پوریا ناسریخا

ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری کرماشان لەژێر ئەشکەنجەدا شەهید بوو

ڕاگەیاندراو
لە پێوەندی لەگەڵ شەهیدبوونی ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری کرماشان
بەداخ و کەسەرێکی زۆروە ڕادەگەیەنین کە لە درێژەی سەرکوت و کوشتاری خۆپێشاندەرانی حەڕەکەتە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ‌ دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، هاوڕێمان پوریا ناسریخا، ناسراو بە ئاگری، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری کرماشان گیانی لێ ئەستێندرا.
شەهید پوریا ناسریخا، خوێندکاری ڕشتەی عومران، ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەر بە تاوانی بەشداری لە خۆپێشاندانەکانی ئەم شارە دژ بە سیاسەتەکانی ڕێژیم، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری کەرەج دەستبەسەر کرا. شەهید پوریا بێ ئەوەی کەسوکار و بنەماڵەکەی لە دەستبەسەرکردنی ئاگادار بکرێنەوە و بێ ئەوەی دادگایی بکرێ و دەرفەتی داکۆکیکردن لە خۆی پێ بدرێ، لە ژێر ئەشکەنجەدا لە یەکێک لە گرتووخانەکانی شاری کەرەج گیانی لێ ئەستێندرا. لەو ماوەیەدا هەرچی بنەماڵەکەی پێوشوێنی دەگرن و بەدواداچوون بۆ چارەنووسی پوریا دەکەن، هیچکام لە دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە گرتن و کوشتنی پوریا ئاگاداریان ناکەنەوە ونکۆڵی لە گرتنی دەکەن. کەچی دوای دامرکانەوەی خۆپێشاندانەکان و تێپەڕینی زیاتر لە بیست ڕۆژ بەسەر شەهیدکردنی پوریادا، تەرمی بێ‌گیانی ڕادەستی بنەماڵەکەی لە کرماشان دەکرێتەوە و هەڕەشە لە بنەماڵە و کەسوکاری دەکرێ کە بە هیچ شێوەیەک مافی دانانی پرسە و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنیان نییە.
شەهید پوریا ناسریخا، کوڕی عەلیمراد، لەدایکبووی ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی لە شاری کرماشان و، لە زانکۆ سەرقاڵی خوێندنی دوایین ساڵەکانی خۆی لە ڕشتەی عومران‌دا بوو. ناوبراو ڕاست ساڵێک پێش ئێستا، لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٧ی هەتاوی پێوەندیی بە ڕیزەکانی حیزب لە نێوخۆی وڵات گرت و شانازیی ئەندامەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی پێ درا. شەهید پوریا خوێندکارێکی زیرەک و ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبەکەی بوو کە بەداخەوە دەزگای سەرکوت و کوشتاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران رێگەی پێ نەدا زیاتر خزمەت بە گەل و نیشتمانەکەی بکات.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری شەهید پوریا و هەموو خەڵکی نیشتمانپەروەری کرماشان دەکا.
بەرز و بەڕێز بێت یادی شەهید پوریا ناسریخا، ڕوحی شاد بێ و ئامانجە بەرزەکانی بێتە دی.
ڕیسوایی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستان
کۆمیسیۆنی تەشکیلات
٢٨ی بەفرانباری ١٣٩٨

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت