محەممەد خنکاڵی

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکرات

پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆچی دوایی کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆمیسیۆنی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ٨ی جۆزەردان، کاک محەممەد خنکاڵی، پێشمەرگەیەکی دێرین و تێکۆشەری ڕۆژە سەختەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆڕی هاوسەنگەرانی بەجێ هێشت.

کاک محەممەد  خنکاڵی ساڵی ١٣٣٦ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لەدایک ببوو، ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی پێوندیی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە گرت و ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی بە ڕەسمی بووە پێشمەرگە و تا دواساتەکانی ژیانی لە ڕیزی تێکۆسەرانی دێموکراتدا خزمەتی بە حیزب و گەلەکەی کرد.

کاک محەممەد لە هێزی شەهید ئاوارە، کۆمیتەی بەری مێرگان، دەستەی شەهید محەممەد زەینی، ناوەندی سپی‌سەنگ و هێزی پارێزگاری ئەرکە حیزبییەکانی بەجێ گەیاندووە. ناوبراو لە زۆر شەڕی قارەمانانەی وەک شەڕەکانی خدراوێ، ئاڵیەمەران و بەری‌مێرگان نەڵێن، پیرانان، لاجان، بەربنە، کانیەڕەشی شنۆ و شیمالی کوردستان‌دا بەشداریی قارەمانانەی کردووە و لە تەمەنی پێشمەرگایەتیی‌دا ٣ جار بریندار بووە و هەموو جارێ دوای ساڕێژبوونەوەی برینەکانی گەڕاوەتەوە سەنگەری خەباتی پێشمەرگانە و خۆنەویستانە  و بەوپەڕی سەخاوەتەوە لە خزمەتی گەلەکەی بەردەوام بووە.

کاک محەممەد پێشمەرگەیەکی فیداکار، تێکۆشەرێکی ماندوویی‌نەناس و  خەباتکارێکی بەئەمەگ و دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو و،  تا کۆتایی تەمەنی ئەوەی لە دەستی هات بۆ خزمەت بە گەلەکەی درێغی نەکرد و ڕێبوارێکی بە ئەمەگی ڕێی شەهیدانی سوورخەڵاتی گەلەکەمان بوو.

کاک محەممەد سەرەڕای برینەکانی سەرجەستەی، بەداخەوە ماوەی چەند ساڵێک بوو  تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە ببوو و  لەگەڵ  ژان و ئازارێکی زۆر بەرەوڕوو بوو و ،دوای بەربەرەکانییەکی زۆر لەگەڵ مەرگ، بەداخەوە ڕۆژی ٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی کۆچی دوایی کرد.

کۆمیسیۆنی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی مەرگی کاک محەممەد خنکاڵی سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکار و هاوسەنگەرانی دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت