عەلی گوڵی

ڕاگەیەندراوی کۆمیسیۆنی سیاسیی نیزامیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەبارەی کۆچی دوایی پێشمەرگەی دێرین مام عەلی گوڵی

کۆمیسیۆنی سیاسی- نیزامی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەبارەی کۆچی‌دوایی پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکڕات، مام عەلی گوڵی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی ئەو ڕاگەیەندراوە بەمجۆرەیە:

بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە ڕایدەگەنین کە مام عەلی گوڵی، تێکۆشەر و پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، ٢٩ی ڕێبەندان بەهۆی پیری و نەخۆشی کۆچی‌دوایی کرد.

مام عەلی گوڵی ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی لە گوندی “مەڵڵاڵەر”ی ناوچەی ئەحمەدی کۆری بۆکان لە دایکبوو.
مام عەلی یەکێک لە تێکۆشەرانی کورد لەو ناوچەیە بوو کە هەر لە سەردەمی پاشایەتیدا بە هەستکردن بە زوڵم و زۆری دەسەڵات بڕیاری دەستهەڵگرتن لە ژیانی ئاسایی و خەباتی دابوو، بۆیە هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی خۆپیشاندانەکان لە شاری بۆکان بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی ڕۆڵی بەرچاوی بینی.

ئەوکە بە دڵگەرمیی زیاترەوە ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی بۆ خەبات و تیکۆشانی سیاسی هەڵبژاردبوو، بە ئیمان بە ڕەوایی خەباتی نەتەوەکەی دڵسۆزانە هەموو ئەرکە پێسپێردراوەکانی ڕادەپەڕاند.

مام عەلی گوڵی کە لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوییەوە لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستاندا سازمان درابوو، تا دوا ڕۆژەکانی ژیانی بە شێلگیرییەوە بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی تێدەکۆشا.

کۆمیتەی شارستانی بۆکان، نەخۆشخانەی٢٥ی گەلاوێژ، کۆمیسیۆنی ماڵی و ڕادیۆ دەنگی کوردستان ئەو چەند ئۆرگانە بوون کە مام عەلی بە دڵسۆزییەوە تەمەن و تێکۆشانی سیاسیی خۆی تێیدا بردەسەر.
ناوبراو لە کاتی پیریش‌دا بە باوەش‌گەرمییەوە هاوکاریی ئۆڕگانەکانی دیکە و یەک لەوان ڕاگەیاندنی حیزبەکەی دەکرد و ڕۆژنامەی “کوردستان”ی بە نێو ئیدارەکانی کۆیەدا بڵاو دەکردەوە و بە دەستی کەسایەتییەکانی دەگەیاند.

مام عەلی گوڵی هەروەها کوڕێکی بەناوی حوسێن گوڵی لە ڕیزەکانی حیزبی دیموکڕاتدا پێشمەرگە بوو کە دوای برینداربوونی لە شەڕێک لە گەڵ هێزەکانی ڕێژیم‌دا بۆ چارەسەری بەڕێی دەرەوەی وڵات کرا، کە بە داخەوە ساڵی ١٣٩٠ بەهۆی نەخۆشی کۆچی‌دوایی کرد و تەرمەکەیان هێنایەوە کوردستان و لە گۆڕستانی تێکۆشه‌رانی حیزب بە خاک سپێردرا.

کۆمیسیۆنی سیاسی- نیزامی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان سەبارەت بە کۆچی‌دوایی مام عەلی گوڵی وێڕای ڕاگەیاندنی خەم و پەژارەی خۆی سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکار و هاوسەنگەرانی دەکا و خۆی بە شەریکە خەمیان دەزانێ.

کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامیی
٢٩ی رێبەندانی ١٣٩٥

١٧/٠٢/٢٠١٧

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت