەری ١٣٥٨ ئەرتەش و ژاندارمری و سپای پاسداران بڕیاری چۆڵکردنی شارەدێی باینگانیان دابو،پێشمەرگەکانی لکی شەهید موستەفا لەچەند کیلومتری باینگان«گوندی ساتیاری»بون، ئامادەی چونە ناو باینگان بون.لاوانی خوێنگەرم و شۆڕشگێڕ خۆیان ئامادەی پێشوازی پێشمەرگەکان دەکەن و لە پشوازیەکی گەرم و کەم وێنەدا«لە باینگان بەرەو ساتیاری و بە پێچەوانەوە»بە تاسەوە دەستەملانی پێشمەرگەکان دەبن وبە خوێندنەوە سرودی شۆڕشگێڕانەو دروشمدان هێزی پێشمەرگە دەبەنە ناو شارەدێی باینگان،لەم پێشوازی و چالاکیەدا کاک بەهمەن دەوری سەرەکی هەبو.
دواتر فەرمانداری پاوە لە ڕاگەیەندراوێکدا بە هەمو مامۆستا و کارمەندانی ناوچەی ژێردەسەڵاتی پێشمەرگەی ڕاگەیاند کە هەرچی زووتر ناوچەکە چۆڵ بکەن و خۆیان بناسێنن بە بەرپرسانی خۆیان لە پاوە،دوابەدوای ئەم بڕیارە هەمو قوتابخانەکانی ناوچەی ژێردەسەڵاتی پێشمەرگە بێ مامۆستا مانەوە و داخران.
ئەو قوتابیانەی کە گرفتیان نە بو بۆ درێژەی خوێندن رویان لە شارەکانی پاوە و جوانڕۆ و روانسەر و کرماشان کرد،بەشێک لەم قوتابیانە کە سەر بە مەکتەبی قورئا ن و بنەمالەی جاشەکان بون ئاسانکاریان بۆ کرابو،بەهمەن و چەند هاورێیەکی کە هەڵسوڕاوی سازمانی جەوانانی حدکا بون دەیانزانی ئەو ە بریارێکی دژی گەلیە و ئەگەر بچنەوە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەکەونە بەر ئەزیەت و ئازار و مەجالی خوێندنیان پێ نادرێت،لە لایەکی تریشەوە دەمێک بو بە ئاشکرا لەگەل ڕاێکخراوی باینگان و لکی شەهید موستەفا هاوکاریان دەکرد و زیاتر ئۆگری خەباتی بەکردەوەی دژی کۆنەپەرەستان و داگیرکەران بون،هە ر بۆیە بریاری مانەوەیاندا و لە ڕێکخستنەکانی حدکا سازمان دران.
دواتر کاک بەهمەن بەهۆی لێوەشاوەی و لێهاتوی بو بە ئەندامی کومیتەکەی باینگان (بەشی ئینتشارات و تەبلیغات)و وەک ئەندامێکی دڵسۆز و لێهاتو ئەرکەکانی خۆی رادەپەراند.
ساڵی ۱۳٦۳ لە دەورەی سیاسی فێرگەی حدک لە گەلالە بەشداری دەکات و بەسەرکەوتنەوە و بە ئەزمونێکی زیاترەوە دەگەرێتەوە هەورامان.سەر دەمێکیش ئەرکی مامۆستای شۆڕشی پێ سپێردرا و ئەوئەرکەشی لەو پەری دڵسۆزی و لە خۆبوردەییەوە را پەراند،مامۆستا بەهمەن لەم ئەرکەیدا زیاتر بو بە خۆشەویستی دانیشتوانی ناوچەکە.
هاوینی ١٣٦٥لەسەر بڕیاری کومیتەی شارستانی هەورامان مامۆستا بەهمەن لەگەل کۆمەڵێک لە کادر و پێشمەرگەکان دەچنە ناوچەی ژێردەسەڵاتی رژیم .بەپێی بەرنامەیەکی دیاری کراو بۆ لێدانی هێزەکانی رژیم پێشمەرگەکان دەبنە چەند تیمێکی جیا جیا،ئەو تیمەی کە بەهمەنیان لەگەل دەبیت بۆ کاری تەشکیلاتی و تەداروکات دەچنە گوندی دشە.بریارە تیمەکان پاش جێ بە جێ کردنی ئەرکەکانیان بگەرێنەوە شوێنێک بەناو کانی تاڵگ،بڕیارە تیمێکیش لە دەوروبەری کانی تاڵگ چاوەدێری ئەو ناوە بکات بو ئەوەی پێشمەرگەکان بە دڵنیاییەوە بگەرێنەوە شوێنی مەبەست. پاش چونی تیمەکان کە سێک لە تیمی کانی تاڵگ(کەمال هەنەگەرمەلەیی) خۆی رادەستی جاشەکان دەکات و هەمو زانیارییەکان دەخاتە بەردەستیان.بەپێی هەڵکەوتی ناوچوکە و زۆری هێزی ئامادەی جاشەکان لە ماوەیەکی کورتدا تەواوی ناوچە و رێگاو بانەکان دەخەنە کونتروڵی خۆیان.لەداوخستنی تیمی ئاوایی دشە لە بار تر و گونجاو تر دەبێت بۆ جاشەکان، بۆیە هێزی شارەزا و زوبدەی خۆیان تەرخان دەکەن بۆ ئەو تیمە.تاریک ورونی بەیانی تیمی ئاوای دشە لە گەرانەوەیاندا لە سەخت و هەڵدێرێکدا هەست بە کەمینی دوژمن دەکەن،مەجال بەرەو هیچ شوێنێک نیە،بۆیە بریاردەدەن لەو نزیکانە لە نێو کۆمەڵە بەرد دارێکدا بمێننەوە.لە گەل رونبونەوە هەوا لە هەمولایەکەوە دەکەونە بەر دەسڕێژی جاشەکان،پاش بەرەنگار بونە وەیەکی کورت فەرماندەی بەئەزمونی رۆژە سەختەکانی لکی شەهید نادری(شامراد ولەدبەگی) شەهید دەبێت و لەولاشەوە فەرماندەی جاشەکان بەناوی تایەر گونیفرۆش دەکوژریت، ئان بەئان گەمارۆ تەنگتردەبێتەوە و دەبێتە شەڕی دەستەو یەخە، لەئاکامدا چوار پێشمەرگە بە دیل دەگیرێن« ئەمین موساعدی،فەتاح فەتاحی،عەبدولرەحمان قادری، بەهمەن سەلیمی »و بەرەو پاوە دەیانبەن.
کەسو کاری جاشی کوژراو کە هەواڵی کوژرانی تاهیر و بەدیل گیرانی پێشمەرگەکان دەبیسن بەرەوشوێنی شەرەکە دەکەونە ڕێ و لە نێوان گوندەکانی دشە و گراڵ دەگەنە لای دیلەکان و لە وپەڕی وەحشیگەریدا دەیاندەنە بەردەسرێژی چەکەکانیان و شەهیدیان دەکەن.دواتر تەرمی شەڵاڵ لەخوێنی چوار پێشمەرگەی گیانفدای ئازادی گەل و نیشتمان دەبەستن بە دوای ماشینەکانیانەوە و بەرەو پاوەیان دەبەن،پاشماوەیەک راکێشانی تەرمەکان بە ناو کوچە و کۆڵانەکانی شاردا و بێ رێزی و سوکایەتی پێکردنیان لە لایەن خۆفرۆشان و بنەماڵەی جاشەکان تەرمەکانیان فرێدرانە شوێنێکی نادیار.
بەم چەشنە بەهمەن و پێنج پێشمەرگەی قارەمان و دڵسۆزی خەباتی رەوای نەتەوەکەمان لە رۆژی ٢٨ی جۆزەردانی ١٣٦٥بونە قوربانی پیلانی خۆفرۆشێک و جاشەکانیش سەری هاوزمانانانی خۆیان کردەدیاری بۆ دەسەڵات دارانی داخ لە د ڵی کۆماری ئیسلامی.

تێبینی
دایکی شەهیدبەهمەن بە بیستنی ئەم هەواڵە دڵ تەزێن و پڕ لەسوکایەتیە دوچاری سەکتەی دڵ دەبێت پاش مانگێک هاتو چۆی دوکتور و بێ ئاکام بونی هەوڵی دوکتورەکان ئاواتی لە باوەشگرتنی ترەرمی پیرۆزی شەهید بەهمەنی لەگەل خۆی بردە ژێر گڵ و کۆچی دوایی کرد.

رۆ‌حیان شاد و یادیان پیرۆز
مەنسور ئێراندوست

2014-03-11 سوید

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت