دیار جه‌ناح
له یادی 21 ساڵه‌ی بێ که‌س ترین و غه‌درلێکراوترین شه‌هیدانی کوردستان دا.
له یادی دوو هاوڕێی خۆشه‌ویستم دیار جه‌ناح و سابیر ئیبراهیم پور دا
ره‌فیقه له ده‌ست چووه‌کانی ده‌ورانی شۆڕش وه‌ک و ئه‌و کتێبه به نرخانه‌ن که قه‌ت له خوێندنه‌وه‌یان ماندوونابم،هه‌ر ووشه و ڕسته و لاپه‌ره‌یه‌کی ئه‌م کتێبانه وه‌بیر هێنه‌ره‌وه‌ی بیروهریییهکی تاڵن،وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی ڕوخسارێکی ئاشنا و له بیرنهچۆوهن،له هه‌ر لاپه‌ره‌یه‌کی ئه‌م کتێبه موقه‌ده‌سانه دا ناوێکی پیرۆز دێته به‌رچاوم و چه‌ند دڵۆپه فرمێسکێک به سه‌ر گۆنام دا دێنه خوار،له گۆشه‌یه‌کی ئه‌م کتێبانه دا ناوی سابیر و دیار دێنه به‌رچاوم ، دوو مرۆڤی هه‌ژار و خۆشی له خۆ نه‌دیو، دوو پارتیزان و قاره‌مانی ڕۆژانی سه‌ختی خه‌بات و تێکۆشان، دووکه‌س که خۆشترین کاته‌کانی ژیانیان فیدای ئازادی گه‌له‌که‌یان کرد .
باس له شه‌هید بوونی سابیر‌و دیار باسێکی به ئازار و پڕ له حه‌سره‌ت و خه‌م و خه‌فه‌ته،باسی به ژانترین زامه‌کانی جووڵانه‌وه‌ی کورده،باسی دیاری بێ دایک و باوک و سێهه‌م شه‌هیدی بنه‌ماله‌یه، باسی سابیری بێ دایک و و باوکه، من به شانازیییه‌وه باسیان ده‌که‌م، له دڵه‌وه باوه‌رم به باس کردن و یاد کردنیان هه‌یه و باوه‌رم به دواین هه‌ناسه و دواین دڵۆپی خوێنیان هه‌یه.
ئه‌وان له غه‌درلێکراوترین شۆڕشگێره‌کانی مه‌یدانی خه‌بات بوون، جارێکیان غه‌در لێ‌کرا که له شه‌ری ناخۆدا کوژران، جارێکیان غه‌در لێ‌کرا که به ده‌ستی حیزبی پێشووی خۆیان کوژران، جارێکیشیان غه‌در لێ‌کرا که ورەده ورده فه‌رامۆش ده‌کرێن و ناویان ده‌شۆرێته‌وه .باسی سابیر و دیار هیچ له خه‌می له ده‌ستانی ئه‌و دوو تێکۆشه‌ره که‌م ناکاته‌وه و قه‌تیش ناتوانم بیانهێنمه‌وه سه‌ر ژیان به‌ڵام لانی که‌م ویژدانم ئاسووده‌یه که باسی دووکه‌س ده‌که‌م که له ناخۆشترین کات و ساته‌کانی شۆرش دا هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌ر و پشتیوانم بوون.
شێوه‌ی شه‌هید کردنی ئه‌و دوو هاوڕێیه‌ی من هێنده دڵته‌زێنه که هه‌رچه‌ند ده‌که‌م دڵم بڕوا نادات ئه‌و برینه گه‌وره‌یه بوکلێنمهوه و بچمه ناو ورده‌کارییه‌کانی ،به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی بۆ مێژوو بمێنێته‌وه‌و ون نه‌بێت زۆر به کورتی باسی دواساته‌کانی هه‌ناسه سارده‌کانی سابیر و دیار ده‌که‌م.
کاره‌ساته‌که وه‌ک خۆی
ڕۆژی 7.09.1992
شوێن گوندی چۆمه‌ڵ، به‌رپرسی پێشمه‌رگه‌کانی ئه‌و کاتی ناوه‌ندی 2 کاک ناسر پیرانی
سابیر و دیار مهئمورییهتییهکیان پێ ده‌سپێردرێت که بچنه ناو گوندی چۆمه‌ڵ، کاره‌که‌یان ئه‌وه ده‌بێت که ئه‌و یهسترهی که چه‌ند ڕۆژ پێشتر بۆ ڕاگواستنی پێشمه‌رگه‌یه‌کی نه‌خۆش به ناوی غولام بابایی وه‌ریان گرتبوو بیبه‌نه‌وه بۆ خاوه‌نه‌که‌ی،( بێ خه‌به‌ر له‌وه‌ی که هاورێیانی پێشوویان ئاگاداری هاتنیان ده‌بن) سابیر و دیار له گوندی چۆمه‌ڵ نزیک ده‌بنه‌وه و هه‌ست به مه‌ترسییه‌ک ده‌که‌ن و ده‌زانن که ناو گوند هێزی چه‌کداری تێدایه هه‌ر بۆیه سابیر بێسیمه‌که‌ی ده‌ست ده‌داتێ و ته‌ماس له گه‌ڵ هاوڕێیانی ده‌گرێ و ده‌ڵێ: ئێمه له گوندی چۆمه‌ڵ نزیک بووینه‌وه به‌ڵام کێشه‌یه‌کمان له پێشه، وابزانم ئه‌و پێوه‌ندییه له گه‌ڵ برایم ده‌رمانی ده‌گیرێ که ئه‌و کاته دیده‌بانی ئه‌و تیمه له پێشمه‌رگه‌یه ده‌بێت که دیار و سابیریان بۆ ئه‌م ئه‌رکه به‌رێ کردبوو.
ئه‌وه ئاخرقسه بوو که بۆ هه‌تا هه‌تایه ئیدی هاوڕێیانی گویێان له ده‌نگی سابیر‌و دیار نه‌بۆوه…… سابیر و دیار دوایی ئه‌و پێوه‌ندییه له گوندی چۆمه‌ڵ نزیک ده‌بنه‌وه‌و ده‌که‌ونه ناو دۆزه‌خی ده‌یان که‌س له هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌ر و فه‌رمانده‌ی پێشوویان و به بێ ڕحمانهترین شێوه له به‌ر چاوی خه‌ڵک، دڵی ئه‌و دوو قاره‌مانه له لێدان ده‌خه‌ن،،،،ده‌بێت بڵێم که به داخه‌وه ئه‌و دوو پێشمه‌رگه‌یه جه‌نازه‌که‌یان به جۆرێک ده‌شێوێت که که‌لکی گواستنه‌وه بۆ گۆڕستان و ناشتنیان نامێنێت و هه‌ر له جێی خۆیان له لایه‌ن خه‌ڵکی گونده‌وه به خاکی پیرۆزی کوردستان ده‌سپێردرێن.
ئه‌گه‌ر ژیان مه‌جال بدا بۆ ئه‌و دوو ره‌فیقه‌م کێلێکی گه‌وره به دروست کردن ده‌ده‌م و له سه‌ر کێله‌که ده‌نووسم : “گڵگۆی غه‌درلێکراوترین پێشمه‌رگه‌ی کوردستان”
خه‌ڵکی چۆمه‌ڵ دیاریان باش ده‌ناسی چون هه‌ر چه‌ند مانگ به‌رله شه‌هید بوونی، له گوندی کول ته‌په له گه‌مارۆی دوژمن ده‌که‌وێت وچه‌ندین پاسدار ده‌کوژێ و گه‌مارۆکه ده‌شکێنێت و خۆ ده‌گه‌یه‌نێته گوندی چۆمه‌ڵ، له‌م ڕۆژه به دواوه دیار ده‌بێته قاره‌مان و پارتیزانی ئه‌فسانه‌ی ئه‌و گونده… بۆیه هه‌موو ڕۆژێ له گه‌ڵ هه‌ڵاتنی خۆر خه‌ڵکه که چاویان به‌و ته‌پۆڵکه‌یه ده‌که‌وێت که دیار و سابیری لێ ناشتراوه ئه‌و کاره‌ساته له لایان زیندوو ده‌بێته‌وه.
24 کاتژمێر به سه‌ر ئه‌و ڕووداوه دا تێناپه‌ڕێت که جاش مه‌نگوڕه‌کان به په‌له خۆ ده‌گه‌یه‌نه گوندی کانی سێ‌و و ده‌چنه ماڵی سابیر و دایکه پیر و داماوه‌که‌ی له‌و کاره‌ساته ئاگادار ده‌که‌نه‌وه و پێی ده‌ڵێن حیزب کوڕه‌که‌ی کوشتی….. له‌م ساته به‌ولاوه شین و گریان و ڕۆ ڕۆ ده‌بێته میوانی ماڵی سابیر. دایکی سابیر هیچی تربهرگهی ئه‌و خه‌فه‌ته ناگرێ و دوای چه‌ند ساڵ کۆچی دوای ده‌کات . فیلمێک که دوایی شه‌هید بوونی سابیر له مالی سابیر هه‌ڵگیراوه‌ته‌وه و دایکی سابیر ده‌ردی دڵی خۆی ده‌کات، ویژدانی مرۆڤ ده‌هه‌ژێنیت ،دایکی سابیر به ده‌م گریان و بارانی فرمێسکه‌وه باسی ده‌ردو کوێره‌وه‌ری و شێوه‌ی گه‌وره کردن و پێگه‌یاندنی سابیر ده‌کات.
چه‌ند ڕۆژ دواتر هه‌واڵی شه‌هید بوونی دیاریش ده‌گاته تاقه خۆشکه‌که‌ی وبۆ هه‌تا هه‌تایه ده‌بێت به هه‌ناسه ساردیییهوه بمێنێته‌وه.
دیار کێ بوو:دیار کوڕی ڕۆژی ته‌نگانه، ئازا،شه‌ڕزان، به ئیمان و ره‌فیق دۆست بوو، که‌سێک بوو که دایک و باوکی نه‌مابوو، دووبرای شه‌هید ببوو به ناوه‌کانی ڕه‌حمان و جه‌ماڵ و وابزانم تاقه خوشکێیکی هه‌بوو،،، ئه‌گه‌ر بڵێم دیارله قاره‌مانترین پێشمه‌رگه‌کانی هێزی پێشه‌وا بوو، ئه‌وه ده‌بێته غه‌درێک له‌وپێشمه‌رگانه‌ی که له دیاریش قاره‌مانتر و ئازاتر بوون ، ئه‌وانه‌ی که قه‌ت له به‌رامبه‌ر گولله دا چاویان نه‌ترسا و سه‌ریان نه‌وی نه‌کرد، به‌ڵام ئهوقارهمانهتییهو ئازاییهتیهی که له ڕۆژی شه‌هید بوونی ڕه‌سووڵ ئه‌ندام و عومه‌ر عه‌باسی دا له 6.8.1991 دا له دیارم دیت له که‌سم نه‌دیتبوو،،،له‌و ڕۆژه دا که کاک یۆسف خۆشرو فه‌رمانده‌ی نیزامیمان بوو،ئێمه‌ی نارد بۆ پاک کردنه‌وه‌ی ئه‌و چیایه‌ی که پاسداره‌کان لێی جێگیر ببوون ، تیمێک که دیارمان له گه‌ڵ بوو به‌ره‌و ئه‌و شاخه پێشرهویمان کرد،،دیار له‌و شه‌ره دا زۆربه‌ی ئێمه‌ی فێری شه‌رکردن کرد، دیار له جێگای خۆی سه‌نگه‌ری ده‌کرد،نه‌فه‌سی له خۆی ده‌بڕی و سیله‌ی له‌و پاسدارانه ده‌گرت که هه‌لده‌هاتن ،،، ئه‌و تیری به خهسارنهچوو، ده‌بێت بڵێم زۆربه‌ی پاسداره‌کان ئه‌و کوشتنی،،،،،، له‌و شه‌ره دا ئه‌من خۆم گه‌یانده عومه‌ر عه‌باسی که ئه‌و له کاتی پێشره‌وی کردن و گرتنی دواین سه‌نگه‌ر دیتم بریندار بووه ،ئیدی له‌و سه‌نگه‌ره دا گیرم خوارد که عومه‌ری تێدابوو، ئێمه که‌وتینه نێوان شه‌ری پێشمه‌رگه و پاسدارهکانو گولله وه‌ک باران ده‌باری، مه‌جالی سه‌ر ههلێنانم نه‌بوو، عومه‌ر له دوایین ساته‌کانی خۆی دابوو، خوێنێکی زۆری له به‌ر ڕۆیشتبوو، نه‌مده‌زانی گوێ له دوایین ووته و ماڵ ئاواییه‌کانی عومه‌ر بگرم یان له فکری ئه‌وه دابم که کوره‌کان له‌و وه‌زعه ئاگادار بکه‌م و عومه‌ر نه‌جات بده‌ین ،به‌و ئاغابانووهی که پێی بوو لاقیم توند توند به‌ست به‌لام خوێن ڕانهدهوستا( له یه‌که‌م ساتی پێشمهرگهیاتیم دا له سالێ 1364 وه عومه‌ر عهباسیم ده‌ناسی و له دڵه‌وه خۆشم ده‌ویست، بۆ من وه‌ک برا وابوو ،تا ده‌مرم له یادی ناکه‌م و حه‌تمه‌ن له فورسه‌تێک دا دوایین وه‌سیه‌ته‌کانی ئه‌ویش دێنمه سه‌ر لاپه‌ره ی کاغه‌ز)،، ،،کات تێده‌په‌ڕی و زیاتر نا‌ئومێد ده‌بووم ، عومه‌ر چاوی له سه‌ریه‌ک دانا‌و شه‌هید بوو، بێ خه‌به‌ر له‌وه‌یکه دیار جه‌ناح ئاگای لێ‌بوو که من وه‌دوای عومه‌ر عه‌باسی که‌وتووم وگیرمان خواردووه،،، دیار به کوڕه‌کان ده‌لێت که کامران و عومه‌ر گیریان کردووه و ده‌بێت نه‌جاتیان ده‌ین،،،،،، دیار ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر که‌س نه‌یا من به ته‌نیا ده‌چم، سه‌عید باختهی له گه‌ڵ ده‌که‌وێ و به ناو بارانی گولله دا دیار له پێش و سه‌عید به‌دوای دا خۆ ده‌گه‌یه‌نه ئه‌و سه‌نگه‌ره‌ی که من و عومه‌ری تێدابوو، بۆخۆشم باوه‌رم نه‌ده‌کرد که چۆن ئه‌وان گه‌یشتنێ، دیار زوو له حاڵی عومه‌ری پرسی، گوتم شه‌هید بووه،،،، گوتی سه‌عید ئه‌تۆ عومه‌ر به کۆڵ داده تفه‌نگه‌که‌ت بده به کامران هه‌ڵی گرێ و منیش ئاگام له ئێوه ده‌بێت، دیار سینگی خۆی کرده قه‌ڵغان بۆ ئێمه و وێرای پارێزگاری له ئێمه و ته‌قه‌کردن خۆمان گه‌یانده‌وه کوره‌کان… به داخه‌وه له وشهره دا پێشمه‌رگه‌ی ئازا‌و چاونه‌ترس و نموونه ڕه‌سووڵ ئه‌ندام کوری کاک مووساش شه‌هید بوو.
ئه‌وه قه‌تره‌یه‌ک بوو له ده‌ریای قاره‌مانه‌تی دیار که بۆ هه‌میشه بوو به یادگارییه‌ک له ناو دڵی مندا.
سابیر کێ بوو؟ سابیریش وه ک دیار بێ که‌س بوو، باوکی نه‌مابوو، دایکی به به‌دبه‌ختی و چآرهڕشی و نانکه‌ری گه‌وره‌ی کردبوو، کوره گه‌وره‌ی مالیان بوو، ئه‌و هیچی وای له دیار که‌متر نه‌بوو، به‌ڵکوو خاڵێکی باشتریشی له دیار هه‌بوو، ئه‌ویش ئه‌وه بوو که له دیار مونه‌زه‌م تربوو، سابیر کورێکی خۆش ئه‌خلاق، ڕوخۆش ، دڵسۆز و به ئیمان بوو، سابیر له ڕیزی پێشمه‌رگه نموونه‌کانی حیزب دابوو.ئه‌وه‌نده‌ی که ئه‌من ناسیم جیا له پیاوه‌تی و دڵسۆزی وقاره‌مانه‌تی هیچی ترم لێ نه‌دیت.
له بیرمه ساڵێ 1991 کاک ناسر پیرانی که بوو به فه‌رمانده‌ی نیزامی ناوه‌ندی دوو ئه‌من سه‌رپه‌لی په‌لی 11 بووم ، کاک ناسر سازمانده‌هی تازه‌ی کرد و بانگی کردم گوتی کامران پێم خۆشه سابیر ببێته سه‌رپه‌ل گوتی سابیر له تۆ به ئه‌زمونتر و لێهاتوو تره …… من با درۆ نه‌که‌م پێم ناخۆش بوو به‌ڵام به دڵ پێم خۆش بوو هاوکاری کاک ناسر بکه‌م بۆیه له دڵه‌وه داواکه‌ی کاک ناسرم قبوڵ کرد سابیر بووبه سهرپهرل وئه‌من جێگری ئه‌و بووم. من به ڕآددهیهک هاوکاری سابیرم کرد که دوایی ماوه‌یه‌ک له گه‌ڵ سابیر بووین به نزیک ترین ره‌فیق، هه‌موو ده‌ردی دڵییه‌کانی له گه‌ڵ ده‌کردم،،، له کوره‌کانی په‌لی 11 به داخه‌وه زۆربه‌یان شه‌هید بوون و ئه‌و چه‌ند که‌سه‌ی که ماون له سێ چوار که‌س تێناپه‌رن، له وانه‌یه به‌رچاوترین شت که له گه‌ل سابیر دێته‌وه یادم قاقا لێدانی بوو، به قاقا لێدانه‌کانی دڵی هه‌موو لایه‌کی خۆش ده‌کرد، ئه‌و بۆ په‌لی 11 وه‌ک باوک و دایک و خوشک و برا وابوو، ئه‌و زانیبای پێشمه‌رگه‌یه‌ک خه‌فه‌تی هه‌یه و کێشه‌یه‌کی هه‌یه ،دڵی سوکنای نه‌ده‌کرد تا ئه‌وه‌ی کێشه‌که‌ی بۆ چآره‌سه‌ر نه‌کردبا،،،،،،
له سه‌ر سابیر و دیار هه‌رچی بڵێم هه‌ر که‌مه.
ئه‌وان به تاوانی ئازا بوون ، قاره‌مان بوون، شۆڕشگێر بوون شه‌هید کران، ئه‌وان به تاوانی ئه‌وه‌یکه له سه‌نگه‌رێکی جیاواز دا له گه‌ڵ داگیرکه‌رانی کوردستان شه‌ریان ده‌کرد شه‌هید کران. ئه‌و دووڕهفیقهی من فیدای خۆ به‌زلزانی و لێک حاڵی نه‌بوون و پێگه‌وه نهحاوانهوهی سه‌رکرده‌کانی کورد بوون.
هه‌زاران سڵاو له گیانی پاکی سابیر و دیاری بێکه‌س و هه‌موو شه‌هیدانی کورد و کوردستان ،نه‌فره‌ت له شه‌ری براکوژی و خۆکوژی.
تێبینی: قه‌رار بوو ئه‌م یاده‌وره‌یه له سه‌ره‌تای ئه‌و مانگه دابکه‌م به‌ڵام به داخه‌وه له‌به‌ر لاق شکانم بۆم ته‌واو نه‌بوو بۆیه وه‌دوا که‌وت.
وێنه‌ی دیارم له ماڵپه‌ری شه‌هید وه‌رگرتووه.
کامڕان سۆهرابی
28.09.2013 ئوسترالیا