خدر مووسه‌ویفه‌ر

یادێک لە قارەمانێک.
زستانی ساڵی ١٣٦١ی هەتاویی، بنکەمان لە ئاوایی خەلیفان بوو. خەلیفان کەوتووەتە نێوان ئاواییەکانی کیتکە، کانی میران، گۆلان، یاڵتەمر، کۆرەگێ، و قۆیتەڵ. خەلیفان لەدەشتێک دا سازکراوە و تەنیا گردێکی بڵیندی لەپەنایە کە بە نزرگە ناسراوە. بنکەی ئێمە کە بنکەی ئەرکانی لکی ٣ی هێزی پیشەوا بوو، لە ماڵە بایزی بەگمێ دابوو کە ئاغای دێیەکە بوو و ئەویش ماوەیەک بوو چووبوون بۆ پادگانی مەهاباد و خەلیفانیان چۆلکردبوو. 
جێگری لکی٣ ئەبوبەکری عیمادی بوو کە ماڵەکەی لە قوتابخانەی ئاوایی‌دا بوو. بەهۆی ئەوەی ئەبوبەکر ژنی هەبوو، کەمتر لە بنکە دەبوو. جاروبار سەرێکی بنکەی دەدا و جارجاریش بە جیبێکی ئەرتەشی سەری بنکەکانی دیکەی لە گوێچکەدەرێ، قەڵاجوغە، کامەم، ئافان، گەنەدار،کانی سێو و ئامێد و عەوڵاکوردە، دەدا. 
ماوەیەک دوای شەهید بوونی سەرلکی، لکی٣ی برایمی ساڵەموقەدەم، تاهیری جۆڵاکار ناسراو بە تالی، کاک خدری مووسەوی‌فەڕ ناسراو بە خدری کیسە،کەلە پەلی خوێنی کوردستان‌ڕا هاتبوو فەرماندەی لک بوو. دوانیوەڕۆی رۆژێکی مانگی رێبەندان، ئاگادار کراین کە بۆ چالاکییەک دەبێ بەرەو نەغەدە برۆین. هەموو پەلەکان دەبوو لە ئاوایی کیتکە کۆببنەوە و لەوێ مەبەست و شوێنی رۆیشتنەکەمان دیاری دەکرا.
ئێوارێ هەموو پەلەکانی لکی ٣ لە نیزیک قاوەخانەکەی برای ئەحمەد ستوودەی کۆبوینەوە. لە مزگەوتێ ئەبوبەکری عیمادی قسەی بۆکردین و کوتی دەبێ بەرەو نەغەدە بڕۆین. هەرلەوێ رایگەیاند کە بۆخۆی لەگەڵمان نایە و هەروەها خدری کیسەش کە هەر ئەو رۆژە خێزانەکەی لە مەهابادەوە هاتبوو بۆلای، بڕیاروابوو نەیە بۆ ئەو ” مەعمورییەتەی”. یەکێک لە پێشمەرگەکان بەو بڕیارە نارازی بوو، هەستا کوتی بۆ فەرماندەکان نایەن بۆ مەعموریەت و تەنیا پێشمەرگەکان دەنێرن؟ دوای قسەی ئەو پێشمەرگەی، کاک خدر کوتی ئەمن دێم و لەگەڵتان دەبم. هەرچەند زۆربەمان پێمان خۆش نەبوو، کاک خدر لەگەڵمان بێ و پێمان باش بوو، دوای ماوەیەکی زۆر کە خێزانی توانیبووی بێت بۆ لای، لەگەڵی بمێنێتەوە، بەڵام سوێندی خوارد و لەگەڵمان هات. لە مەهابادەوە خامی سپی‌یان بۆ ناردبووین و ٦٠ دەست لیباس لەو خامە بەدروون درابوو. هەرکەسە لیباسی خامی خۆی وەرگرت و هەموومان جگە لە کاک خدر ئەو کفنانەمان وەبەر کەوتن. کاک خدر دەستێک کەواو پاتۆڵی خاکی دەبەر دابوو. کەڵاشینکۆفێکی موزەلی باجێڕی پێبوو. 
بە سێ قۆناغ گەیشتینە شوێنی مەبەست بۆ عەمەلیاتەکە. شەوێک لە کاکەم و ئامێد ماینەوە. شەوێکی دیکە لە سیاقۆڵی سەرێ و خوارێ و شەوی سییەم، گەیشتینە سێلم و سەلیم ساغوڵ. بەفر وڵاتی داپۆشیبوو، رەشانگ بەدەرەوە نەبوو، ئێمە کە هەر پێمان وابوو بەرەو نەغەدە دەچین، لە سێلمێ کاک خدر کۆبوونەوەی بۆ گرتین و کوتی، ناچینە نەغەدە، بەڵام چوونکە ماوەیەک لە رێگەدا دەبووین بۆ وەی بگەینە ئێرە و بۆ ئەوەی دوژمن نەزانێ خەریکی چین، کوتوومانە دەچین بۆ نەغەدە. 
کاک خدر کوتی دەبێ ئەمشەو مۆڵگەی دوژمن لە دێبوکر بگرین. ئێوارێ کاک خدر و چەند سەردەستە و سەرپەل چوون بۆ هەڵنانی مۆڵگەکە و دەستخستنی زانیاری لەسەر سەنگەر و کەل‌وپەل و ژمارەی هێزی ناو مۆڵگەکە. درەنگانێکی ئێوارێ ئەوانەی چووبوون بۆ ” شناسایی” هاتنەوە ئاوایی سێلمێ و لە مزگەوتی ئاوایی کارەکان و چۆنییەتی وەسەرکەوتنی پێشمەرگەکان و ئەرک و کارەکانیان دیاری کران. 
ئەمن و عەلی‌یە چکۆل پێکەوە بووین، ئەو یارمەتیدەری من بوو بۆ هەڵگرتنی کۆڵەپشتی ئارپیجی و لە نێوەڕاستی ئەو ریزە پێشمەرگەیە دەڕۆیشتین کە بە دوای یەکدا رێچکەیان بەستبوو. بەفر لە سەرووی ئەژنۆیان بوو. دەبوو بەفرەکە بشێلین و بڕۆینە پێش و بەو هەموو چەک و چۆڵەی پێمان بوو، کارێکی زەحمەت بوو، بەڵام لە خۆشی ئەوەی دەبوو مۆڵگەی دوژمن بگرین، گوێمان نەدەدایە ماندوو بوونەکەی.
گەیشتبووینە نزیک شوێنی چاوەدێری رۆژانەی دوژمن. ئەو شوێنە ٢٠٠ میترێک لە مۆڵگەکە دوور بوو. رۆژانە چەند پاسدار یان ئەرتەشی دەهاتنە ئەوێ و چاوەدێری دۆڵ و شاخ و تیرەگەکانی دەوروبەری خۆیان دەکرد. پێشمەرگەکانی پێشەوە راوەستان و بەداوی ئەواندا هەموو ئەوانی دیکەش راوەستان. کاک خدری کیسە هات و بانگی من و ئەبوبەکری مستەفازادەی کرد.
ئەمن و ئەبوبەکری مستەفازادە، هاوینی پێشوو، بەشداری دەورەیەکی فێربوونی دانانەوەو هەڵگرتنەوەی مین کرابووین. دەورەکە لە یاڵاوا پێکهاتبوو. شەهید محەمەد زەنگەنە و کاک کەریمی فەرماندەی هێز بەڕیوەیان دەبرد و باشیان فێرکردبووین. ئەمن ئارپیجی و نارنجۆک‌هاوێژم پێبوو، سەرەتا قەرار بوو نارنجۆک هاوێژەکە نەبەین، بەڵام نازانم بۆ ملم نەدا و هەر هێنام. چەکەکانم دا بە عەلی‌یە چکۆلی و لەگەڵ ئەبوبەکری چووین بۆ لای ئەو شوێنەی پێشمەرگەکانی پێشەوە، لێی راوەستابوون. 
بۆ هەڵگرتنەوەی مینی تەڵەیی، دەبێ دەستت تا لای بن هەنگڵت هەڵکەی و سەرەقامکت بە عەرزیدا بخشێ و هێدی و لەسەرەخۆ بەرەو پێش بڕۆی تا سیمی مینەکە وەدەستت دەکەوێ. دەبێ دەستت رووت بێ تا زوو هەست بە سیمەکە بکەی. سیمەکەمان دیتەوە، توند بوو، زانیمان بیفرتێنین دەتەقێ. سیمەکەمان بە دوو قامکان گرت و بەرەو مینەکان وەڕێکەوتین. مینەکە لە ئاسنێکی بەسترابوو. بەشێک لە مینەکە وەبن بەفرێ کەوتبوو. چەشنی مینەکە لە ناو سێ‌چوڵکەیەکی دابوو. دەبوو دەرزی بەرۆکان کە باریک و نەرمە و ناپەرێ لە کونی ئەو میلە باریکەی کەین کە ئەگەر سیمەکەی شل بباوە، رۆدەچوو و مینەکەی دەتەقاندەوە. تاوێکی باش هوومان لە دەستمان کرد، ئەبووبەکر کوتی دەستم چووە، ئەتۆ دەرزییەکەی تێکە، دەرزییەکەم لێوەرگرت، و دوای تاوێکی باش، توانیم دەرزییەکە بخەمە ناو کونی میلەکە و ترسی تەقینەوەی مینەکە لەگۆڕێ نەهێڵم. بڕێک لە مینەکە دوور کەوتینەوە لە نێوەڕاستی سیمەکەی، سیمەکەمان قرتاند. هیچ رووی نەدا و خاترجەم بووین کە ئیدی مین ناتەقێتەوە. دوو پێشمەرگە لەوبەر ئەوبەری ئەو شوێنەی مینی لێ نەمابوو داندران تا هەموو پیشمەرگەکان بەوێدا تێپەڕن و هەروەها دەبوو تا هاتنەوەشمان هەر لەوێ بان. ترسی ئەوەمان هەبوو، لە گەڕانەوەدا، لەو بەفر و سەرمایەدا رێگامان لێ هەتڵە بێ و بکەوینە سەر مینەکانی دیکە.
پاش تاوێک گەیشتینە دەوروبەری مۆڵگەکە. بەهەر چوار دەوری خۆیدا چرای هەڵکردبوو، ئێمەش دەبوو لە سێ قۆڵەوە بۆی وەسەر کەوین. کاک خدر تفەنگەکەی بەدەستەوە بوو، چاوی لە کاتژمێری دەستی کرد و کوتی ١٠ دەقیقەی دیکە دەستپێدەکەین. وادیار بوو، هاوئاهەنگی دەگەڵ دوو بەشەکەی دیکە کرابوو، کە کاتژمێر چەند لێی بدەین. کاتژمێر ١ی شەو تەقە دەستیپێکرد، بە پێچەوانەی چاوەڕوانی ئێمە، مۆڵگەکە بە هاتنی ئێمەی زانیبوو، ئێوارەی ئەو رۆژە هێزی یارمەتیدەری بۆ هاتبوو. ئێمە پۆلێک پێشمەرگە کەوتبووینە رەوەزە بەردێکەوە و گەوەیەک لە نیوان ئێمە و مۆڵگەکەدا بوو کە رووتەن و لێژ بوو. تەنانەت تاقە بەردێکی لێ نەبوو خۆی باوێینە پشتی. 
مۆڵگە بەهەر چوار دەوری خۆیدا ئاوری دەباراند، خۆمپارەی نوورهاوێژ ئاسمانی ساماڵی شەوی زستانی وەک رۆژ لێکردبوو. لە ماوەی ئایسانی نوورهاوێژەکان ئێمەش جوڵە و هاتووچۆی جاربەجاری دوژمنمان دەدەی. شوێنی ئەوان هێندێک بەسەر جێگای ئێمەدا سوار بوو. کاک خدر کوتی کەماڵ بزانە بە ئارپیجی لەو ” نورئەفکەنەی” نادەی. گوللە ئارپیجیم سووڕاند تا ئەو زمانەی لەسەریەتی بچێتە ناو ئەو کەلێنەی سەر لوولەی ئارپیجییەکە. سێرەم لە نورهاوێژەکە گرت و پێمەوەنا. یەکیان کوژاوە. رووکاری ئێمە بڕێک تاریک بوو، توانیمان لە رەوەزەکە بڕۆینە خوار و بۆیان تێهەڵبینەوە. گەیشتینە ریزە بەردێکی دیکە کە بە رووکاری کەوتەرێ دا هەڵکەوتبوون. لەوێ پێشمەرگەیەکمان لاقی هەڵخلیسکابوو، و کەوتبووە رووکاری مۆڵگەکەی. یەک دوو پشتێندمان تێککردبوونەوەو بۆمان هاویشت، هێنامانەوە سەرێ. دەنگی تەقە و ئاوری گوللەی گڕدار و دەسترێژی قەناسان، گوێی پیاوی کەڕدەکرد. کاک خدر خەریک بوو سێرەی کڵاشینکۆفە باجێڕەکەی میزان دەکرد، ئەو کڵاشینکۆفە لە سەر لوولەکەی ئامێرێکی شەونمای پێوەبوو کە سێرەگرتنی لە شەودا هاسانتر دەکرد و هەروەها دەیتوانی مەودای هاویشتنی گوللە دوورتر بکا. ئەمن و عەلی‌یە چکۆل و ئەبوبەکری مستەفازادە و کاک خدر لە لای یەک بووین. کاک خدر قیت راوەستابوو، دەیڕوانییە مۆڵگەکەی و بیری لە رێگایەک دەکردەوە کە پێیدا وەسەرکەوین و بگەینە سەنگەرەکانی دوژمن. ئەمن ئانیشکم وەسەر بەردەکەی بەردمم دابوو، خەریکی تێکخستنەوەی گوللە ئارپیجی و ”خەرجییەک ” بووم کە بڕێک تەڕ ببوو. عەلی‌یە چکۆل ژێ-سێ یەکی بێ قۆنداغی پێبوو، سێرەی لە مۆڵگەکەی گرتبوو، ئەبووبەکری مستەفا زادە، تیرباری کڵاشینکۆفی پێبوو، لاقەکانی کردبوۆوە و حەولی دەدا ئەو نوورهاوێژە بنگێوێ کە لای راستەی ئێمەی رووناک کردبوو. دەنگی تەقەی قەناسەیەکی هات، تاقە یەک گوللە. کاک خدر بەربۆوە، وامزانی هەڵخلیسکاوە، دەستم بۆ درێژ کرد کە هەڵیگرمەوە، قورس بوو، بەهەردوو دەستان بن هەنگڵیم گرت و وەرەمسووڕاند، خوێن بە دمی دا هاتەدەرێ. بانگی عەلی و ئەبوبەکرم کرد، باوەڕمان نەدەکرد کاک خدر شەهید بووبێ. بردمانە خوارتر و چراقەوەیەکی چکۆلەمان پێبوو، لە قولەمشتماندا هەڵمانکرد و لەشیمان پشکنی. گوللەیەک لە نێوان ئانیشک و شانی درابوو، لەدەستەکەی دیکەی راست لە هەمان شوێن هاتبۆوە دەرێ. قسەمان لێ نەبیست و شەهید بوو. کاتێک لای ئێمە تەقەمان نەدەکرد و بێدەنگ بووین، چەند پیشمەرگە لەولاتری ئێمە بوون، یەکیان هات بۆلامان و پرسی چ بووە؟ ئەویش کاک خدر بوو، خدرە سوور. کوتمان کاک خدری کیسە شەهید بووە، بەڵام بۆ ئەوەی ورەی پیشمەرگەکان دانەبەزێ، باس مەکە، کاک خدرە سوور کوتی لە لای ئێمەش کاوەی ئەفرەنگە، ناسراو بە کاوە مێروو، شەهید بووە. 
ئەو شەوە خدرێکی قارەمانمان لەدەست چوو، زیاتر لە نێوەی مۆڵگەی دوژمنمان ئاورتێبەردا، و مۆڵگەکە دەستی بەسەردا نەگیرا. 
دەبوو تەرمی ئەو دوو شەهیدە لە مەیدانی شەڕ دوور کەینەوە. کاک خدرە سوور کە دوای شەهید کرانی کاک خدری کیسە، ئیدی بەکردەوە ئەو شەوە ببوو بە فەرماندەی ئەو شەڕە، بە ئەبوبەکر و عەلی‌دا تەرمی کاک خدر و کاوەی ناردە شوێنی پاشەکشەمان. کاتژمێر ٤ی بەیانی بەو شوێنەی پێیدا وەسەرکەوتبووین، بەرەو ئاوایی سێلمێ گەڕاینەوە، لە رێگادا دەبوو، بە نۆرە تەرمی شەهیدەکان هەڵگرین. ئەمن و ئەبووبەکری مستەفازادە، کاڵۆشی تورکیەمان دەپێ‌دا بوو، هێندە لەبەفرێ چەقیبووین وهاتبووینەوە دەرێ، یەکی لینگە کەوشێکمان لێ بەجێمابوو. بەری بەیانی گەیشتینەوە نێو دێی سێلمێ. چووینە مزگەوتێ و خەڵکیش کە لە تاوی پیشمەرگەی نەنووستبوون، هاتنە مزگەوتێ. زۆر بۆ شەهیدەکان بە پەرۆش بوون، زۆریان دەگریان. بڕیارمان دا شەهیدەکان بەڕێکەینەوە گوێچکەدەرێ و هەر ئەو بەیانییە،خەڵک و چەند پیشمەرگەیەک دەگەڵ تەرمەکان بەرەو گوێچکەدەرێ رۆیشتن. 
ئەمن و ئەبووبەکر هەستمان دەکرد بەری پێمان سووتاوە، بردیانینە ماڵێکی، پیرێژنێک کوتی ئەوانە لاقیان سەرمابردوویەتی و نابێ جارێ بەڕییەدا بڕۆن. خەنەو ترشی بۆ گرتینەوە و دەلاقی هەڵسووین. تا لای ئێوارێ لەو ماڵەی بووین، ئیوارێ، گۆرەوی و زەنگالەکانمان ویشک ببوونەوە، دەپێمان کردنەوەو بەرەو مەزرای داغە و لەویشڕا بەرەو ئاغاسوور و ئافانێ وەڕێکەوتین و بۆ سێ رۆژانەی شەهیدەکان گەیشتینەوە گوێچکەدەرێ.
خێزانی ئەبوبەکری عیمادی لێی پرسیم، کاک خدر کاتژمێر چەند شەهید بوو، کوتم دەوروبەری دوو و نیو، کوتی راست ئەو کاتی خێزانی کاک خدری کە لە ماڵە ئێمە نووستبوو، لە خەوێ ڕاپەڕی و کوتی زینەت بەخودای خدری من شەهید بووە!
یادی شەهید خدری کیسە و هەموو شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان بەخێر بێ.

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت