سه‌ید محه‌ممه‌د ئه‌مینی شێخو‌لئیسلامی موکری
شاعیری گه‌ل
دوکتور عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو
ئه‌وڕۆکه هه‌رکه‌س له ئه‌ده‌بی کوردی شاره‌زا بێ ناوی هێمنی بیستووه. شێعره‌کانی خوێندۆته‌وه و بێ گومان ده‌زانێ که هێمن یه‌کێک له شاعیره هه‌ره به‌رزه‌کانی کوردی سه‌رده‌می ئێمه‌یه. به‌ڵام شێعری هێمن هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له چوارچێوه‌ی ئه‌ده‌یب و نووسه‌ران ده‌رچووه، له ناو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستاندا بڵاوبۆته‌وه و هه‌ر له سه‌ره‌تاشه‌وه له دڵی هه‌موو کوردێکی دڵسۆز‌و نیشتمانپه‌روه‌ر کاریگه‌ر بووه و ئه‌وانی به‌روه خه‌بات له پێناوی رزگاری گه‌لی کورددا هان داوه. هێمن له سه‌ره‌تاوه شاعیری گه‌له و هه‌ر شاعیری گه‌لیش ماوه‌ته‌وه. سی ساڵ زیاتره هه‌زاران خه‌باتکه‌ری کورد پێکه‌وه له‌گه‌ڵ هێمنی شاعیر هاوار ده‌که‌ن:
گه‌رچی تووشی ڕه‌نجه‌ڕۆیی و حه‌سره‌ت و ده‌ردم ئه‌من
قه‌ت له‌به‌ر ئه‌و چه‌رخه سپڵه نابه‌زم مه‌ردم ئه‌من
من له زنجیر‌و ته‌ناف و دار‌و به‌ند باکم نییه
له‌ت له‌تم که‌ن، بمکوژن، هێشتا ده‌ڵێم کوردم ئه‌من
هێمن عاشقی کێوو ته‌لان و به‌نده‌ن و به‌ردی کوردستانه، نیشتمانی، سروشتی وڵاته‌که‌ی باش ده‌ناسێ و له‌گه‌ڵی په‌روه‌رده بووه. له “به‌هاری لادێ”، ” به‌هاری کوردستان”، ” شه‌نگه‌بێری”، ” فه‌ر‌یشته‌ی په‌ڕیوه” و زۆر شێعری تریش دا نیشان ده‌دا که له ناسین و ناساندنی سروشتی کوردستان و جوانییه‌کانی دا چه‌نده شاره‌زا و مامۆستایه. جێگای سه‌رسوڕمانیش نییه، هێمن له‌گه‌ڵ سروشت گه‌وره بووه و له سروشت ئیلهامی وه‌رگرتووه. که‌سێک سروشتی کوردستانی دیبێ و نه‌ک هه‌ر دیبێ به‌ڵکوو له‌گه‌ڵی تێکه‌ڵاو بووبێ، هێمن به ناهه‌ق نازانێ که ده‌ڵی:
به‌هه‌شته کورده‌واری من به‌هه‌شته…
هێمن له شێعری خۆیدا زۆرجار باسی زۆرلێکراوی نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌کا، له مافی خوراوی گه‌ل دیفاع ده‌کا، ئاره‌زووی ئه‌وه‌یه کورد هه‌رجی زووتر له سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی ڕزگاری بێ، بوونی ئه‌و سته‌مه به سه‌رچاوه‌ی زۆر به‌دبه‌ختی و کوێره‌وه‌ری و بێ به‌شی ده‌زانێ. له “دوا ڕۆژی رووناک” دا ده‌ڵی:
له مێژ بوو هه‌ققی کورد ده‌خورا به‌فیرۆ
له مێژ بوو کورد بوو ده‌یکرد شین و ڕۆڕۆ
له مه‌یدانی شه‌قێنی دووژمی دا
سه‌ری سه‌رداری کوردی بوو وه‌کوو گۆ
هێمن به تایبه‌تی زۆر په‌رۆشی ئه‌وه‌یه که له کوردستانی ئێران زمانه‌که‌ی ئازادی په‌ره‌ئه‌ستاندنی نییه، ئه‌ده‌به‌که‌ی بڵاو ناکرێته‌وه، فه‌رهه‌نگه‌که‌ی پێشێل ده‌کرێ، له ” ڕۆژگاری ڕه‌ش” دا ده‌ڵێ:
داخرا ده‌رکی ڕۆژنامه شکاون نووکی خامه
کوردی نووسین حه‌رامه دوژمن ده‌ڵی بێ تامه
………
دڕان کاغه‌ز و ده‌فته‌ر گیران شاعیر و نووسه‌ر
هێمن نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی خۆش ده‌وێ. له‌وه‌ش زیاتر نه‌ته‌وه‌ی خۆی ده‌په‌رستێ. به‌ڵام ڕقیشی له هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی تر نییه. له هه‌موو دیوانی هێمن دا شێعرێک که باسی نه‌ته‌وه‌کی تر به خه‌راپه بکا، یا کورد له نه‌ته‌وه‌یه‌کی تر به به‌رزتر دابنێ به‌دی ناکرێ، دیارده‌یه‌ک که به داخه‌وه له دیوانی زۆر له شاعیری کورددا به‌رچاو ده‌که‌وێ، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵکوو به‌شه‌ردۆستی یه‌کێک له سروشته تایبه‌تییه‌کانی شێعری هێمنه.
هێمن زۆر جار باسی پێشه‌وا قازی ده‌کا، له شێعره‌کانی ڕا دیاره که چه‌نده ئه‌و ڕۆڵه به‌نرخ و هه‌ڵکه‌وتوه‌ی گه‌لی کوردی خۆش ویستووه. پێشه‌وای خۆشده‌وێ چونکه:
زانابوو، کوردپه‌روه‌ر بوو پێشه‌وا بوو، ڕابه‌ر بوو
به‌ڵام بۆیه‌ش پێشه‌وا به مه‌زن ده‌زانێ چونکه:
هه‌ر کورد نه‌بوو به‌شه‌ر بوو خه‌می خه‌ڵکی له‌به‌ر بوو
هێمن گه‌لانی تری ئێران به دۆستی گه‌لی کورد ده‌زانێ و له خه‌بات و تێکۆشان دا به برا و هاواڵیان داده‌نێ. له ” کورد و ئازه‌ربایجانی” دا ده‌ڵێ:
کورد و ئازه‌ربایجانی هه‌ردوو داوایان ڕه‌وایه
هه‌ر بژین و پایه‌دار بێ یه‌که‌تی ئه‌م دوو برایه
هێمن دیسان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له ناو نه‌ته‌وه‌ی خۆشی‌دا هه‌موو چین و توێژێکی به یه‌ک چاو ته‌ماشا نه‌کردووه و ناکا. له شێعری به ناوبانگی خۆیدا ” ده‌یڵێم و بێ باکم” ده‌ڵێ:
ئه‌وی ئاغا بێ بێکاره
جه‌بوون و قه‌ڵس و لاساره
دزی و ڕێ گرتنی کاره
ئه‌من ده‌یڵێم و بێ باکم
…..
له شه‌رم و شووره‌یی مردم
به خۆم من چۆن بڵێم کوردم
که ئاغا ئابڕووی بردم
ئه‌من ده‌یڵێم و بێ باکم
له “ئاره‌ق و تین” دا زۆر به جوانی و به زمانی ساده‌ی جوتیاران باسی نرخی کاری خوتیار بۆ کۆمه‌ڵ و چه‌وسانه‌وه‌ی جووتیار نیشان ده‌دا و ده‌ری ده‌برێ که ئینسانی زه‌حمه‌تکێش له لای زۆر خۆشه‌ویسته:
من جوتیارم، من جوتیارم
من له‌گه‌ڵ هه‌تاو هاوکارم
من به ئاره‌ق و ئه‌و به‌تین
دامان ڕشتووه بناغه‌ی ژین
باسکی من و تیشکی ئه‌وی
بژی‌و ده‌ستێنن له زه‌وی
گه‌ر جوتیار ئاره‌ق نه‌ڕێژێ
گه‌ر هه‌تاو تیشک ناوێژێ
دانیشتووی ناو کۆشک و قه‌ڵا
ده‌خۆن نانی گه‌ڵا گه‌ڵا
له شێعره‌کانی را به‌هاسانی ده‌رده‌که‌وێ که هێمن له ژیانی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان به‌تایبه‌تی جووتیاران له نیزیکه‌وه شاره‌زایه. له وه‌ش زیاتر خۆی تا راده‌یه‌ک له‌م ژیانه‌دا به‌شداره. خۆی ده‌ڵی: “چاک خه‌ریکی کاسپی بووم و زوو فێری کشت و کاڵ بووم”
فه‌لسه‌فه‌ی ژیانی هێمن ئه‌وه نییه که دانیشێ و له دووره‌وه ته‌ماشای ژیان و خه‌باتی گه‌ل بکا و بۆ خۆی و یان بۆ گه‌ل شێعر بڵێ. هێمن ئه‌و ئه‌سڵه‌ی قبووڵ کردووه که ئه‌رکی شێعری شاعیری گه‌لێکی زۆرڵێکراو ته‌نیا لێکدانه‌وه و خستنه ناو هۆنراوه‌ی سروشت و جوانی نییه. شعیر له پێشدا ئینسانه، ئینسانێکه که هه‌ستی ناسکه و زوو ده‌جووڵێته‌وه. چون شاعێر، به مانای ڕاستی ئه‌و وشه‌یه، ده‌توانێ به‌رامبه‌ر به هه‌ژاری و کوێره‌وه‌ری و بێ به‌شی گه‌له‌که‌ی بێ لایه‌ن بێ؟ له نێوان راستی و درۆدا، له نێوان ئاهورموزدا و ئه‌هریمه‌ن دا، له نێوان هه‌ق و ناهه‌قدا ڕاستی هه‌ڵنه‌بژێرێ، به‌گژ ئه‌هریمه‌ندا نه‌چێ و دیفاع له هه‌ق نه‌کا؟ بۆیه هێمن ته‌ماشاچی نییه و ناتوانێ ته‌ماشاچێ بمێنێته‌وه. به هه‌موو هێزی خۆیه‌وه، به شێعر و به نووسین هه‌نگاوی ناوه‌ته ناو مه‌یدانی خه‌بات و تاسه‌ر به‌ره‌و ئاسۆی روون، تا تڕوپکی رزگار بوون یاریده‌ی گه‌لی خۆی ده‌دا. هێمنی شاعیر له هێمنی خه‌باتکه‌ر جیا ناکرێته‌وه.
رۆڵه‌ی کوردم فێری هه‌وارزو لێژم
تا زۆر بڕۆم، زیاتر ئاره‌ق بڕێژم
کورت تر ده‌بێ ڕێگای دوور و درێژم
ده‌ڕۆم به‌ره‌و ئاسۆ، به‌ره‌و ئاسۆی ڕوون
ده‌ڕۆم ده‌ڕۆم، تا تروپکی ڕزگار بوون
تاقی کردنه‌وه‌ی ساڵانی درێژی خه‌بات به هێمنی سه‌لماندووه که خه‌بات دوور و دریژه، هه‌وراز نشیوی هه‌یه، سه‌رکوتن و شکستی تێدایه. به‌ڵام هێمن کۆڵنه‌ده‌ره.
من په‌روه‌رده‌ی بن سێبه‌ری ئه‌شکه‌وتم
گه‌لێک جاران له چاڵاوی ڕه‌ش که‌وتم
هاتمه ده‌رێ، هه‌دام نه‌دا، نه‌سره‌وتم
ده‌ڕۆم به‌ره‌و ئاسۆ، به‌ره‌و ئاسۆی ڕوون
ده‌ڕۆم ده‌ڕۆم، تا تروپکی ڕزگار بوون
هه‌ورازو نشیوی ژیان و خه‌باتی گه‌ل له شێعره‌کانی هێمن دا زۆر جوان دیاره. له‌و کاته‌وه ده‌ستی به شێعر گوتن کردووه هه‌تا ئه‌مرۆ، شێعری هێمن ئاوێنه‌ی قۆناخه‌کانی خه‌باتی گه‌لی کورده. له ساڵی 1324(1945) ڕا هێمن به پێشوازی پێکهاتنی حیزبی دێمۆکراته‌وه ده‌چی و ده‌ڵێ:
له سایه‌ی حیزبی دێمۆکراتی خۆمان
له باڵدار تێپه‌ڕی ئه‌ڕۆکه پێڕۆ
نه‌ما داخ و په‌ژاره و ماته‌م و خه‌م
زه‌مانی هه‌ڵپه‌ڕین و به‌زمه ئیمڕۆ
له رێبه‌ندانی ١٩٤٥ دا که کۆماری مه‌هاباد دامه‌زرا هێمن گوتی ” ئه‌وساڵ به‌هاره بۆ ئێمه زستاتن” یا له “ڕۆژی خۆشی” دا ده‌ڵێ:
گه‌رچی زستانه به‌فر دای پۆشی ئه‌وڕۆ گشت وڵات
خاکی پاکی ئێمه خه‌مڵیوه وه‌کوو باخی ئیره‌م
به‌ڵام کۆماری مه‌هاباد ته‌مه‌نی که‌متر له ساڵێک بوو. جووڵانه‌وه‌ی گه‌لی کورد له ئێران هه‌روه‌ک جوڵانه‌وه‌ی سه‌رانسه‌ری ئێران توشی شکست بوو. هێمن له ” ڕۆژگاری ڕه‌ش” دا تووشی نائومێدی ده‌بێ، وه‌ک کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان که توشی نائومێدی ببوون:
به فیڕۆ چوو خه‌باتمان
داگیر کراوه وڵاتمان
تێپه‌ڕی ڕۆژی هاتمان
ڕووخا کۆشکی ئاواتمان
له پیاوی ئازا‌و سه‌رکه‌ش
له زه‌حمه‌تکێشی بێ به‌ش
ئاخنراوه کونه ڕه‌ش
نابینی که‌س ڕووگه‌ش
به تایبه‌تی شه‌هیدبوونی پێشه‌وا قازی هێمنی داخدار کردووه. هه‌م دۆست و مامۆستای له ده‌ست داوه و هه‌م پێشه‌وا و سه‌رکۆمار:
له چوارچرای مه‌هاباد
له کانگای بیری ئازاد
ده‌ستی ڕه‌شی ئیستیبداد
چه‌قاندی داری بێداد
له کاتی نیوه شه‌وا
له جه‌نگه‌ی شیرین خه‌وا
کرا کاری ناڕوا
له دار درا پێشه‌وا
هه‌ر له‌و ساڵه‌دا هێمن له به‌ر خه‌باتی رابردووی خۆی تووشی ده‌رده سه‌ری ده‌بێ و بۆ ماوه‌یه‌ک وڵات به جێ دێڵێ. دیاره وه‌زعی سیاسی ته‌ئسیری کردۆته سه‌ر شێعری هێمن. له “بابرده‌ڵه” دا ده‌ڵێ:
بزانه تۆ، ئه‌وی ئه‌هلی هونه‌ر بێ
ده‌بێ یا ده‌س به‌سه‌ر، یا ده‌ربه‌ده‌ر بێ
هونه‌رمه‌ند و ژیانی خۆش مه‌حاڵه
هونه‌رمه‌ند ڕه‌نجه‌ڕۆیه ژینی تاڵه
منیش بابرده‌ڵه‌ی به‌ر گێژه‌ڵووکه‌م
ده‌مێک له‌و قوڵکه تاوێک له‌و چڵووکه‌م
منیش زۆرداری پرزه‌ی لێ بڕیوم
منیش به‌دکاری بواری لێ ته‌نیوم
یا له “فرمێسکی گه‌ش” دا که به قسه‌ی خۆی له‌وپه‌ڕی ته‌نگانه و لێ قه‌وان دا گوتوویه، ده‌ڵێ:
کوشتمی و شه‌ش خانی ئوممێدی له من گرتووه حه‌ریف
مۆره هه‌ڵداوێم و بێهوده به هیوای دوو شه‌شم
هێندێ شێعری تریش وه‌ک ” گریانی نیوه شه‌و” و ” ئاره‌زووی فڕین” هه‌ر نیشانه‌ی نائومێدی شاعیر‌و ڕاکردنی له ڕاست ژیانی تاڵه. له ساڵی ١٩٤٦وه هه‌تا ساڵی ١٩٥١ سه‌رده‌می پاشه‌کشه‌ی جووڵانه‌وه‌ی گه‌لی کورد و هه‌موو گه‌لانی ئێرانه. له سداڵی ١٩٥٣ دا ئاسۆی خه‌بات ڕوونتر بووه، هێمن له “ئاواتی به‌رز” دا جارێکی‌تر دێته‌وه مه‌یدانی خه‌بات. هیوای به خه‌باتی گه‌ل زیاتر ده‌بی و ده‌یهه‌وێ به شێعری خۆی له‌م خه‌باته‌دا به‌شدار بێ:
فێری زۆر ده‌رسی به که‌ڵک و باشی کردین تێ شکان
جا ببینه ڕاپه‌ڕین و شۆڕشی ئه‌مجاری کورد
واگزینگی دا به‌یانی جوانی ئازادی به‌شه‌ر
ڕۆژی ڕووناکه نه‌ماوه زوڵمه‌تی شه‌وگاری کورد
ئه‌و زمانه شیرینه‌ی ئێمه په‌ره‌ی ده‌گرته‌وه
نادڕێ چیدی کتێب و ده‌فته‌ری ئه‌شعاری کورد
قۆناخێکی نوێ له ژیانی گه‌ل و شاعیردا ده‌ست پی ده‌کاته‌وه. ماوه‌ی پاشه‌کشه دوایی دێ و گه‌لی کورد خۆی بۆ خه‌باتی دواڕۆژ ئاماده ده‌کا. نفوزی حیزبی دێموکراتی کوردستان که به نه هێنی تێده‌کۆشی، ڕۆژ به ڕۆژ له ناو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان دا زیاتر ده‌بێ. به‌ره‌وه هه‌وراز رۆیشتنی جووڵانه‌وه هه‌تا رۆژه‌کانی گه‌لاوێژی ١٩٥٣ درێژه‌ی هه‌یه. له ٢٥ی گه‌لاوێژه‌وه هه‌تا ڕۆژی شوومی کودیتای ٢٨ی گه‌لاوێژ خه‌ڵک له شاری مه‌هاباد حوکمداری ده‌کا. له رۆژی ٢٥ی گه‌لاوێژدا خه‌ڵکی مه‌هاباد به درشت و ورده‌وه هه‌موو ده‌گه‌ڵ هێمن که بۆ یه‌که‌مجار پاش چه‌ند ساڵ له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی چه‌ندهه‌زار که‌سی دا شێعر ده‌خوێنێته‌وه، هاوار ده‌که‌ن:
برۆ ئه‌ی شاهی خاین به‌غدا نیوه‌ی ڕێ یه‌ت بێ
ئه‌و سه‌رده‌مه، سه‌رده‌می نیوه دێمۆکراسیش زۆر ناخایه‌نێ. ده‌ورانی ڕه‌شی پاش کودیتا ده‌ست پێ ده‌کا و هێمنی شاعیر جارێکی‌تر تووشی نائومێدی ده‌بێ و له ” تووڕه‌یی” دا ده‌ڵێ:
له‌و وڵاته که‌سێک له خه‌و ڕابێ به‌شی چاره‌ڕه‌شی و خه‌م و شینه
تێگه‌یشتم عیلاجی ده‌ردی من مه‌ستی و شێتی و نه‌زانینه
یا له ” چاره‌نوسی شاعیر”دا:
ده‌زانی بۆچی من هێنده په‌رێشان و خه‌فه‌تبارم
له بازاڕی ژیان غه‌یری هه‌به‌ر نیمه چ سه‌رمایه
له‌گه‌ڵ چاره‌ڕه‌شی و دووره‌به‌شی و نه‌گبه‌ت ده‌بێ هه‌ڵکه‌م
له مێژه چاره‌نووسی شاعیرانی کوردی ئاوایه
ئه‌و تووڕه‌یی یه و ڕه‌شی چاره‌نووسی شاعیر له شێعره‌کانی تریشیدا هه‌ر به‌رچاو ده‌که‌وێ و هه‌تا ساڵی 1959 هه‌ر به‌رده‌وامه. له “گڵێنه‌ی شاعیر” دا ده‌ڵێ:
ئه‌گه‌ر خه‌رمانی عومرم ئێسته‌کانه پاکی با بی با
به مه‌رگی تۆ مچورکیشم به دڵدا نایه، با بی با
هه‌موو عومری ئه‌به‌د تێیدا نییه خۆشی ده‌مێک مه‌ستی
خدر ئاوی حه‌یاتی بۆ چی‌بوو؟ فێری شه‌رابی با
له ” ناسۆری ته‌ماشا´دا ڕاکردن له ژیانی واقیعی. له‌و حه‌قیقه‌ته تاڵه‌ی که شاعیر تووشی بووه و نایه‌وێ قبووڵی بکا، به ته‌واوی دیاره. هێزی ئه‌وه‌ی نییه ژیان بگۆڕێ، ڕێگای نییه خۆی دووربخاته‌وه، ده‌یه‌وێ ڕابکا و به یارمه‌تی مه‌ی ڕوو له دنیایه‌کی خه‌یاڵی ده‌کا:
چۆن نه‌به‌م بۆ مه‌ی و مه‌یخانه په‌نا، تێگه‌یوم
له‌و وڵاته هه‌موو شت زۆره بنی ئاده‌م که‌م
شه‌ڕه‌بایه له چیاکان و هه‌وا تووشه ده‌با
وه‌کوو شێتان ده‌مه‌ویست ڕوو له چیای ئه‌سته‌م که‌م
ساڵه‌کانی١٩٦٧-١٩٨٦ که ڕاپه‌رینی چه‌کدار له کوردستانی ئێران به‌رپا ده‌بێ، هێمن هه‌رچه‌ند خۆی تێیدا به‌شدار نییه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕاپه‌ڕینه ده‌ژی. هیوای به خه‌باتی گه‌ل زۆره، باوه‌ری به هێزتره. بۆ شه‌هیدانی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه ده‌گری، به‌ڵام شێعره‌کانی پڕی له هیوا و ئاوات بۆ سه‌رکه‌وتن و نیشتمانپه‌روه‌ران بۆ تێکۆشان هان ده‌دا. هێمن بیه‌وێ و نه‌یه‌وێ، دیسان و ئه‌و‌جاره بۆ هه‌میشه له ناو مه‌یدانی خه‌بات دایه:
بۆ شه‌هیدێکی که گه‌وزیوه له نێو خوێن ده‌گریم
بۆ هه‌ڤاڵێکیکی که چوو بێ سه‌رو بێ شوێن ده‌گریم
تا به ده‌ستی په‌ری ئازادی له سه‌ر گۆڕی شه‌هید
گوڵه شللێره له گشت لایه‌کی نه‌ڕوێن ده‌گریم
شێعره‌کانی هێمن ئیتر بۆنی ناهومێدی لێ نایه. چه‌ند ساڵه قۆناخێکی تر له خه‌باتی گه‌لی کورد له کوردستانی ئێران ده‌ستی پێ کردووه، قۆناخێک که جێی هیوای گه‌لی کورده. هێمنیش شاعیری وه‌فاداری کورد، هه‌م له پێکهێنانی هه‌م له ده‌ربڕینی ئه‌م هیوایه‌دا به‌شداره. له ” مه‌ته‌رێزی شه‌ڕه‌ف”، ” شه‌نگه بێری”، ” ئامێزی ژن”، ” ترۆپکی ڕزگاری”، ” شه‌پۆلی تۆڵه”،” شه‌و شه‌یتان”،” گا‌و و گه‌ردوون”، ” کاروانی خه‌بات” و له ” ده‌سکه‌وتی خه‌بات” دا شێعری کۆمه‌ڵایه‌تی و شۆڕشگێڕی چ له باری ناوه‌رۆک و چ له باری شێوه‌وه، گه‌یاندۆته پله‌یه‌کی به‌رزی ئه‌وتۆ که که‌متر شاعیری کورد گه‌یشتوویه‌تێ. هێمن ئاماده‌یه بۆ به‌جێ گه‌یاندنی ئه‌م هێوایه خۆشی به‌خت بکا:
خۆم ده‌سووتێنم هه‌تا به‌زمی خه‌ڵک ڕۆشن بکه‌م
کێ له ڕێی خه‌ڵکا وه‌کوو شاعیر ده‌سووتێ شه‌م نه‌بێ؟
له سه‌ره‌تادا شێعره‌کانی هێمن له ژێر ته‌ئسیری دوو ره‌وتی ئه‌دبی دایه. وه‌ک هه‌موو شێعری شاعرانی کوردی سه‌رده‌می سی چل ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، ته‌ئسیری ئه‌ده‌بی له‌م شێعرانه‌دا دیاره. زۆربه‌ی شێعره‌کانی شێعری عه‌رووزین، وه‌زن و قافیه‌یان له گه‌ل ده‌ستووری شیعری فارسی رێک ده‌که‌وێ. له لایه‌کی تریشه‌وه شێعری شاعیره کورده‌کانی به ناوبانگ وه‌ک ناڵی که خۆی له ژێر ته‌ئسیری شێعڕی کلاسیکی فارسی دا بووه، ته‌ئسیری کردۆته سه‌ر شێعره‌کانی هێمن. بۆیه له سه‌ره‌تادا هێمن شێعره‌کانی شێوه‌ی غه‌زه‌ل و قه‌سیده و جارجاریش مه‌سنه‌وی دوو به‌یتی و هیتریانه هه‌یه. ئێستاش هه‌ر جارجار ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و شێوه کلاسیکی یه و هێندێ له شێعره تازه‌کانی هه‌ر به‌م چه‌شنه گوتراون. وه‌ک ئاواتی به‌رز”. ” گلێنه‌ی شاعیر”، ” ده‌سکه‌وتی خه‌بات” و هتد. له‌م شێوه شێعر گوتنه‌دا هێمن ده‌ستێکی باڵای هه‌یه. شێعره‌کانی ڕه‌وانن، به زمان جوان و به مانا ده‌وڵه‌مه‌ندن.
پاش ما‌وه‌یه‌کی سه‌ره‌تایی شێعر گوتن هێمن به‌ره‌به‌ره ده‌گه‌رێته‌وه سه‌ر شیوه‌ی ئه‌ده‌بی ئه‌سیلی کوردی، خۆی له قافیه و وه‌زنی شێعری کلاسیکی ڕزگار ده‌کا و شێعره‌کانی له به‌سته‌ی کوردی ده‌چن. له‌و به‌سته‌یه‌ی که شاعیر هه‌موو ڕۆژێ له لادێ ده‌یبیسێ، به‌سته‌یه‌ک که چوارچێوه‌ی بۆ داڕشتنی شێعری کوردی له بارتره و زمانی کوردی له ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه ڕزگار ده‌کا و وه‌ک چۆمێکی خرۆشانی لێ دا‌کا که بۆ لای ده‌ریای بێ سنوور ده‌ڕوا. جارجار که ئینسان شێعری هێمن ده‌خوێنێته‌وه، گۆرانی وه‌بیر دێته‌وه. وادیاره که له هه‌ڵبژاردنی ئه‌م شێوه شێعر گوتنه‌دا گۆران له سه‌ر هێمن بێ ته‌ئسیر نه‌بووه. له‌م شێعرانه دایه که هێمن ده‌گاته ترۆپکی ئه‌ده‌بی کوردی و به‌ڕاستی ئه‌ده‌بی کوردی پێش ده‌خا.
هێمن شاعیرێکی ریئالیسته، ریئالیزمی ره‌خنه‌گه‌رانه له ناوه‌رۆکی شێعره‌کانی هێمن دا به‌ته‌وای به‌رچاو ده‌که‌وێ. هێمن باره هه‌ره گرینگ و ئه‌ساسییه‌کانی ته‌بیعه‌ت و ژیان و ئاده‌میزاد به چاوێکی ره‌خنه‌گرانه‌ی شاعیرانه باس ده‌کا و کۆماڵ بۆ به‌ره‌وپێش جوون هان ده‌دا. هێمن زۆرجار له هێندێ شێعری خۆیدا له ناتورالیزم نیزیک ده‌بێته‌وه، ئه‌وه‌ی که ده‌یبینێ باسی ده‌کا و به چاوی ره‌خنه سه‌یری ته‌بیعه‌ت یان کۆمه‌ڵ ناکا. هه‌ر وابزانه ده‌یه‌وێ تابڵۆیه‌کی ته‌بێعه‌ت بکێشێ و بخاته به‌رچاوان. به‌ڵام شێعری وای که‌مه، وادیاره خۆشی ئاگای لێیه که له ریالیزم دوور که‌وتووه، زوو ناتورالیزم به‌رده‌دا و ده‌گه‌رێته‌وه سه‌ر ریئالیزم که سه‌بکی بنه‌ره‌تی ناوه‌رۆکی شێعره‌کانیه‌تی. ئه‌و ناتورالیزمه به تایبه‌تی له ” به‌هاری کوردستان” و له بیرم مه‌که” و چه‌ند شێعری تردا خۆی ده‌نوێنێ.
ژن له شێعره‌کانی هێمن دا رۆڵێکی زۆر گرینگی هه‌یه. جوانی ژن ئیلهام ده‌ری شاعیره. سه‌رانسه‌ری دیوانی هێمن ئه‌و راستیه‌یه ده‌رده‌خا که وێڕای ته‌بیعه‌ت و ژیان و خه‌باتی گه‌ل، ژنه که هێمن بۆ سێعر گوتن هان ده‌دا. شێعره‌کانی هێمن له سه‌ر ژن نموونه‌ی شێعری به‌رزی کوردین. له ” کیژی لادێ” دا به کچی کورد هه‌ڵده‌ڵێ:
لاجانگت وه‌کوو گزینگی تاوێ
هه‌ر بۆ خۆی جوانه تی‌ف تیفه‌ی ناوێ
کوڵمه‌که‌ت وه‌کوو گوڵاڵه‌ی گه‌شه
بێ سوورمه‌ش چاوه مه‌سته‌که‌ت ڕه‌شه
وه‌کوو فرمێسکی عاشق رووناکی
وه‌کوو ئاونگی به‌یان پاکی
ئه‌و تابڵۆیه‌ی که له ” له بیرم مه‌که” دا له ژن ده‌کێشێ، به راستی جوان و نایابه. هه‌ره‌ها له ” په‌ری شێعر” و له ” شه‌نگه بێری” و زۆر شێعری تردا هێمن مامۆستایی خۆی له هۆنراوه‌دانان بۆ ژن دا ده‌سه‌لمێنێ.
به‌ڵام ژن بۆ هێمن ته‌نیا سه‌رچاوه‌ی ئیلهام نییه. هێمن بۆ ڕزگاری ژنی کوردی خه‌بات ده‌کا. له ” یادگاری شیرین” دا ده‌ڵێ:
لاده چارشێوی ڕه‌شت با ده‌رکه‌وێ کوڵمه‌ی گه‌شت
چون له قه‌ڕنی بیسته‌ما زۆر عه‌یبه ئه‌و ڕووگرتنه
هێمن ده‌یه‌وێ ژن به‌ر له هه‌موو شتێک خاوه‌نی مافی ئینسانی خۆی بێ و زۆر جار دژی زۆرداری و بێ حورمه‌تی نیسبه‌ت به ژن ده‌نگی خۆی هه‌ڵدێنێ.
هێمن ژنی خۆش ده‌وێ، ده‌یپه‌رستێ و نرخی هه‌موو جوانیه‌کانی ئه‌و ده‌ستکرده نایابه‌ی ته‌بیعه‌ت ده‌زانێ، به‌ڵام له لای هێمن خه‌بات بۆ ڕزگاری گه‌ل، بۆ ئازادی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له ژن خۆشه‌ویست تره. له ” ئامێزی ژن” دا ده‌ڵێ:
به‌ڵێ سه‌خته، یه‌جار سه‌خته دووری له ژن، نامرادی
به‌ڵام له ژن خۆشه‌ویست تر له لای من ئه‌تۆی ئازادی
زمانی هێمن زمانی کوردی په‌تی و جوانه. نه پڕ‌و له وشه‌ی بێگانه و نه وشه‌ی ده‌ستکردی تێدایه. زمانه‌که‌ی زمانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانه، به‌وڵام هێمن که خۆی خه‌ڵکی موکریانه، ته‌عسوبی به کار نه هێناوه، به زاراوه‌ی موکریانی شێعر ناڵێ. به تایبه‌تی له‌م چه‌ند ساڵی دوایی دا زمانی هێمن نموونه‌ی به‌رزی زمانی ئه‌ده‌بی کوردی‌یه و بێگومان له پێکهێنانی زمانی په‌سه‌ندکراو (ستاندارد)ی کوردی دا ته‌ئسیری هه‌بووه.
زمانی هێمن ساده و په‌تی و ڕه‌وایه، هه‌م ئه‌دیب نووسه‌ری کورد پێی خۆشه و هه‌م نه‌خوێنده‌واری کورد لێی حاڵی ده‌بێ.
هه‌زار خۆزگه‌م به خۆت شوانه
که به‌و مانگه شه‌وه جوانه
دانیشتووی له رژد و هه‌ڵدێر
په‌نجه ده‌بزێوی له بلوێر
ده‌گه‌ڵ ته‌بیعه‌ت هاوده‌می
شادی، به‌که‌یفی، بێ خه‌می
“به‌هاری کوردستان” فه‌ر‌هه‌نگێگی بچووکی زمانی کوردیه. به تایبه‌تی بۆ ئه‌وانه‌ی هه‌ر له شار ژیاون و له زۆر باری ژیانی لادێ ئاگادار نین، تابڵۆیه‌کی ڕاسته‌قینه به زمانێکی ده‌وڵه‌مه‌ند و بێ هاوتا ده‌خاته پێش چاو.
ئه‌و شێعره و چه‌ند شێعریتری که باسی ته بیعه‌ت و ژیانی ڵادێ ده‌که‌ن، بۆ شارستانی ئه‌وه‌نده وشه‌ی نه‌بیستراویان تێدایه که زۆر جار خوێنه‌ر سه‌ری سووڕ ده‌مێنێ و ناچار ده‌ڵێ زمانی کوردی چه‌ند ده‌وڵه‌مه‌نده و به داخه‌وه خزمه‌تی نه‌کراوه. دیوانی هێمن شێعری وه‌ک ” به‌هاری کوردستان” ی به‌ڕاستی فه‌رهه‌نگێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی زمانی کوردی‌یه.
شێعری هێمن له ته‌شبیهی زوان ئاخنراوه.
خۆشه‌ویستی گۆشه‌که‌ی ته‌نیایی هه‌ر ئه‌ژنۆکه‌مه
بۆیه ڕۆژ و شه‌و وه‌ها گرتوومه‌ته نێو باوه‌شم
له ” شه‌نگه بێری” دا ئه‌نجامی شێعره‌که‌ی ئه‌مه‌یه:
زۆری نه‌ماوه بێته به‌ر، نه‌مامی هه‌وڵ و خه‌باتم
له داگیرکه‌ر پاک بێته‌وه خاکی پیرۆزی وڵاتم
چه‌ک داده‌نێم گۆچانه‌که‌ی جاران هه‌ڵده‌گه‌مه‌وه
تۆ هه‌ر بێری به من شوان، فریشته‌ی تاسه و ئاواتم
هێندێ شێعری هێمن گه‌یشتۆته پله‌ی هه‌ره به‌رزی ئه‌ده‌بی کوردی یه‌وه. یه‌کێک له‌وانه ” کاروانی خه‌بات”ه. بڕوانه چۆن باسی شه‌هید بوونی ڕووناکبیرێکی خه‌باتکار ده‌کا:
هه‌ر چوار ته‌نیشتی گیرابوو له سه‌نگه‌رێک دا به‌ته‌نێ
ئه‌و لاوه‌ی به‌ڵێنی دابوو هه‌تا مردن جه‌ک داده‌نێ
* * *
ڕووناکبیرێکی تا ئه‌مڕۆ ده‌چوو به‌ره‌و ئاسۆگی ڕوون
ئێستا هیوای به بووڵێڵ بوو بۆ له گه‌مارۆ ده‌رباز بوون
به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی هێمن له سه‌ر گۆرانی ده‌ێلێ له سه‌ر خۆشی ڕاسته. تاکی له جوانی په‌رستی دا که‌مه و وشه له ده‌ستی دا وه‌ک مێوه، دڵته‌ڕه و خۆش خه‌یاڵه و ناسک بینه، به هونه‌ره و شاره‌زا و ووشه ڕه‌نگینه.
هیوام ئه‌وه‌یه هێمن ساڵانی درێژ له ناو گه‌لی کورددا، له ڕیزی خه‌باتکه‌رانی ڕیگای ئازاری گه‌لی کورددا، تێکۆشانی خۆی له پێناوی ڕزگاری گه‌له‌که‌مان، له پێناوی پێشخستنی زمان و ئه‌ده‌بی کوردی، هه‌ر درێژه پێ بدا. دڵنیام که له دواڕۆژدا هێمن زۆرجار په‌ری شێعر دێنێته ژوانی خۆی و دیوانێکی ترمان پێشکه‌ش ده‌کا که شێعری کوردی جوانی تێدابێ.
شێعرێک وه‌ک خوناوی باران شێعرێک وه‌ک سرته‌ی دڵداران
شێعرێك وه‌کوو ده‌ریای بێ بن گه‌رمتر له باوه‌شی ژن
شێعرێك سروودی شادی بێ شێعرێک ده‌نگی ئازادی بێ
به هیوای ئه‌و ڕؤژه.
پێشه‌کی تاریک و روون
دوکتور عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو