وانیار ڕەحمانی

وانیار چۆوە لای دایکی

شەهید وانیاری تەمەن دوو ڕۆژ بەرگەی بێ‌دایکی و ئازارەکانی ئەم ژیانەی نەگرت و لە باوەشی خەم و بێ‌ئۆقرەیی باوکیەوە ڕۆحی بەرەو باوەشی دایکی فڕی.

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بیروڕای گشتیی جیهان ئاگادار دەکەین شەهید وانیار ڕەحمانی کە دۆینێ دوای مووشەک‌بارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات و پاش شەهیدبوونی شیما (ڕێحانە)ی دایکی لەدایک ببوو، پاش دوو ڕۆژ ژیان و هەناسەدان لە نەخۆشخانەی جمهووریی شاری هەولێر دڵی لە لێدان کەوت.

بەسەرهاتی تراژیدیکی وانیار و بنەماڵەکەی کە یەکێک لە قوربانییەکانی جینایەتی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە بزووتنەوەی کورد بوون، کاریگەریی قووڵی لەسەر هەست و ویژدانی کۆمەڵگە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و کوردستانیش دانا؛ هاوکات بەڵگەیەکی ڕوون لە دڕندەیی ڕێژیمێکە کە کۆرپە لە زگی دایکیدا شەهید دەکات.

بە شەهیدبوونی وانیاری کورد، ژمارەی شەهیدەکانی مووشەک‌بارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات گەیشتە ٩ کەس.

ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی ڕەزبەر هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مووشەک و درۆنی خۆتەقێن هێرشیان کردە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بنکە و بارەگای حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەداخەوە بەهۆی ئەو هێرشانەوە تا ئێستا ١٨ کەس شەهید بوون و دەیان کەسیش بریندارن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی ئیداری
٧/٧/١٤٠١

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت