جه‌لیل ره‌حیمیان
یه‌که‌م بزه و دوا فرمێسک (بۆ یادی بیست ساڵه‌ی شه‌هیدبوونی شه‌هیدان ئه‌بووبه‌کر کانیه‌ڕه‌شی و جه‌لیل ره‌حیمیان)
له ڕێگای هاوڕێ و دۆست و برای تێکۆشه‌رم کاک قادر وریاوه ئاگادار کرام قه‌راره کۆڕێک بۆ یادی بیست ساڵه‌ی شه‌هیدانی ڕێگای ئازادی کاک ئه‌بووبه‌کر خزری(کانیه¬ڕه‌شی) و کاک جه‌لیل ڕه‌حیمیان ساز بکرێ. هه‌ر له لایه‌ن ئه‌و خۆشه‌ویسته‌شه‌وه داوام لێ کرا ئه‌گه‌ر قسه‌یه‌کم بۆ گوتن هه‌یه با بینێرم. سوپاس له کاکه وریا و هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی زه‌حمه‌تی ساز کردنی ئه‌و کۆڕه ده‌کێشن. سڵاو له گیانی پاکی ئه‌و شه‌هیده سه‌ربه‌رزانه‌ش که خۆشه‌ویستییان وای کردوه له‌بیر نه‌چنه‌وه. ئه‌وه‌ی ناردوومه‌ته خزمه‌ت سه‌باره‌ت به شه‌هید ئه‌بوو کانیه¬ڕه‌شی¬یه که‌چی پێشکه‌ش به ڕووحی پاکی هه‌ردووکیانی ده‌که‌م که به جووت وه‌فای خۆیان به گه‌ل و نیشتمان نیشان دا.
هه‌یاس کاردۆ
یه‌که‌م بزه و دوا فرمێسک
ئه‌بوو گیان، یه‌که‌مجار که کۆڕی گه‌رمی بنه‌ماڵه‌ت جێ هێشت و به‌ره‌و “سهردهرئاباد” شۆڕ بوویه‌وه، بڕیاری گۆڕانێکی گرینکت دا. ئه‌و ڕۆژه‌ی له به‌رده‌رگای مقه‌ڕی یه‌کیه‌تی لاوان له سهردهرئاباد خۆت پێ ناساندم و گوتت “ده‌بمه پێشمه‌رگه”، بزه‌یه‌کی فێنک لێوی وه‌جووڵه خستم. که تۆم بینی، هه‌ستم کرد یه‌کیه‌تی لاوان خه‌ریکه ده‌بووژێته‌وه بۆیه لاوی ئاوا به هه‌یبه‌ت ڕووی تێ ده‌کا. ئه‌و کاته‌ی دیتمی چۆن ئۆگری کتێبخانه چووکه‌که‌ی دیوه چووکه‌که‌ی مقه‌ڕ بووی، هه‌ستێکی خۆش دای¬گرتم و به خۆم گوت نا، لاوی خوێنده‌وارمان لێ په‌یدا بوون. ئه‌و ڕۆژه‌ی یه‌که‌م ئه‌رکی خاوێن کردنه‌وه‌ی مقه‌ڕت پێ ئه‌سپێردرا و جوان و به به‌رنامه جێ¬به‌جێت کرد، زانیم هاکه‌زایی نه‌هاتوویه ڕیزی پێشمه‌رگه. یه‌که‌م ڕازاندنه‌وه‌ی کۆڕی لاوانیشت له گه‌ڕه لاوژه‌ی شه‌وانی حه‌سانه‌وه‌دا، دیسان وای لێ¬کردم دڵمت پێ خۆش که‌م و داهاتوی گه‌شت له پێش¬دا ببینم. ئه‌وه‌شم چاک له بیره منداڵێکی ته‌مه‌ن پێنج شه‌ش ساڵه‌ی وابزانم “گزینگ” ناوی کادرێکی کۆمه‌ڵه که له بۆکانه‌وه ده‌گه‌ڵ دایکی هاتبوو بۆ لای بابی، وای ئۆگری به تۆ و به من په‌یدا کردبوو که دایک و بابی له بیر کردبوو. بزه و قسه‌خۆشه‌کانی تۆ بۆ “گزینگ” خه‌ریک بوو سه‌هۆڵ به‌ندانی نێوان کۆمه‌ڵه و حیزب له‌و گونده بتوێنێته‌وه.
ئه‌بوو گیان، یه‌که‌م ده‌سته‌و یه‌خه بوونی ئێمه، به تۆوه، ده‌گه‌ڵ سوپای په‌لامارده‌ری کۆماری ئیسلامیم له ده‌وروبه‌ری دێیه‌که‌ی خۆت و سهردهرئاباد باش له بیره. له‌وێ جه‌ساڕه‌ت و غیره‌ت و چوست و چالاکیی تۆم دیت و ئافه‌رینم بۆ ناردی. تۆ نیشانت دا له‌و به‌ره‌یه‌ش دا جێگای متمانه‌ی. به‌ڵام دواتر ئه‌بوو گیان، من و تۆ و هه‌ڤاڵانی دیکه له سه‌رجێ هه‌ڵقه‌ندراین و بووینه “گه‌ڕۆک”. ئیتر نه دارستانه چڕ و پڕه‌که‌ی سهردهرئاباد ما و نه بۆن و به‌رامه‌ی گوڵ و گوڵزاری ئه‌و دۆڵه پڕ له سه‌فایه. نه کتێبخانه چووكه‌که‌ی که تۆ ئۆگریت پێی هه‌بوو ئاسه‌واری ما و نه گه‌ڕه لاوژه‌ی شه‌وانه‌مان و نه دابه‌شینی کاری مقه‌ڕ. ئه‌وه‌ی ئه‌وجار له تۆم دیت و دواتریش هه‌ر دووپات بۆوه، ڕه‌وشتی خاوێن و ئاکاری باش و به‌رخوردی سه‌رده‌میانه ده‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵکه‌ی لێیان میوان ده‌بووین. جاری وابوو حه‌سوودیم پێت ده‌هات که بۆچی هه‌موو پێشمه‌رگه‌کانی دیکه پێیان خۆش بوو ده‌گه‌ڵ تۆ بکه‌ونه ماڵان. ئه‌وان ده‌یان زانی به تۆوه قه‌دریان زیاتر و زگیان تێرتره. تۆش بێ به‌ڵا بی زیاده له حه‌د شیرین کاریت ده‌کرد و ده‌ت زانی زمانی پاراوت چۆن بگێڕی.
ئه‌بوو گیان، بیر له شانۆکانت ده‌که‌مه‌وه که چۆن وه‌ک چه‌کێکی کاریگه‌ر بۆ ڕوون کردنه‌وه‌ی زه‌ینی خه‌ڵک که‌ڵکت لێ وه‌ر ده‌گرت. ده‌چووینه هه‌ر گوندێکی و ڕوومان له هه‌ر ماڵێکی ده‌کرد دایم شتێکت بۆ گوتن هه‌بوو. تۆ وات کردبوو خه‌ڵکی گونده‌کان سه‌ره‌ڕای هه‌موو قورسایی باری ژیانیان به بوونی ئێمه خۆشحاڵ بن و پشتمان بگرن. له بیرمه جارێک به هۆی پێشاندانی شانۆیه‌ک که تۆ دروستت کردبوو و ده‌گه‌ڵ لاوه‌کانی دیکه پێشانتان دا، خه‌ڵکی چه‌ند ئاوایی نامه‌یان نووسیبوو که بۆ ئه‌وانیشی به‌رین. ئه‌وه‌شم چاک له بیره هاوڕێیانی کۆمیته ناوچه‌ی “پیر محه‌مه‌د”ی حیزبی دێمۆکڕات خودا خودایان بوو ده‌گه‌ڵ ئێمه بچنه گونده‌کان چونکه به ئێمه‌وه خه‌ڵکیان چاکتر بۆ کۆ ده‌کراوه. یادی به‌خێر شه‌هید محه‌ممه‌د شاریکه‌ندی که به‌رپرسی ئه‌و کۆمیته‌یه بوو زۆرجار به جه‌فه‌نگ به منی ده‌گوت “کاکه وه‌ره کادر گۆڕینه‌وه‌ی ده‌که‌ین. ئه‌بوومان بده‌یه کێت ده‌وێ هه‌ڵگره”.
ئه‌بوو گیان، یه‌که‌م جار که ده‌گه‌ڵ خۆت سه‌ردانی ماڵتانم کرد و چاوم به دایکت که‌وت زانیم دووریی تۆ بۆ ئه‌و چه‌نده سه‌خت و به‌ژانه. ئه‌و ماچی ده‌کردم و ده‌ی گوت “کوڕه‌که‌م به تۆ ئه‌سپاردوه و ده‌بێ وه‌ك چاوت ئاگات لێی بێ”. فه‌زایه‌کی پڕ له ڕێز و خۆشه‌ویستی که له‌و ماڵه دا هه‌ستم پێ کرد، ئۆگریی منی سه‌باره‌ت به تۆ زیاد کرد و ڕێزی بنه‌ماڵه‌که‌تی لام په‌ره پێ دا. ئه‌وه‌شم هه‌ر له بیره جارێک که دایکم به بیانووی زیاره‌تی “پیرمحه‌مه‌د” بۆ دیده‌نیی من هاتبوو، داوای له تۆ ده‌کرد ئاگات له من بێ.( ئێستا که ئه‌و وشانه ده‌رده‌بڕم ناتوانم پێشی فرمێسکه‌کانم بگرم. ده‌گریم بۆ دایکت، بۆ دایکم، بۆ هه‌موو دایکه‌کانی دیکه. ده‌گریم بۆ تۆ، بۆ خۆم و بۆ هه‌موو ئه‌و ئاواتانه‌ی هه‌تا ئێستا وه‌دی نه‌هاتوون).
ئه‌بوو گیان، به‌ڵام دوایه چیمان کرد؟ گه‌ڕاین. سووڕاینه‌وه، دێهاتمان به‌سه‌ر کرده‌وه، خه‌ڵکمان دواند، خۆمان خزانده نێو شار، لاوانمان دیتن، هانمان دان، شانه‌مان لێ دروست کردن. ئه‌رکمان پێ ئه‌سپاردن، کۆڕمان بۆ خه‌ڵک گرت، شانۆمان نیشان دا، به سه‌ر ماڵان دا دابه‌ش بووین، که‌مینمان دانایه‌وه، له که‌مینان ده‌رباز بووین، ڕێگای دوورمان بڕی، شه‌وگاری سارد و ڕۆژی گه‌رممان هاتنه به‌ر، نانی ڕه‌قمان خوارد، لیباسی کۆن و ئاره‌قاویمان کرده به‌ر، له‌سه‌ر به‌رد و به بێ پێخه‌و چاومان گه‌رم کرد، لووتکه‌ی شاخانمان گرت و به چه‌ندین سه‌عات نیگابانیمان دا. ئه‌وانه و زۆری دیکه‌شمان کردن ئه‌بوو گیان. تۆ کردت، چاکیشت کرد، ده‌ستت خۆش بێ.
ئه‌بوو گیان، ڕۆژ هاتن و شه‌و چوون. مانگ هاتن و ساڵ تێپه‌ڕین. کاری من و تۆ و هاوسه‌نگه‌رانی من و تۆ، گه‌ڕان و حه‌ولدان بۆ وه‌ده‌ست هێنانی ئه‌و شته بوو که خولیای بووین. ئه‌وه‌ی که تۆ “کانیه‌ڕه‌ش”ت بۆ به جێ هێشت. من له “قه‌ره‌گۆل” دوور که‌وتمه‌وه و ئێستاش نه‌م دیته‌وه. ئه‌وی دیکه ئه‌م گوند و ئه‌و شار و ئه‌و ناوچه‌یه‌ی بۆ به‌جێ هێشت. هه‌مووی ئێمه، هه‌موی ئه‌وانه‌مان کرد ته‌نیا بۆ بۆ یه‌ک شت: ئازادی. ئای ئازدی له کوێی که نه‌ت گه‌یشتینێ؟
ئه‌بوو گیان، دواتر ڕۆژگار من و تۆی لێک دوور خسته‌وه. من له لاوان دابڕام و بۆ “داڵاهۆ” هه‌ڵدێرام. تۆ “لاو” مایه‌وه و له‌وێ ئه‌رکی قورسترت وه‌ئه‌ستۆ گرت. به‌ڵام ئه‌وه به‌و مانایه نه‌بوو پێوه‌ندیمان بپسێ و دڵمان لێک دوور که‌وێته‌وه. دواتر ئه‌بوو گیان. دواتر که بڕیارت دا هاوژینێک بۆ خۆت په‌یدا بکه‌ی و چوار دیوارییه‌ک وه‌ک ماڵ پێکه‌وه بنێی، ده‌گه‌ڵت باس کردم. ئه‌وه‌ی دڵی تۆی بردبوو کچێکی ڕووسووری به بنه‌ماڵه پێشمه‌رگه‌ی خۆشه‌وست بوو که ئه‌وه‌ش ده‌ری خست دیققه‌ت و وشیاریت بۆ بڕیارێکی ئاوا گرینگ چه‌نده له سه‌رێیه. ئای که چه‌نده خۆم سه‌ربه‌رز بینی ئه‌و کاته‌ی منت وه‌ک “برا زاوا” هه‌ڵبژارد و ئه‌رکی چوون بۆ ماڵه بووکێت پێ سپاردم. ئه‌و کات قسه‌که‌ی دایکتم وه‌بیر هاته‌وه که پێی گوتم ئاگات له کوڕه‌که‌م بێ. هه‌ر بۆیه بزه‌یه‌کی فێنکی دیکه لێوی بزووتم و هه‌ستێکی خۆش سه‌رتاپای وجوودی داگرتم. کاتێک “ترووسکه”ی هیوا ڕووی ده‌ماڵێ کردن و حه‌شیمه‌تی چواردیواری بوو به سێ، تۆم ده‌دیت چه‌نده تام له‌و ژیانه ده‌چێژی و هه‌تا چ ڕاده‌یه‌ک دڵت پێی خۆشه. ئاخ ئه‌بوو گیان که هیوات چه‌نده به‌رز و دڵت به داهاتوو چه‌ند خۆش بوو.
ئه‌بوو گیان ئه‌وه دوا بزه‌ی من له پێوه‌ندیی ده‌گه‌ڵ تۆ و ژیانی تۆ دا نه‌بوو. هه‌موو ئه‌و کاتانه‌ی نووسراوه‌یه‌کت هه‌ڵ ده‌گرت و به بزه‌ی هه‌میشه سه‌ر لێوته‌وه پێشانت ده‌دام و نه‌زه‌رت لێ وه‌رده‌گرتم، دیسان خۆشی دای ده‌گرتم. تۆ به‌رده‌وام ده‌ت نووسی و منیش به‌دایم هانم ده‌دای. تۆ هه‌نگاو به هه‌نگاو ده‌چوویه پێش و منیش جار ده‌گه‌ڵ جار لێت دڵنیاتر ده‌بووم. له بیرمه تۆ خه‌می هه‌ژارانت زۆر ده‌خوارد. ئاخر بۆخۆت یه‌ک له‌وان بووی. تۆ بۆ گۆڕینی ژیانی خۆت و ئه‌وان ڕاپه‌ڕیبووی. به‌و حاڵه‌ش هه‌ر به‌وه ڕانه‌ده‌وه‌ستای، ده‌ت نووسی و بڵاوت ده‌کرده‌وه. ئای ئه‌بوو گیان کاتێک نووسراوه‌ی “به‌ش مه‌ینه‌تان به لێشاون”تم دیت چه‌نده شوێنی له‌سه‌ر دانام. تۆ له‌و نووسراوه‌یه‌دا په‌رده‌ی شانۆیه‌کی ڕاستینت له ژیانی خه‌ڵک نیشان دابوو. تۆ ژیانی خه‌ڵکت ده‌رک ده‌کرد و هه‌ر بۆیه‌ش ده‌ت زانی چۆنی له‌سه‌ر بنووسی.
ئه‌بوو گیان، ئه‌گه‌ر ژیان به خۆزگه و بریا به‌ڕێوه چووبا، خۆزگه‌م ده‌خواست قه‌ت کاک قادر وریا ئه‌و هه‌واڵه جه‌رگبڕه‌ی پێ نه‌دابام که ئیتر تازه ناتوانم تۆ ببینمه‌وه. ئاخر تۆ هاوڕێی هه‌ر دووکمان بووی و لامان زۆر خۆشه‌ویست بووی. ئاگام لێ نیه ئه‌و چۆنی زانیبوو، به‌ڵام کاتێک به منی گوت نازانم به چ زمانێک تێت بگه‌یه‌نم که چ خه‌مێک دای گرتم. هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم، ئه‌وه‌نده‌ی ناسینت، لێک نیزیک بوونمان، پێکه‌وه کار کردنمان، سه‌رکه‌وتنه‌کان و لێک تێگه‌یشتنه‌کانمان، زه‌ماوه‌ند و خۆشییه‌کانی ئه‌و ده‌واره‌نه‌ت، هاتنی “ترووسکه” و هیواکانی به‌وت هه‌بوو، نووسینه‌کانت و به‌رده‌وامیت له‌و بواره‌دا بزه‌یان ده‌خسته سه‌ر لێوم، سه‌ت هێنده هه‌واڵی کۆچت خه‌می لێ بار کردم. باش له بیرمه له کۆڕی به‌ش کردنی خه‌مه‌کانمان¬دا له ماڵی خه‌زوورت، ئه‌من نه‌م توانی دانیشم و چووم له ده‌ره‌وه له گۆشه‌یه‌ک، تۆڵه‌ی هه‌موو بزه‌کانی ڕابوردووم به هه‌ڵه‌وه‌راندنی فرمێسک کرده‌وه. ئاخر کانیی فرمێسکی من وه‌ختێک هه‌ڵقوڵی که دوکتۆر قاسملوو له ده‌ست چوو. بۆ له ده‌ست چوونی تۆ دیسان وه‌خۆ که‌وته‌وه.
ئه‌بوو گیان، پێت وا نه‌بێ له‌و کاته‌وه هه‌تا ئێستا تۆم له بیر نه‌بوه. باوه‌ڕ بکه تۆ له بیر ناچی. تۆ له دڵم دا ده‌ژی و ده‌گه‌ڵ هیوا و ئاواته‌کانم تێکه‌ڵاوی. له یادی بیست ساڵه‌ی شه‌هید بوونت دا ئه‌وه جارێکی دیکه‌ش کانیی فرمێسکه‌کانم وه‌خۆ که‌وتنه‌وه و جۆبارێکیان له به‌ر ده‌مم دا ساز کرد. هه‌وڵی تۆ ئه‌وه بوو خه‌م و فرمێسک نه‌مێنێ. هه‌وڵی ئێمه‌ش هه‌ر ئه‌وه‌یه. تۆ بخه‌وه، خه‌وت خۆش. هیوای گه‌ل به‌رزه و سه‌رئه‌نجام ئه‌و ڕۆژه هه‌ر دێ. ئه‌و کات دڵنیات ده‌که‌م جارێکی دیکه، به یادی تۆ و تایبه‌ت بۆ تۆ بزیه‌کی فێنک جارێکی دیکه لێوه‌کانم ببزێوێ.
هه‌یاس کاردۆ – ئوستڕالیا – 2011.06.27