مەنسوور ئەمیری

کۆچی دوایی فەرماندەیەکی دێرینی حیزبی دێموکڕات!
بە داخەوە ئەمڕۆ ٢٣ی ئاگۆستی ٢٠٢١ کاك مەنسوور ئەمیری یەکێک لە فەرماندەکانی دەیەی ٦٠ هەتاوی لە وڵاتی تایلەند بە هۆی سەکتەی دڵ کۆچی دوایی کرد.
کاك مەنسوور ئەمیری کوڕی حەمەدەمین خانی ئەمیری ساڵی ١٩٥٩ لە شاری مهاباد لە دایک بوو. ئەو لە سەرەتای لاویەتیدا یەکێک لە گەنجە جسوورانە بوو کە ئازایانە لە رێپێوانەکانی دژی رژیمی پاشایەتی، لە شاری مهاباد بەشداری دەکرد.
ساڵی ١٣٥٨، مەنسوری تازە لاو، وەک گەنجێکی خاوەن هەست و نیشتیمان پەروەر، وێرای هەزاران گەنجی دیکەی کورد، چەکی بەرگری لە خاک و وڵات و نەتەوەی کوردی کردە شان و تێکەڵ بە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕات بوو.
رەوانشاد مەنسوور ئەمیری، لە لکی دووی هێزی شەهید پێشەوا سازمان درا. مەنسوور وەک پێشمەرگەیەکی ئازا و جەسوور، زۆر زوو لە مەیدانەکانی شەڕ و بەربەرەکانی لە بەرامبەر هێزە دژی گەلییەکانی رژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامیدا خۆی نیشاندا و پلەکانی بەرپرسایەتی وەک سەرپەل، فەرماندەی دەستە و فەرماندەی لک یەک بە دووی یەکدا بڕین و ببوو بە فەرماندیەکی کارامە و لێهاتوو. ئەو ئەرکی پێسپێردراوی بەو پەڕی لە خۆبردوویی جێ بە جێ دەکردن. چەندین جاریش لە بەرەکانی شەڕ دا بریندار بوو و پاشان دوای سارێژ بوونەوەی برینەکانی رێگای خەبات و تێکۆشانی دریژە پێدەدا.
کاك مەنسور ئەمیری بەشێكی زۆری تەمەنی لاویەتی خۆی لە ریزی پێشمەرگەکانی حیزبدا تێپەر کرد. دواتر کە بە هۆی هەل و مەرج نەیتوانی چیتر وەک پێشمەرگە درێژە بە خەبات بدات، رێگەی غوربەتی گرتە بەر و لە وڵاتی نۆروێژ گریسایەوە. رەوانشاد مەنسور، لە دەربەدەری و غوربەتیشدا هەر وەفادار بە خەباتی نەتەوایەتی و رێبازی حیزبی دێموکرات مایەوە و وەک ئەندامێکی دلسۆزی حیزبی درێژەی بە تێکۆشان دا. چەند جاریش وەک ئەندامی کۆمیتەی حیزب لە نۆروێژ هەڵبژێردرا.
لەم ساڵانەی دواییدا ناوبراو زۆرتر لە وڵاتی تایلەند دەمایەوە، بەڵام چوونکە هەستی کوردایەتی و نەتەوایەتی لە نێو هەموو وجوودی دا هەبوو، لە هەر شوێنێک بایە، بیر و هۆشی هەر لای کورد و کوردستان بوو. لە تایلەندیشەوە لەگەڵ ئێش و ئازارەکانی حیزب و گەلەکەی دەژیا و هیچ کاتێک لە کاروانی خەباتکارانی رێگەی رزگاری دانەبڕا و هەتا کاتی کۆچکردنی وازی لە بیر و باوەڕ و رابردووی خۆی نەهێنا و هەمیشە چاوەڕێ بوو کە ئامانجی خۆی و هاوڕێیانی وەدی بێ. مخابن مەرگ دەرفەتی زیاتری نەدایەوە و ئەوی لە حیزب و بنەماڵەی نیشتمان پەروەری ئەمیری و نەتەوەی کورد ئەستاند و کۆمەڵێک ئاوات و ئارەزووی وەدی نەهاتووی لە دوای خۆی بە جێ هێشت.
کاک مەنسوور ئەمیری باوکی کیژێکی رووسوورە بە ناوی ژینۆ.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات وێرای کۆمیتەی حیزب لە نۆروێژ، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە بنەماڵەی بەرێزی ئەمیری و تاقانە کچەکەی، ژینۆ و هەموو تێکۆشەرانی دێموکرات و هەروەها خەڵکی مەهاباد و دەوروبەر دەکات و خۆی بە شەریك و بەشداری خەمیان دەزانێ.
بەرێز بێت یاد و ناوی مەنسوو ئەمیری
رێگا و رێبازی پڕ ڕێبوار بێ.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان- دەرەوەی وڵات

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت