سامان ره‌مه‌زانی

مه‌رگی ناوه‌ختی پێشمه‌رگه‌یه‌کی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان 
2011.08.08

کوردستان و کورد نیوز: پێشمه‌رگه‌یه‌کی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به‌ رووداوێکی دڵته‌زێن گیانی له‌ ده‌ست دا و ماڵئاوایی له‌ کۆڕی هاوسه‌نگه‌رانی کرد. 
شه‌وی یه‌کشه‌ممه‌ له‌ سه‌ر دووشه‌ممه‌، 17 ی گه‌لاوێژ سامان ره‌مه‌زانی، کوڕی حه‌بیب و پێشمه‌رگه‌ی لاوی حیزبی دێموکراتی کوردستان به‌ رووداوی پێکدادان له‌ گه‌ڵ ماشێن گیانی له‌ ده‌ست دا و چووه‌ کاروانی نه‌مرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه‌.
سامان ره‌مه‌زانی خه‌ڵکی گامێشگۆلیی بۆکان که‌ هێشتا 20 ساڵی ته‌واو نه‌کردبوو، به‌ مه‌رگی ناوه‌ختی خۆی ماته‌مینی خسته‌ کۆڕی هاوڕییانی.
سامان له‌ ماوه‌ی 4 ساڵ پێشمه‌رگایه‌تیی خۆیدا توانیبووی جێی خۆی له‌ دڵی هه‌موو هاوڕییان و هاوسه‌نگه‌رانیدا بکاته‌وه‌.
ته‌رمی سامان ره‌ه‌مه‌زانی به‌یانیی ئه‌وڕۆ دووشه‌ممه‌، 17 ی گه‌لاوێژ له‌ نێو کۆڕی یارانیدا له‌ گۆڕستانی شه‌هیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستان به‌ خاک سپێردرا.
ناوه‌ندی راگه‌یاندنی حیزبی دێموکراتی به‌و بۆنه‌وه‌ سه‌ره‌خۆشی له‌ بنه‌ماڵه‌ و که‌سوکاری سامان ره‌مه‌زانی و هاوسه‌نگه‌رانی له‌ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ده‌کا و خۆی به‌ شه‌ریکه‌ خه‌می له‌ ده‌ستدانی سامانی جوانه‌مه‌رگ ده‌زانێ.
,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,
سامانی جوانەمەرگ یادت بەرزە

ئەمجارەشیان خەم دوودڵی نەکرد و بە گوڕتر لە جاران بەرۆکی گرتین و دڵی من و زۆرێک لە ئێمەی تاساند کە تێیدا مەرگی پێشمەرگەیەکی جوانەمەرگ هەوێنی بوو، ئەو پێشمەرگەیەش سامان بوو، سامانی ئارام، سامانی برام، ئەو کوڕەی بە یەکجار دیداری بۆت نەدەکرا دەرگەى دڵتی بەسەردا نەکەیتەوە و هێمایەک بوو بۆ هێوری و لەسەرخۆیی، هێندە ئارام بوو کە مردنەکەى لای من تەنیا نەمانی خۆیەتی، ئەگینا بۆ یادی من زۆر لە مەرگ گەورەترە.

لەوانەیە زۆرێک لەوانەی لە نێزیکەوە من دەناسن سەیر بێ کە ئەو برایەی (شلێر) چۆن ئاوا پەیدا بوو، یان سامان بۆ برای منە؟ لێرەیە دەبێ قسەی دڵم دەرببڕم و بڵێم، راستە کە سامان بە دایک و باوک برام نەبوو، بەڵام خۆزیا برا با، چونکە دڵنیام کۆچەکەى هەر هێندە دڵگرانی دەکردم.
سامان فێری کردم برای گەورە بۆ خوشک چەند گرینگە، فێر بووم لەوەى ئەگەر برایەکت هەبوو دنیایەکت زیاتر هەیە، هەر ئەو سامانەی لە هەر سەفەرێکمدا بۆ ماڵەوە بە (دادە شلێر گیان) پێشوازی لێ دەکردم و ئاگەدارم بوو
لەوەی ژیانم چۆنە، خەمخۆرم بوو و ناتوانم ئێستە بیر لە خۆشی و ناخۆشییەکانی رابردووی ژیانم بکەمەوە و دەیان جار وێنەی سامان لە مێشکمدا نەبینم، تا نەڕۆیشت نەمزانی مانای برابوون لەوە گەورترەتە بە دایک و باوکێکی هاوبەشی نێوان کوڕ و کچێکی ببەستییەوە.
ئایا هەر گۆشت و خوێن و دایک و باوکی هاوبەش بڕیار لەسەر برابوونی 2 کەس دەدا، بەڵنیایییەوە من دەلێم نا، چونکە سامانم بە نموونە لەلایە، ئەو لە بنەماڵەى ئێمە نەبوو، بەڵام لە دڵی بنەماڵەى ئێمە هەرگیز دانەبڕا، ئەوە بوو کە ماڵئاوایی سامان بۆ دایکم دڵێکی پڕ لە خەم و چاوێکی پڕ لە فرمێسکی بەجێ هێشت و وەک هەمیشە باوکمی خستە ناو دنیایەک لە بێدەنگی تا تێیدا بە ئاسوودەیی خەمی ئازیزێکی بخوات.
دایکم چاوەڕێی سامان بوو تا دیسان خواردنی خۆشی بۆ دروست بکا، بەڵام نەیزانی ئەمجارەیان سامان مێوانی سفرە پڕ لە خۆشی و پێکەنینەکەى نابێ و سفرەى مەرگ و شیوەنی بۆ دادەنرێ، ئەو مەرگەى هەرگیز لەبیر ناکرێ،
چونکە یادگارییەکانی هەردەم لەبەرچاوم دەبن، هەرکات بگەڕێمەوە کۆیە بە تامەزرۆیی دەمێنێتەوە ئەو یادەم کە بڵێی “یا خوا بەخێر بێیەوە دادە شلێر گیان” ئەگەر ئەوە لەبیر بکەم، متمانەی بیرەوەرییەکانم دۆڕاندووە
سامان گیان.
کۆچی سامان کۆستی گەورە بوو بۆ بناماڵەکەم، بەتایبەت بۆ دایکم، ئەو ئازیزی دایک و باوانم بوو، هەموو چاوەڕێن سامانەکەیان لە دەرگەیان بدا و بە لەسەرخۆیی بڵێ “دایە ئەمڕۆ چیت بۆ ساز کردووم”، بەڵام ئەو
دەرگەیە داخرا ئیتر داخرا، بەڵام بەڵێن بێن سامان گیان، هەردەم سامانی دادە شلێرت بی و هەرگیز دەرگەى یادت لە دڵمدا دانەخرێ.
پێم خۆشە بڕوام پێ بکەن لەوەی لەگەڵ هەر وشەیەکی ئەو نووسینە، فرمێسکێک نیازی هەڵوەرینی هەبوو، چونکە ناچاری دەکردم نەمانی سامان باوەڕ بکەم، بیرەوەرییەکانی سامان و خاکی گلکۆکەى لە قەبرستانی شەهیدانی
حزب لە ناخمدا شەڕیان بوو، دڵگران بووم لەوەى دواجار هەمان خۆڵە زەردەکەى سەر قەبرەکەی لە دەشتی ناهومێدیی کۆیە بوو رژایە ناو چاوی ئومێدەکانم و خۆشییەکانی نابینا کردم.
براکەم، یانی لە برا ئازیزترم، مەرگ تۆشی برد، بەڵام دڵنیا بە دەستی ناگاتە بیرەوەرییەکانت، تۆی کوشت بەڵام یادت زیندووە، رۆحی منت تاساند، بەڵام ئەی سامانی دادە، ئارام ئارام بڕۆ وەک هەمیشە، رۆحت شاد بێ ئەی
ئەو کەسەی 2 رۆژە چاوەکانم لە هەموو شوێنێک بەدواتدا دەگەڕێن، بەڵام بە شەرمنی بۆ لام دەگەڕێنەوە و دەڵێن “دادە شلێر شەڕی مەرگمان پێ ناکرێ و سامان نەماوە”، دیدەکانم ناچارن بە فرمێسکێی ساردتر لە جوانەمەرگیت دڵم بدەنەوە لەوەى کۆچت لە دڵ بگرن ئەی ئەو کەسەى فێرت کردم دەتوانم برایەتیت بکەم بێ ئەوەى خوشکت بم.

رۆحت شاد
شلێر باپیری 2011

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت