ئه‌بوبه‌كر ئیسماعیل‌زاده
پێ به پێ ده‌گه‌ڵ “ساماڵ”
* له شار و گوندی کوردستان ته‌مرینی نه‌زمی خۆ ژیان و له سه‌ر پێی خۆ بوون بوو. لاوانی کورد هه‌لێکیان ده‌ست که‌وتبوو هه‌تا توانا و مه‌جالی خۆیانی تێدا تاقی که‌نه‌وه. یه‌کێک له‌وانه‌ی دڵخۆش به‌و وه‌زعه له خۆ ماندوو کردن دا شه‌و و ڕۆژی نه‌ده‌ناسی “ئه‌بوو” بوو. من له”قه‌ره‌گۆل” و ئه‌و له “قه‌باکه‌ندی” بێ ئه‌وه‌ی یه‌کتر بناسین ببووینه هاوڕێ و هاوکار. وه‌ک هه‌زاران “دیپڵۆمی بێکاره” ئه‌ویش چاوه‌ڕوانی هه‌لێک بوو کارێکی ده‌ست که‌وێ و بناخه‌ی ژیانی نوێ دامه‌زرێنێ، بۆیه زۆر به شه‌وقه‌وه بۆ سه‌رکه‌وتنی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی هاتبووه پێش هه‌وڵی ده‌دا. له‌و هه‌موو که‌ره‌سه نیزامییه‌ی له جه‌ڕه‌یانی شۆڕش دا ده‌ست خه‌ڵک که‌وتبوو یه‌کیه‌تیی لاوانی قه‌باکه‌ندییش ببووه خاوه‌نی جیبێکی(جیپ) ئه‌ڕته‌شی.ئه‌بوو وه‌ک ئه‌وه که فڕۆکه‌ی ده‌بن دا بێ دێ به دێ پێی ده‌گه‌ڕا و کاری بۆ شۆڕش ده‌کرد. هه‌ر جاره نا جارێک ده‌ت دیت جیبه بۆر له قه‌رگۆلیش په‌یدا ده‌بوو که لاوێکی باریکه‌ڵه‌ی سه‌ر مه‌یله‌و زه‌رد لێی ده‌خوڕی و چه‌ند که‌سێکی دیکه‌ش هاوڕێی بوون. هه‌موو جارێ ده‌هاته لام و په‌یام و ڕاسپارده‌ی دێنان و دوایه لێم ون ده‌بوو. ئه‌و ده‌وران گوزه‌را و جیبه بۆر تێدا چوو و لاوی باریکه‌ڵه‌ی سه‌ر زه‌ردیشم نه‌دیته‌وه.
* له گه‌رمه بازاڕی کڕین و فرۆشی کۆنه ده‌مانچه و تفه‌نگ و ته‌قه‌مه‌نی دا، بازاڕی “خه‌تتایی”یش جێگایه‌کی به ڕمێن بوو. ڕۆژێک گوتیان “خالید” له بازاڕی خه‌تتایی ده‌مانچه‌ی له ده‌ست ده‌رچووه و لاقی که‌سێکی بریندار کردوه. خالید له هاوکارانی حیزبی و دۆستیشم بوو. به په‌له خۆم گه‌یانده ماڵیان هه‌تا بزانم چ باسه، که دیتم لاوه سه‌ر زه‌رده‌که‌ی قه‌باکه‌ندی له لای سه‌ره‌وه‌ی دیوی دانیشتن جێگای بۆ ڕاخراوه و پاڵی لێ داوه‌ته‌وه. ئه‌وجار زانیم ئه‌وه‌ی ده‌مانچه‌ی وێ که‌وتووه کۆنه هه‌واڵ هێنه‌ره‌که‌ی یه‌کیه‌تیی لاوانه که ئێستا به ڕێزه‌وه له‌و ماڵه پاڵی لێ داوه‌ته‌وه. ئه‌بوو هه‌تا لاقی چاک بۆه‌وه له ماڵی خالید مایه‌وه و قه‌دری له سه‌ر سه‌ران بوو. ڕۆژێ سێ جه‌مه خواردنی باشی بۆ ساز ده‌کرا و هه‌ر برۆی هه‌ڵته‌کاندبا یه‌ک دوو که‌س ئاماده‌ی خزمه‌ت بوون.له‌و ماوه‌یه دا دیسان چه‌ند جار یه‌کترمان دیته‌وه و زیاتر ده‌گه‌ڵ ڕووحییاتی ئاشنا بووم.
* به‌ره‌به‌ری هێرشی پان و به‌رینی ڕێژیم بۆ گرتنه‌وه‌ی جاده‌ی سه‌رده‌شت – پیرانشار بوو. هه‌موو ناوه‌ندی کوردستان ده‌حاڵی خۆ ئاماده کردن بۆ به‌ره‌نگاریی ئه‌و هێرشه دا بوو. به تایبه‌ت ڕۆژ ڕۆژی لاوان بوو هه‌تا هیممه‌ت بنوێنن و خاکی وڵاته‌که‌یان بپارێزن. من به‌شی ته‌شکیلاتیی ناوچه‌کانی مه‌هابادم له لایه‌ن یه‌کیه‌تیی لاوانه‌وه پێ ئه‌سپێردرابوو. ده‌بوایه هیزی لاوانی ناوچه بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه وه‌خۆ بخه‌م. ده‌گه‌ڵ مامۆستا “بێ به‌ش” له مه‌نگوڕایه‌تی ڕا بۆ قه‌ره‌گۆل و له‌وێش ڕا به‌ره‌و قه‌باکه‌ندی وه‌ڕێ که‌وتین. له نێو باغ و باغاتی پڕ وێنجه‌ی لادێ دا لاوه باریکه‌ڵه سه‌ر مه‌یله‌و زه‌رده‌که‌مان دیته‌وه که له جیاتی وه‌گیر خستنی شوغڵێکی دڵخواز، ده‌بوایه مل بنێته به‌ر کاری تاقه‌تبڕی کشت و کاڵ. ئێواره‌یه‌کی پڕ له مێشه‌کوێره‌ی نێو باغان له قه‌راغ چۆمی “ته‌ته‌هوو” ده‌گه‌ڵ ئه‌بوو تێر دانیشتین و ئه‌وه‌ی ده‌بوو باسی بکه‌ین، کردمان. زۆری پێ نه‌چوو “ئه‌بوو” یه‌کێک له‌و هه‌زاران لاوه‌ی کوردستان بوو که خۆی له سه‌نگه‌ری به‌رگری له خاک و سه‌ربه‌رزیی گه‌له‌که‌ی دا دیته‌وه. ئه‌وجار نازناوی “ساماڵ” وه‌دوای ئه‌و کوڕه ڕووح سووکه خرا و به‌رگی پیرۆزی پێشمه‌رگایه‌تیی ده‌به‌ر کرا.
* له نێو کۆڕی لاوان دا “ساماڵ” دیارترینیان بوو. له هه‌ڵسووڕی و ماندوویی نه‌ناسی دا، له کارجوانی و پوخت و پاراوی دا، له کۆمه‌ڵایه‌تی بوون و به ده‌نگ خه‌ڵکه‌وه چوون دا، له ئازایه‌تی و چاو نه‌ترسی دا، له قانع بوون و ساده‌یی ژیان دا، له سه‌داقه‌ت له دۆستایه‌تی و هه‌ڵس و که‌وتی جوان و سه‌نگین دا، له ئه‌مانه‌تداری و جێی باوه‌ڕی دا و خۆلاسه له هه‌موو ئه‌و تایبه‌تمه‌ندی¬یانه‌دا که بۆ خه‌باتگێڕێک لازمن، به‌ڕاستی کاک ساماڵ سه‌رتۆپ بوو. هه‌ربۆیه‌ش هه‌م لاوان خۆشحاڵ بوون هاوسه‌نگه‌رێکی ئاوایان وه‌گیر که‌وتووه و هه‌م ئه‌منیش ده‌پێستی خۆم دا جێم نه‌ده‌بۆوه که توانیومه که‌سێکی ئاوا بکێشمه ڕیزی لاوان. له‌و کاته‌وه ئیدی ئه‌رکی سه‌ره‌کیی ساماڵ گه‌ڕان به دوای لێ ون بووه‌که‌ی خه‌ڵکی کوردستان دا بوو که ئازادیی ناوه.
* له “گاگه‌شی”ی مه‌نگوڕان قه‌راره کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی لاوان ته‌ڕمیمبکرێته‌وه. ناوی ساماڵ له پێشه‌وه‌ی ئه‌و ناوانه‌یه که بۆ ئه‌و به‌رپرسایه‌تییه به‌رچاو ده‌که‌وێ. له گاگه‌شی مه‌نگوڕان قه‌راره ده‌سته‌ی لاوان بۆ به‌شداریی سمینارێکی گشتی بۆ ساغ کردنه‌وه‌ی ڕێکخراوه‌که‌یان به به‌شداریی دوکتۆر قاسملوو ڕه‌وانه بکرێ. ناوی ساماڵ له ڕیزی پێشه‌وه‌ی ئه‌وانه‌یه که ده‌بێ به‌شدار بن. له گاگه‌شی مه‌نگوڕان گه‌ڕانی جۆراوجۆری لاوان ساز ده‌کرێ. ساماڵ گه‌ڕۆڵی ئه‌سڵیی هه‌موو تیمه‌کانه.له گاگه‌شی مه‌نگوڕان له دابه‌ش کردنی ئه‌رکی ڕۆژانه دا ساماڵ وه‌ک به‌رپرسی”میوانان” دیاری ده‌کرێ. ئه‌گه‌ر گوتتان بۆ، ده‌ڵێم له به‌ر ڕووح سووکی و باش زانینی دابی میوانداری. هه‌ر له گاگه‌شی مه‌نگوڕانیشه که “سیاوه‌ش” و “ساماڵ”ده‌بنه برا زاوای “هه‌یاس” و له‌و بێ ئیمکاناتییه‌دا زه‌ماوه‌ندێکی پێشمه‌رگانه‌ی بۆ ڕێک ده‌خه‌ن.
* ئه‌و کاته‌ی که بنکه‌ی یه‌کیه‌تیی لاوانیش وه‌ک بنکه‌ی هه‌موو هێزه‌کانی دیکه‌ی پێشمه‌رگه‌ی ناوه‌ندی کوردستان له دوای بیست و پێنجی گه‌لاوێژی 1363دا که‌وته به‌ر هێرشی پان و به‌رینی هێزه‌کانی ڕیژیم و ناچار سنووری ده‌ستکردی بڕی، دیسان مودیرییه‌ت و به‌رچاو ڕوونیی ساماڵ وای کرد ئه‌و کۆڕه‌وه درێژه به زیانی که‌متره‌وه بگاته مه‌قسه‌د. کاتێکیش به پێچه‌وانه‌ی مه‌یلی خۆیان، لاوان ناچار کران له‌و دیوی سنوور ماندگار بن، هه‌م دیسان کارجوانی و خۆ بێر و به‌وێ دادانه‌کانی ساماڵ بۆ وه‌گیر خستنی لانی که‌می ئیمکانات جێی ئافه‌رین و سه‌رسوڕ مان بوو. بنکه‌ی”باساوێ”ی یه‌کیه‌تیی لاوان ئه‌گه‌ر له وێرانه‌یه‌ک ڕا بوو به جێگایه‌ک بۆ ژیان و ته‌نانه‌ت به نیسبه‌ت ئه‌و سه‌رده‌م جوانکاریشی تێدا کرا، سه‌لیقه‌ی جوانی ساماڵ و دڵسۆزییه‌کانی نه‌خشی به‌رچاویان گێرا. خوێن شیرینی و ساده‌یی ئه‌و ئینسانه وای کردبوو نه‌ک هه‌ر خه‌ڵکی دانیشتووی باساوێ که ئه‌وانیش وه‌ک ئێمه له ماڵی خۆیان هه‌ڵ قه‌ندرابوون و له‌وێ گیرسابوونه‌وه ئۆگری بن، به‌ڵکوو دووکاندارانی بازاڕی “سه‌فره” و ته‌نانه‌ت “حاجی ساڵه”کانی”کارێزه”ش سوێندیان به سه‌ری ده‌خوارد. هیچ ئیغڕاق نیه ئه‌گه‌ر بڵێم له‌و ماوه‌یه‌دا که ساماڵ وه‌ک به‌رپرسی ته‌داڕوکاتی لاوان خه‌ریکی ساغ کردنه‌وه‌ی ئه‌و بنکه‌یه بوو سه‌دان دیناری ئه‌وکاتی له خه‌رجی ڕۆژانه بۆ شۆڕش گێڕایه‌وه. داخی گرانم هه‌ر له‌و ده‌ورانه‌دا بوو نوێنه‌رێکی ده‌فته‌ری سیاسی بۆ لاوان که هه‌م خه‌راپ حاڵی کرابوو و هه‌م بۆخۆی خه‌راپی لێ ده‌خوڕی، له هیچ و خۆڕایی به‌ربینگی به ساماڵ و که‌سانی دیکه‌ش گرت و ناچاری کردن لاوان به جێ بێڵن.هه‌ڵبه‌ت لێتان ناشارمه‌وه منیش به ئیعتڕاز به‌و هه‌ڵوێسته تونده ماڵ ئاواییم له دۆستانی لاو کرد و هه‌ر به تۆڵه‌ی ئه‌وه‌ش له “داڵاهۆ” قایم کرام.
* ئێستا ئیدی ساماڵ له نێو پێشمه‌رگه به جه‌رگه‌کانی ناوچه‌ی ڕه‌به‌ته و ده‌گه‌ڵ حه‌مه‌ڕه‌سووڵ که‌ریمی، قادر مه‌کڵاوه‌یی، حه‌سه‌ن غه‌مبار و ده‌یان چاونه‌ترسی دیکه شاخ و کێوی کوردستان ده‌کا. ئه‌و کۆڵێک ئه‌زموونی کاری کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ته‌شکیلاتی هه‌ڵ گرتوه و گوند به گوندی ئه‌و ده‌وه‌ره ده‌گه‌ڕێ هه‌تا بیان دا به خه‌ڵک و هاوسه‌نگه‌رانی. ساماڵ ئێستا ئیدی توانا و زه‌رفییه‌تی زۆری خۆی له چوار چێوه‌ی لاوان دا به‌ر ته‌سک ناکاته‌وه و له گه‌ڕانی خۆی دا دنیایه‌کی نوێ ده‌دۆزێته‌وه. له‌و دنیا نوێ¬یه دا توانا و مه‌جالی ساماڵ زیاتر وه‌دیار ده‌که‌ون و هه‌ر بۆیه ده‌بێته مامۆستایه‌کی به ئه‌زموون. ئه‌و له ڕه‌به‌ت و من له داڵاهۆ هه‌ر چه‌ند مه‌ودایه‌کی زۆری خسته نێوانمان، به‌ڵام لێکی دانه‌بڕاین. ئاخر من و ساماڵ نه‌ک هه‌ر هاوسه‌نگه‌ر و هاوخه‌بات، به‌ڵکوو دۆستی یه‌کتریش بووین. له بیرمه جارێک که بۆ سه‌ردانی چوومه “سونێ” چرایه‌کی چووکه‌ی “عه‌لادین”ی دامێ که ئێستاش وه‌ک یادگارییه‌کی به نرخ ڕام گرتوه. دواتر به‌ڵام ئه‌و له کۆمیته‌ی مه‌هاباد و من له ڕادیۆ مه‌جالی زیاترمان بۆ ڕه‌خسا یه‌کتر ببینین و قسه‌ی دڵی خۆمان لای یه‌ک هه‌ڵ ڕێژین.
* کاروانی قه‌ت نه‌پساوه‌ی خه‌باتگێڕانی ڕێی ئازادی هه‌ر ده‌هات و تووشی کوێره ڕێ و هه‌ڵه‌مووت ده‌بوو. ڕێ ڕه‌وانی ئه‌و ڕێگا پیرۆزه ڕۆژ به ڕۆژ تووشی ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه و نامولایماتی زیاتر ده‌هاتن.سه‌دان تێکۆشه‌ر گیانیان فیدا کرد و کۆڕی هاوسه‌نگه‌رانیان به جێ هێشت. زۆری دیکه که‌م ئه‌ندام بوون و به پێچه‌وانه‌ی مه‌یلی خۆیان له مه‌یدان دوور خرانه‌وه. هه‌ش بوون وه‌ک من رێگای دیکه‌یان گرته به‌ر و خۆیان گه‌یانده شوێنی ئه‌من بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر بژین. ئێستا نازانم خۆزگه بخوازم ساماڵیش وه‌ک منی کردبا و رێگای هه‌نده‌رانی گرتبا یان بڵێم خۆزگه منیش مابامه‌وه و له ته‌نیشت ئه‌و سه‌رم نابایه‌وه. فه‌لسه‌فه‌ی ژیان ورده کاریی زۆری تێدایه و هه‌ر که‌س به‌جۆرێکی لێک ده‌داته‌وه. له لایه‌ک دروشمی ئێمه خه‌بات و ڕانه‌وه‌ستان هه‌تا گه‌یشتن به ئاواته و له‌لایه‌کیش پێمان خۆشه بژین.ڕاگرتنی باڵانسی نێوان ئه‌و دوانه زۆر زه‌حمه‌ته. نازانم بۆ دڵم که‌متر ڕێگام ده‌دا له سه‌ر “شه‌هید” شت بنووسم. چونکه به ڕه‌گ و پێسته‌وه خه‌می ئه‌وانه‌ی له دوای به جێ ده‌مێنن هه‌ست پێ ده‌که‌م. ئێستا هه‌ر چی ده‌که‌م ناوێرم ڕازێک که له دڵم دایه ئاشکرا بکه‌م، ده‌ڵێم نه‌وه‌ک مه‌قامی به‌رزی شه‌هید ساماڵ بێنێته ژێر پرسیار. به‌ڵام دڵم دانامرکێ و ئه‌گه‌ر باسی نه‌که‌م ده‌بێته مه‌راقێکی گه‌وره. ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه کاتێک به ناچاری خۆم و خێزانم بڕیاری ئه‌وه‌مان دا کۆڕی هاوسه‌نگه‌ران به جێ بێڵین و ڕێگای هه‌نده‌ران بگرینه به‌ر، ده‌گه‌ڵ دۆستی نیزیکم ساماڵیشم باس کرد. بڕیارمان بوو به یه‌که‌وه ئه‌و سه‌فه‌ره بکه‌ین، به‌ڵام ( دیسان نازانم بڵێم حه‌یف یان چی)که هی ئه‌و سه‌ری نه‌گرت و من ملی ڕێگام گرته به‌ر. دواتر بیستم به‌رپرسایه‌تیی قورسی وه‌رگرتوه و ئیدی بڕیاری درێژه دان به خه‌باتی داوه. هه‌تا ئێستاش هه‌ر که بیر له ساماڵ ده‌که‌مه‌وه خۆم سه‌رکۆنه ده‌که‌م و ده‌ڵێم باشه منیش بۆ نه‌مامه‌وه و به جێم هێشت؟ ئێستاش بیر ده‌که‌مه‌وه دخوا ئه‌و ڕۆیشتنه‌ی من ڕه‌فیقایه‌تیی نیوه ڕێ بوون نه‌بوو؟ هه‌ر له جێ‌دا بڕیاری من باشتر بوو یان هی ئه‌و؟ ئه‌گه‌ر من مابامه‌وه شتێک له وه‌زعی شۆڕش ده‌گۆڕا؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌گه‌ڵم هاتبا شۆڕش تووشی نسکۆ ده‌بوو؟ نازانم ئه‌وانه هه‌مووی پرسیارن و بۆم وه‌ڵام نادرێنه‌وه. باش ده‌زانم خه‌بات پێویستی به ئینسانه به جه‌رگ و ئازاکان هه‌یه. به‌ڵام خۆزگه شه‌هید بوون نه‌ده‌بوو. ئه‌من له نێو کۆڕی هاوسه‌نه‌گه‌رانم دا چوار له هه‌ره خۆشه‌ویسته‌کانم شه‌هید بوون: “عه‌بدوڵلا” هه‌م ئامۆزام و هه‌م ڕه‌فیقی منداڵیم، “سیاوه‌ش” ڕه‌فیقی منداڵیم و هاو ده‌مم، “ساماڵ” و “ئه‌بوو کانیه ڕه‌شی” که هه‌ر دووکیان جێگایان به ته‌واوی له دڵم دا کردبۆوه. چیت ده‌گه‌ڵ باس بکه‌م هاوڕێ که: دڵم به ژان و برینه، قاقای پێکه‌نینم کوڵی گرینه.
* به‌ره به‌ری کۆنگره‌ی یازده‌یه و نوێنه‌رمان له ئوستڕالیا ڕا خۆی ساز کردوه بڕواته‌وه. کۆڵێک نامه‌م ئاماده کردوون پێی دا به‌ڕێ که‌مه‌وه که یه‌کیان بۆ دۆستی خۆشه‌ویستم “قادر وریا”یه.چونکه ده‌م زانی دڵی له دڵم نیزیکه و کاتیش بۆ خوێندنه‌وه‌ی نامه ته‌رخان ده‌کا، باسی عه‌ڕش و قوڕشم بۆ کردبوو. دوای کۆنگره چاوه‌ڕوان بووم نوێنه‌ر بگه‌ڕێته‌وه و باسی تازه‌مان بۆ بێنێ. خۆ ئه‌و کات که‌ره‌سه‌ی وه‌ک ئێستا له گۆرێ دا نه‌بوو ڕۆژانه باسی کۆنگره بزانین. کاتێک نوێنه‌ر هاته‌وه کۆلێک نامه‌ی بۆ هێنابووم که زۆریان خه‌م و خه‌فه‌تیان لێ ده‌باری. هه‌رکامیانم ده‌کرده‌وه باسی شه‌هید بوونی ئه‌و تێکۆشه‌رانه بوو که له ده‌روازه‌ی کۆیه سینگیان کون کون کرا. له نێو ئه‌وانه دا نامه‌ی وریا هه‌ژاندمی و حه‌جمینی لێ هه‌ڵ گرتم. ئێستا له ساڵڕۆژی ئه‌و ناحه‌قییه‌دا و به یادی شه‌هید ساماڵ و باقی شه‌هیدانی دیکه‌ی ئه‌و ڕۆژه، دیسان وه‌یادی کۆنه نامه‌که‌ی وریا که‌وتمه‌وه و جارێکی دیکه خوێندمه‌وه. پێم خۆشه ئێوه‌ش به‌شێکی ئه‌و نامه‌یه‌م ده‌گه‌ڵ بخوێننه‌وه ئه‌گه‌ر وه‌ک من و وریا حه‌وسه‌له‌تان هه‌یه. وریا نووسیبووی:
“برا و به‌ندی دڵم! یاری به وه‌فا و خۆشه‌ویستم کاک هه‌یاس!
سڵاوێک به گه‌رمیی ئه‌و ئاگره‌ی له کاتی خوێندنه‌وه‌ی نامه‌که‌ت دا له ده‌روونم دا دایسا و به ڕه‌وانی و زوڵاڵیی ئه‌و فرمێسکانه‌ی له گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی نامه‌که‌ت دا هه‌ڵم ده‌وه‌راندن.
بڕوانه ئه‌و دوو تصادف و پێشهاته تاڵ و ناخۆشه! نامه‌که‌تم ڕاست ئه‌و ڕۆژه و ئه‌و سه‌عاته له ده‌ست کاک جه‌ماڵ شافعی وه‌رگرت که تازه له نه‌خۆشخانه‌ی خۆمان ڕا، له سه‌ر ته‌رمی یار و هاوده‌م و هه‌ڤاڵی چۆمی مه‌جید خانت و ئه‌نیسی ڕۆژانی لاوه‌تی و کار له یه‌که‌تیی لاوانت، واته کاک ساماڵ دۆستی هه‌ردووکمان و هه‌ر وه‌ها له سه‌ر ته‌رمی دابێژ دابێژ کراوی هاوڕێ یان کاک سید منصور ناصری و کاک منصور فتاحی و 2هاوڕێی پێشمه‌رگه‌یان دا، هاتبوومه‌وه به‌ر ده‌رگای سکرتاریا. له به‌ر ده‌رکی سکرتاریا ئاپۆڕای ده‌یان که‌سیی هاوڕێ یانمان کۆزیلکه‌یان به‌ستبوو.ده‌تگوت ڕۆژی حه‌شرێ یه. کاک منصور فتاحی و هاوڕێ یانی له لای دووکان که‌وتبوونه که‌مینی تیڕۆڕیسته‌کانی کۆماری ئیسلامی. کاک منصور له وێ بریندار ببوو به‌ڵام له ڕێ یه دا شه‌هید بوو. ئه‌و چه‌ند که‌سه‌ی دیکه‌ش پاش ئه‌وه‌ی له مه‌ترسی ده‌ر چوو بوون، له هاتن به‌ره‌و کۆیه له سه‌یته‌ره‌ی وروودیی شار – له هه‌یبه سوڵتانه‌وه که دێی – هه‌ر له نێو ماشێنه‌که‌ی خۆیان دا به بێ هیچ عوزر و بیانوویه‌ک له خوێنی خۆیان دا خه‌ڵتان کرابوون. که دیار بوو به ده‌ستووری اطلاعاتی ئێران ببوو. به‌ڵێ دڵم پڕ بوو له خه‌می له ده‌ست دانی ئه‌وان و هه‌موو وجوودم قین و ڕق و نه‌فره‌ت بوو له‌و نامه‌ردی و وغه‌در و جه‌نایه‌ته گه‌وره‌یه. ڕاست له‌و کاته دا تووشم به تووشی کاک جه‌ماڵ شافعی بوو. نامه‌که‌تم لێ وه‌ر گرت. چوومه نێو گوڵه ژاکاوه‌کانی به‌ر ده‌رکی سکرتاریا و له به‌ر هه‌تاوی خه‌م هێنه‌ری پاییزی دا ملم له خوێندنه‌وه‌ی نا.له دڵی خۆم دا ده‌مگوت هیچ دوور نیه چه‌ند سه‌عات و چه‌ند ده‌قیقه‌ی دیکه شه‌ڕێکیش ده‌گه‌ڵ یه‌کیه‌تی به ڕیشمانه‌وه نه‌بێ، کاره‌ساتێکی گه‌وره‌تر ڕوو نه‌دا و منیش تێدا نه‌چم. ئه‌گه‌ر وایه با حه‌سره‌تی خوێندنه‌وه‌ی نامه‌ی کاک هه‌یاس له دڵم دا نه‌مێنێ و له گه‌ڵ خۆم نه‌ی به‌مه ژێر گڵ. با وه‌ی خوێنم.
نامه‌که‌تم خوێنده‌وه. حه‌شرت کردبوو. دیار بوو له مێژ بوو پرێسکه‌ی دڵت نه‌کردبۆوه و له که‌سێک ده‌گه‌ڕای قسه‌ی بۆ بکه‌ی. ده‌مگوت ساماڵ گیان تۆ ئه‌مڕۆش نه‌ژیای تا پێت بڵێم کاک هه‌یاس نامه‌ی بۆ ناردووم ها بیخوێنه‌وه. ئاخر به گیانی ناخێرمان پلینۆمی پێش کۆنگره‌مان به ده‌سته‌وه بوو و کاک ساماڵ و هاوڕێ یانی بۆ پلینۆم ده‌هاتن که کاره‌که وای لێ هات. له حاڵی خوێندنه‌وه‌ی نامه‌که‌ت دا بووم که کاک فه‌تاح کاویان هاته لام دانیشت. لاپه‌ڕ به لاپه‌ڕ له سه‌ر ویستی خۆم نامه‌که‌ی به دوای من دا ده‌خوێنده‌وه و وه‌ک من هه‌ستی پێ ده‌بزووت، که‌یفی پێ ده‌کرد و چێژی لێ وه‌ر ده‌گرت…”.
“ژیان به‌رخۆدانه”.ئه‌وانه‌ی به خه‌م و چه‌می ژیان ڕاهاتوون و ده‌گه‌ڵ نامولایمات به‌ربه‌ره‌کانێ ده‌که‌ن، ڕووحێکی ماندگار و مێشکێکی پڕ و بیرێکی تیژیان هه‌یه.ڕا هاتن به ژیانی شۆڕشگێرانه و خۆ گونجاندن ده‌گه‌ڵ چه‌رمه‌سه‌رییه‌کانی، کاری هه‌موو که‌س نییه. ساماڵ یه‌کێک بوو له‌وانه‌ی ژیان ده‌که‌نه ئامرازی خزمه‌ت به خه‌ڵک و خه‌بات له پێناوی ئاواته‌کانی دا. ڕووحی ساماڵ ماندگاره و ناوی به‌رزی لای من و ڕێڕه‌وانی ڕێگاکه‌ی بۆ هه‌تا هه‌تایه ده‌مێنێته‌وه.ئه‌وانه‌ی ده‌رسی چۆن ژیان له ساماڵه‌کان وه‌ر ده‌گرن سه‌ر بۆ زوڵم نه‌وی ناکه‌ن. سه‌ر به‌رز ڕاگرتن یانی دیتنی دووره دیمه‌نی پێشهاته‌کان و خافڵ نه‌بوون له دادێی ڕووداوه‌کان. ئه‌و جۆره ئینسانانه ده‌توانن شوێن دانه‌ر بن و هه‌وڵی ڕزگاریی بخه‌نه سه‌ر شاڕێگای خۆی. ساماڵ یه‌ک له‌وان که‌سانه بوو.یادی به خێر و ناوی هه‌روا به به‌رزی بمێنێته‌وه. نه‌فره‌ت له‌وانه‌ی ساماڵ و هاوسه‌نگه‌رانی ساماڵیان خه‌ڵتانی خوێن کرد.
هه‌یاس کاردۆ – ئوستڕالیا –2011/12/4