ئەمیر حوسێنی نیا

لەبیست‌ونۆهەمین ساڵی شەهید

لە بوونی کاکە ئەمیر حوسینی نیادا
داری ئازادی بە خوین ئاو نەدرێ قەد بەر ناگرێ
سەر بەخۆیی بێ فیداکاری ئەبەد سەر ناگرێ
ئەمه ئه و دێڕە شێعرە بوو کە وێردی سەر زمانی یەکیک کە مافخۆازانی گەل بێ بەش و وڵات دابەشکراو بوو .
زۆر جار ئەم بەیتە شێعرەی ده کرده هێز و ورە و بەرەو سەنگەری داگیر کەر و خۆفرۆشان هەڵۆ ئاسا پەلاماری دەبرد، کورێکی هەڵکەوتو ،جوان خاس و خۆش ئەندام و بەورە و تێگەیشتوو بووو،بەتایبەتی ئەو کاتانەی کە خۆی ئامادەی شەڕ دەکرد و فیشەکدانەکەی لە سەر فەرەنجیەکەی بە 6 خەشاب و 2 نارنجۆک و مەتارە ئاوەوە دەبەست وکۆڵەپشتی لە کۆڵ ، دوربین لە مل ، پوزەوانەی مەرەزی گوڵەنگ دار تا ژێر ئەژنٶ، جامەدانەی دەوری مل و تاقیلەیەکی گوڵدار لە سەر ،کە بەشێک لە موه زەرده خۆرماییەکەی دادەپۆشی ، ئەوکات ئەم جوان خاسی و غرور و شەهامەت و هەیبەتی پێشمەرگانەی زیاتر ڵی دیار بوو .
کۆتای مانگی خاکەلێوەی ساڵی 1362 تیمێک لە کادر و پێشمەرگەکانی کومیتەی پاوە بەنیازی جەولەیەک بوون بۆ دەور و بەری شاری پاوە ،بەهۆی دروست کردنی مەیدانی مینێکی بەر بڵاو و هەبوونی کۆمەڵێک پایگا و کەمین و گەشتی چاش و پاسدار لە دەوروبەری نەوسود ڕێگای دەرباز بوون بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ڕژیم بەتەواوی بەربەست کرا بوو .
ئەم تاقمە کادر و پێشمەرگەیە هاتبونە ڕێشاو بەهیوای ئەوەی بە یارمەتی و ڕێنوێنی پێشمەرگەکانی ڵکی شەهید موستەفا بتوانن لە ناوچەی مەڕەخێڵەوە خۆیان دەرباز بکەن .
بۆ وەها مەئموریەتێک کەسانی شارەزا و بەتوانا ئەبوو ئەم ئەرکە دڵخوازانە وەئەستوۆ بگرن . پاش قسە و باسێک لە گەڵ بەشێک لە پێشمەرگەکانی لکی شەهید موستەفا چەند پێشمەرگەیەک ئامادەی خۆیان دەردەبڕن بۆ ئەم مەئموریەتە .
پێشمەرگەکانی کومیتەی پاوە خۆیان ئامادەی ڕۆشتن کردبوو چاوەڕوانی تیمی چاوساغ و پێش قەرەوڵیان ئەکرد . ئەمیر چوست و چالاک لە پێشەوە لەگەڵ هاوڕیانی بەرەولای پێشمەرگەکانی کومیتەی پاوە دەهات . وەک عادەتی هەمیشەی بە دنگی بەڕز ئەم دێڕە شیعرەی کە هەمیشە ویردی سەرزمانی بوو
داری ئازادی بە خوین ئاونەدری قەت بەرناگرێت
سەربەخۆیی بێ فیداکاری ئەبەد سەرناگرێت ی دەوتەوە. چەندساتێک دواتر پێشمه رگه کان رێکه وتن. ئەمیر لە پێشەوە بەجۆرێک خۆی تەیار کردبوو و هەنگاوی دەنا دەتگوت بۆسەر شای و زەماوەند دەچێت و خۆشەویستەکەی لەوی چاوەڕوانیەتی تا دەستی بگرێت و پێکەوە بچنە نێو گەڕی هەڵپەڕکێ .
پێسمەرگە بەڕێز لە نێو باخەکانی رێشاو بەرەو خواربوونەوە و نەدیو بوون، پاش پەڕینەوە لە سەر ئاوی سیروان دۆڵی ماسان شوێنی پەڕینەوەیە ، دۆڵی ماسان چڕ وهەڵدێر و لاڕییە. لای سەروەی دۆڵەکە تەنگەبەر و بێ دەرەتانە.
ڕیگای پەڕینەوە بەم شوێنە تەنگەبەرەدا تێ دەپەڕێت، سەرتر لە دەرووە کە جادەێەکی پێچاوپێج دەڕواته خوار بەرەو مەڕەخێڵ . دوو مۆڵگەی جاشەکان زاڵ بەسەر دەروەکە وه، لە سەر جادەکە دانرا بون بۆ کونترۆڵی دۆڵی ماسان، شه وانە کەمینی و گەشتی لە نێوان ئەم دوو مۆڵگەیەدا لە هاتوچۆدا بون . لای خوارەوەی جادەکە تا دەروەکە بەگشتی مین گوزاری بوو . ئەمیر وەک پێش قەرەوڵێکی تەواو شارەزا و بە مشوور هەنگاو بە هەنگاو ڕێگا تاقی دەکاتەوە و بەدوربین چاوەدێری هەموو جموجۆڵی جاشەکان دەکات .
بەپێی بەرنامەی دیاری کراوی ئەمیر، دەبێ پێش لە تاریک بونی هەوا پێشمەرگەکان خۆیان لە جادەکە نیزیک بکەنەوە .بۆ ئەم مەبەستە دەبێ زۆر بە وریایی لە دار و دەوەنەکانی ئەو ناوە کەڵک وەربگرن و بچنە پێش .
ئەمیر چەندسەد مترێک لە پێشە و پاش تاقی کردنەوە و دڵنیابون هاوڕێانی بۆلای خۆی ڕێنوێنی دەکات و داواتر چەندسە مترێکیتر دەچیتە پێس . بە وریاییەوە چەند مینی دژی نەفەر هەڵدەگرێتەوە و چاشنیەکانیان دەردێنێت و لە نیو کۆڵە پشتیەکەی جێگایان دەکاتەوە . تاریک و بومه‌لێڵی ئێواره‌یه‌،ئێستا هەردوو مۆڵگە بە تەواوی دەرکەوتون و ئه میر بەدوربین چاوی لە سەر مۆڵگەکانە ، بۆ کونترۆڵی جادەی نێوان ئەم دوو مۆڵگەیە هێندێک ئەملاو ئەولا دەکات . چاوی لە سەر دوربینەکەیە و ئاگای لە بەر پێی خۆی نیە . لە نەکاو دەکەوێتە سەر مینێک. لە گەڵ تەقینەوەی مینەکە جاشەکانی هەدوو مۆڵگەکە شوێنی تەقینەوەکە ئاوەر باران ئەکەن . پێشمەرگەکانیش کە دورتر لە ئەمیرن لە گەڵ دەنگی تەقینەوەی مینەکە و دەسڕێژی جاشەکان وەخۆدەکەون . پێش هەموو شتێک لە شوێنی گونجاو بۆ بەرگری لە دابەزینی جاشەکان و پارێزگاری لە ئەمیری بریندار سەنگەر دەگرن .دواتر چەند کەسێک لە پێشمەرگەکان بەرەولای ئەمیر دەڕۆن کە ڕایگوێزن بۆ جێگایەکی ئەمن . کە دەچنە سەرسەری بۆ دوا جار چاوێک لە هاوڕێیانی دەکات بە ئاستەم لێوەکانی دەجوڵێنێت، وادیارە بە تەمایە شتێک بە هاوسەنگەرانی بڵێت . یا ئەوەی دێڕە شێعرکەی جارانی دەوتەوە ، کەچی هیچ دەنگیکی لێ نابیستریت . چەند چرکە دواتر بەداخەوە بۆ هەمیشە چاوەکانی لەسەریەک داده نێت و دڵە پڕ لە هیوا و ئاواتەکەی لە لێدان دەکەوێت .
بەم چەشنە رۆژی 12ی گۆڵانی 1362 ڕۆڵەیەکی بە بیرو باوەڕی گەل و نیشتمان بۆ تێر ئاوکردنی داری ئازادی و ەسەربەخۆیی جۆگەلەی خوینی ئاڵی کردە دیاری داری ئازادی و بەفیدا کردنی گیانی شیرینی خۆی گڕ و تینی سەربەخۆیی کوردستانی بڵێسەدارتر کرد.
ئەمیری پێشڕەو و پێشمەرگە گیانی خۆی کردە فیدای هاوسەنگەرانی بۆ ئەوەی ئەوان بە سلامەت دەرباز بکات، بۆ درێژە پێدانی ڕیبازی پێرۆز و گەیشتن بە سەربەخۆیی. ئەمیر بە کردەوە سەلماندی پێشڕەو و پێشمەرگەیە .
ڕۆژی 13 ی گۆڵانی 1362ی هه‌تاوی لە نێو خەم و پەژارەی کادر و پێسمەرگە و دانشتوانی ناوچە و بەشێک لە خەڵکی هەڵەبجە و ئوردوگای زەڕایەن تەرمی شەهیدئەمیر لە گوڕستانی شێخ مۆمنی سازان لە تەنێشت شەهید ئیقباڵ حەیدەری بە خاکی پاکی نیشتمان سپێردرا .
ساڵی 1342 لە گوندی مەڕەخێڵ منداڵێکی بەش مەینەت لە بنەماڵەیەکی هەژار چاوی بەژیانی بێ بەشی و هەژاری هەڵهێنا ، دواتر ئەم منداڵە بە ئەمیر ناودێر کرا .
ئەمیر کوری که ریم و فاتم لە گەڵ هەژاری و نەداری گەشە وباڵای کرد، ساڵی ١٣٤٩ ئەم منداڵە ڕەش و ڕوتە لە گوندی مەڕەخێڵ پێ دەنێتە قوتابخانە و پاشان بە یارمەتی خاڵوانی دەچێتە گوندی ساتیاری(هێتمان) تا پۆلی پێنج سەرکەوتوانە درێژە بە خویندن دەدات . ئەمیر بۆ درێژەی خوێندن ڕێگای باینگان ساتیاری دەبێتە کاری ڕۆژانەی و لە قوتابخانەی ڕاهنمایی باینگان درێژە بەخۆیندن دەدات .
ئەم قوتابیە وریایه دەبێتە یەکیک لە قوتابیە نمونەکانی قوتابخانه‌ی راهنمای باینگان ،لە ناڕەزایەتیەکانی دژی دەسەڵاتی پاشایەتی چالاکانە بەشداری دەکات . بە هۆی تێکەڵاوی باوکی لە گەڵ شۆڕشی ئەیلول و گوێ بیست بوون لە گەڵ شۆڕش و کوردایەتی دا زیاتر ئۆگری کێشەی نەتەوایەتی ئەبێت . پاش ڕۆخانی دەسەڵاتی پاشایەتی و هاتنە ئارای کێشەی ئاینی و چینایەتی و نەتەوایەتی ئەمیر زیاتر تامەزرۆی خۆ پێگەیاندن دەبێت. بەهۆی شەڕی پاوە و ئاوارە بوونی بەشی زۆری دانیشتوانی ناوچەکە ، بنەماڵەی ئەمیریش ئاوارەی باشوری کوردستان دەبێ و ئەمیری ئۆگری خویندن و خۆفێر کردن لە بنەمالەکەی دادەبڕێت و درێژە بە خوێندن دەدات .
ئەمیر ی خۆێندکار زیاتر ئەکەوێتە بەر بێ حورمەتی پێ کردن لە لایەن خۆفرۆشان و مەکتەب قورئانیەکانەوە ، بەوحاڵەش ئەمیر کۆڵ نادات و لە گەڵ چەند هاوڕێی دەبنە چەقڵی چاوی نەیارانی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان .
پاش شەڕی سێ مانگە و فەرمانی وتوێژی خۆمەینی ئەمیر و هاڕێیانی چالاکیەکی بێ وەینەیان ڕێکخست بۆ پێشوازی پێشمەرگە بۆ نێو شارەدێی باینگان . لەو ساتەوە ئەمیر پەیوەندیکی تۆکمە و بەردەوامی هەبوو لە گەڵ ڕێکخراوی باینگانی ح د ک و بو بە یەکێک لە چالاکانی ڕێکخراوی جەوانانی ح د ک .
سەرەڕای خۆێندن و قوتابخانە ئەرکە ڕێکخروەییەکەی بە باشترین شێوە جێ بەجێ ئەکرد .
دواتر بە فەرمانی فەرمانداری پاوە هەموو قوتابخانەکانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە داخران.
قوتابیەکان بۆ درێژەدانی خۆێندن ڕویان لە شارەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کرد بەڵام ئەمیر و چەند قوتابیەکی دیکە لە بەر چالاک بوونیان لە ڕێکخراوی جەوانان دا بە ناچار دەستیان لە خوێندن هەڵ گرت و ڕێگای خەباتی بەکردەوەیان گرتەبەر . لە هەڵگێرسانەوەی شەڕی کۆماری ئیسلامی دژی گەلی کورد ئەمیر دەستی دایە چەک و بوو بە پێشمەرگە . ئەمیری ١٦ ساڵە بەهۆی نەترسی و قارەمانەتی لە خۆ نیشاندان زۆر زوو بوو بە یەکێک لە پێشمەرگە هەرە چالاکەکانی لکی شەهید موستەفا . لە هەموو شەڕەکانی ناوچە وەک شەڕەکانی قوڕقەڵا و دوریسان ئاتەشگا،پیرپڕچن ، ماکوان ، مەڕەخێل جێگای دەستی دیار بوو . ئەمیر پێشمەرگەیەکی تێگەیشتوو ، بەنەزم و لەسەرەخۆ و قارەمان بوو .ئەم کۆمەڵە کردوە باشانە ئەمیریان کربووە خۆشەویستی خەڵک و پێشمەرگە . مانگێک پێش شەهید بوونی ئەمیر،فەرماندەی هیز شاهۆ و بەرپرسی کومیتەی هەورامان بۆ سەر دانی لکی شەهید موستەفا و کومیتەی باینگان هابتونە ڕێشاو کە بارەگای لکی شەهید موستەفای لێ بوو . بەنیاز بوون ئاڵ و گۆڕێک لە بەرپرسانی پێشمەرگە بکەن . بۆ ئەم مەبەستە پێشنیار بە ئەمیر ئەکرێت کە فەرماندەی لکی شەهید موستەفا وەئەستۆ بگرێت . ئەمیر ئاوەها وڵام ئەداتەوە .
سپاستان ئەکەم کەمن بە شیاوی ئەو ئەرکە پیرۆزە دەزانن بەڵام بەداخەوە ناتوانم قبووڵی بکەم لە بەر یەک هۆ ، من کەم تەمەنترین پێشمەرگەی ئەو لکەم و بەشیک لە و پێشمەرگانە هاو تەمەنی باوکی منن ، من شەرم دەمگرێت و ناتوانم فەرمان بەکەسانی لە خۆم گەورەتر و بەئەزمونتر بدەم . کەوابوو ناتوام لەو ئەرکە پیرۆزەدا سەر کەوتوو بم . لێم گەڕێن با فەرمانبەرداری هەموویان بم و وەک پێشمەرگەیەکی سەرکه وتوو بمێنمه وه .
بێ گومان خوێنی ئاڵی ئەمیر و هەموو شەهیدان مۆری ڕەوابوونی خەباتی خوێناوی گەلێکی بن دەستە و دڵسۆزان و خەمخۆرانی ئەم خەباتە ڕەوایە بێ وچان و به‌رده‌وام رێگای شەهیدان درێژە پێدەدن .
سڵاو لە گیان پاکی کاکە ئەمیر وهەموو نەمرانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان

نوسینی : مەنسور ئیراندوست

ئامادەکردنی : کەریم جاف

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت