ئه‌رده‌شیر خوسره‌وی

شەڕەفی مردن بە سەر خیانەت‌دا
هەموو ڕاپەرینێک یا بزووتنەوەیەکی نەتەوایەتی، یا کۆمەڵایەتی لە پێناو قازانج و بەرژەوەندیی خەڵکدا درووست دەبێ یا بڵێین ڕوو دەدا. بەو پێیە و بۆیەش ڕۆڵەکانی ئەو نەتەوە بەشخوراوە بە هی خۆیانی دەزانن و لە هەموولایەکەوە یارمەتی بۆ بەهێزبوونی دەدەن. ئەوە لە زۆر وڵاتان دیتراوە نەتەوەیەکی زۆڵملێکراو و کەم دەرەتان بەگژ حکومەتێکی زۆردار و تەیار لە هەموو بارێکەوەدا دەچێتەوە و پاش بەرەنگارییەکی زۆر لەئاکامدا یا بە چۆکی دادێنێ و سەرکەوتن مسۆگەر دەکا، یا بەهۆی ئەو فشارانەی لەسەری درووست دەکا، لە ڕێگای دیکەوە چارەسەری پرسەکەی دەکا. بۆ ئه‌وه‌ش دوو هۆکاری گرینگ هەیە. یەکەم؛ ئەوەی داخوازیی ئەو گەلە ئەوەندە بەرحەق و ڕەوایە کە لەگەڵ دادپەروەری گونجاوە و ڕێک دەکەوێ. دووهەم؛ هێزی خەڵکە کە پشتیوانی جووڵانەوەیە و، ئەگەر ئەو جووڵانەوەیه‌ لە نێو هەناوی کۆمەڵانی خەڵک هەڵقوڵابێ هێز نیە کە تێکی بشکێنی و ناتوانێ لە مەیدانیش دەری بکا. لەوانە هێندێک جار پاشەکشەیەکی تاکتیکی بکا بەڵام لەبران نەهاتوویە.
له‌ شۆڕشی ئەو قۆناغەی نەتەوەی کورد لە ماوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دەتوانین باس لەوە بکەین کە حیزبی دێموکرات لە چلەپۆپەی ئەو خەباتە‌دا بووە و جووڵانەوەی خەڵکی کوردستان ڕیشەی لە نێو دڵ و هەناوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دایه‌. ئەگەر بە وردی لێی بڕوانین ئەو مانایە دەگەیەنێ کە حیزبی دێموکراتی کوردستان داخوازیی ڕەوا و لە مێژینەی نەتەوەکەی لە بەرنامە و پرۆگرامی خۆیدا گونجاندوە و بۆ وەدیهێنانی خەبات دەکا و لەم‌ ڕوویەوە خەڵکی کوردستانە کە بەرنامەکەی بە ئاوێنەی باڵانوێنی ئاوات و ئارەزووی خۆیان دەزانن و لە دەوری کۆ دەبنەوە.
هەر لەو قوناغەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا حیزبی دێموکرات دەیان ساڵە بە شێوەیەکی فیداکارانە و سه‌ربەرزانە، بەتایبەتی لە دەیەی ٦٠ و٧٠ دا بە شێوەی خەباتی چەکدارانەدا بەرگریی لە گەلەکەی کردوە و بەدژی درەندەترین ڕێژیمی سەردەم وەستاوەتەوە. هەر لەو ماوەیەدا بە هەزاران پێشمەرگە و سەدان کادری لێهاتوو، دەیان فەرماندەی بە توانا و چەندین کادری رێبەری تەنانەت سەرکردەکانی گیانی خۆیان بەخشیوە.
بۆ «هەگبەی شاخ‌ و شۆڕش»ی ئه‌مجاره‌مان هەنگاو بەرەو داڵاهۆی سەربەرز هەڵ دێنینەوە. دالاهۆ ماوەیەک بوو بێ تێکۆشەرانی دیموکرات بوو، خەلك هه‌موو تینووی دیتنیان بوون. چوار قارەمانی مەیدانی خەبات وتیکۆشان، حەسەن مەقسوودی ناسراو بە کاکی حەسەن، ئەردەشیر خوسرەوی، فروغ خزری و حەسەن سەلیمی ڕەخت و تفەنگ و کۆڵەباری پێشمەرگانە لە خۆیان دەدەن و چیا و دۆڵ و شیو و بەندەن و گوندەکانی ناوچەی داڵاهۆ بەسەر دەکەنەوە و لەگەڵ خەڵکی ئەو دەڤەرە هەناسەکانیان ده‌گۆڕنه‌وه‌ تا وزەیەکی بەهێزتر بە خەڵکی ئەو ناوچەیە بۆ خەبات وتیکۆشان ببەخشن. ئەگەر ورد بڕوانینە سەفەری ئەو چوار قارەمانە بۆمان دەردەکەوێ هەر ڕووداوێک و ناوچەیەک و یا دیاردەیەکی میژوویی خاوەنی هەلومەرجی تایبەتی خۆیەتی. خەبات و تێکۆشانی کادرە خەباتگێرەکانی حیزبی دیموکرات لە ناو خەڵكی خۆیان‌ لە کوردستاندا، بە درێژایی تێکۆشانیان ڕووداوی زۆر دڵهەژێن و تاڵی بە خۆیەوە دیتووە و لەنێو ئەو کار و ئەرکانەی کە ئەوان بە دڕێژایی ڕۆژ و مانگ و ساڵ لەنێو کۆمەڵانی خەڵک بە ئەنجامیان گەیاندوە، هەر جارێ لە شوێنێک کرمی نێوخۆ، وەک کەڵەی بێستان سەری دەر هێناوە و بۆتە بەربەست لە کار و تێکۆشانیان و تەنانەت گیانیشیان لێ ستاندوون. هەر لەو دیدگایەوەیە کە دوژمنانی کورد لەوە گەیشتوون کە «دار هۆرەی لە خۆی نەبێ ناقەڵەشێ». ئەو وتەیەی سەرەوە بۆتە هۆی ئەوە زۆر جار داگیرکەران لە هێندێک خەڵكی کاڵفام و ساویلکە کەلک وه‌ربگرن و ئه‌وان وەک چاوساغ پێش دوژمن کەوتوون یان خۆیان ڕۆڵەکانی ئەو نەتەوەیان لە داو خستووە و شەڕی پێشمەرگەیان کردوە و شه‌هیدیان کردوون. به‌ڵێ… خۆفرۆشی و جاسووسی زەبری گەورەی لە پەیکەری حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی کورد داوە.
ئەو چوار تێکۆشەرە بێ پسانەوە بۆ بردنی پەیام و سیاسه‌تی حیزب بۆ نێو خەڵک، بۆ دیدار نوێکردنەوە لەگەڵ هەموو تەیفەکانی نێو کۆمەڵگه‌ لەو ناوچەیە و هەروەها لەقاودانی سیاسەتی پیلانگێریی کۆماری ئیسلامی کاریان دەکرد و شەو و ڕۆژ بێ پسانەوە گوند بە گوند و دووڕ لە چاوی خائینان تێکۆشانی سیاسیی خۆیان بەڕێوە دەبرد.
ئێوارێی ٣٠ی پوشپەری ساڵی ١٣٧٣ بوو. ئه‌وان پاش پشوودانێک بە نێو تەلان و گاشەبەردەکانی داڵاهۆ ڕێگایەکی باریک دەبڕن. بەرە بەرە شەو دەزرینگایەوە که‌ ڕوویان لە شوێنێک کرد بە ناوی «سیاوانە» بێخەبەر لەوەی پیلانی خائینانە لەو شوێنە خۆی لێ ملاس دابوون. ئاخر ئەوان بۆ کاری حیزبی و بەپێی ئەو متمانه‌یه‌ی پێشتر بوویان ڕوویان لەو شوێنە کردبوو.
ڕۆڵەکانی نیشتمان ماندوو، و خاوەن ماڵ بەپیلان و مه‌خابن بۆ پێشمه‌رگه‌کان جێگای باوەڕ، کارێک کە بە کەم کەس هەلدەسەنگیندرا. قسه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ڕابردوو و تێکۆشانی ئەو چەند کەسە جێگای شک وگومانی نەهێشتبۆوە. بەرخ سەر بڕا، قاورمە دروست کرا، نان خورا و پاش تەواوکردنی هەموو کارەکانی حیزبی خاوەن ماڵ خۆی و براکەی وێڕای تێکۆشەرانی دێموکرات بەرە شوێنی مانەوەی بەیانی ملی ڕێگایان گرت. لەشوێنی مانەوە کە جێگایەکی زۆر سەخت بوو، ڕەخت وتفەنگ دەکەنەوە تا پشوو بدەن. دوو برای خائین بۆ گەیاندنی مەبەستە گڵاوەکانیان پێشنیار بە ڕۆڵەکانی گەڵ دەکەن کە چونکی ئەوان ماندوون پشوو بدەن تا بەیانی تاو دەردەکەوێ… بەڵام ئەی هات تێکۆشه‌رانی دێموکرات ئەوەی کە قەت لەبیریان نەدەچوو لە بیریان کرد و بێخەم‌ پاڵیان داوە و دوو برای خائین له‌ به‌ره‌به‌یاندا و لە کاتێکدا پێشمەرگەکان لە خەودابوون بەربوونه‌ گیانی ئەو تێکۆشەرانە و هەر چواریان شەهید کردن. ئه‌و تێکۆشه‌رانه‌ سه‌مبولی خه‌بات، فیداکاری، خۆماندووکردن و خۆپێگه‌یاندن بوون‌. ئه‌وان به ‌کاری به‌رده‌وام، به‌ خۆ لە‌مه‌ترسی هاویشتن، به‌ پابه‌ندبوون له‌سه‌ر ڕێبازی شه‌هیدان هه‌ر له‌ڕاستیشدا ئه‌وه‌ی پێیان کرا له‌و ساڵه‌ سه‌ختانه‌ی خه‌باتی چه‌کداریدا کردیان بۆ ئه‌وه‌ی کورد هه‌نگاوێک له ‌ئامانجه‌کانی نیزیک بێته‌وه‌.
دەڵێن «ئاشی شۆڕش بە خوێن دەگەرێ»، ئەوە زۆر ڕاستە، بەڵام ئەو شۆڕشە لەبەر ئەوەی هیزی سەرەکیی خۆی لە نێو زەریای بێبڕانەوەی کۆمەڵانی خەڵک هەڵێنجاوە توانیویەتی لە هەموو شێوەکانی خەبات کەڵک وەربگرێ و لەسەر پێی خۆی بوەستێ و هەر دڕکی چاوی دوژمنان بێ. هەر ئەوەی کە دوو ساڵ دواتر یەکێک لەو خائینانە بەدەستی تێکۆشەرانی دێموکرات بەسزای خەیانەتی خۆی گەیشت، نیشانەی ئەو ڕاستییەیه‌ کە ئاماژەم پێکرد.
هەگبەی شاخ‌ و شۆڕش
برایم چوکەڵی

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت