یادێک لە سەربازێکی بێ گۆڕ و ناو و نیشان!

 تاوێک لەبەرزاییەکانی دوو سەر و پانەسەر و گۆڕموساوە دەڕوانمە

نەڵێنی مەلا خەلیل ، مەکۆی ئەویندارانی دێموکڕات و ئاشقانی  ڕێگەی ڕزگاری نیشتمان وەک : ڕەسوڵ و ئەحمەد حاجی حوسێنی و  خدر گۆمانی!

 میراوێ سەنگەری لە گیران نەهاتووی شۆڕش ، وێنای قەڵافەتی بە هەیبەتی پێشمەرگانە. قەڵاتاسیان ، گۆمان و گەرۆر  لانکی  شێڕە کوڕانی وەک

بایزی ئیلاهی ،بایزی کەلامی و قادر ڕەسوڵی ، خالید قەڵاتاسیان  وعوسمان یەزدان پەنا و هەروەها دەیان و سەدان شۆڕەسوار و قارەمانی دیکە کە پەروەردەی ئەو شوێنەن و لەو مەڵبەندە دا گۆش دراون.

لە دوورەوە قەڵافەتی  جەلال دەبینم کە باڵای لە بەرزایی پڕکانیان و سەری گۆمێ  هاڵابوو!

ڕێبوارێک بە ڕێگاوە بوو، لە کۆنە هەوارگەوە ملی هەورازێکی گرتبوو!

جەلال میراوەیی تازە لە سەفەرێکی  حیزبی لە یەمەن گەڕابۆوە ٫ مەبەستی بوو  پێشەنگ و پێشڕەوی پێشمەرگەکان بێ لە شەوی ئەنگوستە چاو دا ، دەیەویست پێ بە پێ لە گەڵ  زەمانە هەنگاو بنێ و وەک تیژباڵێکی بەلەز پێش قەتاری قەتارچیانی ئەو ڕێگە دوور و سەخت و هەورازە بێ.

جەلال میراوەیی و کوڕەکانی تر هاتبوونەوە دەرگا گاڵدراوەکان بکەنەوە ،  بەگژ  گژەبا و با و بۆڕان وشەختە و سەرما دا بێنەوە و بەستەڵەکەکان بتوێننەوە. بەڵام سەد داخ و مخابن:

ئەمڕۆ ڕەزەوان کەپری ناو ڕەزەکەی هەڵپروزا،

باغەوان ،دارە سێوەکەی سیس هەڵگەڕا،

چرای ڕووناکی بەر پەنجەرەی ماڵی هیوا کز و کزتر دایسا.

بەرزایی قەڵاتە و پڕکانیان و گۆرموسا هەورێکی چڵکن دای پۆشیون

و میراوێ و قەڵاتاسیان ڕەشپۆشن ، سەر بە هەشن، هەنسک و هەناسە لە سینە دا گران بوون و هەوری شەوەی نگریس دایپۆشیوە هەرچی تارای جوانی ژینە.

  چرپەی پێی جەلال لە ڕێگە  چۆڵەوانەکان هەستی نەما ، کوژانەوە نارە نارەکانی سەر لێوی تا ببنە توێشوی ڕێگای وشکەرۆ و چۆڵەوانی!

   ئەمڕۆ  یار و یاوەری فەرماندە شەهیدە زیندوەکەی دێموکڕات کاک( مەلا حەسەن شیوەسەڵی) بەرچاو ناکەوێ ٫ کادرە بەوەج و هاوکار و هاوڕێی مامۆستا حەسەن زادە دەنگی نایە، ئەمڕۆ هەڤاڵێکی ڕۆژنامەی کوردستان دیار نیە.

 عوسمانی میرزا قادر سەرتاپا ئەویندار و ڕاز دارێکی بە حەقی ڕێی ڕزگاری و ئازادی و بە ڕاو تەکبیر بوو کە بە داخەوە لە  چەقی ڕێگە دا لە کاروان لێمان دابڕا.

خەرمانان خەمی باراند و تۆزی خەمباریی بەسەر خەمخۆرانی خاک و وڵات دا باراند و خەم و خەون و  خەیاڵ  لێم چوونە سەنگەر و شادیەکانیان تاراند.

 دژمن وا هار ببوو ، پۆلێک خوێن خۆر و دڕندە و سوێند خوارد و بۆ ڕێبەرە مەندیل بە سەری، ئاقڵ کورتی شاقەل درێژ، بە دژی شۆڕشگێڕانی کورد ملیان کێشا و کلیلی بەهەشت لەمل و، شمشیر بەدەستەوە، ژەهر دەپڕژێنن و خوێن دڕێژن و سەری گەورە و بچوک لێک جیا دەکەنەوە و، هاتوون جیهاد دژی کوردان بکەن!

 بەڵام کوا لە ژێر چنگی  پێشمەرگە، لە ژێر زەبری فەرماندەی  فەرماندەران مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی ڕزگاریان دەبێ؟

شەڕگە بۆنی خوێن و دوکەڵ و بۆچرووکی ماشێنە سووتاو و چڕە دوکەڵی  دار و دەوەن  و گژ و گیای سوتاو دێ و،  تەنگی گڕژاڵ دەبێتە گۆڕستان بۆ سەربازانی ئیمام زەمان و ئاگری تێدا چوونیان لە ژێر پێ دەکرێتەوە .

ئەمرۆ تۆپخانەکانی دژمن لە زەوی و هێلیکۆپتەرەکان لە ئاسمان بوونەتە مۆتەکە و نەهامەتی بۆ  ئەو دەڤەرە و هەرچی لە توانایان دابوو کوێر کوێرانە کەوتنە گیانی ئەو ناوچەیە و دارستان و شاخ و وڵاتیان ئاگر دەدا. بۆ قەرەبوی لشکرە تێک شکاوەکەیان ڕوحمیان ببوو بە ئاگر و دەیان باراند !

 ئەمڕۆ روحێکی بەرزە فڕ، مرۆڤێکی قایم و پتەو وەک گیاڕەنگ ،مرۆڤێکی خۆشناو، کەسێکی ئازا و بەتەحەمول و قەڵەم بەدەستێک و یادگارێکی ڕۆژنامەی کوردستان لە پەنجاکان دا ، بە خوو و ڕەوشتێکی بەرزی ئینسانی و  پیاوێکی دەست ڕەنگین و ماندوو نەناس لە سەنگەری بەرگری لە ماف و داواکانی گەلی کورد دا گیانی بەخشی و، بوو بە دیارترین ئەستێرەی ئاسمانی ئازادی و ڕزگاری. ئەو ئێوارەیە فەقێ عوسمان یەزدان پەنا دەبێتە میوانی خاک، بەڵام  بە جەستەیەکی زامدار و شەڵاڵ لە ئارەق و خوێن و هیلاک و ماندوو ،بوو بە قۆچی قوربانی ڕێگای کوردایەتی.

ئەمڕۆ  قەڵەم نەبوو بە گولە و گولەش نەبوو بە قەڵەم!

ئەمرۆ مام هێمن ناڵەی جودایی لێک ناکاتەوە  و عەلی حەسەنیان شێعرێک بۆ هاوڕێکانی ناخوێنێتەوە ، دەستەو ئەژنۆ لە ناو دارستانە چڕ و پڕەکەی واوان و، لەو تیشە باسکە ، چۆکەکانی لە هەیبەتی  هاوڕێ و هاسەنگەری شوێن بزر کراوی لە ئامێز دەگرێ.

ئەمڕۆ 18,6,1358  مەلا عوسمان یەزدان پەنا   (جەلال میراوەیی)  بوو بە چرای داگیرساو بۆ نەوەی دوای خۆی.

٭٭

لەو کاتەش دا شەڕ لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی دوژمن بەگەرمی لە ئارا دا دەبێ و، تەنیا دەمانچە و ساکی دەستی پێ دەبێ، دەکەوێتە داوی  دژمن و بەداخەوە بە دیل دەگیرێ !

دژمن کوڵی دڵی شکستە سەر شۆڕییەکەی بە گوللە باران کردنی شەهید جەلال قەرەبوو دەکاتەوە و پاراوی دڵی دڕندانەی خۆی دەکا.

  کاک جەلال میڕاوەی لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 57وە وێڕای کادرەکانی حیزب لە باشوور  گەڕابوونەوە.

جەلال میراوەیی تازە پێگەیشتوو ،  لەگەڵ ئامۆزاکەی کە چەندین ساڵ بوو چاوەڕێی ئامۆزا خۆشەویستەکەی بوو ،دوو مانگ پێش شەهید بوونی ئەو دڵدارە  نازدارە جوانەی، ئاڵقەی دەزگیرانداری لە قامک کرد بوو و، هێشتا نەچوو بوونە نێو کەژاوەی ژیانی هاوبەشەوە.

  عوسمانی مێرمنداڵ لە منداڵیەوە چۆتە حوجرەی فەقێیان  و، لە لای دوو مامۆستای گەورەی کوردایەتی دوو ئەستێرەی پڕشنگداری ژیان و خەبات   مامۆستا مەلا خدری عەباسی  لە گوندی سیسێر و ،دواتر ماموستا سەید جەلالەدینی  حوسێنی  لە شاری بانە، لەگەڵ هاو تەمەنەکانی و ، یەکێک لە هاوڕێی مێرمنداڵی وهاوسەنگەری گەنجایەتی  لە گەرمێن و کوێستان، مامۆستا  حەسەن شیوەسەڵی  هاوفەقێ و هاو خەبات و هاو دیو بووە.

کاک عوسمان یەزدان پەنا ،لە پەنا فەقێیەتی  بەرگی پیرۆزی  ئەندامەتی حیزب لە بەر دەکا  و ساڵی 1350  بە دوای هێرشی ساواک بۆ سەر تەشکیلاتەکانی حیزب، لەو کاتە دا لە بانە دەخوێنێ،  خۆی لە

، لە دەست جەلادەکان ڕزگار دەکا و خۆی دەگەیەنێتە باشوری کوردستان و تێکەڵ بە

نیشت مان پەروەرانی حیزب و  گەل دەبێ  هاوڕێیانی حیزبی دەگرێتەوە و

 لەوێ نیشتەجێ دەبێ .

 پاشانیش دەچێتە بەغدا و لەگەڵ مامۆستا حەسەن زادە، مامۆستا هێمن و ئەو هاوڕێیانەی دیکە کە ئەو کات لە بەغدا دەبن، بە کاری نووسین و چاپی ڕۆژنامەی کوردستانەوە خەریک دەبێ.

 یەکێک لە ئەندامانی ئەو تیمە 10 کەسییە دەبێ ، بە سەرپەرستی کاک هاشم  کەریمی ،کە حیزب دەیان نێرێ بۆ یەمەن و ماوەیەک لەوێ دەبن.

فەرماندەکەی !

کاک مەلاحەسەن: سەر کێوەکان سپی ببوو، عەرز  سریبۆوە.

هەناسەکانی جەلال دەزرینگانەوە، تارمایی  مەرگ خۆی بە ڕوح دادەدام، جەلال زۆر بێ وەخت هەڵوەری، گژە بایەک لە ئاورەکەی دەدا و پڕینجکە ئاورەکە دەپڕژا !

خەمێکی گران و پەیامێکی تاڵمان بۆ مام هێمن و عەلی حەسەنیان و هاوڕێیانی تر پێ بوو، پێکەنین تۆقی، زەردە خەنە خنکا و ، بازرگانانی خوێن و فرمێسک جەلالیان بێ سەرو شوێن کرد.

شەهید جەلال وەک یەکێ لە  نووسەرانی ڕۆژنامەی کوردستان ،

مامۆستا حەسەن زادە دەیفەرموو، جارێک گوتم: دەبێ بەیاننامەی دەفتەری سیاسی بنووسی(سەرەتای شۆڕشە لە شاری مەهاباد!) ئەویش گوتی :ئەمن تا ئێستا نەمنووسیوە، بۆم  زەحمەتە!

 وتم: هیچ زەحمەت نیە، تۆ هەمیشە وتار دەنووسی و ئەوەش هەر شتێکی وایە.

 مامۆستا فەرموی: تا لە نەغەدە گەڕامەوە، پەیامەکەشی نووسی بوو، تایپیشی کردبوو و بڵاویشی کردبۆوە.

   بەڕێز مامۆستا حەسەن زادە دەفەرموێ: مەلا عوسمان كادرێكی بەتوانا و زانا و ڕووناك بیر و  خۆش فكر بووە،  هەر بەو هۆیەشەوە لە چاپ کردن و نووسین و بڵاو کردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستان دا کار دەکا. بە شەهید بوونی جەلال میراوەیی ، حیزب کادرێکی زانا و بوێری لە دەست دا، بەڵام ڕەوڕەوەی شۆڕش و خەبات لە گەڕ دایە و گەلی کورد بۆ گەیشتن بە دوا ترۆپکی ئازادی و سەربەستی و ڕزگاری دەبێ هەوڵ بدا، لە ئەنجامی ئەو خەباتەش دا ،بە داخەوە ڕۆڵە قارەمان و ئازا و چاو نەترسەکانی شەهید دەبن و دەبنە قوربانی.

 برایم قەزاق ئاوا باس لە شەهید جەلال دەکا:

مەلا عوسمان لە ساڵی 1350 دەچێتە حوجرێ فەقێیان و هەر زۆر زوو دەبێته ئەندام و لە شاری بانە دەخوێنێ ، بۆ خۆ ڕزگار کردن لە دەست ژاندارمری و پیاوانی حەمەی کوڕی ڕەزا پەهلەوی خۆی دەگەیەنێتە باشوری کوردستان .

جەلال میراوەی لە تەمەنی 30بۆ 35 ساڵە دەبوو ، ئاغابانوی فەقێیانە و پشتێنی باشوریانەی دەبەست،  مرۆڤێکی ئارام و بێ دەنگ ، ڕوح سوک و دەم بەپێکەنین و لە ئەرک  ڕاپەڕاندن دا بلیمەت بوو.

بۆ ماوەی چەند ساڵ لە نیشتمانەکەی پەڕیوە بوو، لە بەشی ئینتشارات کاری دەکرد و رۆژنامەی کوردستان لە ژمارە 1 تا 60 و تێکڕای  بڵاو کراوەکانی حیزبی دێموکڕات تا ساڵی 1358  بە پەنجەکانی کاک جەلال میراوەی تایپ کراوە.

کاک جەلال لە تایپ کردن هێندە خێرا  بوو ، بە  هەر 10 قامک کاری دەکرد.

لە تەنگی گڕژاڵ شەڕ لە نێوان  پێشمەرگە و هێزەکانی دژمن ڕوو دەدا ، کە بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاو بۆوە لەو کاتە دا 70 کەلاکی هێزەکانی دژمن لە بەردەستی پێشمەرگە دا دەبێ.

کاک جەلال بە  سەر ئەو شەڕە دادەکەوێ ومەبەستی بووە یارمەتی پێشمەرگەکان بدا و بەڵام شوێن و مەسیری هاوڕێیانی خۆی نازانێ و دژمن دەورەی دەگرێ و بە دیلی دەست دژمن دەکەوێ.

کاک ناسر پیرانی :

 ساڵی 1358ی هەتاوی بوو، فڕۆکەکانی  حکومەتی ئاخوندی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو ،چەند فڕۆکەی نارد بۆ سەر شاری مەهاباد و سەوتیان  دەکردەوە و مەبەستیان بوو هێرش بکا،  بەشێکی زۆری خەڵک  شاریان چۆڵکرد و ،بەشێک لە خەڵک ڕوویان کردە ناوچەی سەردەشت ، منیش یەکێ لەو کەسانە بووم .

لەم خەڵکە کە پەڕیوە بوون بۆ ئەو دەڤەرە ،سێ هاوڕێ بڕیاریان دا بگەڕێنەوە مەهاباد و، سوتفە منیش بوومە هاو سەفەریان !

لە پازگای قوڵتێ (پردی بریسوێ)هێزیکی زۆری دژمنی لێ بوو ، هەر چوارمانیان دابەزاند و گرتیانن و بردیانن بۆ پادگانی سەردەشت.

هێزێکی زەبەلاح هێرش دەکا بۆ واوان و تەنگی گڕژاڵ و پێشمەرگە پێشیان پێ دەگرن و زەربەیەکی گەورە دەخوا ،  شکستی دژمن بە ڕادەیەک دەبێ نزیک لە تەسلیم بوونی ئەو ستونە دەبێ، لەو کاتە دا مەلا عوسمان بەدەمانچەوە دەکە وێتە  ناو دژمن!

 دژمن پێی وادەبێ پێشمەرگە هێرشیان کردنە سەر! لەوکاتەدا پاسدارەکان بە دیلی دەگرن.

مەلا عوسمان و کەسێکی تریان بەدیلکراوی هێنانە ئەو شوێنەی کە ئێمەی لێ زیندانی کرابووین.

لە ناو پادگان بورجێکی نیگابانی لێیە و ئێمە لە تەبەقەی خوارەوە زیندانی کرابووین و، تەبەقەی سەرەوەش هێزی دژمنی تێدا بوو.

لە کاتی هێنانی ئەو دوو کەسە، کە یەکیان مەلا عوسمان میراوەی بوو و ، پشتێنەکەیان لێ کرد بونەوە وڕانکوچۆغەیەکی شینکی لە بەر دا بوو ،زۆر شپرزە بوون ، وادیار بوو ئەشکەنجەیەکی زۆر کرابن ، مەلا عوسمان لەم ساتە وەختهدا ورەیکی  پێشمەرگانەوە و ئازایانەی لە هیبەت و قەڵافەتی دەباریی.

چەند پاسدارێک لە تەبەقەی سەرەوە شوعاریان دەدا

(می کشیم می کشیم  آن کسی کە برادرم را کشت)! تەقەیان لە شوێنی ئێمە دەکرد، شانسی ئێمە بەر نەهاتین.

وادیار بوو هێزی دوژمن زەڕبەیەکی قورسیان  خواردبوو.

دوای ماوەیەکی نیو سەعاتی  زیاتر یا کەمتر دەوروبەری ساعەت 16 بۆ 17 دەبوو ئەو دوو تێکۆشەرەیان بانگ کردە دەرەوە  و ئێعدامیان کردن ، شوێنی ئێعدام کردنیان لەگەڵ  زیندانی ئێمە مەودایەکی ئەوتۆیان نەبوو.

لای ئێوارە کە ئێمەیان بردە دەرێ بۆ هەوا خۆری جەنازەی ئەو دوو شەهیدە هەر لە شوێنی ئێعدامەکە مابوونەوە و ڕایان نەگواستبوون. بەو شێوەیە ژیان وخەباتی کەسێکی بلیمەت کۆتایی هات و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات یەکێک لە کادرە ئازاکانی خۆی لە دەست دا.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدی ئازا و زانا شەهید جەلال میراوەیی و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری کوردستان

حەسەن غەمبار

٩ی جوونی ٢٠٢١

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت