سەید قادر ئەحمەدی

ڕاگەیەندراوی کۆمیسیۆنی پێشمەرگە بەبۆنەی کۆچیدوایی پێشمەرگە و تێکۆشەرێکی دلسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان
ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ۱۲ی سەرماوەزی ساڵی ۱٤۰۰ی هەتاوی بەرامبەر بە ۳ی دێسامبری۲۰۲۱ی زایینی ، زۆر بەداخەوە پێشمەرگە و کادری دڵسۆز و تێکۆشەری حیزبەکەمان کاک سەید قادر ئەحمەدی بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاداچووندا ماڵاوایی لە ژیان کرد. کاک سەید قادر ئەحمەدی ساڵی ۱۳۱۲ی هەتاوی لە گوندی قایبەردی ناوچەی بانە لە بنەماڵەیەکی دیار و نیشتمانپەروەر چاوی بە ژیان هەلێناوە؛ لەو سەردەمدا کە ئاستی خوێندواری زۆر لە خوارێ بووە و ڕێژەی خوێندواری ۳ لەسەد بووە، دەنێردرێتە بەر خوێندن و دەتوانێ تا پۆلی ۷ درێژە بە خوێندن بدا و بەدوای ئەودا لەگەڵ بنەماڵەکەی درێژە بە کاری وەرزێڕی دەدا و دەست و پەنجەی لەگەڵ دەرد و ئازارەکانی ژیان و نابەرابەرییەکانی ڕۆژگاردا نەرم دەکا ، دەورانی لاوەتی سەید قادر، هاوکات دەبێ لەگەڵ دامەزرانی کۆماری کوردستان و بەدوای ئەودا ڕووخانی کۆمار، دوو ڕووداوی خۆش و ناخۆش کاریگەری لەسەر بیر و هەستی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرانەی دادەنێ. لە ساڵی ۱۳۳۲ی هەتاوی دەبێتە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لەو کاتەوە دێتە ناو کاروانی خەباتی پڕ لە فیداکاری و قوربانیدان و بەلێن دەدا بە ئەوپەری دڵسۆزی و ئەمانەتدارییەوە ئەرک و ڕاسپاردەکانی حیزب جێبەجێ بکا؛ لە ڕاپەرینی گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی سەرەڕۆی پەهلەوی زۆر چالاکانە بەشداری دەکا و لەگەڵ ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سالی ۱۳٥۸ی هەتاوی لەگەڵ کۆمەڵێک لە تێکۆشەرانی بنەماڵەکەی دەبێتە پێشمەرگە و بۆ خزمەتی گەل و نیشتمانەکەی بە هەموو توانا و فیداکاری و دلسۆزییەوە بۆ ڕاپەراندنی ئەرکی حیزبی لە کومیتە شارستانی بانە تێدەکۆشی و وەک پێشمەرگەیەکی فیداکار و هەڵسوور لە بەشێکی زۆری کار و چالاکیی ناوچەی بانەدا بەشداری دەکا و چەندین ئەرک و بەرپرسایەتیی جۆراوجۆری وەک بەشی قەزایی و گومرک و کاروباری کۆمەڵایەتی بەرێوە بردووە. پاشان لە ئۆرگانەکانی کۆمەڵایەتی، نەخۆشخانە و ئاسایشگا و کۆمیسیۆنی سیاسی- نیزامی ئەرک و بەرپرسایەتی وەک کادری پلەی ۳ی حیزب لەسەر شان بووە و زۆر سادقانە ئەرکەکانی راپەراندوە.
نەمر سەید قادر لەماوەی ژیانی پێشمەرگایەتی لە ساڵەکانی ۱۳٥۸ و ۱۳۷۰ی هەتاوی چەند جار بریندار بووە و دەستی زیانی پێ دەگا و چاوێکیشی لەدەست دەدا، هەروەها نەوەیەکی بە ناوی “سەعدوڵا ڕەحیمی” کە پێشمەرگە بوو لە هاوینی سالی ۱۳۷٥ی هەتاوی شەهید دەبێ و ئێستاکەش کۆمەلێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە ڕیزی تێکۆشەرانی دێموکراتدا خەبات دەکەن. هاوڕێ سەید قادر ئەحمەدی کەسێکی دڵسۆز و خەمخۆری گەلەکەی بوو ، ژیانی دەربەدەری و سەختییەکانی خەبات هەنگاوی پێ شل نەکرد و ماندوویی نەناسانە درێژەی بە ئەرکە پیرۆزەکانی دا و بەشی زۆری تەمەنی لە ڕێگای خەبات بۆ ئازادی و سەربەستیی گەلەکەی تەرخان کرد.
بەبۆنەی کۆچیدوایی هاورێی تێکۆشەر و ئەمەگناس کاک سەید قادر ئەحمەدی سەرەخۆشی و هاودەردیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە خەباتگێڕەکەیان ، خاتوو ئامینە و کوڕ و کچەکانی و خزمان و دۆستانیان لە ناوچە و شاری بانە دەکەین و بەشداریی خەم و پەژارەیانین. سلاو لە روحی پاکی و یاد و خزمەتەکانی لە دڵی مێژوودا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستان
کۆمیسیۆنی پێشمەرگە

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت