عەبدولقادر فەتحیان

کۆچی دوایی کەسایەتی سیاسی و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان مامە قالە شۆڕش
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئاگادار کراین کە کاک قادر فەتحیان ناسراو بە مامە قالە شۆڕش ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ٠٦ ـ ٠٩ ـ ٢٠١٨ دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هێلسینگبۆری کۆچی دوایی کرد.
مامە قالە ساڵی ١٣٠٥ ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی مام‌ناوەندی شاری بانە لە دایک بووە، وەک زۆربەی منداڵانی ئەو کات بە خوێندنی ئایینی دەستی پێکردووە و تا رادەیەک خوێندن و نووسین بۆ ڕاپەراندنی کارەکانی خۆی فێر بووە و دواتر وێرای ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەی شانی وەبەر باری قورسی کار و کاسبی داوە، لە گەڵ دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و دامەزرانی کۆماری کوردستان لەگەڵ کۆمەڵێک لە لاوانی ئۆگر بە ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان دەگەنە کۆمار و بەشداری دامەزرانی کۆماری کوردستان دەکەن و لەو کاتەوە وەک ڕێبواری ڕێگای ئازادی لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا خەبات دەکا.
مامە قالە ٧٣ ساڵ لە تەمەنی خۆی لە ڕێگای نیشتمان و ئامانجەکانی کۆماری کوردستان و ڕێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا تێپەر کرد و لە هەموو قۆناخەکانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان کە حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرێوەی بردووە بەشداری کردووە و بە سەخاوەتەوە مایەی لە ماڵ و سەروەت و گەنجایەتی خۆی داناوە. مامە قالە شۆڕش لە پێناو ئامانجەکانی حیزبەکەی دا چەندجار برینی قورسی هەڵگرتووە و چەندین جار لە لایەن ڕژێمی پەهلەوی گیراوە و ڕەوانەی بەندیخانە بە نیوبانگەکانی ئەو سەردەم کراوە، لەگەڵ یەکەم ڕاپەرینەکانی شۆرشی گەلانی ئێران مامە قالە لە یەکەم کەسەکان دەبێ کە بە چەکەوە هێرش دەکاتە سەر دام و دەزگای حکوومەتی پەهلەوی و بەم شێوەیە ئاڵا و دەنگی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرز دەکاتەوە. دوای هاتنە سەرکار و قۆرخ کردنی شۆڕش لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، مامە قالە لەگەڵ بنەماڵەکەی و کوڕەکانی دەبنە پێشمەرگە و تا دوا هەناسەی ژیانی وەک ئەندام و پێشمەرگە و فەرماندە خزمەتی بە گەل و نیشتمان کردووە، مامە قالە برایەکی لە ریز شۆڕش و حیزبی دێموکراتی کوردستان دا لە کاتی گرتنی پادگانی بانەدا بە ناوی حەمەدەمین فەتحیان شەهید بووە و مامە قالە تا دوا هەناسەش وەفادر بە ڕێبازی برای شەهیدی و هەموو شەهیدان گەل ماوەتەوە.
مامە قالە مرۆڤێکی خۆشەویست و لەبەردڵان کەسێکی ڕووخۆش، تێکۆشەرێکی ڕاستەقینەی ڕێگای ڕزگاری کورد و کوردستان و یار و یاوەری حیزبی دێموکراتی کوردستان و خەڵکی هەژاری ناوچەی بانە بوو، مرۆڤێکی بە هەڵوێست و ساحەب قسە و بە ئیرادە بوو، ژیانی لێورێژ لە خەبات و تێکۆشان بوو، بە بنەماڵەوە خزمەتیان بە گەل و نیشتمان کردووە و هەموو ئەوانەی مامە قالەیان دەناسن، دەزانن کە مرۆڤێکی بە دڵ و کەسێکی دڵسۆز و جێگای متمانەی گشت لایەک بووە.
بەداخەوە مامە قالە لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردووە دا لەپڕ تووشی نەخۆشی دەبێ و مەرگ مەودای نەدا کە بە زێدی باب و باپیران و زێدی لە دایکبوونی شاد بێتەوە.
بە ناوی کۆمیتەی بەرێوەبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات سەرەخۆشی لە ئەندامانی بەرێزی بنەماڵەی مامە قالە شۆڕش لە سوئێد و لە کوردستان و لە شاری بانە و هەروەها لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هاورێ و هاوسەنگەرانی دەکەین و هیوادارین کە ڕێگای خەباتی مامە قالە شۆڕش پڕ ڕێبوار بێ و بەهەشتی بەرین جێگای مامە قالەی باوەرمەند بێ.
کۆمیتەی بەرێوەبەری حدک لە دەرەوەی وڵات
٠٦ ـ ٠٩ ـ ٢٠١٨

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت