جه‌هانگیر یوسفی

کورتەی ژیاننامەی شەهید

ژیان و بیرەوەری شەهیدیکی نەمری ڕێگای سەربەستیی نەتەوەکەی شەهید جەهانگیر یوسفی.

شەهید جهانگیر یوسفی لەدایکبووی ساڵی ١٣٢٨ی هەتاوی و کۆڕی کوێخا مستەفای تاوگۆزی لە بنەماڵەی شاعیری گەورە و ناوداری کورد مەولەوی تاوگۆزی یە.

شەهید جەهانگیر لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی کورد بە هەستیی نەتەوایەتییەوە لە عەشرەتی تاوگۆزی سەر بە سەلاسی باوەجانی لە دایکبووە و وێرای ئەوەی کە ئیمکانی خوێندنی باڵای نەبووە بەڵام مرۆڤێکی تێگەیستوو و هەستی نەتەوایەتیی زۆر بەهێز بوو و وەک مرۆڤێکی زۆر ئاسایی و مرۆڤدۆست دەژیا، وێرای پایەبەندیی کۆمەڵایەتیی وەک بنەماڵەیەکی دیار و ناسراوی ناوچەکە بەڵام کەسێک بوو کە وەک زۆربەی خەڵکی ئاسایی بەرچاو دەکەوت و بەرژەوەندی خەڵک و خزمەت بە خەڵک بۆ ئەو لە سەرەوەی هەموو شتێکەوە جێگای هەبوو، شەهید جەهانگیر وێرای ئەوەی کە لە عەشرەتی تاوگۆزی بوو بەڵام وەک کەسایەتییەک لە ناوچەکانی دیکەی مەڵبەندەکەدا دەناسرا بە تایبەتی لە نێو عەشیرەتی باوەجانی دا، جودا کردنەوەی شەهید جەهانگیر لە گەل و نەتەوەکەی کارێکی ئەستەم و هەموو هەوڵەکان لە پێناوە جیاکردنەوەی ئەو و خەڵک هەرەسی دەهێنا و لە گەڵ شکست ڕووبەڕووی دەکردەوە، ئەو شێوە بیرکردنەوەی شەهید جەهانگیر کارتێکردنی زۆری لە سەر ژیانی هەبوو و دەبا نرخ بۆ دابا کە بەو نرخ بۆدانەش زۆر ڕازی بوو…، شەهیدی نەمر لە سەردەمی حکوومەتی پهلەوی دا وەک بەرپرسی تەعاونی ناوچەیی تاوگۆزی و ژیانێکی ئاسایی هەبوو، لە سەردەمی جووڵانەوەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێراندا لە ساڵێ ١٣٥٦ دا وێرای هێندێک کەندوکۆسپی سەر ڕێگا یەکێک لەو کەسانە بوو کە بە هەستکردن بە ئازادی وەک مافێکی سەرەتایی خەڵک هاوکار و بەشداربوو لە هێندێک تێکۆشانی دژی سەدارەتی پهلەوی وەک تاکە دەسەڵاتدار و بڕیاردەر لە ئێراندا و لە هێندێک کۆڕ و کۆبوونەوەی ڕامیاریی دا بەشداری کرد، ئەو بەشداری و دژایەتی کردنە لەو سەردەمەدا و لە گەڵ هێندێک فاکتەری دیکە هۆکارێک بوون تا هێندێک مەودا لە نێوان ئەو و هێندێک کەسی دیکە دا لە ناوچەکەدا دەستەبەر بکات کە ئاسەوارەکەی تا تێکچوونی دەسەڵاتی شا و لایەنگرانی و تا دواتر هەر بەردەوام بوو، کاتی بە دەسەڵاتی گەیشتنی مەلاکان و ژیانەوەی بیروبۆچوونی نەتەوایەتی شەهید جەهانگیریش وەک زۆر کەسی دیکە لە ناوچەکەدا بەلایەنگیری لە چارەسەری کێشەی نەتەوایەتیی دەرکەوت و کێشەکەی لە گەڵ لایەنگرانی حکوومەتی پێشوو کە بە لایەنگری لە حکوومەتی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو دەرکەوتن زیاتر بوو و کاتێک کە سیخوڕی و جاشایەتی لە ناوچەکەدا سەری هەڵدا شەهید جەهانگیر”یش” وەک زۆر کوردی دیکە ناچارکرا کە بۆ مان و ماف ڕێگای خەبات بە شێوەی چەکداری هەڵبژێڕێت…،

ئەو بڕیارەی شەهید جەهانگیر بۆ ڕژیم و لایەنگرانی جێگای سرنج و سەرچاوەکەی دەگەڕایەوە بۆ گەلی بوون و ڕاستیی و دروستی ئەو شەهیدە سوورخەڵاتەیی نەتەوەکەمان، زۆر جار لە ڕێگای نووسراوە و پەیامی تایبەتەوە شەهید جەهانگیریان لە ئاکامی دژایەتی لە گەڵ دەسەڵات و لایەنگرانی ئاگادار کردبووەوە بەڵام ئەمانە هەمووی بۆ شەهید جەهانگیر کە بریار خۆی دابوو زۆر جێگای ڕێز نەبوون و بە بێ بایخە چاویانی لێ دەکرد، نەیار کاری خۆی دەکردو شەهید جەهانگیر”یش” لە خەبات بەردەوام بوو و لە بوارە جۆرباجۆرەکانی خەباتدا وەک خەباتی سیاسی و سەربازی رژیم و لایەنگرانی لە گەڵ کێشە و شکست ڕووبەڕوو دەکردەوە کە ئەم لە گەڵ ڕووبەڕوو کردنەوە بۆ ڕژیم و لایەنگرانی تاریکی زۆر ئاستەم و گران تەواو دەبوو

شەهید جەهانگیر لە باری تێکوشان و کەسایەتییەوە جێگای سرنج و کەسێکی ناسراو و جێگای باوەڕی خەڵکی ناوچەکە بوو کە دەیتوانی کارتێکردنی هەبێت هەر بۆیە لە حیزبیش دا جێگای سەرنج و بە سەرمایەیەکی نەتەوەیی چاوی لێ دەکرا و کەسێک بوو کە لە بەهێزکردنی و ناساندنی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ناوچەی سەلاس (بەمۆ) دەورو کارتێکردنی تایبەتی هەبوو و توانی لە ماوەیەکی کورتدا پلەکانی تەشکیلاتی ببڕێت و بگاتە پلەی سەردەستەیی.   

ئەو شەهیدە نەمرە لە سەرەتایی پاییزی ساڵی ١٣٦٠ دا لە شەڕ و پێکدادانێکی نابەربەردا لە سەلاس لە نێوان گمە و پشتەدا لە شوێنێک بە ناوی داری شێخ بە دەستی بە کرێگیراوانی خۆماڵی شەهید کرا و ناوی کەوتە لیستی شەهیدانی سوورخەڵاتی ڕێگای ئازادی و سەر بەستیی نەتەوەکەی، بەداخەوە کە تەرمە پیرۆز و بێ گیانەکە ئەو شەهیدە ڕێزدارە کەوتە دەستی نەیاران و خۆفرۆشانی ئازادی کوژ و لە گۆڕستانێک لە ناوچەی تاوگۆزی بە خاکی پاکی نیشتیمانەکەی سپێردراوە و لەویدا چاوڕوانە تا داری ئازادی کە بە خوێنی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری گەلەکەمان ئاو دراوە بێتە بەرهەم و ڕووڕەشی بۆ زوغاڵ بمێنێتەوە…،

سەرکەوێت خەباتی ئازادیخوازی گەلەکەمان و بمرێت ئەو کەسانە کە ڕۆڵەی بەئەزموون و بەتوانی نەتەوەکەیان بۆ پارە و بەرژەوەندی دەکەنە قۆچی قوربانی.

نوسینی : فاتیح ئارش

ئامادەکردنی: کەریم جاف

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت