سمایل ره‌حیم زاده

چەند وتەیەک بە یادی شەهید “ئازاد”!

یەکەم ڕۆژی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوییە. شەڕی ئێران- عێڕاق تەواو بووە و هێزەکانی ڕێژیم زۆربەیان هێنراوەنەتەوە کوردستان و ڕۆژ نییە شەڕ بە پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان نەفرۆشن.
ئەمڕۆش دەستەیک پێشمەرگەی شەکەت و ماندوو لە شەڕی ڕۆژی پێشتر، لە بەرزاییەکانی “قوشەهوو”ی ناوچەی مەهاباد بارگەیان خستوە. جگە لە گۆرانیی شوانێک و جریوەی چەند مەلی کێوی لە نیزیکەوە و دەنگی تۆپخانەی دوژمن لە دوورەوە هیچی دیکە نابیسی. بەڕواڵەت قاوەڵتوونێکی هێمنە.
خۆر هێدی هێدی خۆی گەیاندۆتە نێوەڕاستی ئاسمان و لەوێ چەقیوە. پێشمەرگە هەمووی لە خەو هەستاون و کەترییە ڕەشەیان وەسەر ئاگری ناوە و لە بن گاشە بەردان پاڵیان لێ داوەتەوە. تیمی دیدەبانی کە هەر لە نیوەشەوەوە لە بەرزترین لووتکەی ناوچە دامەزراوە، وەستا ئەحمەدی ئاگادار دەکا کە هێزێکی زۆری دوژمن ڕاست بە شوێن پێی ئەو پۆلە پێشمەرگەدا کە شەوی ڕابوردوو بۆ هێنانی خواردەمەنی چووبوونە ئاوایی، خەریکە بۆ لایان هەڵ دەکشێ.
لە ژێر سێبەری گاشە بەردێکی گەورە، وەستا ئەحمەد، ئازاد، محەممەد تۆپچی و چەند کەسێکی دیکە بە دەم چا خواردنەوە خەریکی قسان بوون. دوای بیستنی پەیامی محەممەد ئەسپوغەیی، وەستا خێرا دەستی بە سازماندانی پێشمەرگە کرد و هەر پەلەی بۆ لایەکی نارد. هێزی پێشەواش دیارە لە لایەن بەرپرسانی خۆیانەوە سازمان دران و چەند میحوەری شەڕگەکەیان گرت.
“ئازاد” زۆر بە هێمنی لە کاتێک دا ڕەخت و تفەنگی لە خۆی دەبەست و بێسیمەکەی بە دەستەوە بوو، بە بزەوە ڕووی لە وەستا ئەحمەد کرد و گوتی من دەگەڵ ئەو تیمە دەبم کە قەرارە بچێتە لای تیمی دیدەبانی و لە پشتەوەی شەڕگەکە دان. سەرەڕای دژایەتیی کۆمیتەی شارستان و فەرماندەری هێز، ئازاد لە سەر پیداگریی خۆی بەرەو چیا هەڵکشا. دوایین وشە کە لە ئازادم بیست و دایم لە گوێم دا دەزرینگێتەوە ئەوە بوو: ئەمن لە مێژە ساغ بوومەوە و خۆم بۆ شۆڕش داناوە. بۆیە ئەگەر هەموو ئەڕتەشی ئێرانمان وەسەر گەڕێ باکم نییە.
نیوەڕۆیە و خۆر بە هەموو توانایەوە گەرما بە سەر زەوی وەردەکا. تینی خۆر، بۆنی تۆز و باڕووت و تینویەتی تێکەڵ بوون. دووکەڵ بە وێنەی تەم و مژێکی قورس لە سەر مەیدانی شەڕ پەنگی خواردۆتەوە. هێزی زۆر و حەساوەی ڕێژیم بە توندی خەریکی پێشڕەوییە و لە بەر تۆز و دووکەڵ چاو چاو نابینێ. ڕمبەی تۆپ، ویزەی گوللە، گرمەی نارنجۆک و نەعرەتەی شێرانەی پێشمەرگە ئاوێتەی یەک بوون.
زەمان وەک وەستابێ وابوو. خۆر، زۆر بە ئەسپایی، وەک ڕێبوارێکی شەکەت ڕێگای دەبڕی. ڕێژیم دەیهەویست هەرچۆنێک بێ ئەو بەرزاییە بە پێشمەرگەکان چۆل بکا و خۆی لێی جێگیر بێ بۆ ئەوەی بە سەر مەیدانی شەڕ دا زاڵ بێ. بەڵام ئازایەتیی محەممەد ئەسپوغەیی و ئازاد و پێشمەرگەکانی دیکە ئەو مەجالەی پێ نەدەدا. ئەسپوغەیی کە ئەزموونێکی زۆری شەڕی هەبوو وەستا ئەحمەدی ئاگادار کرد کە ئازاد بە توندی بریندار بووە. بۆ ئێمە ڕوون بوو کە ئازاد شەهید کراوە و تا ئاخر قۆناغەکان و دواساتەکانی ژیانی لە بەرامبەر هێزی دوژمن دا بەربەرەکانیی کردوە.
قوشەهوو مەیدانی نەبەردی نێوان سەدان جینایەتکاری پۆشتە و پڕ چەکی دوژمن کە بە دەیان ماشێنی پڕ لە کەرەسەی شەڕ و جۆرەها چەکی قورس پشتیوانی دەکران، دەگەڵ ژمارەیەکی کەمی هێزی بە ورەی پێشمەرگە بوو کە ئامادە بوون گیانی خۆیان فیدای پارێژگاریی لە کوردستان بکەن. دوژمن فشارێکی زۆری دەهێنا بۆ ئەوەی هەم ورەی پێشمەرگە تێک بشکێنێ و هەم دەستی وە جەنازەی شەهیدەکان ڕابگا. وەستا ئەحمەد لە حاڵێک دا زۆر بە پەرۆشەوە گوێی لە هەواڵی دوو شەهیدی تری ئەو جەبهەیە بوو، بە ئەسپوغەیی گوت تا بۆت دەکرێ نەیەڵی دوژمن دەستی بە جەنازەکان ڕا بگا. گوێم لە دەنگی شێرانەی محەممەد بوو کە دەیگوت، نا بە هیچ جۆر رێگای پێ نادەین مەگەر کەسمان نەمێنێ.
سوپای شەو خەریک بوو مەیدان بە هێزی ڕۆژ چۆل بکا. لە ئێوارەیەکی درەنگ وەخت دا بە هیممەتی هاوڕێیانی پێشمەرگە، هەر سێ شەهیدەکان، واتە سمایل ڕەحیم زادە(ئازاد)، عەلی تەنوومەند و عەزیز کیانی گوێزرانەوە پشتی بەرەکانی شەڕ. لە کاتێک دا گوللەی بەکرێگیراوێک سەری ئازادی پێکابوو، هەر بە بزەی سەر لێویەوە کە تایبەتمەندیی خۆی بوو چاوی لە سەر یەک دانابوون و ماڵ ئاوایی لە خاک و گەل و هاوسەنگەرانی کردبوو.
سمایل ڕەحیم زادە (ئازاد) ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی لە بۆکان لە دایک بوو. تا ساڵی سێهەمی دەبیرستان دەرسی خوێند و بە هۆی گۆڕانی وەزع لە ئێران درێژەی بەخوێندن نەدا. ساڵی ١٣٥٨ هەتا ٦٢ لە ڕیزەکانی “اتحادیە کمونیستهای ایران” دا تێکۆشانی هەبوو کە لە شەڕی چەکدارانەی ئەو سازمانە دەگەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری ئامولی مازەندەران دەورێکی کاریگەری هەبوو و بە یەکێک لە ئازاترین پارتیزانەکانی ئەو سەردەم بە حیساب دەهات. ساڵی ١٣٦٢ چووە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێمۆکڕات و لە هێزی بەیان دا دەستی بە پێشمەرگایەتی کرد. ساڵەکانی ٦٣ هەتا ٦٥ وەک مامۆستای ڕاهێنانی پێشمەرگە لە فێرگەی حیزب کاری پێ ئەسپێردرا و سەدان کەسی ڕاهێنان. ساڵی ٦٥ هەتا ٦٧ وەک ئەندامی کۆمیتە شارستانی بۆکان، کادری سیاسیی لک، بەرپرسی تەشکیلاتی ناوشاری بۆکان کرد و لە زۆربەی هەرە زۆری عەمەلیاتەکانی ئەو ساڵانە دا بەشداریی چالاکانەی هەبوو.
ئازاد بە ئومێدەوە پێی نایە نێو مەیدانی خەبات، بە دڵەوە درێژەی دا، بە لێوەشاییەوە ئەرکی خۆی بە جێ هێنا و بە شەهامەتەوە بەرەو پیری مەرگ چوو. ئازاد نموونەی ئەو خەباتکارانە بوو کە بیر و جەستەی بۆ خزمەت بە ئامانجی پیرۆزی تەرخان کرد و بەڵێنی خۆشی بردە سەر کە یا مەرگ یا ئازادی بوو.
یادی ئازاد و باقیی شەهیدانی ڕێگاگی ئازادیی کوردستان بەرز و بەڕێز بێ و ڕێگای پیرۆزیان کە ڕێگای ئازادییە بەردەوام بێ.

سەلاح ئەسەدپوور

ئوستڕالیا – 2012.04.24

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت