خدر خزری

هاورێ خدر خزری ناسراو به‌ خدره‌سوور ساڵی 1954 له‌ شاری قاره‌مان په‌روه‌ری مه‌هاباد. له‌ دایک بوو ،له‌ ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵی ده‌ستی به‌ خوێندن کرد ، هه‌ر له‌و ساڵه‌دا بوو که‌ کاک موسا باوکی کاک خدر کۆچی دوایی کرد .
خدره‌سوور به‌ هۆی ده‌س ته‌نگی بنه‌ماڵه‌که‌ی ناچار بوو له‌ ده‌ورانی خوێندنی ناوه‌ندی دا ده‌ست به‌ کارو کاسپی بکات . سه‌ره‌رای ئه‌و کۆسپ و له‌ مپه‌رانه‌ی سه‌ر رێگای ژنانی ، هیچ کات له‌خوێندنه‌که‌شی دوا نه‌ که‌وت . دوای وه‌رگرتنی دیپلۆمی ئاماده‌یی و ته‌واو کردنی دوو ساڵ سه‌ربازی ، وه‌ک مامۆستای قوتابخانه‌ له‌ ناوچه‌ی ئالانی سه‌رده‌شت ده‌ستی به‌ ده‌رس گوتن کرد. ژیانی دێهاتی و ئاشنایی خدره‌سوور به‌ ژیانی دواکه‌وتویی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان ، شاهیدی زوڵم و زۆری ده‌سه‌ڵاتدارانی رێژیمی شا سه‌باره‌ت به‌ خه‌ڵکی کوردستان ، هه‌ستی ئازادیخوازی و نیشتمانپه‌روه‌ری له‌ بیرو هۆشی ئه‌م لاوه‌ خوێنگه‌رمه‌ دا و هه‌ستی شۆڕشگێرانه‌ی زیاتر بێزاری له‌و رێژیمه‌ دا په‌ره‌ی ده‌ستاند . هه‌ر بۆیه‌ش له‌ شۆڕشی سه‌راسه‌ری گه‌لانی ئیران ساڵه‌ کانی 79ـ1978 چالاکانه‌ له‌ زۆربه‌ی رێپێوان و خۆپێشاندانه‌کانی شاره‌کانی بانه‌ ، سه‌رده‌شت مه‌هاباد دا به‌شداری کرد .


ساڵی 1981 کاک خدره‌ سوور ره‌سمه‌ن په‌یوه‌ندی به‌ حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه‌ گرد . وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌کی ساده‌ له‌ لکی 3ی هێزی پێشه‌وا ده‌ستی به‌ تێکۆشانی حیزبی کرد. هاورێ خدره‌ سوور به‌ هۆی کارلێهاتویی و ئازایه‌تی توانی پله‌کانی به‌رپرسایه‌تی به‌ په‌له‌ تێ په‌ر بکات . ساڵی 1981کرا به‌ سه‌رده‌سته‌ ، ساڵی1982 کرا به‌ جێگری لکی 3 ، ساڵی1983کرا به‌ فه‌رمانده‌ری لکی3 ، ساڵی1985 کرا به‌ جێگری هێزی پێشه‌وا ، سه‌رنجام ساڵی 1986 بوو به‌ فه‌رمانده‌ری هێزی پێشه‌وا و ئه‌ندامی کۆمیته‌ی شارستانی مه‌هاباد .

…………………………………………………………………………………….
لە یادی فەرماندەى شەهید خدرە سووردا 
ئەگەر هاتی تێنەگەیشتم کێ بوو هات، ئەگەر رۆیشتی زانیم کێ بوو رۆیشت.
پڕ بە دڵ هاوار دەکەم، پڕ بە دڵ بانگ دەکەم و فرمێسکت بۆ دەڕێژم تا تەواوی دنیا گوێی لێ بێ و ئاگادار بێ چەندە بیرت دەکەم…!! بیرت دەکەم… بیرت دەکەم!!
دەمێک بوو چیاکانی کوردستان بەرزتر لە جاران دەبینران، دەمێک بوو دارو درەخت و سەوزاییەکانی ئالانی سەردەشت و ناوچەکانی موکریان و بۆکان زیاتر لە جاران گەشابوونەوە، دەمێک بوو ناوی پیرۆزت کەوتبووە سەر زمانی منداڵانی هەژاری کوردستانی شەڵاڵ لە خوێنم، دەمێک بوو باڵندەکان بە دیتنت، چریوە چریوی شادیان لە ئاسمانی کوردستان دا دەخوێند، دەمێک بوو منداڵ و پیرو لاوی کوردستان خەم و خەفەتی خۆیان دابوو بە خۆشەیستیی تۆ، دەمێک بوو دوژمنی ددانگڕی کوردستانم بە عەمەلیاتە گەڵاڵە دارێژراوەکانت کوردستانی لێ ببورە جەهەننەم.
وەرزی پاییز بوو، ئاسمانی کوردستان سەرانسەر دوکەڵ بوو، دەنگی تەقەی تفەنگی پێشمەرگەکان هەست بزوێن بوو، بۆنی بارووت کوردزتانی دتگرتبوو، لە شوێنە جیاجیاکانی کوردستان بۆ شەهیدان فرمێسک دەڕژا، دایکانی نیشتمان چاوەڕێی سەردانێکى کوڕە پێشمەرگه‌کانیان بوون.


پاییزی ساڵی 66ی هەتاوی بوو، 6 ساڵ بوو کە خدرە سوور بۆ وەدیهێنانی مافە رەواکانی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران شانبەشانی هاوڕێیانی پێشمەرگەی چەکی شەڕەفی لە شان کژدبوو، 6 ساڵ بوو هێزە خوێنمژەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شۆڕشگێری و گورج و گۆڵیی خدرە سوور تێدا مابوونەوە، 6 ساڵ بوو بە هێنانی ناوی خدرە سوور موو لە سەر لەشی هەر مرۆڤێکی نیشتمانپەروە راست دەبۆوە.
7 رۆژ بوو مانگی خەرمانان ماڵاوایی قردبووو پاییز داهاتبوو، خدرە سوور وەک فەرماندەی هێزی پێشەوا لەگه‌ڵ هاوڕێیانی تێشمەرگەی هێزی پێشەوا روویان لە نۆباری بۆکان کردبووو بە گەڵاڵەی داڕێژراوی خدرە سوور، هێزی پێشەوا گوردانی ئیمام حەسەن کە بنکەیەکی زۆری لە ناوچەی بۆکان لە ژێر کۆنتڕۆڵ دابوو لە نۆبار بە خەست و خۆڵی ئاگرباران کردو 137 پاسدار لە 140 پاسدارەکەی ئەو گوردانەیان لەنێو برد و تەنیا 3 پاسدار توانیان خۆ دەرباز بکەن.

دوای بە سەرکەوتوویی تەواوبوونی ئەو عەمەلیاتە پێشمەرگە قارەمانەکانی هێزی پێشەوا بە فەرماندەیی فەرماندەی لێوەشاوە خدرە سوور بۆ ساتێک پشوودان روویان لە تەرەغە کرد. کە هەر لەو کاتەدا بوو دوژمن بە سەدان کاتیوشاو دۆشکاو تۆپی دوورهاوێژی لە مەنتەقە جێگر کردبووو بە سەرلێشێواوی دەستی کرد بە تۆپ و کاتیۆشاباران کردنی شوێنی پێشمەرگەکان. بە داخەوە لەو پەلامارە دڕندانەیەیی دوژمندا، خدرە سوور فەرماندەی بە ئەمەگ و لێهاتووی هێزی پێشەوا پریشکەی خۆمپارەی وێکەوت و بە هۆی کاری بوونی برینەکەی گیانی بەختی کوردستان کردو دڵی پاکی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە چاوی لەسەر یەک داناو ماڵئاوایی لە هاوسەنگەرانی کردو تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو.


ئەی فەرماندەم… ئەی فەرماندەم بۆچی بەجێت هێشتم؟ بۆچی بێ ماڵئاوایی بەجێت هێشتم؟ئەی فەرماندەم لە پاش کۆچی هەتاهەتاییت لە کوێ بووی دیتبات چۆن کوردستان جلی رەشی پۆشی و بەیەکدەنگی هەرچی کوردە فرمێسکی لە پاش هەڵڕشتی….!
ئەی فەرماندەم ئاخۆ ئێستا من چۆن هێز بدەم بە ئەژنۆکانم لەسەر تەرمی شەڵاڵ لە خوێنی گەشت هەستم…!
ئەی فەرماندەم مەگەر نەتزانی ژووری دڵم تا هەتاهەتایە دەبێتە هێلانەی خەم و پەژارەی لە دەست دانت، بۆچی بەجێت هێشتم…!
ئەی فەرماندەم….!، ئەی فەرماندەم، یەک بە یەکی چیا بەرزەکانی کورستانم چاوەڕێن بۆ جارێکی تر لە ئامێزت گرنەوە، داری دارستانی ئاڵوەتان و دارەکانی ئالانی سەردەشت ئێستاش گەڵات بۆ رادەخەن بەڵکوو بێیتوو لەبن نیسێیەک، کە دەمێکە سازیان داوە ساتێک پشوو بدەی، ئەی بۆچی رۆیشتی بێدەنگیت ئێستاش ئێسقانەکانمی لە لەرزین نەخستووە.!
ئەی فەرماندەم من چ بەو دایکە شەهیدە بڵێم چەندین ساڵە ئاوری بن کەتری رەشەی دەگەشێنێتەوەو ئاوی کەترێکە دەگۆڕێ نەوەکوو چایەکەی کۆن بێ، چاوەڕوانە بۆ پشوودان ساتێک روو لە ماڵەکەی بکەی…!
ئەی فەرماندەم من چ بەو کچە شەهیدە چاوکاڵە بڵێم دەمێکە پووزەوان و بڵوزی بۆ زستان بۆ چنیوی…! دەمێکە چاوەڕێیە… ئەی بۆ نەهاتی..؟!
ئەی فەرماندەم بە چ زمانێک بڵێم و هاوار بکەم خەمی لەدەستدانت لە بیرو مێشکم دا ناگونجێت ئەی بۆچی بەجێت هێشتم؟ مەگەر نەتزانی لە پاش کۆچت کوردستان هەتاهەتایە جلی رەشی دانانێ..؟!


ئەی فەرماندەم سوێند بە تەرمی شەڵاڵ لە خوێنت، سوێند بە چیا سەربەرزەکانی کوردستان، سوێند بە فرمێسکی دایکە شەهیدەکانی کوردستان، سوێند بەو سەنگەرەی هەتا مای بەرت نەدا، سوێند بە خوێنی شەهیدانی حیزب و گەل، سوێند بە هەناسەی ساردی زیندانیانی سیاسی، هەتا دوایین دڵۆپی خوێنم ساتێک پشوو نەدەم و تۆڵەت لە دوژمنی داگیرکەری خوێنمژ و فاشیستی کۆماری ئاخوندی بستێنم. ئەی فەرماندەم دڵنیابە ساتێک لە خەبات و تێکۆشان دەست هەڵناگرم، خەبات دەکەم بۆ ئەو دایکە شەهیدانەی ئێستاش کە ئێستایە چاو لە دەرگای ماڵیانن تا بەڵکوو کوڕە پێشمەرگەکەیان بگەڕێتەوە، کوڕێک کە لە پێناوی وەدی هێنانی مافە رەواکانی گەلەکەی­دا گیانی بەختی نیشتمانی کرد. خەبات دەکەم بۆ ئەو شێرە ژنە شەهیدانەی کە وەک پۆڵا لە پشت مناڵە بێباوکەکانیان

راوەستاون، خەبات دەکەم بۆ ئەو ژنە شەهیدانەی لە بەر هەژاری و بارودۆخی نالەباری ئابووری وێڕای پیاوان روویان لە کارکردن کردوە، خەبات دەکەم بۆ کچ و کوڕە هەژارانەی کە هۆگری زانست و فێر بوونن بەڵام بە داخەوە بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانیان ناچارن وێڕای بنەماڵەکانیان روو لە کورەخانە بکەن و بە هۆی هەژاری دەست لە خوێندن هەڵبگرن، خەبات دەکەم بۆ ئەو هەژارانەی کوردستانم کە لە بەر ژانی برینی دەست و لاقە قەڵەشیوەکانیان خەو لە چاویان ناکەوێ، خەبات دەکەم بۆ وەرگرتنەوەی خاکی پاکی کوردستانم، خەبات دەکەم بۆ ئەوەی نیشتمانی باب و باپیرانم لە ژێر چەپۆکی داگیرکەرانی خوێنرێژ رزگار بکەم. ئەی فەرماندەم ئەتۆ فێرت کردم کە تا گەیشتن بە مافەڕەواکانی گەلە چەوساوە و زوڵم و زۆر لێکراوەکەم ساتێک هەدا نەدەم و رانەوەستم دڵنیابە هەدا نادەم و راش ناوەستم…!
هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهید خدرەسوور و تەواوی شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستان.
شۆڕش موکریانی/ مەهاباد 2008

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت