ڕاگەیەندراوی کۆمیسیۆنی پێشمەرگە بە بۆنەی کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی دلسۆز و بە باوەڕی حیزبی دێموکراتی کوردستان

کۆمیسیۆنی پێشمەرگە بە بۆنەی کۆچی دوایی پێشمەرگەی دلسۆز و بە باوەڕی حیزبی دێموکراتی کوردستان،کاک محەممەد خوداپەنا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
پاش نیورۆی ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٦ی جۆزەردانی سالی ١٤٠١ی هەتاوی بەرامبەر بە 6/6/2022ی زایینی بە داخەوە هاوریێ فیداکار و دڵسۆزی حیزب وپێشمەرگەی گەل و نیشتمان، کاک محەممەد خوداپەنا کە ماوەیەکی یەکجار زۆر بوو بە دەست نەخۆشییەوە گیرۆدە بوو، مالاوایی لە کۆڕی هاوڕێ و هاوسەنگەران و ئازیزان و خۆشەویستانی کرد. هاوڕێ محەممەد خوداپەنا لە سالی1328ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی وەرزێڕ و زەحمەتکێش لە شاری ڕەبەت لە دایکبووە و پیێ ناوەتە ژیانێکی سەخت و پڕدەردە سەری ، لە بەر دۆخی ژیانی ئەو سەردەم نەێتوانیوە بچێتە قوتابخانە ، بەو هۆیەوە لە بەهرەی خوێندن بێ‌بەش بووە، بۆ بەڕێوەچوونی ژیان ملی داوەتە بەر کار وکاسبی و یارمەتی دانی بنەماڵەکەی لە کاری وەرزێڕیدا.
پاش سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی و هەست کردن بە زولم و زۆری و بێ بەشی و ناعەدالەتی لە سالی١٣٥٨ی هەتاوی چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی دەکاتە شان و دەبێتە پێشمەرگە لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا و بۆ هاتنە دی ویست و ئامانجەکانی گەلەکەی تا دوا هەناسەکانی ژیانی لە سەر باوەرەکانی و ڕێبازی پیرۆزی شەهیدان وەفادار مایەوە.
هاوڕێ محەممەد لە هێزەکانی گیاڕەنگ، زمزیران ،سامرەند و ناوەندی 2ی کوردستان خزمەتی پێشمەرگایەتی کردوە و بە سەداقەتەوە ئەرک و مەئموریەتەکانی حیزبی بە دڵ و بە گیان بەڕێوە بردووە.
لە قۆناغی بەرگریی کوردستاندا لە شەڕەکانی رێگای سەردەشت – مەهاباد ، سەردەشت – پیرانشار ، پردی بریسوێ و ناو شاری ڕەبەت بەشداری کردوە ، لەساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی بە هۆی تۆپبارانی ڕێژیم لە کارێزە بریندار دەبێ و پاش چارە سەریی درێژە بە ئەرک و ڕاسپاردەکانی حیزب دەدا.
هاوڕێ محەممەد خوداپەنا کەسێکی لە سەر خۆ و مەند و جێگای متمانە و باوەڕی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی بوو ، زەحمەت و تێکۆشانی زۆر و کەند و کۆسپەکانی سەر ڕێی خەبات، ماندوو و بێ هیوای نەکرد و بە باوەڕێکی قوولەوە لە مەیدانی خەباتدا مایەوە ، پاش ٤٣ سال خەباتی بەردەوام و نەپساوە مالاوایی لە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی کرد.
بەم بۆنەوە لە گەڵ ڕێز و ئەمەگناسیمان لە خەبات و تێکۆشانی ئەم تێکۆشەرە دلسۆزە ، سەرەخۆشی و هاودەردی خۆمان لە بنەماڵە بەڕێزەکەی، خیزان و منداڵەکانی و کەسو کار و خزمانی دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین و دڵنیایان دەکەین کە ڕێگای خەباتی بەردەوام دەبێ . سەربەرزی و نەمریی بۆ ڕۆحی پاکی و هاوڕێ و هاوسەنگەرمان هاوڕێ محەممەد خودا پەنا.

کۆمیسیۆنی پێشمەرگە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی.

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت