حیسام ئه‌سعه‌دی
ساڵانێک پێش ئیستا، ئه‌وده‌مه که شهر له نێوان پێشمه‌رگه‌ی کوردستان و هێزی داگیرکه‌ری کۆماری ئیسلامی ئێران ببوه شتێکی رۆژانه، ئه‌و سه‌رده‌مه که به ناوچه‌ی بێڵه‌واردا و له سه‌رجاده‌ی کامیاران بۆ مه‌ریوان تی ئهپهریت دائیم نه‌فه‌ربه‌ر و تانکێکی تێک شکاوی ده‌ستی پێشمه‌رگه سه‌رنجی رێبوارانی بۆ لای خۆی رائهکیشا. تانکه‌که له خوار ئاوای کۆره‌ده‌ره به ده‌ستی نادر جوانرۆی و گوله ئارپیجی ئه‌و تێک‌چووبوو، نه‌فه‌ربه‌ره‌که نزدیک به کیلومترێک ئه‌ولاتر له نێوان ئاواییه‌کانی ماویان و کۆره‌ده‌ره له ته‌نیشت پردێک ئاگری گردبوو. خه‌ڵکی ناوچه‌که ئه‌یانزانی ئه‌و نهفهربهره به ئاگری ئارپیجیهکهی حیسام بانه‌ی تێکشکاوه. له ناوچه‌ی کامیاراندا حیسام ناوێکی ناسراو و جێگای رێزی خه‌ڵک بوو هه‌ر له‌به‌ر ئازایه‌تی ئه‌و، چه‌ندین منداڵی تازه له دایک بووی ئه‌و سه‌رده‌مه ناوی حیسامیان لێ‌نرا.
حیسام ئه‌سعه‌دی خه‌ڵکی ئاوای که‌سنه‌زانی سه‌قز بوو، به‌ڵام له ناوچه‌کانی کامیاراندا به حیسام بانه‌ی ناوبانگی ده‌رکردبووه. کاتێک بنکه‌ی حیزبی دیموکرات هێشتا له نێو شاری کامیاراندا بوو، ئه‌و لاوانه که برێک ته‌مه‌نیان له من گه‌وره‌تر بوو ئه‌یانگێڕاوه که حیزب مه‌سئولێکی لاوی هێناوه که فره خوێنگه‌رمه و هه‌وڵ ئه‌دا لاوه‌کان له ده‌وری اتحادیه جوانان دیموکرات رێک بخا، له بیرمه ئه‌و ده‌مه لاوه‌کان زیاتر هاتووچوی بنکه‌ی کۆمه‌ڵه‌یان ئه‌کرد هه‌تا حیزبی دیموکرات، به‌ڵام دوای هاتنی حیسام ئه‌سعه‌دی بۆ کامیاران ئه‌وجار زۆر له لاوانی ئه‌و شاره روویان له بنکه‌کانی حیزبی دیموکرات کرد زۆر له ئه‌و لاوانه چالاکانه ده‌ستیان دا به کاری حیزبی دواتریش چه‌ند که‌سێکیان بونه پێشمه‌رگه. من هیچکات نه‌چوومه ئه‌و بنکه و حیسامم هه‌ر له دوره‌وه ده‌بینی. هه‌تا کاتی شه‌ڕی کامیاران، کاتێک هێزه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران زستانی ساڵی 1358 هێرشیان هێنایه‌وه سه‌ر شاری کامیاران هێشتا هه‌وا تاریک بوو که له خواری شاره‌وه، رووبه کرماشان ته‌قه ده‌ستی پێ‌کرد و خه‌ڵکی شار له خه‌وی خۆش ڕاچڵه‌کان. ئه‌و رۆژه سه‌ره‌ڕای هه‌وڵ و ته‌قالای باوک و دایکم که نه‌یانده‌هێشت له ماڵ بڕۆمه ده‌ره‌وه، کاتێک هه‌وا به ته‌واوی رۆشن بوو، خۆم له ماڵ دزیه‌وه و گه‌یشتمه نێوشار. شاری کامیاران ئه‌و ده‌مه هه‌ر یه‌ک شه‌قامی گه‌وره‌ی هه‌بوو که ئه‌ویش هه‌مان جاده‌ی کرماشان ـ سنه بوو که به ناوه‌ندی شاردا ئه‌چووه، کاتێک من گه‌یشتمه سه‌ر چوارڕیانی نێوه‌ڕاستی شار، کاک حیسام ئه‌سعه‌دیش په‌یدابوو، وادیار بوو ئه‌و به‌نیاز بوو دیسان بگه‌ڕێته‌وه بۆ به‌شی خواری شار که زیاتر شه‌ڕ له‌وێ به‌رده‌وام بوو. ئه‌و به شێوه‌ی زیکزاکی ئه‌چووه پێش، منیش که‌وتمه دوای ئه‌و به لاسایی کردنه‌وه‌ی زیکزاکی به دوایدا رۆیشتم هه‌تا گه‌یشتینه کۆلانێک که له خوار کاراجی کرماشان که ئه‌چوو بۆ مزگه‌وتی جامعه، شاپور فیروزی و حوسه‌ین قیخابابا له سه‌ر ماڵێک و له کۆماجی ئه‌و ماڵه‌وه ته‌قه‌یان ئه‌کرد له سه‌ر کۆلانهکهش بێجگه له حیسام پێشمه‌رگه‌یکی کۆمه‌ڵه‌شی لێی بو که بێجگه له چه‌که‌که‌ی ده‌ستی کلاشێنکۆفێکیشی به جامه‌دانه‌یک به‌ستبو به ناوشانیدا، کورێکی کامیارانیش وه‌ک من بێ چه‌ک لێره‌دا بو که دوای چه‌ند ساڵ زانیم ئه‌و لاوه سالار ئیبراهیمی بووه،(شه‌ویک له بنکه‌ی پێشمه‌رگه‌کان له ناوچه‌ی هه‌ورامان له ته‌ک کاک سالار ئیبراهیمی داده شکوفه‌ی قوبادی که پێشتر ژیانی هاوبه‌شیان له ته‌ک حیسام ئه‌سعه‌دی پێک هێنابو و سه‌مه‌ره‌ی ئه‌و خۆشه‌ویستیه ببوه کوڕێک و ناوی هێوا، باسی ئه‌و شه‌ری کامیاران هاته پێشه‌وه، که منیش ئه‌م به‌سه‌رهاته‌ی خۆمم بۆ ئه‌وان گێراوه کاک سالار وتی ئه‌و گه‌نجه بێ چه‌که ئه‌و بوه) ئێمه هێشتا له سه‌ر ئه‌و کۆلانهدا بوین که له ئه‌وبه‌ری خیابانهکهوه که مه‌درسه‌ی کچانه بو دو ژی3 به‌ده‌ست ئێمه‌یان دایه به‌ر ته‌قه هه‌مو که‌وتینه سه‌ر یه‌ک به‌ڵام که‌سمان توش نه‌بوین، هاوکات شاپور فیروزی و هاوریانی له سه‌ر بانی ماله‌که‌وه ئه زو هاتنه ده‌ست لێیان. دوای من ئه‌و شوێنه‌م به جێ هیشت. تازه گه‌یشتمه کۆلانی پشته‌وه ته‌رمی کوژراویکیان هێناوه وتیان له ماڵێکه‌وه له پشته‌وه ته‌قه‌یان لێ کردوه، ته‌رمی ئیسمائیلی ئیبراهیمی برا گه‌وره‌ی سالار بو ، خه‌ڵک ته‌رمه‌که‌یان له سه‌رشانه‌وه ئه‌برده‌وه بۆ ماڵی کاک ئیبراهیمی باوکی ئسمائیل. له چه‌ند کۆڵان خوارتر له سه‌ر ماڵێکی به‌رز مورتزا مرادی پێشمه‌رگه‌ی حیزب له په‌نا کۆماجی ئه‌وماڵه‌دا کوژرابو چه‌ند که‌سێک چون ته‌رمه‌که‌ی بێنه خوار ته‌قه‌یان لێ کرا و هوشمهتی ئه‌ڵماسخان گه‌نجێکی کامیارانی بو بریندار بو، به‌ڵام دوای دوژنهکهی مورتزا و دایکی هاتن چون و سێ که‌سی ته‌رمه‌که‌یان کیشا خواره‌وه. شه‌ڕ لێره‌دا گه‌رم بوو، ماشینێکی پاسداره‌کان له نێوه‌ڕاست جادهکدا تێکشکابوو، کوڕێکی کۆمه‌ڵه خه‌ڵکی کامیاران به ناوی عه‌لی حه‌سه‌ن کوری حاجی عه‌زیم ویستبوی بڕوات ئه‌و ماشینه ئاگر تیبه‌ردا به‌ڵام ئه‌ویش که‌وتبوه به‌ر ته‌قه‌ی هێزی دوژمن و له سه‌ر جاده‌که کوژرابوو. نیوه‌ڕۆ تووشی باوکم بووم پاش برێک هه‌ڵات هه‌ڵاتی ئه‌و به دوای مندا پێکه‌وه چووینه‌وه بۆ ماڵ، لای ئێواره‌ش زۆر له خه‌ڵکی شار و به تایبه‌ت ره‌گه‌زی نێرینه‌ی ئه‌و شاره، هاوکات له ته‌ک هێزی پێشمه‌رگه شاری کامیارانمان بۆ هێزی خومینی چۆڵ کرد، ئێمه شه‌و چووینه ئاوای باو و باپیرانمان ئاوای چرۆسانه.
دواتر کاتێک من له رێگای ره‌شاد حوسێنی یه‌وه که ئه‌ویش لاویکی خوێنگه‌رمی دیکه‌ی دیموکرات له ناوچه‌که‌دا بوو، ده‌ستم کرد به هاوکاری حیزبی دیموکرات وه‌ک نوێنه‌ری لاوانی حیزبی له نێو شاری کامیاران له کونفرانس بۆ گونگره‌ی پێنجمی حیزب که له ئاوایی گازرخانی له ناوچه‌ی بێڵه‌واردا گیرا به‌شدار بووم. کاک شاپور فیروزی و کاک حیسام ئه‌سعه‌دی که ئه‌بوایه به‌شداری کونفرانسه‌که بن به هۆی رووداوی ماشین هه‌ردووکیان له نه‌خۆشخانه‌ی حیزب له ئاوای بزوه‌ش له‌سه‌ر ته‌ختی سارێژی بوون و ئه‌و جاره‌ش من نه‌متوانی حیسام ببینم، که بوومه پیشمه‌رگه حیسام له مه‌ریوان کرابوو به فه‌رمانده‌ری هێزی “زرێبار”.
من بێجگه له چه‌ند جارێک ئه‌ویش کورت ئیتر له‌گه‌ڵ کاک حیسامی ئه‌سعه‌دی نه‌بووم به ناسراو و هاوڕێ. له دوایین رۆژه‌کانی پاییزی ساڵی 1361 هه‌تاوی حیسامی فه‌رمانده‌ی ئازایا که بۆ لاوانی هاوته‌مه‌نی من له ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا ببوه سیمبولی پێشمه‌رگه‌یێکی ئازا و زانا و فیدکار له شه‌ڕێکدا له نزدیک ئاوای بێساران و سهرهویهی ناوچه‌ی ژاوه‌رۆی مه‌ریوان به گوله‌ی هێزی سه‌رکوتگه‌ری ئێران شه‌هید بوو.
یادی حیسام ئه‌سعه‌دی و هه‌مو ئه‌وانه‌ی گێانی شیرینی خۆیان له رێگای رزگاری کورد و کوردستاندا به‌ختکرد پیرۆز و هه‌رده‌م گه‌شاوه بێت.
خالید درودی2012