مستەفا حەکیم‌زادە

ڕاگەیەندراوی کۆمیسیۆنی پێشمەرگە بەبۆنەی کۆچی دوایی هاوڕێ مستەفا حەکیم‌زادە پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان

پێشمەرگەیەکی تێکۆشەر و وەفادار و دڵسۆزی حیزب ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

پاش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٥ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی بەرامبەر بە ٥ی مای ٢٠٢١ی زایینی، بە داخ و کەسەریکی زۆرەوە پێشمەرگەیەکی فیداکار و خەباتکارێکی جێگای متمانە و باوەڕپێکراوی حیزب هاوڕێ مستەفا حەکیم‌زادە پاش ماوەیەکی زۆر بەربەرەکانی لە گەڵ نەخۆشییەکی سەخت ماڵئاوایی لە کۆڕی هاوسەنگەران و تێکۆشەرانی دێموکرات کرد.

هاوڕێ مستەفا حەکیم‌زادە لە ساڵی ١٣٢٣ی هەتاوی بەرامبەر بە ساڵی ١٩٤٤ی زایینی لە شاری سەردەشت لە بنەماڵەیەکی تێکۆشەر و شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەر لە دایک بووە، لە کۆماری کوردستانەوە تا جووڵانەوەی ساڵەکانی ٤٦-٤٧ و شۆڕشی گەلانی ئێران ئەو بنەماڵە شۆڕشگێڕە بەشداری خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد بوون و لە پێناو وەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد دا خەباتیان کردوە، هاوڕێ مستەفا حەکیم‌زادە لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی بە ڕەسمی بووە بە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و تا بە ئەمڕۆ بێوچان و ماندوو بوون لە خزمەت حیزب و ئامانجە پیرۆزەکانیدا بووه، لە حیزب‌دا لە سەنگەری پێشمەرگایەتی ڕا دەستی پێکردوە و زۆر ئەرک و بەرپرسایەتی وەک جێگر پەل، سەرپەل، جێگر لک و سەرلک لە هێزی پارێزگاری و کادری پلە ٤ی حیزبی لەسەر شان بوو ، لە بەر پرسایەتیە گرینگەکانی بەشی زۆری ژیانی پێشمەرگایەتی هاوڕێ حەکیم زادە لە ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی تا کاتی ماڵئاوایی پارێزگاریی لە سکرتێرەکان و بەرپرسانی پایەبەرزی حیزب کردووە، لە ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵ خەبات و تێکۆشان، هەموو بەرپرسانی حیزب، بە تایبەتی هاوڕێیانی رێبەرایەتی شاهیدی دلسۆزی، فیداکاری، ئەمانەت و دەستپاکیی ئەم ڕۆڵەیەی حیزبی دێموکرات بوون، ئەو سەرەڕای کاری پێشمەرگایەتی و پارێزگاری لە زۆر بواری دیکەدا بە ئەمانەت و دڵسۆزییەوە زەحمەتی بۆ حیزبی دێموکرات کێشاوە، بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستان یەکێک لە دڵسۆزترین و ئەمەگدارترین پێشمەرگەکانی لە دەست‌دا ، بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە گەورە و نیشتمانپەروەری حەکیم زادە و بە تایبەتی عیسمەت‌خانی خێزانی و کچە ڕووسوورەکانی و خوشک و براکانی و تەواوی خەڵکی تێکۆشەری شاری سەردەشت دەکەین، هیوادارین ئامانجە بەرز و پیرۆزەکانی و ئەو ڕێگا سەختە کە بەشی هەرە زۆری تەمەنی لەو پێناوە دا بەخت کرد، بەردەوام و سەر کەوتوو بێ.

بەو بۆنەوە ڕادەگەیەنین کە بەهۆی ئەو پەتایەی بەرۆکی کوردستان و هەموو جیهانی گرتوە نە لە کوردستان و نە لە دەرەوە سەرەخۆشی دانانرێ و داوا لە هەموان دەکەین لە ڕێگای تەلەفۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هاودەردی دەگەڵ حیزب و بنەماڵە کۆستکەوتوەکەی بکەن.

حیزبی دێموکراتی کوردستان _ کۆمیسیۆنی پێشمەرگە

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت