ئەحمەد حەبیبی

ڕاگەیاندراو

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی دیاری سیاسی و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری سنە

بەداخەوە کاک ئەحمەد حەبیبی، کەسایەتیی سیاسی و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دوێنێ پێنجشەممە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی لە شاری سنە، بە هۆی تووشبوون بە ویرووسی کۆرۆنا گیانی لە دەست دا.

کاک ئەحمەد وێڕای ئەوەی کە ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو، یەکێک لەو کەسایەتی و تێکۆشەرە دەروەست و ئەرک‌وەخۆگرانە بوو کە بەشداریی بەرچاو و ڕۆڵی کاریگەری لە چالاکییە سیاسی و مەدەنییەکانی نێوخۆی وڵات دا هەبوو. یەکگرتوویی و وەسەریەکخستنی هێز و پتانسێلە سیاسی و مەدەنییەکانی دەرەوە و نێوخۆی وڵات بە مەبەستی قورسایی‌بەخشین بە بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بنەمای فکر و ڕێڕەوی تێکۆشانی کاک ئەحمەد حەبیبی بوو.

کاک ئەحمەد بە هینانەبەرباسی تیبینی و پێشنیارە درووست و بەجێکانی خۆی لە گەڵ هاوڕێیانی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە مەبەستی چۆنیەتی کارکردن لە فەزا و بارودۆخی جۆراوجۆر و جیاواز‌دا، هەمیشە ڕۆڵی ڕاوێژکارێکی دڵسۆز و خەمخۆری بۆ حیزبەکەی دەگێڕا.

جیا لە ئەندامبوون وتێکۆشانی لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات لە نێوخۆی وڵات‌دا، لە کارنامەی سیاسیی کاک ئەحمەدی حەبیبی دا دەکرێ ئاماژە بە هەوڵەکانی ناوبراو بۆ دامەزرانی بەرەی یەکگرتووی کورد بکرێ کە کاک ئەحمەد، وێڕای ڕەوانشاد موهەندیس بەهائەدینی ئەدەب و هاوبیرانیان لە یەکەم دامەزرێنەرانی بوون.

ڕەوانشاد کاک ئەحمەد حەبیبی ساڵی ١٣٣٩ لە شاری مەریوان لەدایک بوو. دوای هاتنەسەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە هۆی تێکۆشانی سیاسی، ئیزنی پێ نەدرا لە تاقیکارییەکانی زانکۆدا بەشداری بکات و بۆ ماوەیەک زیندانی کرا. پاشان لە ڕشتەی ڕیازی‌دا دیپلۆمی وەرگرت و لە زانکۆی کرماشان درێژەی بە خوێندن دا و دواتر لە ڕشتەی حقوق‌دا مەدرەکی باڵای وەرگرت. پێوەندیی کاک ئەحمەد حەبیبی لە گەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ هاوڕێیەتی ناوبراو لە گەڵ شەهید مەنسوور ڕەشەهەورامی و دوای پەیوەستبوونی شەهید مەنسوور بە حیزبی دێموکرات، کاک ئەحمەد و کۆمەڵێک هاوڕێی دیکەی لە ڕێگای شەهید مەنسوور و شەهید حەکیم ڕەزای‌یەوە پێوەندی بە ڕیزەکانی نهێنیی حیزبەوە دەگرن. دوای شەهیدبوونی شەهیدان؛ کاک حەکیم ڕەزایی و کاک مەنسوور و لە قۆناغەکانی دواتردا، کاک ئەحمەد لە ڕێگا هاوڕێیانی دیکەی خۆیەوە لە نێوخۆی وڵات، درێژە بە پێوەندییەکانی خۆی لە گەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان دەدات و لە ڕیزی تێکۆشەرانی نێوخۆی وڵات دا و بۆ کاروباری تایبەت سازمان دەدرێت. کاک ئەحمەد حەبیبی، تا دوایین ساتەکانی ژیانی وەک تێکۆشەرێکی ڕاستەقینە، وەفادار بە ڕێگا و ڕێبازی حیزبی دێموکرات مایەوە.

کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای بەداخبوونی بۆ کۆچی دوایی کاک ئەحمەدی حەبیبی، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری، لە کۆمەڵگەی سیاسی و مەدەنیی کوردستان و بە گشتی لە خەڵکی سنە و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوسەنگەرانی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان دا دەکات.

ڕۆحی شاد و بەهیوای وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجە پیرۆزەکانی.

حیزبی دێموکراتی کوردستان

کۆمیسیۆنی تەشکیلات

٦ی پووشپەڕی ١٣٩٩

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت