جه‌لال كه‌ریمی

لە سی ساڵەی ئیعدامکرانی باوکماندا، کفرانەی گوناهی نەکردوومان، باسێکی زۆر هەڵدەگرێ. دەڵێی ئەو برینە قەت نایەوێ ساڕێژببێ! لە ناو دەیان نووسینی بڵاونەکراوەمدا کە هێندێکیان شێعر و پەخشانن و هێندێکیان مامەڵەی جیددی لە گەڵ هێما و رەهەندە عموومییەکانی شەهیدبوونی مرۆڤێک کەباوکمانە، لێرەدا تەنها کورتەپەخشانێک بڵاودەکەمەوە. ئەوەش تەنها بۆ ئەوەی بیرمان نەچێت، کاروانی قوربانییەکانمان درێژتر، زۆر درێژتر لە کاروانی شەهیدانی سەربەرزمانە!

* * *

دایکم وتی:
سەرتان بڵیند بێ بە باوکتان
ئەو شەهیدە 
ئەو زیندووە
ئەو نەمرە!

وتم دایە
ئەگەر وایە
سەرمان بە تۆ بڵیندترە!

باوکمان جارێک سەری ناوە،
ئەرکی گرانی ئێشکگرتن 
لە شکۆی ئەو؛
شکۆی ئینسان..
ژانی مان و چۆکدانەدان
هەمووی بۆ تۆ بەجێماوە!

خۆ چ نەبوو ئەگەر مرۆڤ
هەر خۆی
بۆخۆی
جارێک بژی و
جارێک بمرێ
ئەی پاییزی بەختەوەری!
لە چوار وەرزەی ژیانی تۆ
هەر بەرامەی
بەهارە گوڵگوڵینەکەی سینگی باوکم
بەدی دەکرێ!

خۆ چ نەبوو
ئەگەر مرۆڤ،
هەر بۆ خۆی بێ و بۆ خۆی بمرێ…

سەرمان بڵیندە بە باوکمان
ئەی دایە گیان،
من دەزانم
ئەو هێمای میهرەبانی بوو
هەڵوەدای تۆزێ ئازادی و
کوشتەیی
قومێ جوانی بوو.

سەرمان بڵیندە بە باوکمان
ئەی ئیلاهەی خۆنەویستی!
سەرمان بە تۆوە بەرزترە:
تۆ، نە لە خوێن گەوزێندرایت و 
نە کوژرایت و 
نە شەهیدیت…
دڵبرینداری شەو، بەڵام بەئاهت سوێند!
لە ناو کۆڕی شەهیدانمان
تۆ زیندووترین
شەهیدیت!

رێبوار کەریمی 2011

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت