محەممەدئەمین بارام میرزا، ناسراو بە چرچە

نووسینی: سەڵاح شەشە

کاک جەلیل گادانی و دادە چیمەن( برازای چرچەی) داوایان لێکردم بیرەوەری خۆم و کاک چرچەیان بۆ بنوسم،لە کتێبی یادی کاک چرچەدا چاپی کەن.

بە شانازێوە ئەو کورتە نوسراوەم بۆ ناردن.

” محەممەدئەمین بارام میرزا، ناسراو بە چرچە”

ناسیاویی من و چرچەی بارام‌میرزا دەگەڕێتەوە بۆ دوو ساڵ بەر لە شۆڕشی ١٩٧٩ی گەلانی ئێران. دوکانەکەی ئێمە لە نیزیک ماڵی چرچە بوو. ئەو بە تەمەن لە من گەورەتر بوو.زۆر بە گەرمی سڵاو چاکوچۆنی یەکترمان دەکرد.ماشێنێکی هەبوو و زۆر جاران دەهات ولەبەر دەرگای دووکانەکەمان ڕایدەگرت و لەلام دادەنیشت. قەرار بوو فێری ماشێن لێخوڕینم کا.زۆری نەخایاند شۆڕش دەستی پێ کرد.لە یەکەم شەڕی دژی داگیرکەر، ناسراو بە (شەڕی نەغەدە)، لە سێ ڕای نەغەدە پێکەوە کەوتینە مەتەرێز. چرچە تفەنگی ژ- سێی پێبوو و منیش بڕنو  و بازوکەم پێبوو. بیست کەسێک دەبووین و قەرار بوو پێش بە پێشڕەوی ئەو ستوونە لە هێزە نیزامییەکانی ئێران بگرین کە لە شاری ورمێوە بەرەو نەغەدە دەهات.وەختێک تانکەکانی ئەو ستوونە نیزامییەوەدیارکەوتن،ئەوانەی پێکەوە بووین، جیا لە من و چرچە و کابرایەکیپەنیر فرۆشی مەهابادی،ئەوانی دیکە هەموویان ڕایانکرد.ئەو کابرایە گولە بازووکەی بۆ من هەڵگرتبوو. ئەو ڕۆژە ئەو سێ کەسەمان لە سەنگەردا ماینەوە و زیاتر لە سێ ساعاتان هێزەکانی ئەرتەشیمان ڕاگرت. ئەو شەڕە یەکەم ئەزموونی هاوبەشی من و چرچە بوو.

ئەو سەردەمە کەشاری مەهاباد هێشتا لە دەست خەڵکدابوو،بە مەبەستی جێبەجێ ‌کردنی ئەرکێکی پێشمەرگەیەتی لە دەرەوەی مەهاباد بووم. لەو نێوەدا، حیزبی دیمۆکراتی کوردستان، حیزبەکەی خۆم، دابڕانی تێکەوتبوو و منیش هیچ زانیارییەکم لەو بارەوە نەبوو.ئەوانەی لە حیزب جیاببوونەوە، بەناوی لاینگرانی کۆنگرەی چوار دەناسران.دوای ئەو دابڕانە و بێخەبەر لە ئاڵوگۆڕەکان، لای نیوەرۆیەک لە نیزیک مەیدانی مەلاجامی مەهاباد لە ماشێن دابەزیم.لەجێوە تووشی محەممەد زەنگەنە بووم.بێ سڵاو و ئەحواڵپرسی، لێی‌پرسیم:

– ڕەگەڵ کێهە لایەن کەوتووی؟!

سەرم سوڕما و پرسیم:

– لایەنیچی !؟ ئەوە باسی چ دەکەی؟ چ قەوماوە؟

محەممەد گوتی حیزب لەت بووە و ئینشعابی تێکەوتووە. گوتم حەمە گیان  وەختی ئەوە نییە، هەموو گیانم چڵک و ئەسپێیە و برسیشمە. حەمە دەستی هەڵنەدەگرت، بەناچار لە کەبابخانەی سەدەفی دوو جێ کەبابمان وەرگرت و بە قسە کردن چووین بۆ سەر چیمەنەکەی مەلاجامی. هێشتا دانەنیشتبووین، چرچە لەبەردەرکی ماڵی خۆیانڕا هەرای کرد:

– سەلاح ئەوە چ دەکەی؟

وڵامم‌داوە:

– لەگەڵ محەممەد لە دێ را هاتووین بۆ شار و نان و کەباب و کانادای ڕەشمان کڕیوە بۆ خواردن.

چرچە گوتی دەست‌ڕاگرن ئەمنیش دێم.بەپەلە خۆی دەژووری ماڵێ ئاخنی. زۆری نەخایاند بە قابڵەمە پڵاو و کفتەی شەوەوە دەرکەوتەوە و هاتە لامان. هەر سێکمان پێکەوە دەستمان بە نان خواردن کرد. هەتا لە نان خواردن بووینەوە، حەمە  هەرباسی ڕەوتی مامە غەنی  و جیابۆوەکانی کۆنگرەی چواری بۆ کردم. منیش جار جار بە قسەیەک تورەم دەکرد.

زەنگەنە ئەوجار پرسی: دەی پێمبڵێ ئێستا دەگەڵ کێی؟

منیش کوتم:

– کاک دوکتور قاسملوو لە کوێ بێ و چی بێ دەگەڵ ئەوم.

چرچەش کە تا ئەو کاتە گوێی لە دمەقاڵەکەمان گرتبوو،لەجێوە گوتی:

– وەی ڕەحمەت لەبابت. منیش هەروام گوتووە.

زەنگەنە قەڵسبوو و لە جوابی هەردووکماندا گوتی:

– وەی لە بابی هەردووکتان بەم بۆ حیزبایەتی دەیکەن…

تێرتێر بە جنێوەکەی محەممەدی پێکەنین و باسەکە تەواو بوو.

دواتر، کاتێک لە شەڕی ئەمین ئاوا بریندار بووم. بەیانی زووی ڕۆژی دواتر بە سواری ئەسپ گەیاندمیانە ئاوایی چوار دیوار.لەوێ دووبارە چاوم بە چرچە کەوتەوە. زۆر خۆشحاڵ بووم و گوتم چرچە گیان ئەو پێشمەرگانە دووربخەوە جا قسەدەکەین. دوای ڕۆیشتنی پێشمەرگەکان،باسی وەزعی خۆمم بۆ ئەو کرد.چرچەبە برینداربوونم زۆر ناڕەحەت بوو. دوکتور وەهاب ئەو کاتە لای ئەو کاری دەکرد.برینەکانمی چاک خاوێن‌کردەوە و پێچانێوە.لەوێ من و چرچە ماڵاواییمان لە یەکتر کرد و وەڕێ ‌کەوتمەوە بۆ نەخۆشخانەی حیزب. سەیر لەوەدا بوو هەم من و هەم چرچە هەستێکی سەیر دایگرتبووین و باش دەمانزانی ماڵاوایی یەکجارەکی و دوادیدارمانە. هەرواشبوو بەداخەوە.

وێنەی کاک چرچە ساڵی 1982 لە ئاوایی سەوزی، ساڵی1985 کاک یۆسف پیرەدوخت ئەو وێنەی دامێ، منش وەک گلێنەی چاوم پاراستوومە.

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت