شاناز قوربانی ئەقدەم

✍️ شۆڕش ئەسەدزادە

شاناز قوربانی ئەقدەم

ناسراو بە ( بەھار )

بە شاھیدی ئەو جاش و کەسانەی لەکاتی تیرباران کردنیدا لەوێ بوون ، دەگێڕنەوە دەڵێن کاتێک ھێنایان تیربارانی کەن .. زیاتر وەکوو شێرێک دەھاتە بەرچاو نەک وەکوو کچێکی دەست و لاق بەستراو٠ لەجیاتی ئەوەی کە بترسێ و بپاڕێتەوە ،، ترس و وەحشەت سەروچاوی تەواوی ئێمەی داگرتبوو ، بەشێوەیەک سامی لەسەرمان زۆر بوو موچرکمان بە گیاندا دەھات ٠ بەھار دەست و لاقی زنجیری تێدابوو چاویشی بەسترابوو ، زوو زوو سەری ڕادەوەشاند ھەتا بتوانێ چاوبەندەکە لێبکاتەوە ، یەک دووجار قیژاندی بەسەر جەلادەکاندا کە چاوم بکەنەوە من شەرمەندە نیم ھەتا چاوم ببەستن و لە ئێوەش ناترسم ٠ فەرماندەکە ئیشارەتی بە پاسدارێک کرد کە چاوی بکەنەوە٠ کاتێک پاسدارەکە چاوی بەھاری کردەوە ، یەک دووجار چاوی بە توندی نوقاندوو کردیەوە ، ئاخر چاوبەندەکە چاوی عەزیەت دابوو ، چاوێکی بەھەمووماندا گێڕاو کەچاوی بە جاشەکان کەووت زۆر بەسووکی و بێ بایەخانە بۆ چەند چرکەیەک چاوی لێکردن و بە شێوەیەکی گاڵتە پێکردن و بەکەم زانین پێی گووتن ، ئێوە بۆ لێرەن ؟ ئەوانە پاسدارن و دوژمنن ، بەڵام ئێوە چ سیغەیەکن لێرە بەخۆشتان دەڵێن کورد ؟؟ ، شەرەف و غیرەت و پیاوەتیتان قەبوڵ دەکات لەم کارەساتەدا لێرە ڕاوەستن٠ ؟؟ بە قێزەوە چاوی لەسەر ھەڵگرتن و ڕووی لەپاسدارەکان کردو گووتی تکایە بۆخۆتان تیربارانم بکەن نامەوێ لە ئاخرین ساتەکانی ژیانمدا ئاگری تفەنگی زۆڵە کوردێک ببینم ڕوو بە سینگم ،، بژی حزبی دیموکرات بژی کوردو کوردستان ،، پاشان ڕووی لە ئاسمان بڕی و سەری وەکوو ھەڵۆ بەرز ڕاگرت و سروودی ئەی ڕەقیب ھەر ماوە قەومی کورد زمان نایشکێنێ دانەیی تۆپی زەمان،، کەس نەڵێ کورد مردووە کورد زیندووە ،، زیندووە قەت نانەوێ ،،، لەناکاو دەنگی چەخماخە لێدانی تفەنگەکان دەنگیان دایەوەو تفەنگەکان لەسەرپێ بوون ، بۆ ٣ چرکە سروودەکەی ڕاگرت و سەری داگرت و چاوێکی لێکردن زانی ھەموو شتێک تەواوە تەنھا گوێ بیستی دەنگی فەرماندەکە بوو کە یەک بەخۆی بڵێ ( اتش ) ئاگری بدەن ٠

سەری بەرز کردەوەو درێژەی بەخوێندنی سرودەکەی دا و گووتی زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاکەمان ،، ھەموومان چاومان بڕیبووە چاوی فەرماندەکەو گەورەیی و غیرەتی ئەم کچە ئازاو بێ باک و خۆنەویستە کوردە٠ دەتگووت زەمان و کات دنیاو فەلەک ھەمووی سەبر بوونەتەوە کات زۆر بەھێواشی تێدەپەڕی ٠ ھەموو شتێک لەپێش چاومان چکۆڵە بوو تەنھا بەھار بوو لەپێش چاومان چەند ئەوەندە گەورەتر دیاری دەکرد . باڵای ئەوەندە بەرز بوو لەبەرچاوانمان ئێمە خۆمان لە ئاستی پێڵاوەکانیدا دەدیت و پێمان وابوو ئێمە لەبەرامبەر ئەودا ئەوەندە چکۆڵەین کە ڕەنگە گوللەکانمان نەیگاتێ و نەیبڕێ ٠٠ پێیەکانی لەکاتی خوێندنەوی سروودەکەدا ڕیتمی سەربازی پێدەکردن ٠ تفەنگەکان بەرز کرانەوە ڕوو بە دڵ و سینگی نیشانە گیرابوو ، دڵی کچێکی کورد ھەرچەند تەنھا مشتێک دەبوو بەڵام ھێندەی دڵی ھەموو کوردو کوردستان گەورە بوو ، لە نێوان کچە شۆڕشگێڕێک و داگیرکەراندا ھەر چەند مەترێک دەبوو ھێشتا گوللەی وێنەکووتبوو ، ئێمە ڕۆڵەی ڕەنگی سوورو شۆڕشین ،، سەیریکە خوێناوییە تەواوی نەکردبوو کە دەنگێکی بەرز گووتی ( اتش ) دەتگووت گوللەکانیش سەبر و ھێواش دەڕۆن ھەتا سروودەکەی تەواو بکات جا سینگی شێرانەی ھەڵدڕن ، بەربۆوە ھێشتا لێوەکانی دەجوڵان و دیاربوو باقی سروودەکەی تەواو دەکرد ٠ خوێنێکی گەرم و سوور کە وەک جۆگە و كانییەک دەخوشی و سەرلێشێواوانە دەڕۆی ، لە پێش چاومان دەتگووت ئێستا دەبێتە دەریایەک و ھەموومان تێیدا نوقم دەبین و دەخنکێین ، خوێنەکەشی سام و ئوبوھەتی ھەبوو ھەرگیز نەمدەوێرا پڕ بەچاوان لە خوێنەکەشی بڕوانم ، تەرمی ئەو کچە قارەمانە کەووت و سارد بۆوە ، بەڵام خوێن ھەر دەڕۆیی و نەیدەزانی لە کوێ ڕاوەستێ٠ چاوەکانی ھەر دەیانڕوانی ، ڕەنگی ھیچ تێکنەچووبوو ، ھەموومان شەرممان لەخۆمان کرد ، دیاربوو دەموچاوی پاسدارەکانیش بزڕکابوون ھیچ خۆشحاڵیەک لەدەموچاوی ئەوانیشدا نەدەبینرا٠ چەند ساڵێکیش تێپەڕی بوو بەڵام ئەو ساتانە ھەمیشە لەپێش چاومدا دێن و دەچن ، ھەست بە گوناح دەکەم ، ھەست بە چکۆڵەیی و خوێڕیەتی خۆم و ھەست بە گەورەیی و غیرەت و شەرافەتی ئەوکچە کوردە قارەمانە دەکەم ، زۆر جار بە تەنیاو بەبێدەنگی چوومەتە سەر گۆڕو مەزاری ئەم قارەمانەو داوای لێبووردنم لێکردووە ، بەڵام کوا ئەو ئەوەندە چکۆڵەیە من نەبەخشێ ٠ ::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::: لاوەکان خوێن گەرمەکان تازە پێگەیشتوەکان ،، پێویستە ڕێبەران و فەرماندەران و قارەمانانی ڕۆژە سەختەکان بناسن و ئەزموون لە ژیان و فیداکاریەکانیان وەربگرن بۆ داهاتووی خۆتان ،،،چونکە هەر ئێوەن ڕێبەران و فەرماندەران و پێشمەرگە قارەمانەکانی دوا ڕۆژی ئەم کوردستانە ،،دەبێ شانازی بە خۆتانەوە بکەن کە باب و باپیرانتان ئەم شۆڕشەیان بە خوێن و قوربانی دان ھەتـــا ئێرە ھێناوە بەڵام ئامادە نەبوون سەر بۆ دوژمن شۆڕ بکەن ..هەموو نەهامەتیەکیان قەبوڵ کرد ،، بەڵام ژێر دەستیان..قەبوڵ نەکرد بژی پێشمەرگە باسکی بەھێزی گەل ٠٠٠٠٠٠

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت