ئەیووب هونەروەر”یش چووە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە

بەداخەوە ڕادەگەیەنین کە ئەیووب هونەروەر، پێشمەرگەی بەوەجی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لە پەلامارە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی حیزبدا بەتوندی بریندار ببوو، سەرەڕای هەوڵی پزیشکان بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە شەهید بوو.

ڕاگەیاندنی هەواڵی شەهیدبوونی ئەیووب هونەروەر لە حاڵێک‌دایە کە بەیانیی ئەمڕۆ ڕاگەیەندرا کە عوسمان فەیزە، پێشمەرگەیەکی دیکەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاکامی هێرشە مووشەکییەکەی ڕۆژی چوارشەممەی سپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات شەهید بووە.

هەروەک لە ڕاگەیەندراوەکانی پێشووتری ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبیشدا هاتبوو، لە ئاکامی هێرشە مووشەکییەکانی سپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لەو هێرشە مووشەکییەدا خوێندنگەی منداڵانی بنکەکانی حیزبی دێموکراتیشی کردە ئامانج، هەتا دۆینێ شەش کەس لە کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات شەهید ببوون، بەمجۆرە ژمارەی شەهیدانی مووشەک‌بارانی ئەمجارەی حیزبی دێموکرات هەتا ئێستا گەیشتۆتە ٨ کەس.

ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی ڕەزبەر هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مووشەک و دڕۆنی خۆتەقێن هێرشیان کردە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بنکە و بارەگای حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەداخەوە ئەو هێرشانە تا ئێستا ١٤ شەهید و دەیان برینداری لێ کەوتۆتەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ئیداری

٧ی ڕەزبەری ١٤٠١

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت