
- خه‌ڵکی :پیرانشار
- له دایکبووی : 1331 ی هەتاوی
- کاتی شه‌هیدبوون : 2018.09.08
- شوێنی شه‌هیدبوون : قەڵا
- شوێنی گڵکۆ : کۆیە
- چۆنیه‌تیی شه‌هیدبوون : مووشەک باران
- ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
شه‌هید ڕه‌حمان پیرۆتی ناسراو بە میرزا ڕەحمان کوڕی کاک فەقێ ڕه‌سووڵ، ساڵی 1331ی هه‌تاوی له بنه‌ماڵه‌یه‌کی نیشتماندۆستی ناوچەی لاجانی شاری پیرانشار چاوی بۆ ژیان کرده‌وه. پاش تێپه‌ڕکردنی قۆناغی ساوایی له یه‌کێک له خوێندنگه‌کانی ئه‌و شاره‌دا پیته‌کانی ئهلف و بێی ناسین و له‌گه‌ڵ دنیای فێربوونی زانست ئاشنا بوو. ژیرانه ده‌رسی خوێند و وه‌ک قوتابییه‌کی زیره‌ک قۆناغه‌کانی خوێندنی یه‌ک له دوای یه‌ک به سه‌رکه‌وتنه‌وه بڕین و بڕوانامه‌ی دیپڵۆمی وه‌ده‌ست هێنا.
کاک ڕه‌حمان هێشتا ته‌مه‌نی زۆر له سه‌رێ نه‌بوو که ساڵی 1356ی هه‌تاوی له ڕێگای سه‌ید ڕه‌سووڵی دێهقان ناسراو به سه‌ید ڕه‌سووڵی بابی گه‌وره‌وه له‌گه‌ڵ ڕێبازی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ئاشنا بوو. به دوای سه‌رکه‌وتنی ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران به‌سه‌ر ڕێژیمی پاشایه‌تی و ده‌ست پێکردنه‌وه‌ی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێموکڕات‌دا، بۆ دیفاع له ده‌سکه‌وته‌کانی شۆڕش چه‌کی شه‌ڕه‌فی کرده شان و له ڕیزی مه‌شخه‌ڵدارانی هێزی شه‌هید ئاواره سه‌ر به ناوچه‌ی پیرانشاردا سازمان درا.
کاک ڕه‌حمان یه‌کێک له‌و لاوه فیداکار و ئه‌رک وه‌خۆگرانه بوو که زۆر زوو له بواری نیزامی‌دا گه‌شه‌ی کرد و گه‌یشته پله‌ی به‌رپرسایه‌تی. سه‌ره‌تا وه‌ک فه‌رمانده‌ری په‌لێک له پێشمه‌رگه‌کان دیاری کرا و، پاش ماوه‌یه‌ک فه‌رمانده‌یی ده‌سته‌یه‌ک له پێشمه‌رگه‌کانی وه ئه‌ستۆ گرت. به‌ڵام کاک ڕه‌حمان ته‌نیا فه‌رمانده‌یه‌کی هه‌ڵکه‌وتووی نیزامی نه‌بوو، به‌ڵکوو له بواره‌کانی سیاسی و ته‌شکیلاتیشدا به حه‌ق لێوەشاوە بوو. له خۆڕا نه‌بوو که زۆر زوو متمانه‌ی هاوسه‌نگه‌ره‌کانی وه‌ده‌ست هێنا و به ئه‌ندامی کۆمیته‌ی شارستانی پیرانشار هه‌ڵبژێردرا و ئه‌رکی سه‌ر شانی قورس‌تر بوو. کاک ڕه‌حمان که ڕۆژ به ڕۆژ له مه‌یدانی کرده‌وه‌دا لێهاتوویی خۆی زیاتر نیشان ده‌دا، پاش ماوه‌یه‌ک ئه‌رکی فه‌رمانده‌ریی لکی پێ سپێردرا و هه‌ر به‌و ئیمان و باوه‌ڕه‌وه درێژه‌ی به ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رکی پیرۆزی دا. به‌ڵام ئه‌وه دوایین به‌رپرسایه‌تیی ناوبراو نه‌بوو. زۆری پێ نه‌چوو که به هۆی شاره‌زابوونی له هونه‌ری نیزامی‌دا به جێگری فه‌رمانده‌ری هێزی شه‌هید ئاواره دیاریی کرا.
کاک ڕه‌حمان یه‌کێک له‌و کادره خاوه‌ن بیر و باوه‌ڕانه بوو که له هه‌ر مه‌ڵبه‌ندێکی کوردستان ئه‌رکی بۆ دیاری کرابا، بێ دوودڵی و ڕاڕایی قه‌بووڵی ده‌کرد و هه‌موو ناوچه‌کانی به ماڵی خۆی ده‌زانی. ساڵی 1359 بۆ ناوچه‌ی شنۆ نه‌قڵ کرا، بووە ئەندامی کۆمیتەی شارستانی شنۆ و به‌رپرسایه‌تیی هێزی شه‌هید سمکۆی پێ سپێردرا و زۆر زوو له نێو دڵی هاوسهنگهرانیدا جێی خۆی کرده‌وه و به‌و په‌ڕی دڵگه‌رمییه‌وه شانی دایه به‌ر ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رکه نیزامییه‌کانی و، له زۆرعهمهلیاتی سه‌رکه‌وتووانه‌دا، لەوانە زنجیرە عەمەلیاتەکانی دەڕرەی قاسملوو فه‌رمانده‌یی پێشمه‌رگه‌کانی کرد. به‌ڵام ئه‌وه‌ش دوایین به‌رپرسایه‌تیی کاک ڕه‌حمان نه‌بوو. ڕۆژ به ڕۆژ له مه‌یدانی کرده‌وه‌دا زیاتر هێز و توانای خۆی ده‌سه‌لماند و، خۆی بۆ وه‌ئه‌ستۆ گرتنی ئه‌رکی قورس‌تر ئاماده ده‌کرد. پاش ماوه‌یه‌ک بۆ ناوچه‌ی بۆکان نه‌قڵ کرا و به فه‌رمانده‌ریی هێزی 110ی به‌یان دیاریی کرا و هه‌ر به‌و دڵگه‌رمییه‌وه درێژه‌ی به ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رکی پێ سپێردراوی دا.
کاک ڕه‌حمان که وێڕای ئه‌نجام دانی ئه‌رکه نیزامییه‌کانی ئه‌ندامی کۆمیته‌ی شارستانی بۆکانیش بوو، ساڵی 1360ی هه‌تاوی به هێندێک هۆی تایبه‌ت له ئه‌رکی حیزبی دوور که‌وته‌وه و گه‌ڕایه‌وه نێو ماڵ و خێزانی و ژیانی ئاسایی ده‌ست پێ کرده‌وه. کاک ڕه‌حمان بۆ ماوه‌ی چوار ساڵان له ئه‌رکی حیزبی دابڕا، به‌ڵام ئه‌و دابڕانه هه‌میشه‌یی نه‌بوو، دوای ئه‌و چوار ساڵه له سه‌ردانێکی ده‌فته‌ری سیاسی‌دا پێوه‌ندیی ته‌شکیلاتیی له‌گه‌ڵ حیزبه‌که‌ی نوێ کرده‌وه و، وه‌ک ئاڵقه‌ی پێوه‌ندیی نێوان حیزب و ئه‌ندامانی نێوخۆ ئه‌رکی پێ سپێراوی به‌ڕێوه برد. لەو ماوەدا رۆڵی بەرچاوی لە پێوەندیی حیزب بە ناوخۆی رۆژھەڵات و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی حیزب لە ناوخۆ ھەبووە و وەک کەسایەتییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەک تەنیا لە پیرانشار و دەورووبەری بەڵکوو لە ھاندانی خەڵک بەتایبەت خوێندکار و کەسایەتییەکان و نوێنەرانی پەرڵەمان بۆ داکۆکی کردن لە مافی نەتەوەیی ھەڵسوڕاوە. ئه‌و هه‌ڵسووڕان و تێکۆشانه سیخوڕه‌کانی ڕێژیمی وه گومان خست و به‌رده‌وام له ژێر چاوه‌دێریدا بوو، هه‌ر بۆیه مه‌ودای حه‌وانه‌وه‌ی لێ به‌رته‌سک بۆوه و، ساڵی 1386ی هه‌تاوی به ناچار زێد و ژینگه‌ی خۆی به‌جێ¬هێشت و به بنه‌ماڵه‌وه په‌ڕیوه‌ی باشووری کوردستان بوون و، وه‌ک ئه‌ندامێکی چالاک ئه‌رکی وه ئه‌ستۆ گرته‌وه. ساڵی 1386 کاک ڕەحمان کە لەلایەن حیزبەوە وەک میوان بۆ بەشداری کردن لە کۆنگرەی ١٤دەعوەت کرابوو، دەنگی متمانەی بەشدارانی کۆنگرەی وەدەست هێنا و بە ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا، و لەدابەشکردنی ئەرک وبەرپرسایەتییەکانی کۆنگرەدا بە ئەندامی کۆمیسیونی تەشکیلات دیاری‌کرا، و بەرپرسایەتی هەرێمی ئاگری پێ‌سپێردرا و چالاکانە شانی دایە بەر ڕاپەڕاندنی ئەرکە تەشکیلاتییەکان، و ماندوویی نەناسانە لە خزمەت بەرژەوەندییە گشتییەکانی حیزب لە ناوخۆی وڵات لە پیوەندیی تەشکیلاتیدا بوو. کاک ڕەحمان یەکێک لەو کادرە خاوەن ئیرادە و بیر‌و باوەڕانە بوو کە لە کارکردن‌دا ماندوویی نەدەناسی، و لە دژواری سەر ڕێگای تێکۆشانی سڵی نەدەکرد، چ لەبواری سیاسی و چ لە بواری نیزامی‌دا بە حەق کادر بوو، ئەو تایبەتمەندییانەو زۆر تایبەتمەندیی پەسندی دیکە ئەویان کردبووە خۆشەویست و جێی بڕوا و متمانەی هاوڕێیانی. لە خۆڕا نەبوو لە کۆنگرەی پازدەهەمی حیزب کە لە سالی ١٣٩٠ی هەتاوی پێک هات، دەنگی متمانەی بەشدارانی کۆنگرەی وەدەست هێنا و بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا کە بە حەق شیاوی ئەو پلەوپایە بوو.
لە کۆنگرەی شازدەهەمی حیزب‌دا بۆ جارێکی دیکه بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە و درێژەی بە تێکۆشانی دا. دوایین بەرپرسایەتی کاک ڕەحمان لە کۆمیسیۆنی ئامووزش بوو کە بە هۆی شارەزابوون لەو بوارەدا بە ئەندامی ئەو کۆمیسۆنە دیاری کرا و هەر بەو ئیمان و ئیرادەیەوە و بە هێزەوە شانی دایە بەر بەڕێوەبردنی ئەرکی پیرۆزی و چ لەبواری وانەووتنەوە لە دەورە سیاسییەکاندا و چ لە بواری نووسینی وتار و توێژینەوەی سیاسی و مێژوویەکاندا یەکێک لەو کادرە بە توانایانە بوو کە بە حەق جێپەنجەی دیار بوو. بەڵام سەد داخ و مخابن ئەویش وەک ١٣ هاوڕێ شەهیدەکەی چێژی لە میوەی بەری داری ڕەنج و خەباتی وەرنەگرت، و لە مووشەکبارانەکەی ١٧ی خەرمانانی قەڵای دێموکرات‌دا خوێنی پاکی تێکەڵ بە خاک وخۆڵی کوردستان بوو.