عه‌لی حوسێن پور
پێموانیه له‌و جیهانه پانوبه‌رینه داــ ده‌سه‌ڵاتداره دیکتاتۆر و خوێنخۆره‌کان و داروده‌سته‌که‌یانی لێده‌رچن ــ هیچ که‌س هه‌بێ که حه‌ز له شه‌ڕ و خوێنڕشتن بکا و ته‌نانه‌ت هه‌ر پێی خۆش بێ باسی خوێن بکا. مرۆڤی کوردیش وه‌ک هه‌موو ئاده‌میزادێکی ئاشتیخوازی دیکه قه‌تی شه‌ڕ و خوێنڕشتن پێخۆش نه‌بوه، به‌ڵام مه‌خابن دایم به سه‌ریان دا سه‌پاندوه، ناچاریان کردوه بۆ مانی خۆی ده‌ست بۆ چه‌ک به‌رێ و به‌رگری له خۆی بکا. له‌و ڕێگایه‌ش دا به‌شێکی گه‌وره له باشترین ڕۆڵه‌کانی بوونه‌ته قوربانی. مێژووی کوردان پڕه له نموونه‌ی ئه‌وتۆ.
ئێمه منه‌تباری شه‌هیده‌کانمانین، هه‌ر بۆیه‌ش له بیریان ناکه‌ین و یادیان ده‌که‌ینه‌وه.
ئه‌م په‌خشانه‌ی خواره‌وه یادێکه له شه‌هیدی نه‌مر “عه‌لی حوسێن‌پوور” ناسراو به “شوان” که‌فه‌رمانده‌ری لکی یه‌کی هێزی پێشه‌وای مه‌هاباد بوو و ڕۆژی 21/8/1981 له بۆسه‌یه‌کی دوژمن دا له سه‌ر جاده‌ی مه‌هاباد ــ میاندواو شه‌هید کرا.
په‌خشانه‌که‌م دوای شه‌هید بوونی کاک شوان نووسی و ئه‌و کات له ژماره‌ی 21ی بڵاوکراوه‌ی “پێشه‌وا” دا چاپ کرا. دوایی هه‌م ده‌ستنووسه‌که‌م فه‌وتا و هه‌م قه‌ت ئه‌و ژماره‌یه‌ی بڵاوکراوه‌که‌م نه‌دیته‌وه، به‌ڵام شێوه‌ی نووسین و به‌شێک له ده‌قی نووسراوه‌که‌م هه‌ر وا له بیر مابوو و ئێستا جارێکی دیکه له هه‌ر له سه‌ر ئه‌و بناخه کۆنه دامڕشته‌وه و بۆ یاد کردنه‌وه‌یه‌ک له کاک شوان له ساڵڕۆژی شه‌هیدبوونه‌که‌ی دا، ئاماده‌م کرده‌وه ]
شه‌ڕ به توندی درێژه‌ی هه‌بوو. هێزی دوژمن به هه‌موو چه‌کێک سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌کانیان ده‌کوتا. مه‌یدانی شه‌ر له به‌ر ته‌قینه‌وه‌ی تۆپ و خۆمپاره و بازووکا گڕی گرتبوو. گرمه‌ی تۆپان و خرمه‌ی تفه‌نگان گوێی مرۆڤیان ئازار ده‌دا. پێنج پێشمه‌رگه، پێنج لاوی به‌جه‌رگ، پێنج ڕۆڵه‌ی ڕێی ڕزگاریی نیشتمان، زیاتر له سێ سه‌عات بوو، که‌وتبوونه بۆسه‌یه‌کی دوژمنه‌وه و ده‌وریان به سه‌دان به‌کرێگیراو و چه‌ند تانک و زرێپۆشی کۆنه‌په‌رستان گه‌مارۆ درابوو.
فه‌رمانده‌ری ئازا بریندار ببوو. سێ جێگای قه‌ڵافه‌تی دلێرانه‌ی خوێنیان لێ‌ده‌تکا و ژان هه‌موو له‌شی ئازار ده‌دا، به‌ڵام ئیراده‌ی پته‌وی به سه‌ر ئێش و ئۆف دا زاڵ بوو. به هه‌موو لایه‌ک دا هه‌ڵده‌سووڕا، وه‌ک شێری بریندار به گژ دوژمن دا ده‌چووه و به هه‌ر گولله‌یه‌ک به‌کرێگیراوێکی ده‌پێکا. هه‌ستی نه‌ده‌کرد له‌شی برینداره. جار به جار سه‌نگه‌ری ده‌گوێزته‌وه و ده‌ور و به‌ری ئه‌و پرد و جۆگه‌یه‌ی تاقی ده‌کرده‌وه که بۆ ئه‌و و چوار پێشمه‌رگه‌که‌ی هاوڕێی ببوونه قه‌ڵایه‌کی به هێزی به‌رگری و دوژمن نه‌یتوانیبوو له‌و ماوه‌یه دا به سه‌ر ئه‌و شوێنه به‌رته‌سکه دا زاڵ بێ.
فه‌رمانده‌ر به هه‌موو لایه‌ک دا ده‌یڕوانی، به‌ڵکه ئاڵقه‌یه‌کی کز له گه‌مارۆی دوژمن دا بدۆزێته‌وه که بکرێ به هێرشێکی کت‌وپڕ بیشکێنێ و هاوڕێیانی پێدا ڕزگار بکا، مخابن هه‌موو لایه‌کیان وه‌ها ته‌نرابوو که هومێدی بیرێکی وا و ڕێگاچاره‌سه‌رێکی ئه‌وتۆی ده‌بڕی. ته‌نیا ڕێگا: ده‌سکردنه‌وه و دیفاع کردن بوو. خۆڕاگرتن و هه‌وڵدان بۆ ده‌رباز بوون، یان شه‌هید بوون! ده‌یزانی هه‌ربینا هێزی یارمه‌تیده‌ری پێشمه‌رگه گه‌یشته هانایان. فره‌رمانده‌ر بیری کرده‌وه:”خۆزیا هێندێک فیشه‌ک و ته‌نیا چه‌ند گولله ئار پی جی دیکه‌مان پێبا!” ئه‌وجار ڕووی ده هاواڵانی کرد و گوتی:
ــ”کوڕینه ده‌ست به فیشه‌کانه‌وه بگرن. هه‌وڵ بده‌ن تاق تاق باوێن و گولله‌کانتان به فیڕۆ مه‌ده‌ن. دڵنیام هێنده‌ی پێناچێ هاوڕێیانمان به هانامانه‌وه دێن. ده‌بێ تا ئه‌و کاته فیشه‌کمان لێ‌نه‌بڕێ”
ماوه‌یه‌ک پێ‌چوو. چه‌ند هێرش و ده‌سڕێژی توندی دوژمن بریندار بوونی سێ هاوڕێی دیکه‌ی لێ‌که‌وه‌ته‌وه و ته‌نیا هاواڵێک به ساغی مایه‌وه. دوژمن ئاڵقه‌ی گه‌مارۆی ته‌نگتر کردبۆوه، به‌ڵام هێشتاش نه‌یده‌وێرا لێ‌یان نێزیک‌تر بێته‌وه. فه‌رمانده‌ر هه‌ستی به ماندوویی کرد. له نێو سه‌نگه‌ره‌که‌ی دا که جۆگه‌یه‌کی قووڵ بوو، پاڵی دایه‌وه. هێندێک هێزی هاته‌وه به‌ر. سه‌ری هه‌ڵێنا، چاوی به به‌رزایی‌یه‌کانی “خه‌زایی”* که‌وت. پێگه‌ی دوژمنی دی که وه‌ک کوندێکی سیمبولی ماڵوێرانی خۆی به سه‌ر به‌رزترین دوندی ئه‌و کێوه‌وه مه‌ڵاس کردبوو. یان ده‌تگوت دێوه‌زمه‌یه‌کی زۆرداری خوێنتاڵه که ده‌ستی ده گه‌رووی “خه‌زایی” ناوه و ده‌یه‌وێ نه‌فه‌سی لێ ببڕێ. فه‌رمانده‌ر هه‌ناسه‌یه‌کی ساردی هه‌ڵکێشا. دڵۆپێک فرمێسک ته‌ڕایی دایه سه‌ر گۆنای و ڕژایه سه‌ر یه‌که‌م برینی. ئاخر ئه‌و ئاواتی هه‌ره گه‌وره‌ی ئه‌وه بوو که ڕۆژێک هێزی دوژمن له وڵاته‌که‌ی وه‌ده‌رنرێ و ئاڵای کوردستان له جێی پێگه‌کانی دوژمن بشه‌کێته‌وه.
پیلووی چاوه‌کانی فه‌رمانده‌ر خه‌ریک بوون ده‌چوونه سه‌ریه‌ک، زۆری نه‌مابوو خوێن له‌به‌رچوون هێزی لێ ببڕێ و بیباته خه‌وێکی قورسه‌وه. له‌و کاته دا به ده‌نگی هاوڕێیه‌کی که باسی نێزیکبوونه‌وه‌ی دوژمنی بۆ ده‌کرد، ڕاپه‌ڕی. دیسان وه‌خۆ هاته‌وه و هێزی هاته‌وه به‌ر. پیاده‌کانی دوژمنی دی که له ژێر پارێزگاریی تانک و ته‌قه‌ی زرێپۆشه‌کانیان دا ده‌ستیان به هاتنه پێش کردبوو و ئیدی مه‌ودایه‌کی زۆریان له گه‌ڵیان نه‌بوو. وا دیار بوو دوژمن ئێستا دڵنیا بوو که ئه‌وان هه‌ر ئه‌و چه‌ند که‌سه‌ن که بریندار و شه‌که‌تن، و ده‌توانێ به هاسانی بیانگرێ.
فه‌رمانده‌ر به دیتنی ئه‌و دیمه‌نه وشیار بۆوه. ڕووی ده هاوڕێیانی کرد و ئه‌وه‌نده‌ی ده توانای دا بوو ده‌نگی به‌رز کرده‌وه:
” کوڕینه نابێ دوژمن هه‌ر وا به هاسانی به سه‌رمان دا زاڵ بێ. ئێمه شه‌هید ده‌بین، به‌ڵام هه‌رگیز ته‌سلیمی دوژمن نابین. ئێمه تا دوایین فیشه‌کمان به سینگی دوژمنانه‌وه ده‌نێین، به‌ڵام له بیرتان بێ دوایین فیشه‌ک بۆخۆمان ڕاده‌گرین، تا ئه‌گه‌ر پێویست بوو، پێشکه‌شی دڵی پڕ له خۆشه‌ویستیی نیشتمانی خۆمانی که‌ین، چونکه ده‌بێ وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌ک بمرین، به‌ڵام ده‌زگیر نه‌کرێین” ئه‌وه‌ی گوت، پاشان به سه‌رنێزه‌که‌ی که‌مێک عه‌رزی کۆڵی و مۆر و به‌ڵگه‌کانی خۆی ـ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ده‌ست دوژمن نه‌که‌ون ـ له ژێر خاکا شارده‌وه و له حاڵێک دا به زه‌حمه‌ت ده‌یتوانی تفه‌نگه‌که‌ی ڕاگرێ و سێره بگرێ، ده‌ستی به ته‌قه‌کردن کرده‌وه.
هاوڕێیانیشی ده‌ستیان به به‌ربه‌ره‌کانی کرده‌وه و له کاتێک دا دوژمن به ته‌واوی لێ‌یان هاتبوه پێش و زۆری نه‌مابوو بگاته سه‌ر سه‌نگه‌ره‌که‌یان، له پڕ وه‌زعه‌که گۆڕا. له پشتی هێزی داگیرکه‌ر، له سێ لاوه ته‌قه‌ی ڕه‌شاش و گرمه‌ی ئار،پی،جیی ڕۆڵه‌کانی پێشه‌وا که به به‌سه‌رهاتی هاواڵانیان زانیبوو و بۆ ڕزگار کردنیان هاتبوون، ده‌نگی دایه‌وه. دوژمن سه‌ری لێ‌شێوا. مه‌رگ له سه‌ر هێزی کۆنه‌په‌رستان تاوڵی هه‌ڵدا و ترس بڕستی لێ‌بڕین. ئه‌و جار ئه‌وان بوون که هه‌وڵیان ده‌دا هه‌رچۆنێک بوه ڕێگایه‌ک بۆ ده‌ربازبوون بدۆزنه‌وه و سه‌ر به سڵامه‌تی به‌رنه‌وه. ئیدی شه‌ڕ زۆری نه‌خایاند. سه‌ره‌نجام دوژمن به دانی زیانێکی زۆر خۆی له ده‌ست پێشمه‌رگه‌کان ڕزگار کرد و به‌ره‌و مۆڵگه‌کانی خۆی پاشه‌کشه‌ی کرد.
پێشمه‌رگه‌کان به په‌له خۆیان گه‌یانده فه‌رمانده‌ری ئازا و چوارهاوڕێکه‌ی. فه‌رمانده‌ر ئیدی توانای له به‌ر دا نه‌مابوو و کاتێک هاوڕێیانی چاوپێکه‌وت و خاترجه‌م بوو که دوژمن به تێکشکاوی مه‌یدانی شه‌ڕی به‌جێ‌هێشتوه، ده‌ستی له به‌ربه‌ره‌کانی هه‌ڵگرت و خۆی به‌ده‌ست ئه‌و خه‌وه قورسه‌وه دا که ده‌مێک بوو ده‌یه‌ویست به سه‌ری دا زاڵ بێ و بیباته دنیای بێهۆشی‌یه‌وه.
هاوڕێیانی به په‌له ئه‌و و پێشمه‌رگه برینداره‌کانی دیکه‌یان بۆ نه‌خۆشخانه‌ی شۆڕش له شاری بۆکان به‌ڕێ‌کرد. برینی هاوڕێیان سووکتر بوو و هه‌موویان له مه‌ترسی ده‌رچوون، به‌ڵام هه‌وڵ و ماندووبوونی دوکتۆره‌کان بۆ ڕزگارکردنی فه‌رمانده‌ر سوودێکی نه‌به‌خشی و بوو به فیدای نه‌ته‌وه و نیشتمانی خۆشه‌ویستی.
دوایین وته‌ی هێشتاش له گوێی هاوسه‌نگه‌رانی دا ده‌نگ ده‌داته‌وه که گوتی:” هاوڕێیان! به شه‌هید بوونی من ناڕه‌حه‌ت مه‌بن و تازیه‌م بۆ دامه‌گرن، چونکه ڕزگاریی گه‌لی ئێمه له ژێر چنگی ئه‌و دوژمنه که گاڵته‌ی به ئاشتی و ماف مرۆڤ دێ و ته‌نیا زمانی چه‌ک و زه‌بروزه‌نگ ده‌زانێ، پێویستیی به فیدا بوونی هه‌زاران ڕۆڵه‌ی وه‌ک من هه‌یه. له ڕاستی دا خه‌بات خوێنی ده‌وێ. ئێوه کاتێک ده‌توانن ڕووحی من شاد که‌ن و تۆڵه‌م بستێننه‌وه، که نه‌هێڵن ئاڵای خه‌بات بکه‌وێته زه‌وی. دڵنیام هه‌ر واش ده‌که‌ن و سه‌ره‌نجام ڕۆژێک دادێ که کوردیش سه‌ربکه‌وێ و کۆیله‌تی و بنده‌ستیی ئه‌و گه‌له دوایی پێ بێ!”
شه‌وێک دوای شه‌هیدبوونی مه‌هاباد به ده‌نگی خه‌ڵکی شۆڕشگێڕ وه‌له‌رزین که‌وت. شاری پێشه‌وا قازی یه‌کده‌نگ هاواری ده‌کرد:
“کاک شوان ڕێگات درێژه‌ی هه‌یه!”
“کاک شوانی قاره‌مان، هه‌رگیز ناچی له‌بیرمان!”
ئاشق