ئەحمەد قادری
بەبۆنەی بیستو دووهەمین ساڵڕۆژی شههیدبوونی، شەهیدان محەممەد ئەحمەدشەم (ئەسپۆغەیی)، تاهیر حامیدی (پرۆلیتێر) و ئەحمەد قادری (ئەحمەدە چکۆل) (1989.06.11) ئەوانەی بە درێژایی سەد هێندەی پشتێنە خوێناوییەکەی خۆیانەوە بە قوڵایی باوڕیاندا بە دڵی مێژوودا چوونە خوارێ، ئەوانەی هەموو شهوێ وەک ملوانکەی ئەستێرەکانی کەهکەشان لە رۆژههڵاتهوه تا رۆژئاوا لە سەر سەرمان سەما دهکهنو دەدرەوشێنەوە، ئەوانەی هەموو رۆژێک وەک باڵندە لە ئاسمانی یادەکانماندا لە فڕین دان، ئەوانەی لەسەر عەرز لەگەڵمان بوونو که لە نێو گڵکۆشن لە دڵماندان. ئەوانەی هەبوونو هەنو هەر دەمێننەوەو قەت کاڵ نابنەوە، کیژو کوڕانی میللەتن کە لەو خاکە بوونو بۆ ئەو گەلو نیشتمانە ژیانو، لە کۆتاییشدا هەر ئاوێتەی ئەم خاکە بوونەوە، ئەوانە پیشمەرگە بوون، پێشمەرگانە ژیانو پێشمەرگانەش شەهید بوون. لە کوێڕا دەست پێ بکەم بە چی دەست پێ بکەم؟ چی بنووسمو چۆن کۆتایی پێ بێنم؟ چۆناوچۆن باسی فەرماندەرێک بکەم کە لە شەڕی چیای وەنەوشەی سهقز دا هێندە لە سەنگەری دوژمن چووە پێش کە لەکاتی تەقەکردندا لولەی چەکی نەیاری گرتو لە سەنگەر دەری کێشا بەچەشنێک هەموو بەری دەستی بە گەرمای لوولەی چەکەکە سووتا. بۆ دۆزینەوەی وشەیەک کە مانای فیداکاری، بوێری، بە ئیمانی، سادقیو وەفاداریو هێمنی بگەیەنێ، دەبێ پهنا بۆ کام فەرهەنگو قامووسو دیکشینێرێک بەرم تاکوو لە بەرامبەر ناوی محەممەد ئەسپۆغەیی دانێم تا کاڵای بەقەد باڵا بێ بۆ ئەو پارتیزانە بەئیمانە؟ بۆ ئەسپۆغەییەک کە پاش شەهید بوونی هاوڕێیانی شەهیدان تاهیر پرولێترو ئەحمەدە چکۆل بە دەم شەڕەوە لە کاتێکدا کە بە سەدان بەکرێگیراو بە رۆژی رووناک گەمارۆیان داوە، خۆ دەگەیەنێتە چاڵە گەنمێکو تا دوایین فیشەک شەڕ دەکا، پاشان بە شاهیدی خەڵکی ئاوایی “شێخلەر” هاوار دەکا: “خۆفرۆشان مەحاڵە منتان بە زیندوویی دەست کەوێ” و بە دوایین گوللە کۆتایی بە ژیانی پڕ لە شانازیی خۆی دێنێ. هێندێک جار ئهو کفره به بیرم دادێ که له رێگای گەیشتن به ئازادی، ئینسانی ئهونده گهورهو بهوهجمان پێشکهش به بارهگاکهی کردوه که له ئازادییەکه بهنرختر بوون.بهلام ههر زوو وهبیر ئهو ههڵبەستهی ” اقبال لاهوری” دا دهکهومهوه که باسی رۆیشتنو رانهوستان دهکا تا مانایی واقعیی ژیان بسەلمێندرێ. ساحل افتاده گفت : « گر چه بسی زیستم هیچ نه معلوم شد آه كه من كیستم .» موج ز خود رفته ای، تیز خرامید و گفت : هستم اگر می روم گر نروم نیستم یان وهک هێمن ذهڵی دهڕۆم بهرهو ئاسۆ، بهرهو ئاسۆی ڕوون دهڕۆم دهڕۆم ! تا ترۆپكی رزگار بوون شەهید محەممەدی ئەحمەدشەم کوڕێکی سادەو ساکارو زەحمەتکێشێکی ناوچهی بەپیتو بەرەکەتی “ئەحمەدی کۆڕ”ی بۆکان بوو، وەک زۆر پێشمەرگەی دیکە هەڵگری ناسناوی ئاواییەکەیان واتە “ئەسپۆغە” بوو. کوڕێکی شۆڕشگێر، زانا، بە ئەخلاق، مودیر، فەرماندەیەکی بە بەرنامە و پێشمەرگەیەکی ئازا، مرۆڤێکی پاکو خاوێنو بەنەزمو دیسیپلین بوو. هاوڕێیەکی بەئەمەگو پێشمەرگەیەکی خاکی وەک جلوبەرگەکەی خۆی. پاش تێپەڕکردنی پلەکانی پێشتری وەک جێگری پەلو سەرپەلو جێگری لک، بە ئازاییەتیو کارزانیی خۆی، کرا بە فەرماندەری لکی ٢ی هێزی بەیان. ئەوانەی لە نزیکەوە دەیانناسی، هەموو کات باسی ئەوە دەکەنو لە شتێک دەگەڕێن کە نەیکردبێ بۆ ئەوەی میللەتەکەی بگەیەنێتە هەواری سەرکەوتن. تا ئێستاشی لەگەڵ بێ هیچیان پێ شک نایە، بەڵام بە سەدان خوو خدەو حەماسەخوڵقێنیو کاری باشی ئەویان لەبەر چاو و زەینە و لەبیریان ناچێتەوە. ئەسپۆغەیی گیان زۆر شتم لە مێشکدایە کە بینووسم سەبارەت بە تۆی هەمیشە خوێنگهرمو هەمیشه زیندوو، هەرچی دەکەم بۆم نایەتە سەر کاغەزی بێگیانو ساردو سڕ. بەڵام ئەو چەند دێڕە هەر دەنووسم با بمێنێ بۆ نەوەی داهاتوو. لە دژوارترین ساڵەکانی خەباتو تێکۆشاندا فەرماندەریت دەکرد. هەموو کات لە سەنگەری پێشەوەی پێشەوە دا بووی. زۆرمان ماوینو لەبیرمانە ئەو رۆژەی شەهیدان کاک ئازاد ئیسماعیلی، عەلی تەنومەندو عەزیزی کیانی لە سەرچاوەکەی قەمتەرەی بورهان حەماسەیان خوڵقاندو شەهید بوون، شەهید وەستا ئەحمەدی هەمیشە زیندوو زۆر هاواری کرد: هەڵگورد، هەڵگورد (کە ناوی بێسیمەکەت بوو) هێزێکی لە رادەبەدەر گەمارۆیان داون. بە خۆتو پێشمەرگهکانتهوه پاشەکشە بکە. تۆش وتت: وەستا یان منیش شەهید دەبم یان ئەو شەهیدانە بە جێ ناهێڵم. ههر واشت کرد تا تاریک بوونی هەوا پێشمەرگەکانت فەرماندەیی کرد و ورەت دانێو شەهیدەکانت بەجێ نەهێشت، بۆ بەیانی شەهید ئەبوو کانی ڕەشی بە ئودکلۆنە تیروزەکەی نێو کۆڵەپشتیەکەی شەهیدەکانی گوڵاوپرژێن کردو ئێوارەی هەمان رۆژ لە لایەن شەهید عەبدوڵڵای شەریفییەوە رادەستی خەڵکی ئاوایی “قۆڵغەتەپە” کران بۆ ئەوەی لەوێ خەڵکی خۆراگری ئەم دەڤەرە، بە خاکی پیرۆزی نیشتمانە خۆشەویستەکەیانیان بسپێرن. ئەدی چۆن باسی لەخۆبردوویی ئەو جارەیانت نەکەم کاتێک تەرمی شەهیدان مەنسوور فەقێ مینەو دوکتۆر جەعفەر ئەحمەدپوور کە بە تێل دڕووی پایگای ئاوایی “باغی شێخان”ەوە بە جێ مابوون، تۆ بە لەخۆبردووییو نەترسانە لە نێو زاری ئەژدیهات دەر هێنانەوە؟ ئەسپۆغەیی گیان: تۆ هێندە بەرزی دەستی لەرزۆکی من تەنانەت ناگاتە خوارەوەی داوێنی قەدو باڵای مێرانەت تا وەسفی دلیرو مێرخاسییت بنووسم بەلام بێدەنگیشم لەئاست رەوشتی بەرزت بێئەمەگیی قوتابیەک نەبێ چی دەگەیەنێ؟ هەربۆیە لێم ببوورە ئەگەر پێنووسم دەربڕی هزری بەرزی تۆ نیە. زایەڵەی قسە خۆشەکانو دەنگە خۆشەکەت هەر لە گوێمدایە، کە کوڵمەکانت سوور هەڵدەگەڕانو لە ژێر چادرەکەی سەر مەنبەعی ئاوەکەی ئێندزێ قسەی خۆشت بۆ کەمالی فازلی ، حوسێنی بەقالی، من و سەید ئەحمەدی توڕابی دەگێڕایەوەو گۆرانیی شیرین بەهارەی مامۆستا تاهیر تەوفیقت بۆ دەچڕین. وەک ئێستا لەبیرمه پاش شەهید بوونی بێسیمچیەکەت (دوکتور جەعفەر) لە”باغی شێخان” پاش ماوەیەک چووینه کوێستانی “تۆرە” کە حوسێن بەقاڵی نەخۆش کەوت بانگت کردمو کوتت دەتەوێ لەگەڵم بیو ئەو بێسیمە هەڵگری؟ منیش سەیرێکی بێسیمەکەم کرد خوێنی شەهید جەعفەر بەسەر بەرگەکەیەوە هەر مابوو. بوغز گەرووی گرتمو چاوم لەسەر هەڵنەدەبڕی. بە زەردەخەنەیەکەوە کوتت: ئەوە لە خۆت ڕانابینی؟ کوتم من چیای هەڵگوردم (هەڵگورد ناوی بێسیمی ئەسپۆغەیی بوو) لەگەڵ بێ باکم لە کەس نیە! بەڵام باوەڕ بکە کاک محەممەد هیچی لێ نازانم. کوتت هەموویان هەر وا بوون تۆش فێر دەبێ. پاشان شوێنی باترییەکانی پیشان دام و کوتی، گرینگ باترییەکانیەتی. هەوڵ بدە هەرگیز باتریت لێ نەبڕێ، پارتیزان دەبێ هەموو شتێک بزانێ. ئەسپۆغەیی گیان دڵنیا بە یەکێکی لەو سەدان ستوونو کۆڵەکە بەهێزانەی کە بە قەدەر باوەڕت قووڵ قووڵ بە ناخی ئەو خاکەدا رۆچوویو بووی بە ستوونی قایمی کۆشکی ئازادی کە هێندەی نەماوەو لە تەواو بوون دایە. ئەگەر ئێوە نەبووبایەن، بناغەی ئەو کۆشکە قەت ئەوەندە قایمو پتەو نەدەبوو. شەهید کاک تاهیر حامیدی ناسراو بە “تاهیر پرولتێر” پێشمەرگەیەکی بەوەجو تێکۆشەرێکی بەئیمانو رووناکبیرێکی بەرچاو روونو پارتیزانێکی بەتەواو مانا بوو. مرۆڤێکی لەسەرەخۆو کادرێکی بەئەزموون، سیاستوانێکی لێزان بوو. شەهید ئەحمەدی قادری (ئەحمەدە چکۆل) کوڕێکی قسەخۆش، خوێنشیرینو لەبەردڵانو پێشمەرگەیەکی ئازاو شەڕکەرو برینپێچێکی نەترسو بەورەو کادرێکی شارەزاو بەدەستەوە بوو، هەموو کات هیوا بەسەرکەوتن لە نێو چاوەکانیدا دەترووسکایەوە. ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی لە کوێستانەکانی “کانی کیژان” لە پشتی ئاوایی “مێرگەنەخشینە” نزیک بە ٢٥ پێشمەرگە بووین کە ئەو سێ تێکۆشەرە لێمان جودا بوونەوەو بەرەو قووڵایی ناوچە وەڕێکەوتن تا تۆوی زیاترو زیاتری شۆڕش لە نێو دڵی زەحمەتکێشانی ناوچەدا بچێنن. ریزمان بەستو هەموومانیان ماچ کردو ماڵئاواییان لێ کردین. پاش نزیک بە سی رۆژ واته 11/06/1989 ئێمە لە باغەکانی “خۆراسانە” مابووینەوە. ئەوانیش چووبوونە ئاوایی “شیخلەر” لەسەر جادەی مەهاباد ـ بۆکان لە ٥ کیلومیتریی شاری بۆکان. لە لایەن خۆفرۆشێکەوە شوێنەکەیان بە رژیم دەفرۆشرێو هەر وەک باسم کرد، لە شەڕێکی قارەمانانەدا جاشێک بە سزای خۆی دەگەیەننو کاک تاهیر و ئەحمەد شەهید دەبن. ئەسپۆغەش کەلوپەلەکانی نێو گیرفانیان لە ناو دەباو بۆخۆشی بەدەم شەڕەوە خۆی دەگەیەنێتە چاڵە گەنمێکو بەرەنگاری دوژمن دەبێتەوەو هەوڵ دەدا تا هەوا بەرەو تاریکی دەڕوا بەرخۆدان بکا. بەڵام بەداخەوە فیشەکی لێ دەبڕێو لە کۆتاییدا خۆی شەهید دەکا. هەر چوارتەنیشتی گیرابوو لەسەنگەرێکدا بە تەنێ ئەو لاوەی بەڵێنی دابوو هەتاکوو مردن چەک دانەنێپشووسوار و گەروو وشک گەرم ببوو چەکی دەستی بەڵام هێشتا نەلەرزیبوو دڵی پڕ لە هیوا و هەستی هەرچەندە ئاڵقەی گەمارۆ رووناکبیرێکی تا ئەمڕۆ دیسان خوێنی قارەمانێک دوا نیگای بڕیە لای ئاسۆ لە ناو خوێندا دەتلێتەوە |